Sdiq_Aziz22.jpg

خوێندنەوەیەک بۆ شانۆگەری "بۆ دۆزەخ، ئەی بێگوناهان"ی بەختیار عەلی

سدیق عەزیز

ناونیشانی شانۆگەرییەکە

هەڵبژاردنی ناو بۆ ناولێنانی بابەتێکی ئەدەبی یان هونەری، جا شانۆگەری یان چیرۆک یان ڕۆمان بێت، کارێکی گرنگ و لە هەمان کاتدا گەلێک دژوار و سەختە .ناونیشان، یەکەم ساتی بەرکەوتنی خوێنەرە بەکتێب. زۆرجاران ناونیشانی کتێبێک خوێنەر بەدیار خۆیەوە دەوەستێنێت و تووشی ڕامانی دەکات. کاریگەریی ناونیشان لەوەدایە، کە خوێنەر بخاتە بەر گومان و لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک  پرسیاری بکاتەوە. بەمانایەکی تر ناونیشان دەبێت هەم خوڵقینەری پرسیار بێت و هەم خوێنەر ڕووبەڕووی گومان بکاتەوە. شانۆگەری "بۆ دۆزخ، ئەی بێگوناهان" ناوێکی سەرنج ڕاکێشە و هەمان کاتدا مەجازییە، ناوێکە تەواو پێچەوانەی قسەگەلی ناو ژیانی ڕۆژانەی واقیعە. بێگوناهی و دۆزەخ دوو جەمسەری دژ بە یەکن و دوو وشەی ناتەبان پێکەوە. ئێمە هەمیشە ئەوەمان بیستووە کە ستەمکار و بێفەڕ و  شەڕانی ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن، نەک بێگوناهەکان. بەختیار عەلی هەر لە ناونیشانی شانۆگەریەکەوە خوێنەر تووشی گومان و ڕامان و ناتەبایی دەکات، هەر لەسەرەتاوە خوێنەر دەخاتە نێو کۆمەلێک پرسیارەوە.

بەختیارعلی هەر لە ناونیشانی شانۆگەریەکەوە چیرۆکمان  بۆ دەگێڕێتەوە، ڕووداوێکمان پێدەناسێنیت، شتێکمان لا ئاشکرا دەکات، وەک هەرفیلمێک لەو فیلمانەی کە لە سەرەتای دەسپێکی فیلمەکەدا پاڵەوانەکەی دەکوژرێت، بەڵام بینەر نازانێت بۆچی و لەسەر چی و چۆن بڕیاری کوشتنی دراوە! بینەر لە فیلمەکەدا دوای پاڵەوانەکە ناکەوێت، بە هێندەی وێڵدەبێت بە دوای پرسیارەکانی پشت ڕووداوەکانەوە.

لەم شانۆگەرییەدا بەختیار عەلی لە ڕێگای ناونیشانەکەیەوە پێمان دەڵێت کە کەسانێکی بێگوناهـ و بێ تاوان هەن، کە ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن، یان ڕووبەڕووی دۆزەخ دەبنەوە، بەڵام ئێمەی خوێنەر نازانین چۆن و بۆچی ئەم بێگوناهانە ڕووبەڕووی دۆزەخ دەکرێنەوە، دەتوانم بڵێم کە ناونیشانی شانۆگەرییەکە، کۆتایی چیرۆکەکەشە.

 کەرەکتەرەکانی ناو شانۆگەریەکە

 ئەم شانۆگەرییە لە ژمارەیەک کارەکتەر و کەسایەتی پێک هاتووە، کە هەریەکە لەو کارەکتەرانە خاوەن پیشە و پێگەی کۆمەڵایەتی و خەسڵەتی تایبەت بە خۆیان هەیە. بەختیار عەلی لە ڕۆنانی درامی و بونیادنانی کارەکتەرەکاندا، خاوەن دیدێکی قوڵ و تێڕوانینێکی شانۆیی جوانە. لە کاتی خوێندنەوەدا خوێنەر دەتوانێت زۆر بە جوانی و بە ڕوونی کەسایەتییەکان ببینێت و لە خەیاڵدا بەرجەستەیان بکات. خوێنەر دەتوانێت بچیتە ناو ڕۆح و ناو دەروون و سایکۆلۆژیەتی کارەکتەرەکانەوە و ڕاڤە و شیکاریان لەبارەوە بکات، کە ئەمە هەم مەرجە و هەم خاڵێکی گرنگی نووسینی شانۆگەرییە. زۆر گرنگە بۆ نووسەر کە توانای قوڵبونەوە و ڕۆچوونی هەبێت بە ناو ناخی کارەکتەرەکاندا. بتوانێت لایەنی دەروون و سایکۆلۆژییان بە ڕوونی داڕێژێت و ئاشکرایان بکات. کارکردن لەسەر سایکۆلۆژیەتی کارەکتەران لە زەمینەیەکی فراواندا و بە وردەکاریی قوڵەوە، هاوکارییەکی زۆری ئەکتەر دەکات بۆ کارکردن و قوڵبوونەوە بەناو ڕۆحی کارەکتەرەکاندا، بە شێوەیەک کە ئەکتەر بکاتە  خاوەن دید و  تێڕوانین و خەیاڵ و فەنتازیا لەکاتی نمایشکردندا.

نووسەری سەرکەوتوو ئەو نووسەرەیە، کە توانای وێناکردنی ڕەهەندەکانی کارەکتەری هەیە، لەڕووی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی و سروشتییەوە. دیارە بەختیار عەلی لەم شانۆگەرییەدا زۆر بە وردی کاری لەسەر ئەو سێ لایەنە کردووە.

