SEkaar.jpg

سێ کاری زۆر جیاواز

سەباح ئیسماعیل

من بۆ خۆم هەمیشە پێمخۆشبووە بخوێنمەوە وەک لەوەی بنووسم. بۆیە کاتێک کتێبێک دەخوێنمەوە، بەتایبەت ڕۆمان، هەستدەکەم سەرکەوتنێکی ترم لە ژیاندا بەدەستهێناوە، بە دنیایەکی دی ئاشنا بووم، ژیانم لا جوانتر و بەدەوتر و پڕ ماناتر دەبێت.بە مانای وشە خوێندنەوە ئاسوودەیی زۆرم پێ دەبەخشێت. لەبەر هەندێ هەوڵمداوە مانگانە هیچ نەبێت سێ، یاخود چوار کتێب بخوێنمەوە.

ئەمساڵ سێ کتێب بۆ من تابڵێی ناوازە و تایبەت بوون، هێندە سەرسامیان کردم، هێندە پڕ کاریگەر بوون، ڕووداوەکانیان لە مێشکمدا هەڵکۆڵران. زۆر جار مرۆڤ کاتێک کتێبێک دەخوێنێتەوە، هێند کاریگەریی لا جێدەهێڵێت، دەڵێت، جوانترین کتێب بوو. دواتر کارێکی تریش بخوێنێتەوە هەمان شت دەڵێت. بۆیە جوانییەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی دەگۆڕێن، لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دی دەگۆڕێن، تەنانەت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دییش هەر دەگۆڕێن، بەڵام بۆ من ئەمساڵ ئەو سێ کتێبەی زۆریان کار تێکردم و نەک هەر مەست و سەراسیمە، بگرە بە شێوازی نووسین و بابەتەکانیان تووشی شۆکیان کردم.

١. ڕۆمانی (حكايات من ضيعة الارامل)ی جەیمس کانیۆنی کۆڵۆمبی. کە خۆشبەختانە لەلایەن مەحمود هۆمەر باوزییەوە بەناوی (چیرۆکەکانی گوندی بێوەژنان)ـەوە کراوە بە کوردی.

ئەوی لەم ڕۆمانەدا هاتووە بۆ من تابڵێی تازە بوو. چ بە شێوە و چیش بە ناوەڕۆک. نووسەر لەم ڕۆمانەدا بارتەقای مارکیز فەنتازیی نواندووە. لەویش زیاترە واقیعییانە کاری کردووە. ڕۆمانێک لەو کۆڵۆمبیا دوورەوە هەر دەڵێی باسی لای خۆمان دەکات. هێند تەکنیکێکی جوانی بەکار هێناوە، ئەوەندە کاری لە ناو تەکنیکدا کردووە، وای بۆ دەچیت کۆڵۆمبیا هەر لە زووەوە مەڵبەندی ڕۆمان و ڕۆماننووسانی مەزن بووبێت. هەموو ئەوەی حزبەکانی خۆمان لە قۆناغی شاخدا کردوویانە دژ بە گوندنشینان، لەو ڕۆمانەدا باس دەکرێت. ئەگەر ناوی گوندەکان هەڵبگریت، وادەزانیت لای خۆمان ڕوویداوە. ئەو ڕۆمانە باس لە گوندی ماریکیتای شاخاوی دەکات، چۆن بەدەست شەڕی براکوژییەوە دەناڵێنێت و خەڵکەکەی باجی ئەو شەڕانە دەدەنەوە و لەو نێوەدا شکستخواردوو و دۆڕاوی یەکەم هەمیشە خەڵکەکەن. ئەم ڕۆمانە بە فیلمکراوە وا لە خوێنەری هۆشیار دەکات دوای خوێندنەوەی گومان لە هەموو شتەکان بکات و شتێکی لا نەمێنێتەوە ناوی پیرۆزییەکان بێت.

٢. یادەوەرییەکانی عاسی حوسێن مەحمود (بیرەوەریی پێشمەرگەیەک، ڕستێک میروو، گوڵەکانی ژێر بەفر).

هەرچەندە بەر لە ماوەیەک لەبارەی ئەو سێییینەیەوە نووسیم، بەڵام دڵم ئاوی نەخواردەوە و هەستم کرد هەقی خۆیم نەداوەتێ.

ئەم یادەوەرییانە بە هەق کاری نوێن و پێشتر بەو ڕاستگۆیی و بێپەردەیی و بوێرانەیییە یادەوەریی لەو بابەتە نەنووسراوە. کەسێکی گیانلەسەردەست بە ڕێکەوت، زۆر بە ڕێکەوت دوای چەندان جار برینداری و ساڵانێک زیندان و دەیان شەڕی سەخت، مارکیز گوتەنی: ماوە بۆ ئەوەی بگێڕێتەوە.

