Roman.jpg

ڕۆمانی زێدی دوو ڕوویی (أرض النفاق)

شەماڵ بارەوانی

زێدی دوو ڕوویی، شاکارێکی ئەدەبی ڕۆمان نووس و نووسەری میسری "يوسف عەبدولوەهاب ئەلسوباعيە ١٩١٧-١٩٧٨" یەکەم چاپی لەساڵی١٩٤٩ لێ بڵاو بوویەوە و کەوتە بەردیدی خوێنەران، زێدی دوو ڕوویی ڕۆمانێکی کۆمەڵایەتییە و باس لەکۆمەڵێک ئاریشە دەکات کە باو بەربڵاوە لەکۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامیەکاندا و بەتایبەتی کۆمەڵگەی میسری، نوسەر لە ڕۆمانەکەیدا کۆمەڵگەی میسری وەک نموونە و یەکێک لەو کۆمەڵگە دوو ڕووانە دێنێتەوە و دەیکات بە هەوێن و بابەتی چیڕۆکی ڕۆمانەکەی، نوسەر لەو ڕۆمانەدا لە کۆمەلێک پرس دەدوێت، لەوانە-

گەندەڵی لەناو دام و دەزگاکانی حکومەتی میسری سەردەمی پاشایەتی.گزیکاری و تەزویر لە هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکان.

سالوخەتی دوو ڕوویی لە لای تاکی میسر و بڵاوبوونەوەی بەشێۆەیەکی بەربڵاو لەکۆمەڵگەی میسریدا، کێشەی فەڵەستین و چەندین پرسی تر.

نوسەر لە"زێدی دوو ڕوویی"دا لەڕێگای چیڕۆکێکی خەیاڵییەوە بەرجەستەی حەقیقەتی ژیانی کۆمەڵگەی میسری ئەو سەردەمەمان بۆ دەکات و گوزارشت لە واقعی ئەوسا دەکات، واقعی ژیان لەکۆمەڵگەیەک دووڕوویی وەک نەخۆشییەک جەستەی ژیان و هەناوی وڵاتی پارچەپارچەکردووە و مرۆڤەکانی هەمووی نەخۆش خستووە و نوسەر دەیەوێ چارەسەری ئەو پەتایە بکات و چیتر خەڵک و کۆمەڵگە لە نەخۆشی دووڕوویی چاک ببنەوە و لەو ڕەوشتە نزم وخووە ناشرینە ڕزگاریان بێت، نوسەر لە"زێدی دووڕوویی"دا باس لەو دۆخە ناجێگیرە کۆمەڵاتی و سیاسییەی کۆمەڵگەی ئەوسای میسردەکات، بەتایبەتی پێش جەنگی فەلەستین و درووست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی ١٩٤٨.

بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە، ئەو ڕۆمانە مژدەدەری ئەوەبوو کە سەردەمی مەلەکیەت و دەسەڵاتی پاشایەتی لە میسر بەرەونەمان دەچێت و کۆتایی دێت، کەدوای ئەوە هەر کۆتاییشی هات و لە ساڵی١٩٥٢و لە ڕێگای کودەتای کۆمەێک لە ئەفسەرەکان کە پێیان دەگوتن "ظباط الاحرار"ئەفسەرە ئازادەکان، سیستەم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری هاتەگۆڕین، ئەو شاکارە ئەدەبە دووای ئەوەی ئاستێکی بەزری لە دنیای نووسین تۆمارکرد و ناو دەنگێکی باشی بەدەستهێناو دەنگدانەوەکی چاک درووستکرد، هەربەوەندە نەوەستا و تەنها لەخانەی نووسین و لەناو دوو توێی بەرگی ڕۆمانێکدا خۆی قەتیس نەدا، بەڵکە خۆی خزاندە نێو جیهانی سینەماو لەساڵی ١٩٦٨بە پاڵەوانێتی ئەکتەری کۆمێدی میسری (فوئاد الموهەندس) کرا بە فیلم هەر بەهەمان ناو نیشانی ڕۆمانەکەوە.