 زمان لە شانۆگەرییەکەدا

 یەکێک لە گرفتە گەورەکانی ئەمڕۆی شانۆگەریی کوردی، کێشەی زمانی شانۆیە، زمانێک کە دووربێت لە زمانێکی سادە و ساکاری ژیانی ڕۆژانە، لەهەمان کاتدا دوریشبێت لە زمانێكی ئەدەبیی پەخشان ئامێز، یان لەو زمانە ئەدەبیە سەختەی کە چیرۆک و ڕۆمانی پێ دەنووسرێت. خەونی هەمیشەیی من ئەوە بووە بەر شانۆگەرییەک بکەوم، کە زمانی شانۆ تێیدا زمانێکی شانۆیی باڵا بێت، نەک وەک لایەنی داڕشتنی ئەدەبی، بەڵکوو زمانێک کە دروست پێت دەڵێت ئەمە زمانی ئەکتەرە، ئەمە زمانی ئەدا و زمانی سەر شانۆیە. ئەمە ئەو زمانەیە کە شانۆ جیادەکاتەوە لەسەرجەم کایە ئەدەبییەکانی دیکە، زمانێك کە تەواو هاوتەریبە لەگەڵ ئەو کارەکتەرەی کە قسەی پێدەکەن، زمانێک بەبێ ئەوەی هەست بکەیت کە نووسەر زۆری لە خۆی کردووە بۆ داڕشتن و بەستنەوەی پەرچەکردارەکان بە وشەی سادە و بازاڕی. ئەم شانۆگەرییە بە زمانێکی باڵای شانۆیی نووسراوە، کە مەنەلۆگ و دیالۆگەکان خاوەن نەفەسێکی درێژ و هەناسەیەکی قوڵ و پانتاییەکی فروانن بۆ یاریکردن تێیدا، زمانێکە کە ئەکتەر بتوانێت تێیدا قوڵبێتەوە و ببێتە خاوەن دونیابینی تایبەت لەناو کارەکتەرەکاندا. کاری نووسەر تەنها وشە ڕیزکردن و دروستکردنی ڕووداو نییە، هێندەی لەناو وشەو ڕستە و ڕووداوەکاندا، چەندێک توانای قوڵبوونەوە و فەنتازیا و دونیابینی تێدایە، کە ڕێژیسور و ئەکتەر بکاتە خاوەن پرسیار و ڕوئیای تایبەت بۆ گەڕان و قوڵبوونەوە بەناو کارەکتەرەکاندا. ئەوەی کە هاوکاری ئەم جۆرەیە لە زمانی شانۆیی، خودی بابەتەکەیە، خودی هزر و بنەما فەلسەفیی شانۆگەریەکەیە، کە مەسەلەی گوناهـ و گوناهبارکردنە.

ئەم شانۆگەرییە کێشەی هەموو مرۆڤایەتیە، کێشەی هەموو نەتەوە و کولتورێکە جا لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایە بێت. لە ڕووی ناوەرۆک و هێزی زمانەوە هیچی کەمترنییە لە شانۆگەرییە جیهانی و نووسینی نووسەرە جیهانیەکانی دیکەی دونیا. لەم شانۆگەرییەدا زۆرجار بەر هەندێک مەنەلۆگ دەکەویت کە هەمان  چێژ و هەمان هێزی شانۆگەرییەکانی شکسپیر و سترێندبێرگ و چیخەفیان هەیە. 

بەشێوەیەکی گشتی زمانی شانۆیی لە شانۆگەرییە کوردیەکاندا، زمانێکی ڕووکەش و سادەیە و توانای خەیاڵ و قوڵبوونەوەی تێدانییە. نەفەسی نووسەر کورت و توانای داڕشتنی مەنەلۆگ و دیالۆگەکان، دوورن لە مەودای هزر و بونیادی فەلسەفی و سایکۆلۆژییەوە.

لێرەوە دەتوانین بڵێین کە بۆ قسەکردن لەسەر بەکولتورکردنی شانۆ، جگە لە کاری پەروەردە و فەلسەفی کولتوری دەسەڵات و میدیا، خودی نووسەری شانۆیی خۆیەتی کە دەتوانێت نەتەوەیەک بکاتە خاوەن شوناسی شانۆیی.

 میشێل فۆکۆ و دەسەڵات لە شانۆگەری بۆ دۆزەخ، ئەی بێگوناهان!

(دەسەڵات فەزایەکی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنەکانمان  دروست دەکات، لەوێدا بە کۆمەکی تۆڕێکی ئاڵۆز لە زانست و کۆنترۆل پێکەوە ئێمە دەگەیەنێتە قەناعەتێک،  گوتارێک وەک هەقیقەت وەربگرین و گوتارێکی دی وەک درۆ، گوتارێک بکەینە بەشێک لە ڕەفتار و دونیابینیمان، گوتارێکی دیکەش دووربخەینەوە و بیری لێنەکەینەوە، واتە لەبری هەقیقەت پرۆسەی بە هەقیقەت وەرگرتن هەیە ( ئیمان و جەنگاوەرانی، بەختیار عەلی).

