Markiz.jpg

چیرۆكى مه‌رگێكى راگه‌یه‌ندراو

ئه‌م رۆمانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌قه‌ تایبته‌كانى (گابرێل گارسیا ماركیز)، كه‌ بۆ ماوه‌ى (20) ساڵ بیرى له‌ نوسینى كرده‌وه‌، خۆى ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا وه‌كو رێپۆرتاژ بۆ رۆژنامه‌ ئاماده‌م كرد، به‌ڵام دایكم نه‌یهێشت بڵاوى بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ وتى بۆ پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌مان باش نییه‌. دواتر پاش (20) ساڵ وه‌كو رۆمان ده‌ینوسێ و چاپى ده‌كات، ئه‌و كاته‌ى بڵاوكرایه‌وه‌، دایكى ته‌له‌فۆنى بۆ ده‌كات و پێى ده‌ڵێت: به‌ڕاستى ئابڕووى بنه‌ماڵه‌كه‌ت برد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و چیرۆكه‌ى رۆمانه‌كه‌ى له‌سه‌ر بنیاد نراوه‌، روداوێكى راسته‌قینه‌ى نێو بنه‌ماڵه‌كه‌ بووه‌.

رۆمانه‌كه‌ به‌ كوشتنى (سانتیاگۆ نه‌سار) ده‌ست پێده‌كات، كاتێك له‌لایه‌ن دوو براوه‌ به‌ چه‌قۆ ده‌كوژرێت، (ئه‌نجێلا ڤیكاریۆ) كاتێك هاوسه‌رگیرى ده‌كات، مێرده‌كه‌ى یه‌كه‌م شه‌وى هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ى ده‌یباته‌وه‌ بۆ ماڵى باوكى و پێیان ده‌ڵێت كچه‌كه‌تان پێشتر ژن بووه‌ و كچێنى نه‌ماوه‌.

ئه‌و كچه‌ باوكى نییه‌ و له‌گه‌ڵ دایكى و دوو براكه‌ى ده‌ژیا، هه‌ردوو براكه‌ى هه‌ر له‌و شه‌وه‌وه‌دا زۆر له‌ خوشكه‌كه‌یان ده‌ده‌ن و زۆرى لێده‌كه‌ن پێیان بڵێت كه‌ كێ وایلێكردووه‌، كچه‌كه‌ش ناوى (سانتیاگۆ نه‌سار) ده‌هێنێت.

ئه‌و دوو برایه‌ش ئه‌گه‌رچى له‌و كه‌سانه‌ نین كه‌ بتوانن كه‌س بكوژن، به‌ڵام له‌به‌ر سڕینه‌وه‌ى ئابووى خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن بچن (سانتیاگۆ نه‌سار) بكوژن، ئه‌وان له‌ ناخه‌وه‌ نایانه‌وێت ئه‌و كار بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك بۆى داده‌نیشن، هه‌ر كه‌سێك ده‌بینن پێى ده‌ڵێن (سانتیاگۆ نه‌سار) بكوژن، بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێك له‌وانه‌ نه‌هێڵێت ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، به‌ڵام كه‌س بڕوایان پێناكات.

هه‌ر بۆیه‌ ماركیز له‌ كوشتنى (سانتیاگۆ نه‌سار)دا هه‌موو خه‌ڵكى شارۆچكه‌كه‌ تاوانبار ده‌كات، چونكه‌ نه‌یانتوانى ڕێگرى له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌م تاوانه‌ بكه‌ن.

رۆمانه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆڕێكى شارۆچكه‌كه‌وه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌، كه‌ له‌كاتى ڕووداوه‌كه‌دا بۆ خوێندت له‌ ده‌ره‌وه‌ى شارۆچكه‌كه‌ ژیاوه‌، له‌ڕێگه‌ى نامه‌وه‌ ئاگادارى روداوه‌كه‌ بووه‌، پاش چه‌ند ساڵێك جارێكى دیكه‌ ده‌یه‌وێت راستى روداوه‌كه‌ به‌ته‌واوى بزانێت، هه‌ر بۆیه‌ به‌دواداچوون بۆ رووداوه‌كه‌ ده‌كات و لێى ده‌كۆڵێته‌وه‌.

رووداوه‌كان له‌ رێگه‌ى دوو فلاشباكه‌وه‌ ده‌خرێنه‌ڕوو، سه‌رده‌مى خوێندن و سه‌رده‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى (راوى) رۆمانه‌كه‌.

رۆمانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى هونه‌رى و به‌ ته‌كنیكێكى سه‌رنج راكێش نوسراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ رۆمانه‌ زۆر تایبه‌ته‌كانى ماركیز، یه‌شار كه‌مال له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: چیرۆكى مه‌رگێكى ڕاگه‌یه‌ندراو، باشترین رۆمانى ماركیزه‌.


ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە