Elyada.jpg

ڕاگوزەرێک بەناو داستانی ئيلیادە و ئۆدیسەدا

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژینوار ئازاد حەمە کەریم

ئێمەی مرۆڤی سەدە نوێیەکان، لە نزیکەی هەموو ئایدیا بنەڕەتییەکانماندا لە بارەی هونەر، ئەدەب، فەلسەفە، بگرە لەبەشی زۆری ژیانی هزریماندا، قەرزاری سێ نەتەوەی دێرینین:

 سەرەتا، قەرزاری جووەکانین بۆ بەشی هەرە زۆری بیروبۆچوونە ئاینییەکانمان. قەرزاری رۆمانییەکانیشین بۆ ئەو ترادیسیۆنە یاساییە و شێوازەکانی کارگێریە بەڕێوەبردنی وڵات، کە تا ئێستایش کاریگەرییان دیار و بەرچاون. لە کۆتایدا قەرزاری یۆنانییەکانین بۆ هەموو بۆچوونە ئەدەبی و هونەری و فەلسەفییەکانمان.

 لە ناو یۆنان و لە مێژووی یۆناندا دەوڵەتە شاری ئەسینا سێچارەکی مێژووی یۆنان و جیهانی پێکهێناوە، ئەوێ مەڵبەندی شاعیران و نووسەران و داهێنانە فکرییەکان بووە.

 کەلەپوورە ئەدەبی و فکرییەکانی یۆنان ئێجگار زۆر و دوانەهاتوون، جیهان تا ئێستاش لەبەر ڕۆشنایی ئەو کەلەپوور و زانستەدا کە لەوان جێماوە دەژی.

 ئێستاش جیهان ئەو تێکستانە دەخوێنێتەوە، کە سۆکرات بیری لێدەکردنەوە و ئەفلاتوون نوسیونی.

 تایبەتمەندییەکی سەیر و جیاوازی گریکەکان ئەوەبوو ئەوان باوەڕیان بە فرە خوایی هەبوو، بۆ هەموو دیاردەیەکی سروشتی خواوەندێکیان دادەنا، هەندێک جار خوداکان دەبوونە هاوسەری مرۆڤ و منداڵیان لێی دەبوو، ئەو منداڵانە یان دەبوونە نیوە خواوەند، یان دەبوونە قارەمان!

 شاعیر و نووسەرە یۆنانییەکان سودی ئێجگار زۆریان لە مێژوو کەلتوریان بینیوە و چیرۆک گەلی زۆریان لەسەر ئەم خواوەندانە گێڕاوەتەوە و نووسیوە، نموونە وەک "ئەلیادە و ئۆدیسە" و "میتا مۆرفۆس"

 دەربارەی "ئەلیادە و ئۆدیسە"

 هۆمیرۆس شاعیرێکی کۆنی یۆنانییە و کۆکەرەوە و نووسەرەوەی دوان لە دێرینترین و گرنگترین کتێبەکانی جیهانە کە "ئەلیادە و ئۆدیسەن"

 ئەلیادە و ئۆدیسە چیرۆکێکی درێژە دەربارەی شەڕی تەڕوادە کە شەڕێکی مێژووی کۆنی نێوان گریکەکان و تەڕوادەییەکانە، هەڵبەتە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە کوشندەیە بەتەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام ئاشکرایە ئەو مەملەکەتانەی کەوتبوونە ئاسیای بچووکەوە زۆر دەوڵەمەندبوون و خاوەنی زێری زۆربوون و جێگە سەرنجی شار و وڵاتانی تربوون، بۆیە پێ دەچێت هۆکاری شەڕەکە ئابووری بێت. بەڵام لە گێڕانەوەی داستانەکەدا نووسەر هۆکاری شەڕەکە دەکات بە "هێلین" ی ژنی مینیلاوسی برای ئاگا مەمنون و لەوێوە ڕوداوەکان ڕودەدەن.