کورتەی شانۆگەرییەکە

مستەفا ڕێبەر کەسایەتی سەرەکی ناو شانۆگەرییەکەیە، مستەفا فەرمانبەرێکی ئاسایی کتێبخانەی گشتی شارە. ڕۆژێک  لەدوای تەواوبوونی کاری ڕۆژانەی، لە دەرگای کتێبخانە دێتە دەرەوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە دەگیرێت و بێ سەروشوێن دەکرێت. دواجار مستەفا لەناو زیندانێکدا خۆی دەبینێتەوە. مستەفا ڕێبەر کەسێکی بێ گووناهـ و بێ تاوانە و هیچ تاوانێک لە خۆیدا شک نابات  و نازانێت لەسەر چی زیندانی کراوە. دەسەڵات هەمیشە بە گومانەوە لە مرۆڤە بێ گوناهـ و و بێ تاوانەکان  دەڕوانێت. ناکرێت و نابێت کەسێك لە ژیانیدا گوناهێک یان تاوانێکی نەکردبێت. دەسەڵات بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەم ترس و گومانە، بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤە بێگونا‌هـ و بێ تاوانەکان، پێویستی بە چەندین دەزگا و بەڕێوەبەرایەتی  تایبەت هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی کێشەی بێگوناهی و بێتاوانییان هەیە. بەواتەیەکی تر دروستکردنی دەزگایەک کە کاریان بە گوناهکردنی بێ گوناهەکان و تاوانبارکردنی بێ تاوانەکانە، لە ڕێگای هۆنینەوەی چیرۆکی خەیاڵی و دروستکردنی دۆکومێنت و ئارگومێنتی سەیر و سەمەرە بۆ مرۆڤە بێ تاوانەکان، تا کارێک دەکەن کە ئەو چیرۆکە خەیاڵساز و کەیسە نادروستانە ببێتە هەقیقەتێک و وەک ڕاستییەک وەرگیرێت (لەبری هەقیقەت پرۆسەی بە هەقیقەت وەرگرتن هەیە)

 بە مەبەستی  لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی مستەفا ڕێبەر، دوو فەرمانبەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە کێشەی بێتاوانی، سەردانی زیندان دەکەن .

فەرمانبەری یەکەم: بەرێز مستەفا ڕابەر ئیشی ئێمە لەوەدا کورت دەبێتەوە دژ بە هەستی بێتاوانی خەبات بکەین، کێشەی هەستکردنی مرۆڤەکان بەبێتاوانی کێشەیەکی جیهانییە، وەک کێشەی ژینگە و کێشەی تیرۆر.

بە درێژایی لێکۆڵینەوەکە مستەفا بەرگری لە بێتاوانیی خۆی دەکات، بەڵام فەرمانبەرەکان بۆی ڕووندەکەنەوە، کە هەرکەسێك هەست بە بێتاوانی بکات، واتە کەسێکی تر بە تاوانبار دەزانێت، کە لەوانەیە ئەو تاوانبارە دەسەڵات بێت. تاوانبارکردنی دەسەڵاتیش بە هۆکاری هەستکردنی مرۆڤەکانە بە بێتاوانی، دەبێتە تاوان بەرامبەر بە دەسەڵات. بە واتایەکی تر دەرەنجامی هەستکردنی مرۆڤەکان بە بێتاوانی، خۆی لە خۆیدا گونا‌‌‌‌هـ و تاوانبارییە، بۆیە مرۆڤە بێتاوانەکان بەبێ ئەوەی بە خۆیان بزانن تاوانبارن.

قۆمیسەر: کەواتە دەتەوێت بڵێیت من هەست بە گونا‌‌‌هـ و تاوان ناکەم، چوونکە گوناهبارەکان دەوڵەت و دەسەڵات و سەرمایەدارەکانن؟!

دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگای سێ کەسایەتییەوە، کە پێکهاتوون لە دوکتۆرێکی دەروونناسی و کەسایەتییەکی ئاینی (مەلایەک) و میدیاکارێکی سەر بە دەزگایەکی تەلەفزیۆن، کە هەرسێکیان سەر بە سێ دەزگای جیاوازی سەر بە دەسەڵاتن و دەیانەوێت کەیسێکی خەیاڵی و دروستکراو، بکەنە  هەقیقەتێکی باوەرپێکراو بۆ تاوانبارکردنی مستەفا ڕێبەر.

لەژێر فشارێکی دەروونی زۆردا و بێزاربوونی مستەفا لە چەندین جار لێکولێنەوە، بڕیاردەدات تاوانێک بۆ خۆی دروست بکات. تاوانێکی خەیاڵی، کە کتێبخانەی گشتی شار بەپلانی مستەفا و بەدەستی خۆی سوتاندوویەتی.

مستەفا لەو باوەڕەدایە ئیتر لێرەدا کێشەکە کۆتایی دێت و سزای تاوانەکەی خۆی وەردەگرێت، بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، دەبێت مستەفا بۆ ماوەی دوومانگ لەزیندان بکرێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی خۆی چەند شایەتێک بدۆزێتەوە و شایەتی بدەن کە کتێبخانەی گشتی بەدەستی مستەفا ڕێبەر سووتاوە.

بەشێکی تری شانۆگەرییەکەدا قسەکردنە لەسەر ژنەکەی مستەفا ڕێبەر، ژنەکەی مستەفا لەسەر بێگوناهی دەستگیر کراوە، بەڵام ژنەکەی هەر زوو فریای خۆی دەکەوێت و  تاوانێکی بۆ خۆی دروستکردووە، ئەویش تاوانی خیانەتکردنەیەتی لە مستەفای مێردی.