ئەو یادەوەرییانەی عاسی حوسێن ڕۆژانێکی ڕەش، بۆ ئێمە پەنهان و نەبیسراو، دەگێڕێتەوە. خوێندنەوەی ئەو یادەوەرییانەی کارامانە لەسەر شێوەی ڕۆمان دەیانگێڕێتەوە لە لایەکەوە نائومێد و لە لایەکی تریشەوە هزرت ڕۆشن دەکەنەوە. هەڵدانەوەی قەتماغەی زامە ساڕێژنەبووەکانن، پەردە هەڵماڵینە لەسەر وەڵامەیلێک کاتی خۆی بۆ ئێمە بێ وەڵام بوون، وەڵامە بەو پرسیارانەی بێشک لە ئایندەدا دەکرێن. دەکرێت لەم یادەوەرییانەی نووسەرەوە جوانترین ڕۆمان دابڕێژرێت، مەزنترین فیلم دەربهێنرێت، ڕاستگۆترین مێژوو لەسەر ئەنفال لە بەشێکی، یاخود گوندێکی ئەم کوردستانەدا بنووسرێتەوە. یادەوەریگەلێک جار جار دەتخەنێننەوە و دەم دەمیش هۆن هۆن فرمێسکت پێ دەڕێژن. گەورەیی و مەزنیی مرۆڤت بۆ دەردەکەوێت، ئەگەر هۆشیار بێت و ویستی هەبێت هەر بە ئامانجی خۆی دەگات.

٣. ڕۆمانی (کەژاڵ)ی مەندانە موعینی، وەرگێڕانی ڕووناک شوانی.

پێشتریش گوتوومە و نووسیومە، یەکێک لەو ئافرەتە وەرگێڕانەی ناکرێت باز بەسەر کارەکانیدا بدرێت و نەیانخوێنیتەوە، خاتوو ڕووناک شوانییە. ئاخر ئەو جگە لە سەلیقەی هەڵبژاردنی ڕۆمانەکان، وەرگێڕێکە وشە بە بادا نادات و خەساریان ناکات. هێند بە کوردییەکی پەتی دەنووسێت، هێند گەمە بە وشان دەکات، ئەوەندە عەوداڵی دوای وشەی تازە و نەبیسراو و شیاو و گونجاوە، وەکو ڕۆمانێکی نەک وەرگێڕراو، بەڵکو وەکو ڕۆمانێک تەماشای دەکەیت هەر لە بناغەوە بە کوردی نووسرابێت. جوانیی وەرگێڕانەکانی لەوەدایە لە هەر کتێبە و شێوەیەک لە زمان بەکاردەهێنێت جیاواز لە کارەکانی ڕابردووی. لە هەر ڕۆمانە و بڕێک پەیڤی تازە دەدۆزێتەوە و بەکاریان دەبات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، بەردەوام لە خوێندنەوەدایە و پتر گەشە بە زمان دەدات.

پێشەکیی ئەم ڕۆمانە لە ڕۆمانی (تاتارخەندان)ی غوڵام حوسێن ساعدی دەچێت. بە هەمان شێوە فەرمانبەرێکی شاریی دەگوازرێتەوە کوێرەدێیەک، بەڵام لەدواییدا نووسەر بە ئاقارێکی تریدا دەبات و کێشەی گەورەتر دەخاتە ڕوو، کاراکتەرەکانی مەندانە گورجتر و چالاکتر و شۆڕشگێڕانەترن و دیلی دەستی ئەو ڕەوشە کۆمەڵایەتییە نابن.

سەرەتا بە کوشتنی نامەردانە و بە ناهەقی دوو خوشک (گوڵڕەنگ و گوڵڕوخ) دەچینە ناو ڕووداوەکانەوە، دانیشتووانی گوند گیرۆدەی داونەریتی کۆنی خێڵەکین، هەر لە مناڵییەوە گەورە بە بچووکیان پێ دەکرێت، یان لەبری خوێن و شیربایی بە شوو دەدرێن، یانیش بەرابەر چەند سەر مەڕێک دەفرۆشرێن.

فەرزانەی تازە پزیشکی گوند بێ ویستی خۆی دەکەوێتە ناو ئەم کێشانەوە و بەشداریی کارا لە ڕووداوەکاندا دەکات.