داستانی ئیلیادە و ئۆدیسە بەسەر بیست و چوار بەشدا دابەش بوون، هەر یەک لەم بیست و چوار بەشە لەژێر پیتێکی بیست و چوار پیتەکەی گریکیدا دانراوە، سرودەکانی ئیلیادە بە کەپیتەڵ و سرودەکانی ئۆدیسە بە سمۆڵ دیاری کراوە. ئیلیادە لە (١٥٦٩٣) بەیت پێکهاتووە و ئۆدیسە بریتییە لە (١٢٢١٠) بەیت، ژمارەی بەیتەکانی هەر سروودێکی ئیلیادە لەنێوان (٤٦١_٩٠٩) بەیت دایە. هەر سرودێکی ئۆدیسەش ٣٣١ بۆ ٨٤٧ بەیت دایە.

 دەربارەی چیرۆکی ئیلیادە و ئۆدیسە:

 دوای ئەوەی شەڕ لە نێوان گریکەکان و تەڕوادەییەکاندا هەڵدەگیرسێت.

ئەخیل کە شا پاڵەوانی نێو داستانەکەو کوڕی تیتیسی خواوەندی نێو ئۆقیانوس و ڕوبارە قوڵەکانە و ئازاترین جەنگاوەری نێو گریکەکانە لە ئاگامەمنونی پاشای گریکەکان (واتە پاشاکەی خۆیان) توڕەدەبێت، لەسەر ئەوەی کە خۆشەویستەکەی لێدەستێنێت. ئەو خواوەندەی ئەم شەڕەی لەنێوانیاندا نایەوە  و پشکۆی ئەم ئاگرە، خواوەندی خۆر ئەپۆلۆی کوڕی زیۆس دایگیرساند.

 کاتێک گریکەکان پەلاماری شاری تەڕوادەیان دەدا، تاڵانیان دەکردن و ژن و زێڕ و زیوەکانیان دەبردن بۆ خۆ. بریسیسی شۆخ briseise بەر ئەخیلی فەرماندەی مەرمیودەکان(گریکەکان) دەکەوێت. کریسیس chryseisش بەر ئاگامەمنوونی سەرکردەی گشتی لەشکر دەکەوێت. لێ کریسیس کیژی فاڵگرەوە و غەیبگۆی ئەپۆلۆی خواوەندە کە ناوی chryses خریسە و بە دەست و دیارییەکی زۆرەوە و بە عاساکەی ئەپۆلۆی خواوەندەوە دەچێتە لای لەشکرەکەو داوادەکات کچەکەی بەنەوە و هەموو لەشکرەکەی ئاگامەمنون دەڵێن بەڵێ بۆ دانەوەی کچەکەی، بەڵام ئاگا مەمنون ڕازی نابێت و پێی وایە کە دەبێت لەماڵەکەی ئەمدا خەریکی تەشی ڕستن بێت و لەسەر جێگەکەی ئەمبێت. دوای ئەوەی خریسی غەیبزانی ئەپۆلۆ بە دڵشکاوی دەڕواتەوە خواوەند ئەپۆلۆ لە لەشکر توڕەدەبێت و بەرتیر و نێزەو تاعون و سزایان دەدات.

 دواتر ئەخیل ئازاترینی لەشکرەکەی نێو گریکەکان کالخاسی کوڕی تیستور، باشترین غەیبگۆ و فاڵچی بانگدەکات و ئەویش پاشئەوەی بەڵێنی پاراستنی لەلایەن ئەخیلەوە پێدەدرێت ڕونی دەکاتەوە کە توڕەیی خواوەند ئەپۆلۆ هۆکارەکەی دڵشکاندنی "خریسی" فاڵچییەتی، کە هاتبوو بۆ داواکردنەوەی کچەکەی بە عاساکەی ئەوەوە بەڵام ئاگا مەمنون نەیدایەوە.

پاش ئەم پێسبینییە ئاگامەمنون توڕەو هەڵچو دەڵێ: ئەی فاڵچی شووم، ئەی ئەو کەسەی تەنیا پێشبینی شتێک دەکەیت کە لە زیانی منبێت، هەرگیز پێسبینی شتێکی جوانت بۆمن نەکردووە، هەمیشە پێسبینی شتی شووم و شڕندەم بۆ دەکەیت، تۆ نەک دڵی منت خۆش نەکردووە، ئەوەتا هاتووی لەنێو داناییەکاندا پێشبینی دەکەیت و دەڵێیت ئەپۆلۆ بۆیە تاعونی بۆ نازڵ کردووین چوونکە من سەربەهای ئەم کچەی خریسیس_م وەرنەگرتووە!