ئێستا ئەم ژن و مێردە هەردووکیان لەدەروەی زیندانن، هەریەکەیان دەبێت چەند شایەتێک بۆ تاوانەکەیان بدۆزێتەوە تا ببێتە جێگای باوەڕی دەسەڵات و لە زیندان ڕزگاریان بێت. ئەوکاتەی پێکەوە لە ماڵەوەن، ژنەکەی داوا لە مستەفای مێردی دەکات تا ببێتە شایەت بەسەریەوە کە خیانەتی لێکردووە، ژنەکەشی ببێتە شایەت کە مێردەکەی کتێبخانەکەی سووتاندووە.

من لێرەدا کۆتایی بە گێرانەوەی  شانۆگەرییەکە دەهێنم، تا خوێنەر خۆی شانۆگەرییەکە بخوێنێتەوە و بزانێت کۆتایی شانۆگەرییەکە دەگات بەچی. ئەوەندەی من دەمەوێت لێرەدا لەسەری بدوێم، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هەقیقەتە، فۆرمی دەسەڵات و پەیوەندی بە تاکەکانی کۆمەڵگەوە لە ناو دونیای مۆدێرنەدا، ئەو کاتی  ئەقڵ دەبێتە سێنتراڵ، ئەو کات کە زانستەکان بە گشتی و زانستی مرۆڤایەتی و سایکۆلۆژی بە تایبەتی دەخرێتە خزمەت کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکانەوە. دیواری زیندانەکان بەرزتر و قەبارەی شێتخانەکان گەورە و گەورەتر دەبن.

 بەختیار عەلی لە ڕوانگەی ئەم شانۆگەرییەوە، دەیەوێت  فۆرمێک لە دەسەڵاتمان نیشان بدات، دەسەڵاتێک کە سەر بە دونیای مۆدێرنەیە، دەسەڵاتێک کە کار لەسەر نهێنی دەکات و مانەوە و بەردەوامبوونی قەڵەمڕەوی خۆی لە نهێنی پارێزیدا دەبینێتەوە. دەسەڵات هەمیشە دەبێت خاوەنی نەزانراوێک بێت، دەبێت شتێکی لەتاریکیدا شاردبێتەوە و پێیەکی لەناو غەیبانییەتدا و پێیەکی تری لەناو واقیعدابێت. ئەم جۆرە لە دەسەڵاتە، بەردەوام بەو گوتارەوە پەیوەستە کە هەمیشە پێمان دەڵێت، ئێمە بە نادیاری و لەناو ژوورە تاریکەکانی کۆشکدا، دوور لە چاوی ئێوە، خەریکی پلانڕێژی و دابینکردنی سەقامگیری و وەدەستهێنانی خۆشگوزەرانییەکانی ئێوەی هاوڵاتین.

"دەسەڵات تەنها هێزیک بووە بۆی هەبێت خاوەنی نهێنی و خاوەنی هێزی ئاشکراکردنی نهێنی بێت/ بەختیار علی لە کتێبی ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس".

دەسەڵات چەندێک ئیش لەسەر نهێنی و نهێنی پارێزی خۆی دەکات، هێندەش بەدوای  ئاشکراکردنی نهێنییەکانی ئەوی تری ناو کۆمەڵگەیە. بەختیار عەلی لەم شانۆگەرییەدا ئیش لەسەر ئەو فۆرمە لەدەسەڵات دەکات کە هەوڵی دۆزینەوەی نهێنییەکان دەدات و لە ڕێگای نهێنییەکانەوە بێگوناهەکان دەکاتە گوناهبار و بێتاوانەکان دەکاتە تاوانبار، واتە بەمیکانیزمێک کار دەکات کە هەموو تاکێک هەست بە گوناهباریی خۆی بکات. دەسەڵات بۆ پراکتیزەکردن و گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی، پێوسیتی بە کۆمەڵێک دام و دەزگا و بەڕێوەبەرایەتی تایبەت هەیە. دەسەڵات دەیەوێت دەسەڵاتێکی ڕێکخراوەیی و ئۆرگانی بێت و هەر یەک لەو دەزگا و ڕێکخراو و ئۆرگانانە خاوەن هێز و دەسەڵاتی  تایبەت بەخۆی بێت. دابەشکردنی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵێک هێز و گرووپ و دەزگای تایبەتدا، لە پێناو دروستکردنی هەیمەنەتی  هێزێکە لە تاریکیدا،بەڵام هەستکردن بە ترسی کۆنترۆڵکردن، هێزێک بە نادیاری، بەڵام هەمیشە لەگەڵتایە.

بەختیار عەلی لەم شانۆگەرییەدا نومونەی کۆمەڵێک  ڕێکخراوی مەدەنی و کۆمەڵە و دەزگای دیسپلینکراومان  پێدەناسێنێت، کە سیستەماتیکین و لەخزمەت دەسەڵاتدا کاردەن، بە پلان و پرۆژەی تایبەتەوە ئیش لەسەر  کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان و دەستەمۆکردنیان دەکەن. دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگای  ئەم دەزگایانەوە  بچێتە ناو هەموو  وردەکارییەکانی ژیانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەوە.

 میشێل فۆکۆ قسە لەسەر فۆرمێکی نوێ لە دەسەڵات دەکات، کە  هێزی دەسەڵات لەناو مۆدێرنەدا و لە دوای ڕۆشنگەرییەوە، شێوە هەڕەمییەکەی خۆی لەدەستداوە،  دەسەڵات ‌هێزێک نییە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە شاقوڵی شۆڕبووبێتەوە، بەڵکوو دەسەڵات کۆمەڵێک هێزە و بە شێوەیەکی ئاسۆیی دابەش دەبێت.

