Django_Unchained_Django_Unchained.jpg

فیلمی جانگۆ ی ئازاد و روداوه‌كانى به‌ر له‌جه‌نگ

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمێکی ڕۆژئاوایی ئەمریکیی ساڵی ٢٠١٢ یە لە نووسین و دەرهێنانی کوینتن تارانتینۆ Quentin Tarantino. جایمی فۆکس و، کریستۆف واڵتز و، لیۆناردۆ دێکاپریۆ و، کێری واشینگتن ڕۆڵی تێدا دەگێڕن وەک ئەکتەری سەرەکی، هەروەها ئەو ئەکتەرە لاوەکییانەش کە لە فیلمەکەدا دەردەکەون: ساموێڵ جاکسن، واڵتن گۆگینس، دێنیس کریستۆڤەر، جەیمس ڕیمار، مایکڵ پاڕکس، دۆن جۆنسن. ڕوداوەکانی نێو فیلمەکە باشوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بە ڕۆژئاوای کۆن Old West ناسراوە ساڵانی بەر لە دەست پێ کردنی جەنگی ناوخۆ نیشان دەدات. باس لە کۆیلەیەکی ڕەش پێست دەکات (جانگۆ) کە ئازاد کراوە و لەگەڵ پیاوێکدا کار دەکات کە مردوو فرۆشە/ ئەمەش ناوی ڕاوچی تاوانبارەکانە. کە ئەوکەسانە دەکوژێت کە داواکراون و بە بڕێکی زۆر پارە لاشەکەیان دەفرۆشێتەوە بە دادگا.

ئەم فیلمە سەرەڕای ئەو توخمە ڕەگەز پەرستانەیەی کە تێیدایە لە ڕووی زمانەوە و، ئەو توندوتیژییەی کە تێیدایە، لە لایەن ڕەخنەگرانەوە فیدباکی زۆر باشی هەیە، بە تایبەت لە ڕووی دەرهێنان و نووسینی تارانتینۆ و، هەروەها ڕۆڵبینینی واڵتزەوە زۆر ستاییش کراوە، بۆ چەندین خەڵات پاڵێوراوە، هەروەها ٥ جار پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی 85th Academy Awards کە جارێکیان بۆ بەشترین وێنە بوو.  واڵتزیش چەند خەڵاتێکی بردەوە بۆ ڕۆڵبینینە باش و سەرنج ڕاکێشەکەی لەوانە Academy Awards, Golden Globes, BAFTAs ، تارانتینۆش چەند خەڵاتێکی بردەوە بۆ سیناریۆکەی، لەوانەش خەڵاتەکانی Academy Awards, Golden Globe, BAFTA.

Django Unchained1

چیرۆکی فیلمەکە:

لە سەرەتاکانی ساڵی ١٨٥٨دا لە تەکساس، دوو برا گروپێک کۆیلەی ڕەش پێستی کۆت و بەند کراو دەگوێزنەوە کە لە نێویاندا کۆیلەیەک هەیە بە ناوی جانگۆ Django کە لە هاوسەرەکەی جیا کراوەتەوە و دواتر فرۆشراوە، هاوسەرەکەی کە ناوی برومهێلدا ڤۆن شافتە بە هەمان شێوە کۆیلەیە و لە نێو ماڵە خانەدانەکاندا خزمەتکارە، برومهێلدا دەتوانێت بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی قسە بکات، لەو سەردەمەدا شتێکی زۆر دەگمەن بوو کۆیلەی ڕەشپێست بە زمانی ئەڵمانی بتوانێت قسە بکات.

دکتۆر کینگ سهۆڵتز کە دکتۆرێکی ددانی ئەڵمانییە، ڕێیان پێ دەگرێت و دەیەوێت مامەڵەی کڕینی یەکێک لە کۆیلەکان (جانگۆ)یان لەگەڵدا بکات، بەهۆی ئەوەی کە جانگۆ دەتوانێت سێ برا تاوانبارەکە (بریتڵ برەزەرس) بناسێتەوە و پێشتر بینیونی.

دکتۆر کینگ جانگۆ ئازاد دەکات و لەگەڵیا وا ڕێک دەکەوێت کە جانگۆ یارماتیی بدات لە دۆزینەوەی تاوانبارەکاندا و ئەویش دواتر یارمەتیی جانگۆ بدات لە دۆزینەوەی هاوسەرەکەیدا، وە پاش ئەوە جانگۆ و هاوسەرەکەی چیتر نەبنە کۆیلەی هیچ کەسێک و، وەک دوو مرۆڤی ئازاد بژیین.