ڕۆژێکیان کیژێکی نۆزدە ساڵان (کەژاڵ) لەترسی کوشتن، کە شووی بە کوێخای هاوتەمەنی بابی نەکردووە، هەڵدێت و خۆی بە دەرمانگەکەی دکتۆردا دەکات. دوای گوێگرتن لە کێشەکەی. تێدەگات ژیانی کچە لە نێوان مەرگ و ژیاندایە. بۆیە یارمەتیی دەدات و پۆشاک و خواردن و تفەنگ و ئەسپی بۆ دابین دەکات و وەک کچانی پێشتری گوند ڕوو لە شاخ دەکات. ئیدی حەمەدۆک ئاسا بەدواوەی دەبن و هەوڵی گرتنی دەدەن، بە حیسابی خۆیان تاکو ئابڕوو و نامووسی گوند بگەڕێننەوە، بەڵام کچەی دەست لە خۆ شوشتوو، کچەی ئازا و بوێر و گیان لەسەردەست، ئەوی هیچ چارەیەکی دی بەدەستەوە نەماوە، ئەوی چرای هیوا و ئومێد دواشتە لەدڵیدا بکوژێتەوە، خۆی بەدەستەوە نادات، لێیان دێتە دەست، بە شکاوی و سەرشۆڕی و برینداری ڕەوانەی گوندیان دەکاتەوە، ئەوجا جارێک گەوڕ و جارێکیش مەزرای کوێخا گڕتێ بەردەدات.

ژیانی کەژاڵ، بەرەنگاربوونەوە دەبێت لەگەڵ داونەریتی سەپێنراو. هەژاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان کڕۆکی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە پێکدەهێنن. پێ بەپێ ژنان و کچانی ئاوایی کۆمەکی کەژاڵ دەکەن، ئیدی بە ناردنی چەند فیشەگێک بێت، تاکو دەگاتە ئەوەی هەر کات پیاوانی ئاوایی بەڕێ بکەون بۆ هەڵکوتانەسەری لە چیا، ئەمان بۆ ئاگەدارکردنەوەی گڕ لە تەندووری ماڵەوە بەردەدەن و ئەو دووکەڵە ئاماژە و ئاگەدارکردنەوە دەبێت بۆ لە گوند دەرچوونی پیاوانی چەکبەدەست بۆ سەر کەژاڵ.

ئەم ڕۆمانە بەهەق هاوارێکە بەڕووی چەوسانەوە و ستەمکاریی داونەریتی دواکەوتووی دەرەبەگی، بەڕووی زوڵم و زۆری پیاوان بەسەر ژناندا، بۆیە ئافرەتان لە سۆنگەی بەڕووداوەستانەوەکانی کەژاڵ تین و گوڕیان بەبەردا دێتەوە و بە ئاشکرا ئەوانیش پەیتا پەیتا وشیار دەبنەوە و بەڕووی بێمافیی خۆیاندا دەوەستنەوە. تێدەگەن ئیدی ئەوان مەڕ نین بەپێی خۆیان ملی ڕێی قەسابخانە بگرنەبەر.

ئەوی لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا سەرسامت دەکات، خەیاڵی فرەوانی نووسەرە چۆن لە کۆتاییدا ڕووداوەکان بە یەکەوە گرێ دەدات و لەگەڵ خۆیاندا دەتبەن و بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆت بە لایەنگریان دەزانیت. ئەوی پتر سەرنجی بردم ئەو تەکنیکە جوانەی کۆتایی ڕۆمانەکەیە. دوو گێڕانەوە، دوو سەرەنجامی جیا لە یەکدیی بۆ خوێنەر هەڵبژاردووە، هەردووکیانیش ڕێیان تێدەچێت. لە یەکیاندا کەژاڵ هاوسەرگیری دەکات و خوێندنەکەی لە شار تەواو دەکات و بەختەوەر دەژی. لەوی دیکەشیاندا کەژاڵ کاتێک لە شاخ دادەبەزێت، بەدەستی باوکە نەدارە ناهۆشیارە پێوەست بە داونەریتی لە مێژینە و کۆنەخوازەکەی، باوکەی دیلی دەستی نەریتی هەزار ساڵە، دەکوژرێت.

هەڵبەت پێشتر ئەم تەکنیکی دوو کۆتایییە لە ڕۆمانی (زۆر نیگەرانین، ئێوە لەیلاتان نەبینیوە)ی ڕەسووڵ یۆناندا بەکارهێنراوە. کۆتایی کاریگەری ڕۆمان نە کۆتایییەکی خەمبار و نەیش بەختەوەرانەیە، هەروەها کۆتایی ناڕوون یاخود فەلسەفی نییە، کۆتایی کاریگەری ڕۆمان ئەو کاریگەرییە ڕاستگۆیانەیەیە وا لە خوێنەر ناکات هەست بکات فریودراوە. دەکرێت هەر کۆتایییەک بۆ ڕۆمان هەڵبژێریت، بەو مەرجەی ئەو ڕایەڵانەی سەرەتا کاریان لەسەر دەکەیت بتبەنەوە سەر کۆتایییەک خوێنەر تەواو پێی قایل ببێت و ئەو هەستەی لا دروست نەبێت هەڵخەڵەتێنراوە، یاخود فریوی خواردووە.


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە