Mwsl_Mwsl.jpg

کوردێک لەپشت سیناریۆی فیلمی موسڵ

کوردێکی لەدایکبووی شاری مووسڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، دەستی لە سیناریۆ و چەند کارێکی دیکەی فیلمی (موسڵ)ـی بەناوبانگی تۆڕی (نێتفڵێکس) هەبووە.

ماڵپەڕی کوردفیلم، له‌ هه‌واڵێكیدا باس له‌ چیرۆكى فیلمه‌كه‌ كردووه‌ و نوسیویه‌تى: ڕەنگە بینەرانی فیلمی موسڵ-Mosul بەشێکی زۆریان ئەوە بزانن کە چیرۆکی فیلمی موسڵ لە ڕاستییەوە وەرگیراوە، بەڵام چیرۆکەکە چۆن بووە و لە کوێ سەریھەڵداوە؟

چیرۆکی فیلمی موسڵ لە گۆڤاری بەناوبانگی (نیویۆرکەر) لەلایەن (لووک مۆگڵسن) نووسەری بەناوبانگەوە نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئەم چیرۆکەش بۆ فیلمە نایابەکەی موسڵ وەرگیراوە، (سەنگەر خەلیل) کە کوردێکی لەدایکبووی شاری 'موسڵ'ـە و لە ئێستادا لە ھەولێر نیشتەجێیە، بەمشێوەیە باس لە سەرەتای بیرۆکەی نووسینی چیرۆکی موسڵ دەکات و گووتیشی، کە 'لووک مۆگلسن' ھاوڕێی نزیکی ئەوە و پێشتریش چەن کارێکی ھاوبەشیان ھەبووە و یارمەتی داوە.

"کاتێک 'لووک' پەیوەندی پێمەوە کرد و گووتی، کە بەنیازم بێم بۆ عێراق، داوای لێمکرد یارمەتی بدەم لە نووسینی چیرۆکێکی جیاواز دەربارەی ھێزەکانی عێراق و موسڵ منیش پێشنیازم بۆی کرد بچینە ناو خێزانەکانی موسڵ و دوای دواندنی چەند کەسێکیان لە کۆتاییدا ھێزی 'سوات'ـمان بینی"

گووتیشی، کە ئەو ھێزە خۆیان ھەوڵی ڕزگارکردنی موسڵمانیان دەدا و خێزانەکانیان لەناو موسڵدا بوو، سەڕەڕای ئەوەی خێزانەکانیان نەیان دەزانی، کە ھاتوونەتە جەنگ بۆ ڕزگارکردنیان، ئاماژەشی بەوەدا، کە ھەروەکوو لە فیلمەکەدا بینیوتانە زۆربەی ئەوانەی لە ھێزی سوات'ـدا بوون یاخوود بریندار بوون پێشتر یاخوود کەسێکی نزیکیان لەدەستدابوو.

لە درێژەی قسەکانیشیدا گووتی: "بەھۆی کێشەی ڤیزا و پاسپۆرتەوە نەیتوانیوە لەگەڵ ستافەکە گەشتی مەغریب بکات، کە لەوێ وێنەگرتنی فیلمەکە کراوە، بەڵام بۆ ماوەی ٨ مانگ بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ 'ماثیو کارناھان' دەرھێنەری فیلمەکە و 'برایانی ڕۆسو' بەرھەمھێنەرانی فیلمەکە و ھەروەھا سەرجەم جلوبەرگ و باجە سەربازییەکانی ئەکتەرەکان خۆی لە کوردستانەوە ناردوویەتی بۆیان، ئاماژەی بەوەشدا، کە لە زۆربەی فیلمەکاندا ھەڵەی نووسین و ڕێنووس ھەبووە لە نووسینی سەر دیوار یاخوود لە باگراوندی فیلمەکە لەڕێی ئەم پەیوەندیانەوە سەرجەم ئەمانەی لەم فیلمەکەدا ڕێکخستووە چاکی کردووە، بەجۆرێک کە دەڵێت: "کاتێک سەیری فیلمەکە دەکەیت وا دەردەکەوێت، کە وێنەگرتنی لە موسڵ یاخوود لە عێراق بۆ کراوە بەڵام لە ڕاستیدا وێنەگرتنەکەی لە مەغریب بۆ کراوە و بە ڕێکخستنی جلوبەرگ و نووسین و چیرۆکەکەی بەمشێوەیە دەرچووە"

لەکۆتایشدا گووتی، لە ئێستادا لەگەڵ تۆڕی Apple+ خەریکی فیلمێکی دۆکیومێنتاری نوێن دەربارەی منداڵێکی داعش لە عێراق.

Mwsl1


ئەم بابەتە 92 جار خوێندراوەتەوە