لە کۆتایی فیلمەکەدا دکتۆر کینگ پاش دۆزینەوە و کڕینەوەی برومهێلدای هاوسەری جانگۆ لە خاوەم کۆیلەیەک، بەهۆی رێکنەکەوتنیانەوە و لە شەڕێکی سەختدا دەپێکرێت و دەیکوژن، بەڵام جانگۆ تۆڵەی خۆی و هاوسەرەکەی و دکتۆر کینگیش دەکاتەوە و هەموو ئەوانە دەکوژێت کە خراپ مامەڵەیان لەگەڵ کۆیلەکاندا دەکرد. جانگۆ و برۆمهێلدا ڕزگاریان دەبێت و دەبنە دوو مرۆڤی ئازاد، بۆ هەمیشە ئەو شوێنە جێدەهێڵن و دەڕۆن تا لە جێیەکی ئارام پێکەوە بژین.

 Django Unchained2

 كوینتین تارانتینۆ

كوینتین تارانتینۆ، لە ٢٧ی ئازاری ١٩٦٣ لە "نۆكسیڤێڵ"ی ھەرێمی "تێنیسی" لەدایكبووە، تاكە منداڵی "كۆنێ ماكھوگ"ی دایكی و ئەكتەر "تۆنی تارانتینۆ" بوو؛ كە بەر لەوەی تارانتینۆ لەدایك ببێت خێزانەكە بەجێدەھێڵێت. لە تەمەنی چوار ساڵیدا بەرەو "كالیفۆرنیا" دەڕۆن و داپیرەی بەردەوام دەیبات بۆ سەیركردنی فیلمەكانی "جۆن واین" و لەو تەمەنە كەمەوە خۆشەویستییەكی زۆر و سەیری بەرامبەر فیلم و سینەما بۆ دروست دەبێت. چیرۆك دەنووسێت و بەسەرھاتی سەیر دەگێڕێتەوە، لەمبارەیەوە جارێكیان لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا دایكی تارانتینۆ گووتی: "چیرۆكی دایكانەی خەماویی بۆ دەنووسیم، ھەمیشە دەیكوشتم و پێی دەگووتم لەو بارەیەوە ھەستی چۆنە، ئەو چیرۆكانەی بەس بوون كە بەردەوام فرمێسك لە چاوەكانمدا بن".

تارانتینۆ ڕقی لە خوێندن و خوێندنگە بوو، ئەو بە لایەوە باشتر بوو كە كاتەكانی بە تەماشاكردنی فیلم و كۆمیكەوە بەسەر ببات نەوەكو بخوێنێت، تاكە بابەتیش كە لەگەڵی گونجابا؛ "مێژوو" بوو، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "مێژوو، بابەتێكی خۆشە و منیش لەو بابەتەدا باش بووم، چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان وەكو فیلم وەھایە". پاش بەجێھێشتنی خوێندنگە، بۆ ماوەیەك لە ھۆڵێكی شانۆگەریی لاواندا وەكو بەڕێوەبەری ھۆڵ كار دەكات، ھەروەھا پۆلی نواندنیشی وەردەگرت، پاشان لە "مانھاتن" كارێك لە "Video Archives" وەردەگرێت و لەگەڵ "ڕۆجەر ئاڤاری"دا كار دەكات و ئاشنایەتی پەیدا دەكات. خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ فیلم ھەردووكیان پێكەوە كۆدەكاتەوە و لە بیرۆكەی چەندین سیناریۆشدا پێكەوە كار دەكەن. لە ماوەی مانەوەی لە "Video Archives"دا؛ لەسەر چەند سیناریۆیەك كار دەكات، لەوانەش (True Romance) و (Natural Born Killers)، ھەروەھا وەكو میوان لە ڕۆڵی "ئێلڤێس پریسلی"دا لە "The Golden Girls"دا بەشدار دەبێت.