ڕۆمانی زێدی دوو ڕوویی- باس لەکۆمەڵگەی میسری کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردووی سەردەمی پاشایەتی دەکات،

کۆمەڵگەیەک، هاوشێوەی کاڵاکان، ڕەوشت و بەهابەرزەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت. حەبی پاڵەوانێتی/ ڕاستگۆیی/ قوربانیدان/ ڕەوشت بەرزی/ دووڕوویی/ درۆ/ فێڵکردن/ بەرژەوەندی خوازی/ دزیکردن/هتد.....

هەمووی وەک سلعەیەک بۆ فرۆشتن داندراوە، لەو سەردەمەدا، سالووخەتی دوو ڕوویی بینەقاقایی ژیانی تەنیوەو وڵات تا سەرمۆخی یەسقان له دوو ڕووییە ڕۆچووەو پەتای دوو ڕوویی خۆی خزاندووەتەوە ناو هەموو بوارەکانی ژیان و داموو دەزگاکانی دەوڵەت و دادگاو ڕاگەیاندنەکان و پەڕلەمان وحزبەکان و پەرستگاو پیاوە ئایینیەکان وەرزشوانانان و عاشقەکان.

هەموویان سالوخەتی دوو ڕوویی دایپۆشیون و نیفاق تێکەڵ بە دەمارو خوێنیان بووەو بووتەوە کەلتوور لەناو خەڵکاو هەمووان وەک پیشە پێڕەوی لە دوو ڕوویی دەکەن.

مەسعود فەرمان بەرێکی ئاساییەو خێزاندارە، ئەو لەو ژیانەی خۆی ڕازی نییەو بەردەوام ژنەکەی کێشەو دەمەقاڵەیەتی لەگەڵی و ناتوانێ ژیانیشی بیگۆڕێت بەرەوباشتر،بەڕێکەوت فرۆشگەیەک دەبینێت پۆستەرێکی لێهەڵواسراوەو لەسەری نوسراوە"ڕەوشت بۆ فرۆشتن بە تاکو کۆ"پیاوێکی ئایینی بەتەمەن. مارکێتێکی کردووەتەوەوکاری بازرگانی کرن بە ئەخلاقەوەدەکات، پیاوێک بەدەست نەفرۆشتنی ئەخڵاقەباشەکان و بێ بازاڕی بەها بەرزەکانەوەدەنالێنێت و خەڵکی تەنها ڕەوشت و خووە دزێوەکانی لێدەکڕن و کاڵای دووڕوویی داواکاری و خواستێکی زۆری لەسەرە.

مەسعود لەگەڵ بینینی پۆستەری سەر فرۆشگاکە شۆک دەبێت و ناتوانێت باوەڕ بە چاوەکانی بکات لەوەی دەیبینێت سەرەتا وادەزانێ خاوەندی فرۆشگەکە شێت بووە، وەلێ ئەو فرۆشگەکە زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت و دەڕواتە ژوورەوە، بەڵام دوواتر کاتێک خۆی ئەزموونی دەکات و حەبێکی بوێری و ڕەوشت بەرزی دەخوات ، بۆی دەردەکەوێت کە ئەوە خەیاڵ نییە،بەڵکە ڕاستییەکەو گوزارشتە لەکۆمەڵگەی میسرو ولاتە بە عەرەبی و بە عەرەبکراوەکان، کاتێک دەچێتە ژوورە سەیردەکات هەچی خوو ڕەوشتی خراپە. لە درۆو دووڕووی و دووزمانی و گەندەڵی و فێڵ و هتد ..... هەمووی فرۆشراوە و خەڵکی کڕیویەتی و تەنها کەمێکی کەم نەبێ، لەبەرامبەردا، ئەخلاقە جوان و مۆڕاڵ و بەهابەرزەکانی وەک ڕاست گۆیی و چاکەکردن و دەست پاکی و هتد...هەمووی وەک خۆی ماوەتەوەوکەس نەیکڕیوەو لای لێنەکردووەتەوەو خۆی لەقەرەیان نەداوە.

مەسعود هەندێک حەبی خوو ڕەوشتی باش و بەهای بەرز و بوێری و مروئەت دەکڕێت و دەیخوات دەبێت بە کەسێکی باش و چاکەکارو جیاواز و ڕووبەڕووی بەڕێوەبەری فەرمانگەکەی و گەندەڵییەکانی دەبێتەوەو ڕەخنەی لێدەگرێت و ڕووبەڕوویی هەموو دزێوی و دووڕووییەکانی کۆمەڵگەدەوەستێتەوەو یارمەتی خەڵکی هەژارو لێقەوماو دەدات، تەنانەت جلەکەی بەریشی دەدات بەو گەنجە بەلەنگازەی سەرشەقام و خەڵکی لێی دەکەونە گومان و دەڵێن شێت بووەو دەیانەوێ بیبەنە نەخۆشخانە!

بەڵام لەدەستیان ڕادەکات و دوای ماوەیەک کارکردن بەو ڕەوشتەبەرزو بەهایە جوانانە، مەسعود بەهۆی دەست پاکی و ڕاستگۆیی و ویژدان زیندووییەوە ئەوەی هەیەتیشی لەدەستی دەدات ودێتەوە سەر هێڵی هیچ و مایە پوچ دەردەچێ!.دواتر وەک دەڵێن تەبای عامێ بڕۆ شامێ ، یاخود لە شاری کوێران تۆش دەست بخەرە سەرچاوەکانت، ئەمیش لە شارو کۆمەڵگەو وڵاتی دووڕووان ناچار دەڕواتەوە فرۆشگای ڕەوشت فرۆشی و بە خاوەنەکەی دەڵێ من له ڕۆژێکدا بەهۆی دەست پاکی و ڕاستگۆییم تووشی ئەو هەموو لێدان و ئازارو نەخۆشی و دەردی سەرییەبوومەوە، تۆش گوتت حەبەکەی ئەخلاق دەڕۆژ کاریگەری و مەفعولی دەمینێت،ئەوە ڕۆژی یەکەمە وام لێ بەسەرهات دەبێ نۆ ڕۆژەکەی ماوە چی دەردەسەری و ناۆخۆشییەکی ترم ڕووبەڕووبێەوە، ئیتر بۆ مرۆڤێکی ڕاستگۆو دەست پاک قورس دەبێت لە کۆمەڵگەی دووڕووان بێ ماسک بژیت و مەسعود بێزار دەبێت و چیتر بەرگەی ئازاری دووڕووەکان ناگرێت و بۆیە ئەمیش هەندێک له ڕەوشتی نزم و نەرێنی وەک دووڕوویی دەکڕێت و کاری پێدەکات و ئیتر کەسایەتی لە مەسعودێکی دەست پاک و ئەمین و ڕاستگۆوە دەگۆڕێت بۆ کەکارەکتەرێکی تەمام عەیاری دوو ڕوو و درۆزن، بەو شێوەیە دەگات بە بەرزترین پلەو پایە لە دەوڵەت و دەبێتە کەسێکی زۆر دەوڵەمەند و ناسراو ڕەزامەندی ژنەکەی بەدەست دێنێت و ژیانێکی جیاوازو زۆر خۆش دەژیت، بەڵام دواتر مەسعود لەڕێگای خواردنی حەبی دوو ڕووی بەهەڵەوە ڕیسەکەی لێدەبێتەوە بەخووری و هەموو شتێک لەدەست دەدات و دێتەوە سەر ساجی عەلی دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر سرووشتی ڕاستەقینەو پێشووتری و هەموو شتێک ئاشکرا دەکات.

دووای ئەوە مەسعود دەڕواتەوە فرۆشگەی "فرۆشتنی ڕەوشت" و یەک کیسە حەبی ڕەوشت بەرزی و بە هاجوانەکان دەدزێت و دەیخاتەناو ڕووباری نیلەوە، کەسەرچاوەو ئاوی خواردنەوەی هەموو کۆمەڵگەیە.دووای خواردنەوەی ئاوەکە،