 دەسەڵات لە هەموو شوێنکدا بە نەبینراوی بوونی هەیە، لە ناو خێزان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ناوپاس و تەکسی و ناو شوێنە گشتی و تایبەتیەکاندایە، تا ئەوەی دەسەڵات دێتە ناو سێکسیشەوە. لە کتێبی سێوی سێهەمدا  بەختیار عەلی بەم شێوەیە دەسەڵات لای میشیل فۆکۆ ڕوون دەکاتەوە "دەسەڵات لەفەردەوە دەرناچێت و بەسەر فەردێکی دیکەدا بکەوێت، واتە وەک گولەیەک نییە لە سەرچاوەیەکەوە دەرچێت و بەر نیشانەیەک بکەوێت. دەسەڵات پتر وەک تۆپێک وایە کە کۆمەڵێک یاریزان لەگەڵ یەکتریدا یاری پێدەکەن، لە یەکدی وەردەگرن و دەیدەنەوە بەیەکتری، تۆڕێکی گەورەی پەیوەندی دروست دەکات، کە ئەو تۆڕە سروشتی فەزای کۆمەڵایەتی دیاری دەکات، بیرکردنەوە و ڕەفتار و پەیوەندی سوبژێکت بەخۆشیەوە دەستنیشاندەکات/ سێوی سێهەم بەختیار عەلی".

دەسەڵات لەشانۆگەری بۆدۆزەخ، ئەی بێگوناهان ڕەنگدانەوەی فۆرمێکە لە دەسەڵاتی ناو دونیای مۆدێرنە کە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە دەسەڵاتدا بونیادنراوە، بە مانایەکی دیکە دەسەڵات پێویستی بەوە هەیە ڕەوایەتی پێببەخشرێت و دانیپێدابنرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە دابەشبوونی هێز و یاریکردنە بە هێزەکان، کە ئەم هێزانە لە نێوان کۆمەڵێک ڕێکخراو و کەسایەتیدا دێت و دەچێت و دەیدەنەوە بەیەکتری. کۆمەڵە هێزێک کە کار لەسەر کێشەی بێگوناهەکان دەکەن  بۆ بە گوناهبارکردنیان.

بەختیار عەلی لەم شانۆگەرییەدا، لە ڕێگای سێ کارەکتەرەوە کە سەر بە سێ دەزگا و بەڕێوەبەرایەتی  جیاوازی ناو دەسەڵاتن، دەیانەوێت لەژێر فشارێکی زۆری دەروونی و ئاینیدا، مستەفا ڕێبەر بکەنە کەسێکی گوناهبار. ئەو دەزگا و ڕێکخراوانەی کە کار لەسەر ئەم دۆسییەیە دەکەن، کەسانی نەخوێندەوار و ساویلەکە نین. ئەو جۆرە جەلادانە نین کە لە ڕێگای هێز و قۆڵ و بازووەوە، زیندانییەکان چاوترسێن بکەن. پۆلیسێکی نەخوێندەوار نین بە دارێکەوە بەسەر سەری زیندانییەکەوە ڕاوەستابن، کۆمەڵێک مافیا و چەتە و چەقۆوەشێن نین، بەڵکوو هەریەک لەم کەسایەتیانە خاوەن مەعریفەن بەپێی ئاستی خوێندنیان، خاوەن بنەمایەکی زانستی و میتۆدێکی ئەکادیمین، خاوەن بڕوانامە و پسپۆرین لە بوارەکانی خۆیاندا، ئەم سێ کەسایەتییە لە پزیشکێکی دەروونی، میدیاکارێک و پیاوێکی ئاینی پێکهاتوون. لە سەرو ئەمانەشەوە کەسێك هەیە بەناوی قۆمیسەر کە پسپۆڕ و سەرپەرشتیاری  لێکۆڵینەوەکانە لە دۆسیەی مستەفا ڕێبەردا.

قۆمیسەر: هەست نەکردن بە گوناهـ لەوەوە هاتووە، کە پێتوایە خەڵکی تر تاوانبارن، بۆ نموونە سەرۆک تاوانبارە، حیزبە سیاسییەکان، خاوەن کار و پیشەکان تاوانبارن. مەترسیی مرۆڤگەلێک کە هەست بە گوناهباری ناکەن، ئەوەیە دەبن بە مەترسی بۆسەر کۆمەڵگە.

بە تێروانینی فۆکۆ دروستکردنی زیندان بۆ تاوانباران، دروستکردنی نەخۆشخانە بۆ شێتەکان لە دەسەڵاتی ناو مۆدێرنەدا، دوو پەیامی هەیە، یەکەم لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە ئەو کەسانە دەبنە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ کۆمەڵگە و خودی دەسەڵاتیش. پەیامی دووهەم  جیاکردنەوەی ئەقڵانییەتە لە نائەقڵانییەت یان  جیاکردنەوەی ئەوی شێت لە ئەوی ئاقڵ، ئەمەش لەپێناو ڕەوایەتیدانە بە ئەقڵ وەک هەقیقەتێکی ڕەها و سێنتراڵ، کە سەرچاوەی هەموو زانست و پێشکەوتنێکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵێک کە توانای هەموو لێکدانەوەیەکی هەیە.