پاشان ساڵی ١٩٩٠ "Video Archives" بەجێدەھێڵێت و ڕوو لە كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنان دەكات، لە ڕێگەی بەرھەمھێنەرێكی كۆمپانیاكەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسا سیناریۆی "True Romance" بخاتە ڕوو و "تۆنی سكۆت"ی بەرھەمھێنەریش پاش ئەوەی سیناریۆكەی بەدڵ دەبێت مافی ئەوەی پێ دەدات كاری لەسەر بكات. بە كاركردنیشی لەگەڵ "لاورێنس بێندەر"ی بەرھەمھێنەردا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا ڕێچكەی فیلمسازیی خۆی دەستەبەر و قایم بكات، ساڵی ١٩٩٢ سیناریۆی "Reservoir Dogs" دەنووسێت و ئەكتەر "ھارڤی كیتێڵ" بە خوێندنەوەی سیناریۆكە سەرسام دەبێت و بڕیار دەدات بە ڕۆڵگێڕان و گرتنە ئەستۆی كاری بەرھەمھێنان تێیدا قایل و بەشدار ببێت. ساڵی ١٩٩٤ (Pulp Fiction) بەرھەم دەھێنێت، فیلمێكی چاوەڕواننەكراو و پڕ توندوتیژی و كلتوری پۆپ، كە لەپاڵ سەركەوتنەكەی لە ڕووی بازرگانییەوە؛ ڕەخنە و مشت و مڕێكی زۆریشی بە خۆوە بینی، فیلمەكە زیاتر لە ١٠٨ ملیۆن دۆلاری لە بۆكس ئۆفیسدا قازانج كرد و بووە یەكەم فیلم كە ئەو دەستكەوتەی ھەبێت، ھەروەھا لە فێستیڤاڵی كانی فیلم بۆ ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی "Palme d’Or" بردەوە، لەپاڵ ئەوەشدا پاڵێورابوو بۆ حەوت خەڵاتی دیكە؛ لە نێویاندا بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین دەرھێنەر، دواتریش خەڵاتی باشترین سیناریۆی لەگەڵ خۆیدا بردەوە.

Django Unchained3

ساڵی ١٩٩٥ سیناریۆی یەكێك لە چیرۆكەكانی "Four Rooms" دەنووسێت و كاری دەرھێنانی بۆ دەكات، سێ چیرۆكەكەی دیكەش لە لایەن ھەریەكە لە فیلمسازان "Allison Anders" و "Alexandre Rockwell" و "Robert Rodriguez" دەنووسران، پاش بڵاوبوونەوەشی؛ تارانتینۆ و "ڕۆبێرت ڕۆدریگێز" كار لەسەر "From Dusk Till Down-1996" دەكەن، تارانتینۆ سیناریۆكە دەنووسێت و "ڕۆدریگێز"یش كاری دەرھێنانی بۆ دەكات، بەڵام سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی و زۆرترین ڕەخنە و بۆچوونی نەرێنیی لە لایەن ڕەخنەگران و بینەرانەوە وەرگرت. ھەربۆیە ساڵێك دواتر و بە بەرھەمھێنانی "Jackie Brown- 1997" ھەوڵ دەدات ھاوسەنگی و بۆچوونە ئەرێنییەكان بۆ فیلمەكانی بگەڕێنێتەوە، ھەرچەندە ئەم فیلمەیشی سەركەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی. ساڵی ٢٠٠٣ "Kill Bill: Vol. 1" و ساڵی ٢٠٠٤ "Kill Bill: Vol. 2" بەرھەم دەھێنێت، پاشانیش "Grindhouse-2007" و "Inglourious Basterds-2009" بەرھەم دەھێنێت.

پاش ماوەیەك پشوودان، بە "Django Unchained-2012" دەگەڕێتەوە بۆ كاری فیلمسازی و فیلمەكەی سەركەوتنێكی زۆر بەدەست دەھێنێت لە ڕووی بازرگانی و تێڕوانین و بۆچوونی ئەرێنییەوە، لە ٨٥ـەمین ئاھەنگی خەڵاتە ئەكادیمییەكانی ساڵی ٢٠١٣ دەبێتە براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ و پاڵێورابوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەكانی ئۆسكار بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین سینەماتۆگرافی و دەنگسازیی. پاشان "The Hateful Eight- 2015" بەرھەم دەھێنێت كە پاڵێوراوی خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بوو. تارانتینۆ دوای پەیوەندییەكی سۆزداری درێژخایەن لەگەڵ خانمە نواندنكار "میرا سۆرڤینۆ"دا؛ ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ "دانێلا پیك"ی كچی سترانبێژ و ستراننووس "Tzvika Pick"ی ئیسرائیلیدا دەست دەكات بە ژووان بەستن و ساڵی ٢٠١٧ ئەڵقەی ھاوسەرگیری دەگۆڕنەوە و تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ ژیانی ھاوسەرگیری پێك دەھێنن. چوار ساڵ دواتریش "Once Upon a Time In Hollywood- 2019" دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان. كوینتین تارانتینۆ ڕێچكە و شێوازی تایبەت بە خۆی ھەیە لە بواری فیلمسازییدا، فیلمەكانی چاوەڕواننەكراو و پڕ توندوتیژی و خوێناوین، بینەری سینەمای تارانتینۆ كەسانێكی سەرشێتن و ھەمیشە ئەوەی دەیانەوێت لە سینەمای تارانتینۆدا دەستیان دەكەوێت.

 


ئەم بابەتە 94 جار خوێندراوەتەوە