ئیتر دوای خستنە کیسە حەبی ڕەوشت بەرزی بۆناو ڕووباری نیلەوە، چۆن ماسکەکان لادەچن و ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤە درۆزنەکان ئاشکرادەبێت و عەورەتی ئەخلاقی هەموو ئەو سیاسی و بازرگان و ڕاگەیاندن وهتد.... بەدەردەکەوێ کە پەیڕەویان لە فەلسەفەی دووڕوویی و درۆو چەواشەکاری وگزیکاری و فرت و فێڵکردووە و خەڵکی دووباره هەموو دەگەڕێنەوە سەر سرووشتی پاک و ڕەوشتی جوان و بەهای بەرزو دەست بەرداری ساڵوخەتی دوو ڕوویی و ڕەوشتە نزمەکانی وەک درۆو گەندەڵی و دزی و هەموو سیفاتی ناشرین دەبن.

وەلێ ئەفسووس ئەو حەپانە هەر ماوەیەک کاریگەرییان دەمێنێت و دووای نەمانی مەفعولی حەبەکان لەناو ئاوەکەدا.خەڵکی دەگەڕێنەوە سەر خوو بەزمەکەی پێشوویان و دووبارە دەست بە دوو ڕوویی دەکەنەوەو کۆمەڵگە غەرقی نیفاق دەبێتەوە، پاشان مەسعودی فەرمان بەرو شێخەکەی خاوەنی فرۆشگای ڕەوشت فرۆشی دەگیرێن، بە تۆمەتی بەڵاو کردنەوەی ڤایرۆسی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا.

ئەوە پوختەی ڕۆمانی"زێدی دووڕووانە"

ئایە دەکرێت مرۆڤایەتی بگات بەو قۆناغە، کە هاوشێوەی کاڵایەک کڕین و فرۆشتن بە مۆڕاڵەمرۆڤایەتی و بەها بەرزو ڕەوشتە جوانەکانەوەبکات؟ نوسەر لەو ڕۆمانەدا، دەیەوێ ئەو پرسیارەمان ئاڕاستە بکات.

زێدی دووڕدان ڕۆمانێکە، نوسەر بەوپەڕی بوێری و بێ موجامەلەو دوور لە ڕوپامایی و دووڕوویی و هیچ ترسێکەوە

مشتومڕی کارە دزێو ڕەوشتەناشیرینەکان و دووڕوویی و گەندەڵی حوکومەت و وڵاتە عەرەبیەکان دەکات و لەسەریان دەوێت و پەنچەی چارەسەری دەخاتە سەر برینەکان.

نوسەر دەیەوێ پێمان بڵێ" لەو سەردەمەی ڕۆمانەکەی تێدا نووسیوە"چەندە ئاستی دووڕوویت بەرزتربێ، پلەو پۆستت بەرزتر دەبێ، چەندە هونەری دووڕوویی شارەزاتربیت،ژیانت مسۆگەرتردەبێت،چەندە مامەحەمەو ماستاو چی و درۆزن بیت، ئەوەندە سەرکەوتوتردەبیت، بۆ گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن و پۆست ، دەبێ بەپایەکانی دووڕوویی/ درۆکردن/ ماستاوچیەتی/ ترسنۆکی/ دزین/ فێڵکردندا ڕەتببیت.

گەرنا مەحاڵە تۆ بگەیت بەهەڕەمی پلەو ئەوەی دەتەوێت بەدەستی بینیت.لەو کۆمەڵگەیەی میسری ئەوساو کۆمەڵگە عەرەبیی و بەعەرەبکراوەکان،وەک ئێستایان.مرۆڤی ڕاست گۆو دەست پاک و ڕەوشت بەرزو خاوەن کەسایەتی پولێک ناهێنێت و گەر بتەوێ بە ڕاستگۆیی و دەست پاکی بژیت، دەبێت تا مردن و بۆ هەمیشە لە پەراوێزدا بیت و تەنانەت وەک نوسەر دەیڵێت"ئەو کەمەی کە هەڵگری ڕەوشتی بەرزن،لەوانەیە ڕەوشت بەرزکان لەو سەوسەردەمەدا وەک تاوانێک لەسەر پابەندبوون بە ڕەوشت بەرزییەکەیانەوە لێپێچینەوەشیان لەگەڵ بکرێت!

