Adonis.jpg

رۆشنبیران ئه‌وانه‌ى جۆرێكیترن له‌ دیكتاتۆر

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌فزیۆنى موسته‌قبه‌لدا كه‌ مامۆستاى شاعیر زاهى وه‌هبى له‌ گه‌ڵمدا ئه‌نجامیدا، له‌ میانه‌ى وه‌ڵامى پرسیارێكدا ناوى چه‌ند شاعیرێكى عه‌ره‌بم هێنا، كه‌ نوسینه‌كانیان دوور و نزیك تایبه‌تن به‌ منه‌وه‌.  ده‌شمزانى وه‌ڵامێكى له‌م شێوه‌یه‌ مه‌ترسیداره‌ و به‌ دوور نییه‌ له‌ هه‌ڵه‌وه‌.. به‌ تایبه‌تى كه‌ ناچار بیت ناوى سێ كه‌س بێنیت له‌ ناو سه‌دان ناودا، چونكه‌ ئه‌و ناوانه‌ (كه‌ وه‌ك نمونه‌ هاتوون) ده‌بێته‌ ماڵ به‌سه‌رته‌وه‌ و لێى ده‌ڕوانرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى حوكمێكى یه‌كجاره‌كى بێت له‌ وه‌ستانت له‌گه‌ڵ چه‌ند شاعیرێك، دژى چه‌ند شاعیرێكى دیكه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى لایه‌نگیر بیت بۆ كۆمه‌ڵێك ناو و نه‌یارى كۆمه‌ڵێكى دیكه‌ بیت!

ئه‌مه‌یان بۆ من به‌ڵگه‌یه‌كیتر بوو كه‌ داپڵۆسین له‌ ژیانى عه‌ره‌باندا ته‌نیا له‌ سیاسه‌ت قه‌تیس نه‌ماوه‌، به‌ڵكو درێژبۆته‌وه‌ بۆ ناو رۆشنبیرى به‌ گشتى و شیعر و رۆمان به‌ تایبه‌تى، تۆ ئازاد نیت له‌وه‌ى به‌ ئازادى راوبۆچوون و چێژى تاكانه‌ت له‌باره‌ى شیعر و رۆمانه‌وه‌ ده‌ربڕیت، گه‌ر ده‌ریشتبڕى ئه‌وا رووبه‌رووى (سزا) ى  ناعادیلانه‌ى خۆت ده‌بیته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى كه‌ له‌ناو شاعیر و رۆماننووساندا  كه‌سانێك هه‌ن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆت نییه‌  ناویان به‌ خراپه‌ بێنیت (وه‌ك ئه‌وه‌ى گوێره‌كه‌ى موقه‌ده‌س بن). له‌لایه‌كى تره‌وه‌ كه‌سانێك هه‌ن پێویسته‌ فه‌رامۆش بكرێن و ناویان نه‌به‌یت، كه‌سانێكیش هه‌ن به‌ بێ بوونى گومان و دودڵى خۆیان پێ (یه‌كه‌مینه‌)

باپیرانمان له‌ زمانى شاعیره‌وه‌ ده‌یانگوت (جیاوازى له‌ راوبۆچوون، هیچ گرفتێك بۆ خۆشه‌ویستى دروست ناكا)، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌زموونى نوێگه‌رى رۆشنبیرى عه‌ره‌بى ته‌واو پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ ده‌سه‌لمێنێ، ئه‌وه‌تا ئه‌و شه‌ڕه‌ى به‌ ناوى شیعر و رۆمان و فیكره‌وه‌ ده‌كرێت، توندوتیژى كه‌متر نییه‌ له‌و شه‌ڕانه‌ى به‌ناوى سیاسته‌وه‌ ده‌كرێن.

داپڵۆسین له‌ ژیانى عه‌ره‌باندا سه‌راپاگیره‌، له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا یاى ژیان!

2

ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌ژمێرین كه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ بنیادنانى (نیشتمان) خه‌رچى ده‌كا، به‌ڵام ژماره‌ى په‌راگه‌نده‌ و زیندانیه‌كان و كوژراوه‌كان ناژمێرین.

3

له‌ ژیانى عه‌ره‌بدا، بیرۆكه‌ مه‌زنه‌كان چه‌شنى ئه‌و په‌ڵه‌ هه‌ورانه‌ن كه‌ له‌  بۆشاییدا تێده‌په‌ڕن، به‌ بێ ئه‌وه‌ى (ببارن)، یان خۆڵێك (بڕوێنن)، یان هیچ شتێك (بگۆڕن). خاوه‌نه‌كانیان له‌ شێوه‌ى ئه‌ستێره‌ى رژاون: ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون، تاوه‌كو بكوژێنه‌وه‌ و ون ببن.

4

له‌ منداڵیه‌وه‌ (به‌ تایبه‌تى له‌ قوتابخانه‌ ئاینیه‌كاندا) عه‌ره‌ب (هونه‌ر) ى مردن فێر ده‌بن، وا ده‌ڕواننه‌ ژیان وه‌ك ئه‌وه‌ى بارێك بێت و پێویسته‌ فڕێ بدرێت، گه‌ر نیوه‌ دێڕه‌كه‌ى موته‌نه‌بیشمان بیر بێته‌وه‌ (مردن جۆرێكه‌ له‌ كوشتن) ئه‌وا منداڵه‌ عه‌ره‌ب ژیانى به‌ فێربوونى (كوشتن) ده‌ستپێده‌كا.