"لای فۆکۆ شێتی ئەو جەمسەرە پێچەوانەیە کە ئەقڵ بۆ خۆی دروستی دەکات، ئەو ساتەی ئەقل شێتی لە خۆی جیادەکاتەوە لەگەڵ ئەو جیاکارییەدا، سیستم چاودێری و کۆنترۆڵی گەورە دادەمەزرێنێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی پێببەخشێت. بەڕای فۆکۆ، ئەقڵی ڕۆشنگەری  ئەقڵێکی کۆنترۆڵکەرە، لەگەڵ مۆدێرنەدا زانستە مرۆڤایەتییەکان لەدایک دەبن، ئەو زانستە لە بنەڕەتدا ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی سیستمی سەرتاسەری کۆنترۆڵدا دەبینێت. بەختیار عەلی / ئیمان و جەنگاوەرانی".

لە شانۆگەری "بۆ دۆزەخ، ئەی بێگوناهان"دا، بە ڕوونی دەسەڵاتێک دەبینین کە کار لەسەر سڕینەوەی کەسایەتی و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان دەکات، بەڵام بەختیار عەلی  خوێندنەوەیەکی تر و تێروانینێکی تری هەیە بۆ فۆرمێکی نوێتری دەسەڵاتی ناو مۆدێرنەدا. بەختیار ئیکتیشافێکی تر و نهێنیەکی تری ناو دەسەلاتی مۆدێرنەمان نیشان دەدات، بەختیار عەلی دەیەوێت بڵێت کە لە مۆدێرنەدا  تەنها شێت و تاوانبارەکان مەترسی نین بۆ سەر کۆمەڵگە، بەڵکوو بێگوناهەکانیش هەمان مەترسیی شێتەکان و تاونبارەکانیان هەیە بۆ سەر دەسەڵات. بەمانایەکی دیکە  دەسەڵات سەرجەم کۆمەڵگە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خۆی. ئەگەر تاک بە تاک و سەرجەم مرۆڤەکان هەست بە تاوان و شەرمەزاری نەکەن لە ئاست دەسەڵاتدا، سوبژێکت لە نێوان مەعریفە و دەسەڵاتدا دەبێتە سوبژێکتێکی پاسیف و دەستەپاچە. ئەم فۆرمە لە دەسەڵات کۆی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەگریتەوە، ئەو دەسەڵاتانەی کە تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و سەلەفین و لەناو بەرگی مۆدێرنەدا و بە تەکنەلۆژیای مۆدێرنە سوبژێکتی پاسیف و بێدەسەڵات بەرهەم دەهێنن. سوبژێکتێک کە هەمیشە خۆی بە قەرزداری دەسەڵات بزانێت و دەسەڵاتیش هەق و مافەکانیان وەک پاداشت بەسەردا دابەش بکات.

 "دەسەڵات لای فۆکۆ تەنها دەسەڵاتە گەورەکان وسیستمی ئیشکردنی دەوڵەت ناگرێتەوە، بەڵکوو ژمارەیەک پنتی بێشومار مایکرۆدەسەڵات دەگرێتەوە. واتە دەسەڵات لەیەک جێگاوە ڕاهێڵ ناکرێت و بە تەنها لەیەک شوێن ویەک کەسەوە پراکتیک ناکرێت، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر بکەری جیاواز لە تۆڕێکی کراوەی پەیوەندی و کارلێک دەسەڵات دروستدەکەن./کتێبی سێوی سێهەم".

لە شانۆگەری "بۆ دۆزەخ،ئەی بێگوناهان"، تەواوی ئەو ژمارە زۆرە لە مایکرۆدەسەڵات دەبینین. ئەو ژمارە لە بکەری جیاواز و تۆڕی جیاواز دەبینین، کە ئیش لەسەر پاسیفکردن و بە تاوانبارکردنی مستەفا ڕێبەر دەکەن، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی و ئازاری جەستەیی، بەڵکوو لە ڕێگای دەسەڵاتێکی کراوەی خاوەن چەندین  کەناڵ و دەزگا و بنکەی جیاوازەوە کە بە پلانی هاوبەش کاردەکەن و بە هاوکاریی کەسانی دەروونناس و پسپۆڕی کۆمەڵناسی و میدیاکار و کەسانی ئاینپەروەر.

میدیاکار: خۆمت پێ دەناسێنم. پیشەکەم میدیاکارە، ئیشم ئەوەیە لەگەڵتدا چیرۆکی تاوانەکانت بە جۆرێکی مەعقوڵ بۆ خۆت، بۆ خۆم، بۆ قۆمیسەرە بەڕێزەکان، بۆ خانەوادەکەت و بۆ ڕای گشتی داڕێژمەوە.

پیاوی ئاینی: منیش دەبینیت لە پیاوانی خودام، بەرپرسم لە ئیمانی ڕاست و دروستی خەڵک.

پزیشکی دەروونی: بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە تۆ بۆ هەست بە گوناهە تایبەتییەکانی خۆت ناکەیت؟

بەختیارعەلی لە ڕێگای ئەم سێ کەسایەتییەوە دەیەوێت پێمان بڵێت کە مۆدێرنە تا ئێستاش پێیەکی لە عەلمانیەتدایە و پێکەی تری لەسەلەفیەت و غەیبانیەتدایە، بەوەی کە مۆدێرنە تا ئێستاش بە میکانیزم و تەکنیکی پێش مۆدێرنە کاردەکات و تەنها لە فۆرمدا گۆڕاوە کە لەبری ئەوەی ئیعتراف بۆ قەشەیەک بکرێت لە کەنیسەیەکدا، ئێستا بۆتە دەروونناسێک، میدیاکارێک، کۆمەڵناسێک یان پیاوێکی ئاینی.