زێدی دووڕوویی.ڕۆمانێکی سادە، بەڵام هەڵگری پەیامێکی قوڵ، ڕۆمانێکی سەیرو جیاواز!

ڕۆمانێک لە یەککاتدا دەتگریێنێت و دەتخاتە پێکەنینیشەوە!

گریان بۆ حاڵی کۆمەڵگەیەک. کە هەمووی ڕووی کردووەتەوە دووڕووی و دەست بەرداری پڕەنسیپ و بەهابەرزەکان و سروشتی مرۆڤ بوونی خۆی بووەو دووڕوویی کردووە بە پیشەو چێژی لێدەبات و نایەوێ وازی لێ بێنێت و سیفەتە دزێوەکانی لابووەتە باشەو ڕەوشت و هاوشێوەی کاڵایەک مامەڵە بە بەها مرۆڤایەتییەکان دەکات و دوو ڕوویی بووەتە نەریت وکولتوور لای.

کۆمەڵگەیەک غەرقی زەنکاوی هەموو ڕەوشتە دزێو خوە ناشرینەکان بووەو نایەوێ بگۆڕێت و ئامادەنییە جارێکیتر بێتەوەسەر سکەی مرۆڤ بوون، پێکەنیشیش لەگەڵ دیمەنە کۆمێدی و ڕووداو چیڕۆکە پێکەنیناوییەکانی.

بەتایبەتی مردنی ١٥٠٠کەس بەهۆی خوادنی حەبی ڕەوشت بەرزی و هەروەها ئەوکاتەی مەسعود لەسەر شەقام جلی بەری دەبەخشێ و تەنها جلی ژێرەوەی لەبەردەمێنێتەوە و ئەو کاتەی گوتاربێژ لەڕۆژی جومعەو لەکاتی وتاردا پارچەیەک تریاک لەژێر مەندیلەکەی دەردێنێت!

زێدی دووڕوویی"

پڕیەتی لە پەندو نموونە بۆ کەسێک کەدەیەوێ چاوی ویژدانی بکاتەوەو پەیڕەوی لە بەهاو بنەماکانی مرۆڤ بوون بکات و لە پەیوەندی ڕۆژانەی لەگەڵ مرۆڤەکان دوو ڕوو درۆزن نەبێت.

زێدی دووڕوویی-چیڕۆکی وڵاتێکە مرۆڤەکان هەموویان ماسکی دووڕوویان بەستوەو نیفاق بووەتە سیمای کۆمەڵگەو بازاڕ بازاڕی دووڕوییەو زێد زێدی دووڕوویانە، چیڕۆکی ژیانە لە کۆمەڵگەیەک.

دەستاڕی دوو ڕوویی و سال و خەتی دزێو ئادگاری ناشرین بوونی دەهاڕێت و مرۆڤەکان لە هەموو بووارەکانی ژیانیان فەلسەفەی دووڕوویی جێ بەجێ دەکەن.

لەژیانی خێزانیان. لە ئایینداریان. لە سیاسەتکردنیان. لە وەزش و ڕاگەیاندنیان. لەهەموو تەفاسیلێکی ژیانی ڕۆژانەدا دووڕووانە مامەڵە دەکەن و دوو ڕوویی هەموو کون و کەلەبەرێکی کومەڵگەی گرتووەتەوە، زێدی دووڕوویی-ڕاستی ژیانی کۆمەڵگەیەکە کەتێیدا.

-درۆ شوێن- ڕاستگۆیی

-ڕەوشت نزمی شوێن-ڕەوشت بەرزی.

-ناشرینی شوێن- جوانی.