5

شكاندنى (بنه‌ماكان) ى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ كۆمه‌ڵدا، به‌ مانایه‌ك له‌ ماناكان شكاندنى بنه‌ماكانى سیاسه‌ته‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه‌ى سه‌یره‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌موو بنه‌ماكانى كۆمه‌ڵگه‌ى عه‌ره‌بى شكێندران، ته‌نیا بنه‌ماكانى سیاسه‌ت وه‌ك خۆیان مانه‌وه‌: به‌ دامودوزگاكانیه‌وه‌، به‌ ئامرازه‌كانیه‌وه‌، به‌ میكانیزمه‌كانیه‌وه‌! دوو له‌تى له‌ كۆمه‌ڵگادا ئاشكرا و روونه‌، هه‌ندێ جاریش تونده‌ له‌ نێوان (خه‌ڵكى شكاندن و خه‌ڵكى سیاسه‌ت)، به‌م شێوه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى عه‌ره‌بى له‌ لاشه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌چێت كه‌ دوو له‌ت بوو بێت، كه‌ یه‌كسانه‌ به‌ رۆحدانێكى به‌رده‌وام، پێویسته‌ شكاندنه‌كه‌ ته‌واو بكرێت تاوه‌كو ئه‌و لاشه‌یه‌ بكه‌وێته‌وه‌ ژیان، یان ته‌واو كردنى ژیان.

6

چه‌ند سه‌خته‌ ئه‌و ژیانه‌ى، كه‌ خه‌یاڵ نایگرێته‌ خۆى.

7

چه‌نده‌ پووچ و كاره‌ساته‌ له‌ یه‌ككاتدا، ژیانى تاكى عه‌ره‌ب:

هیچى نییه‌ نرخى ژیانى پێبدا،

ته‌نیا خودى ژیانى نه‌بێت.

8

هه‌ستیارى باوى عه‌ره‌ب له‌ ده‌زگا رۆشه‌نبیریه‌كاندا، له‌ بناغه‌وه‌ له‌سه‌ر (قسه‌ى نه‌سته‌ق) دامه‌زراوه‌، راسته‌ (قسه‌ى نه‌سته‌ق) جۆرێكه‌ له‌ زانین، به‌ڵام نرخى له‌ هه‌موو زانینه‌كان كه‌متره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هزرێكى هاوبه‌شه‌، ته‌مبه‌ڵه‌، سواوه‌.

قسه‌ى نه‌سته‌ق: یه‌كسانه‌ به‌ پیربوونى ئاره‌زوو.

9

پێكهاته‌ى تاكى عه‌ره‌بى له‌ رووى رۆشنبیریه‌وه‌: ئاینى/ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، لایه‌نى زاتى داهێنه‌رانه‌ى نزیكه‌ له‌ ونى، یان زۆر كه‌مه‌، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ عه‌ره‌ب له‌ رواڵه‌تدا ده‌شێت ئازادیخواز بێته‌ به‌رچاو، به‌لام له‌ ناخ و ناوه‌خندا هه‌ر بوونه‌وه‌رێكى ئاینى ده‌مێنێته‌وه‌.

10

ئایا ده‌توانین ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ ئاستى گه‌ردوونیدا دابه‌ش بكه‌ین ؟

بۆ نمونه‌ بڵێین: سه‌رده‌مى تایبه‌تى عه‌ره‌ب، له‌ ناو سه‌رده‌مى گشتى گه‌ردوون ؟

به‌ چ سیفه‌تێك ئه‌و كاته‌ سه‌رده‌مى عه‌ره‌ب بناسێنین ؟

به‌ زانست ؟ به‌ عه‌قڵ ؟ به‌ ئازادى ؟ به‌ شیعر و هونه‌ر و رۆمان ؟ به‌ فیكر و به‌ فه‌لسه‌فه‌ ؟

سه‌رده‌مى عه‌ره‌ب چییه‌، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ؟

11

كه‌ى ده‌توانین بڵێین كه‌ فیكر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، ته‌مه‌نى دواكه‌وتوویى درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌ ؟

ئه‌و كاته‌ى ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ى سه‌ركێشییه‌ مه‌زنه‌كان، ئاشتیوان و ته‌بان، هیچ پرسیارێكى بنیادنه‌ر له‌باره‌ى هیچ شتێكه‌وه‌ ناكه‌ن.

12

گه‌ر بنه‌ماى سیاده‌ى نیشتمانى پێوه‌رێك بێت بۆ ده‌وڵه‌ت، تا چ مه‌ودایه‌ك ده‌توانین بڵێین به‌ مانى وشه‌، ده‌وڵه‌ت له‌ جیهانى عه‌ره‌بیدا سیاده‌ى نیشتمانى هه‌یه‌ ؟

13

(سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ى زۆر له‌م گه‌ردوونه‌دا هه‌یه‌،

به‌ڵام: هیچ شتێك سه‌یرتر نییه‌ له‌ مرۆڤ)

- سۆفۆكلیس/ له‌ ئه‌نتیگۆنا

 

 سه‌رچاوه‌

مجلة المرصد الإعلامي الحر/ العدد 99/ 2008 - 01 - 01


ئەم بابەتە 61 جار خوێندراوەتەوە