دوای  ئەوەی هەوڵێكی زۆر دەدەن تا گوناهێک لە مستەفا ڕێبەردا بدۆزنەوە، بەڵام ناگەنە هیچ ئەنجامێک، هەربۆیە ناچار لە ڕێگای دکتۆری دەروونییەوە دەگەڕێنەوە سەر تەمەنی منداڵی، پرسیارکردن لەسەر شێوەی ژیان و ژیانی خێزانی.

پزیشکی دەروونی: پێم بڵێ مستەفا کە باوکت مرد تەمەنت چەند بوو؟

مستەفا: بەڵام ئەوە چ پەیوەندییەکی هەیە؟ تەمەنم دوازدە ساڵ بوو.

پزیشکی دەروونی: تەمەنێکی تەواو گونجاوە، بۆئەوەی هەست بە گوناهبکەیت، هەستبکەیت تۆ باوکت کوشتووە.

مستەفا : هەستێکی وەهام نییە بەڕێزم ........باوکم بەڕووداوی هاتووچۆ مرد.

پزیشک: واتە پێت خۆش بوو مرد، وانییە؟

مستەفا: بێگومان پێم خۆش نەبوو.......هەستمکرد ژیان گوناهێکی دەرهەق من و خێزانەکەم کردووە.

میدیاکار: ئاخۆ هەستت بە بەختەوەری دەکرد کاتێک هەستتدەکرد ئەوانی تر گوناهبارن و تۆ گوناهابار نیت؟

مستەفا: بەڕێزم بەو جۆرە بیرم نەدەکردەوە، زارۆیەکی دوازدە ساڵ بووم، چەند سەعاتێک گریام و دواتر چووم بۆ یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانم.

پزیشک: (ڕوو دەکاتە پیاوی ئاینی و میدیاکار) هەستەکەم بەڕێزان سەرەداوێکمان دەستکەوتووە.

پیاوی ئاینی: ئەی ئێستا هەست بەگونا‌هـ ناکەیت کە تەنیا دوای دوو سەعات لەمردنی باوکت دەستتکردووە بە وازی و بەزم و کەیفکردن؟

مستەفا: بەڕێزم من بۆم ڕوونکردیتەوە کە تەمەنم تەنیا دوازدە ساڵ بوو.

لە ڕوانگەی ئەم دیالۆگانەی ناو شانۆگەرییەکەوە، ئێمە لەناو دەسەڵاتێکداین کە کار لەسەر زانست دەکات، بەو مانایەی کە دەسەڵات مەعریفە بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵام  مەعریفەش وەک هەر میکانیزمێکی تر لە ڕێگای کۆمەڵێک دەزگا و بە کۆمەڵێک تەکنیکی جیاوازەوە دەچێتەوە خودی خزمەتکردن بە دەسەڵات.

ئەگەرچی لە مۆدێرنەدا جیاکردنەوەی ئاین لەدەسەڵاتی سیاسی وەک پەیامێک بەیان کرا، بەڵام ئاین لە مۆدێرنەدا جارێکی تر و لە فۆرمێکی تردا خۆی دووبارە کردەوە، ئاین وەک پەیوەندییەکی تەنهای نێوان خودا و مرۆڤەکان نەمایەوە، بەڵکوو بووە بەشێك لە ژیان و جوانترکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، بەڵام لەپاڵ ئەم وێناکردنە نوێیەشدا بۆ ئاین، ئەرکێکی تریشی هەبوو کە ئەویش وەک ئامرازێك بەکار هێنراوە بۆ داپۆشینی عەیبەکانی دەسەڵات و پاساو هێنانەوە بۆ یاسا و ڕێساکانی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان.

پیاوی ئاینی : دکتۆر گیان تکایە، ئەگەر مرۆڤێک ئیمانی بە خودا هەبێت، ئەوا ئیمان بە گوناهباریی خۆشی دێنێت، خودای گەورە بۆیە نوێژ و تاعەت و ڕۆژووی بەسەردا سەپاندوین، تا لەنێوان هەموو گوناهێک و گوناهێکی تردا کاتی پێویستمان بەدەستەوەبێت تا خۆمان پاکەینەوە.

میدیاکار: دەمخۆش بەڕێزم، یەکەم چیرۆک و هەقایەتێک مرۆڤ گێڕابێتییەوە لەسەر گوناهەکانی خۆی بووە، گەر گوناهـ نەبووایە کاری ڕاگەیاندن نەدەبوو، سەعاتێک سەیری تەلەفزیۆن بکە، سەعاتێک گوێ لە ڕادیۆبگرە، ڕۆژنامەیەک بگرە بەدەستەوە و بیخوێنەرەوە، هەموویان سەرتاپا باسی گوناهەکانی ئینسان دەکەن.

 ئیتر ئەوە دەسەڵاتە هەموو ‌هێزەکانی بەسەر چەند ئۆرگان و ڕێکخراو و دەزگا و بەڕێوەبەرایەتی جیا جیادا دابەشکردووە، تا بتوانێت چۆنی بوێت و چۆنی پێخۆشە ئاوا مرۆڤەکان کۆنترۆڵ بکات و چۆنی بیەوێت وەک ئامرازێک بەکاری بهێنێت.