-دووڕوویی شوێن ڕاستی گرتوووەتەوە و مرۆڤەکان ماسکی دووڕووییان پۆشیوەو ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان شاردووتەوەو لە پێناو بەرژەوەندییەکان و پول و پلەو پایەو خۆدەرخستن پەنا بۆ هەمو فورت و فێڵ و درۆو دزێویەک دەبەن.زێدی دووڕوویی-

چیڕۆکی کۆمەڵگەیەک تەنها دووڕوویی پێوەرەو هەر دووڕوویشە دەتگەیەنێت بە ئامانجەکانت، کۆمەڵگەیەک پەتای دووڕوویی تێیدا تەشەنەی کردووەو دووڕوویی جێگای بە بەهاڕەوشتیەکان لەقکردووەو خەڵکی یەکپارچە ڕوویان لە بازاڕی دووڕووی و بەرژەوەندی خوازی و فریو فێڵ و خووە قێزەون و ڕەوشتە نزمەکان کردووەو مۆد مۆدی نیفاقەو بازرگانی بە ئەخلاقەوە دەکەن.

کۆمەڵگەیەک، لەسەر دووڕوویی درووست بووەو مومارەسەکردنی ئەخلاق تێیدا یەکسانە بە دەرچوونی لەپێوەرەکانی کۆمەڵگەی دووڕووەکان و پێچەوانەی نەریت و یاساو ڕێساکانی دووڕووییەو لەگەڵ بنەمای دووڕێتی ناگونجێت.

کۆمەڵگەیەک، بتەوێ بژیت، دەبێ ماسک ببەستی و درۆبکەیت و فێڵ ئەنجام دەیت.، گەرنا تۆ جێگات لەو کۆمەڵگەیە نابێتەوەو دەبێ بۆ هەتاهەتایە لە فەرامۆشی و پەراوێزی ئەو کومەڵگەیەدا بژیت،

زێدێ دووڕوویی- چیڕۆکی پیاوێکە.

لەسەر ڕاستگۆیی و پیڕەونەکردنی دووڕوویی ڕووبەڕوویی لێدان و پەراوێز دەبێتەوەو زۆری نامێنێت ژن و ژیان و کارەکەی لەدەست بدات و ببرێتەنەخۆشخانەی دەروونی!

زێدی دووڕوویی-

هەموو سنوورەکان و سەردەمەکان دەبڕێت و چیڕۆکی ژیان و حەقیقەتی کۆمەڵگەکانمان بۆ دەردەخات.چیڕۆکێکە لەهەموو شوێن و زەمەنێکدا خۆی دووبارە دەکاتەوەو کۆمەڵگە هەرگیز مرۆڤی دووڕووی لێ نابڕێت، بەداخەوە هێشتا مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکان بە دەست پەتای دووڕوویی و نەزانی و کۆمەڵێک ڕەوشتی ناشرینەوە دەناڵێنێن و ئێمەی مرۆڤایەتی لەو سەردەمەدا چەندە پێویستمان بە خواردنەی حەبی ئەخلاق هەیە و دەبێ کەی مەسعودێکی تر بێت وکیسەیەک حەبی ئەخلاق بکاتە ناو ئاوی ژیان و بۆ هەمیشە تۆی مامەحەمەیی و دووڕوویی و سەرچاوەکەی لەنێو بەرێت و مرۆڤایەتی و ژیان بگەڕێتەوە سەر سکەو سرووشتی ڕاستەقینەی خۆی؟!

چەند زۆرن ئەو مرۆڤانەی وەک شەش ڕووەکانی سەردەمی ستالین چەندان جۆر لەماسکی دووڕوویی دەپۆشن دووڕووییانکردووە بە کولتوور و پیشەو نان و ئاوی پێوەدەخۆن.زێدی دووڕوویی- چیڕۆکی کۆمەڵگەیەکی نەخۆشە.کۆمەڵگەیەک بەدەست نەحۆشییەکەوە دەناڵێنێت، نەخۆشییەک کە پێی دەڵێن نەخۆشی "دووڕوویی"، پەتایەک-سەراپای جەستەی کۆمەڵگەی تەنیوەو خۆی خزاندووەتەوە هەموو کونج و کەلەبەرێکی وڵات و ڕەگی لەنێو خێزانەکان داکوتاوەو وەک بنەما خەڵکی پێیەوە پابەندەو پێڕەوی لێدەکەن، نەحۆشیەک-مرۆڤ دەکات بە دەبڵ مۆڕاڵ و کەسایەتی دووکەرت دەکات و دروونی تاک تێک و پێک دەشکێنێت و نەخۆشی دەخات و چاسەری وچاکبوونەوەی زۆر بەحمەت دەبێت،نوسەر لە"زێدی دووڕووان"دا تیشک دەخاتە سەر پرسی ئەخلاق لەکۆمەڵگە بەعەرەب کراو عەرەبیەکان و ئیسلامیەکان و پشت بە میتۆدو شێوازی بەراوردکاری دەبەستیت و بەراوردی نێوان ڕەوشت و دووڕوویی دەکات و هەوڵدەدات بۆمان ڕوونبکاتەوەو پێمان بڵێ پێڕەوی کردن لە بەهائەخلاقیەکان لەکۆمەڵگەی دووڕوواندا چەندە سەختە و نزیکە لە خەیاڵ و مەحاڵ!