پاش ئەمە ئاگەمەمنوون ڕازیدەبێت بە دانەوەی کچەکەو قوربانی کردن بۆ خواوەند تا گەلەکەی ڕزگاربکات، بەڵام لە بری ئەوە داوای ئە کچەی کرد کە ئاخییەکان دابویان بە ئەخیلی پاڵەوان، ئەم تەماع کردنە ماڵ و دەستکەوتەی ئەخیل، قورسکەوتەوە و جەنگی لەنێوان ئەخیل و ئاگامەمنون هەڵگیرساند، لەوکاتەدا کە ئەخیل دەستی بۆ مشتوی خەنجەرە زێرینەکەی برد کچی زیوس" ئەتینا" هات و لەدواوە قژی ئەخیلی ڕاکێشاو ئاگاداری کردوە کە هیرای ژنی زیوس ناردوێتی و هیرا ئەخیل و ئاگامەمنونی بەقەد یەک خۆشدەوێت و پێویست ناکات هیچ بکات، لەویادا یەک ڕستە کە زۆر سەرنجی منی بنووسی ئەم دێڕانە ڕادەکێشێت ئەوەیە کە کچی زیوس"ئەتینا" بە ئەخیل دەڵێت: دەستبەرداری ئەمشەڕي ببە، شمشێر هەڵمەکێشە، حەزدەکەی بیبزرێنە، بێزرانەکەت بێسود نابێت. پاشان بەهۆی ئەم بێزراندنەوە کە ئاڕاستەی دەکەیت سێ هێندەی ئەو دیاری و خەڵاتت پێدەدرێت. کەواتە دەستبەرداربەو گوێ ڕایەڵبە"

پاش ئەو ئەخیل بە دڵشکاوی و ناچاری و مشتومڕێکی زۆر لەگەڵ ئاگامەمنون ناڕازیانە دەیدات بە ئاگامەمنون و لەشکر و جەنگ جێدەهێڵێت. ئەم جێهێشتنە شکان و نوشستی قوڵ دێنێتە بەرهەم بۆ لەشکر.

 پاش تۆرانی ئەخیل تیتیسی خواوەندی دەریا و دایکی ئەخیل دەچێتە ئۆڵەمپ و لەپێش دەرگا و دەمی زیوس دەستدەکات بە پاڕانەوە و زیوس بەڵێندەدات کە دڵی نەشکێنێت، بۆ ئەم مەبەستە زیوس شەوێک خەو دەنێرێتە لای ئاگا مەمنوونی پاشای گریکەکان و هەڵی دەفریوێنێت تا هێرش ببەن و خۆیان ساز بکەن، لە هەمان کاتیشدا پەیام دەنێرێت بۆ بریامی باوکی هیکتۆر _ پاشای لەشکری تەڕوادەییەکان و پێی دەڵێت کە لەشکرێک کە "ئەوەندەی گەڵای دار و لمی دەریا زۆرن" بەڕێوەن و ئەوانیش خۆیان ئامادە دەکەن.

لەوێوە، چیرۆکەکان درێژ و درێژتر دەبنەوە و شەڕ لەنێوان مرۆڤەکانەوە هەڵدەکشێت بۆ لوتکەی ئۆڵەمپ و ناو خواوەندەکان و شەڕی درێژی تەڕوادە بەردەوامدەبێت..

  سەرچاوەکان

 * ولیەم سترینس داڤیس: ڕۆژێک لە ئەسینای دێرین، وەرگێڕانی: ئاوات ئەحمەد سوڵتان.

 * هۆمیرۆس: ئەلیادە و ئۆدیسە، وەرگێرانی: حەمە کەریم عارف.

 * ئێریک ئیریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی، وەرگێڕانی: کەریم مستەفا.


ئەم بابەتە 177 جار خوێندراوەتەوە