کۆمەڵگەیەک، کاتێک ڕەوشتە بەرزو بەها جوانەکان تێیدا ون دەبن و دووڕوویی و خووە نزم و ڕەوشتە ناشیرینەکان دەبن بە جێگرەوەیان و دەرەنجام کۆمەڵگەیەکی نا ئەخڵاقی درووست دەبێ و تاکێکی دووڕوو دەبڵ مۆڕاڵ لەدایک دەبێ ولەوکاتەدا بۆ مەسعودەکان چەندەقورس دەبێ بە چەکی ئەخڵاقەوە ڕووبەڕووی پەتای نیفاق ببنەوەو خەڵکی لەو دۆخە دووڕوییەو قەیرانە ئەخلاقیە دەربێنن کەتێی کەوتوون.

لە زێدی دووڕوواندا، نوسەر بەدوای ڕزگارکەرێک و موحەمەد مەهدیەکدا دەگەڕێت،تا بیکات بە پاڵەوانی ڕەوشت و فریاد ڕەسی مرۆڤایەتی و شۆڕش و گۆڕانانکاری یان کۆدێتایەک لە مێنتەڵێنت(زهنیەت)و بیرکردنەوەو کولتووری خەڵک و کۆمەڵگەدابکات و ئەو زێدو زەمینە لەتۆی نیفاق و پەتایی دووڕوویی پاک بکاتەوەو مرۆڤ لە زیندانی نەخۆشی دووڕوویی ئازاد بکات،وەلێ ئەفسووس. پاڵەوانەکەی نووسەر(مەسعود)ی کارەکتەر و پاڵەوانی ڕۆمانی" زێدی دووڕوویی)،لە هەوڵەکەیدا شکست دێنیت و ڕادەست بە پێوەرەکانی کۆمەڵگەی دووڕوویی و یاساکانی دووڕووەکان دەبێت و ڕەشبینی و نائومێدی دایدەگرێت و دوواجار ناچار واز خەونی ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی دێنێت و دەست بەرداری پڕۆژە ئەخلاقیەکەی دەبێت و دەچێته ژێرباری بنەماکانی کۆمەڵگەی دووڕووەکان و ماسکی دووڕوویی دەبەستێت و دەڕواتە بەرەی دووڕووەکان و دەبێت بە یەکێک لە دووڕووە تەمام عەیارەکان.

ماوەتەوە بڵێم دووڕوویی ئافات و نەخۆشییەکە تووشی مرۆڤایەتی و کومەڵگەکان بووەو دەبێ چارەسەری بۆبدۆزرێتەوەو تۆی ئەو پەتا دزێوە بنبڕبکرێت و سەرچاوەکەی وشک بکرێت، تا دووبارە مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە سەر ڕێبازی مرۆڤ بوون و سرووشتی پاکی خۆی و پەیڕەوی لە مۆڕاڵ و بەهای بەرزو جوان بکات و دەستبەرداری هەموو ئەخلاقێکی ناشیرین و خووێکی قێزەون بێت و لە تاکێکی نێگەتیڤ و نەخۆش و دوو ڕوو و درۆزن و فێڵبازەوە، ببێتەوە بە کارەکتەرێکی تەندرووست و کەسایەتیەکی پۆزەتیڤ و ڕاستگۆو دەست پاک و مرۆڤ دۆست.


ئەم بابەتە 252 جار خوێندراوەتەوە