بۆچوونەکانی فۆکۆ لەمەڕ دەسەڵات لەم شانۆگەرییەدا لە چەندین گۆشەنیگاوە بەڕوونی ڕەنگیداوەتەوە، کاتێک فۆکۆ دەڵێت دەسەڵات شاقوڵی نییە و تەنها لە سەرەوە شۆڕنابێتەوە بۆ خوارەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە کاردەکات کە لە خواریشەوە توانای بڕیاردان هەیە. ئەم بۆچوونە بە ڕوونی لە کەسایەتی ژنەکەی مستەفا ڕێبەردا ڕەنگ دەداتەوە، ژنەکەی مستەفا وەک هەر تاکێک خاوەن بڕیارە و دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی مستەفا ڕازیبکات تا گوناهێک بۆ خۆی دروستبکات، لەبەرئەوەی ژنەکەشی خۆی لەبەرامبەر دەسەڵاتدا بە  گوناهبار و تاوانبار دەزانێت. لەدواجاردا بڕیار و دەسەڵاتی ژنەکەی کاریگەریی خۆی دەبێت بەسەر مستەفاوە.

لە دیمەنی چوارەمی شانۆگەرییەکەدا، جەمیلەی ژنی مستەفا هاتۆتە سەردانی.

جەمیلە: ئۆهـ مستەفا ...مستەفا گیان چەند خۆشبەختم دووبارە دەتبینمەوە، چەند دڵخۆشم.

مستەفا: جەمیلە باوەڕناکەم ئەمە تۆبیت، چۆن ڕێگایان دایت بێیتە ژوورێ...

دوای گفتگۆیەکی زۆری نێوان مستەفا و ژنەکەی، دواجار ژنەکەی زۆر لەمستەفا دەکات کە تاوانێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت.

جەمیلە: ئەوە بکە کە دەیانەوێت، بڵێ گوناهبارم، بڵێ شتێكم کردووە لێی پەشیمانم.

مستەفا: جمیلە پێم بڵی چۆن گەیشتیتە ئێرە؟

جەمیلە: منیش گیراوبووم ...

مستەفا: جەمیلە پێم بڵی چییان لێکردویت؟

جەمیلە: مستەفای خۆشەویست من بەئیرادەی ئازاد و بڕیاری سەربەخۆیی خۆم هاتووم، پێت بڵێم لە چوار چێوەی خێزانی خۆماندا وەک ژن و مێرد، بەتۆ و بە هاوسەرگیریمانەوە وەفادار نەبووم.

مستەفا: دەتەوێت بڵێیت چی؟

جمیلە: ئێستاش هەست بەتاوانێکی گەورە دەکەم بەرامبەر بەتۆ، بەرامبەر بە دین و عادات و کەلتورمان...

من پێخەفی هاوسەرگیریم پیسکردووە، دەتوانیت بمکوژیت

لێرەدا ژنەکەی مستەفا ئیعتیراف دەکات کە خیانەتی لە مێردەکەی کردووە. دەمانچەیەکیشی هێناوە لەگەڵ خۆی تا مستەفا هەر لەوێدا بیکوژێت، بەڵام مستەفا لەم یارییە تێگەیشتووە، کە ئەمە زیاتر پلانێکە بۆ ئەوەی مستەفا بخەنە داوێکەوە بۆ تاوانبارکردنی.

بەختیار عەلی بۆ سەلماندنی قسەکەی فۆکۆ، کە توانای بڕیاردان و دەسەڵاتی بڕیاردان لە کەسانی خوارەوە و دەرەوەی دەسەڵات هێز و پێگەی خۆی هەیە، لە کتێبی سێوی سێهەمدا لەسەر زمانی فۆکۆ ڕووداوێک دەگێڕێتەوە کە دەسەڵات لەسەردەمی پاشایەتیدا لە فەڕەنسا کە بەتەکنیکی نامەی سەرمۆر نووسراوە، وە ئەم نامەیە لە لایەن ئەندامانی خێزانەوە دەنووسرا بۆ دەستگیرکردنی کەسێکی نزیکی ناو  خێزانەکە، دەبووایە بە بەڵگەوە بیسەلمێنن ئەو ئەندامە شایەنی زیندانیکردنە، واتە بڕیاری گرتن بە بڕیاری دەسەڵات نەبووە، وە بۆ بەردانیشی دەبووایە جارێکی تر لە ڕێگای نامەیەکی تری  سەرمۆرەوە داوا لە پاشا بکرایە بۆ ئازادکردنی لە زیندان.  واتە گرتنی کەسەکە و بەردانیشی لە سەر بڕیاری دەوڵەت نەبووە. ئەوی لەم شانۆگەرییەدا جیاوازە ئەوەیە کە مستەفا دەبێت خۆی بڕیای حوکمی خۆی بدات، دیارە حومکدانیش بەشێکە لەبوونی دەسەڵاتێک، مستەفا خۆی دەبێتە دەسەڵات و  خۆی سزای تاوانباربوونی خۆی دەدات و سزادانەکەشی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەسەڵات لە مەسەلەی سەپاندنی سزا بە سەر مستەفا ڕێبەردا بێلایەنە، ئەوە دەسەڵات نییە کە جۆری سزاکەی داوە بەسەر مستەفادا، لەناو دادگایەکی دەوڵەتیدا بڕیاری بۆ دەرنەکراوە، پارێزەرێکی دەوڵەتی بوونی نییە، بەڵکوو ئەوە مستەفا خۆیەتی و بە بڕیاری خۆی و بە دەمی خۆی سزاکەی خۆی دەخوێنێتەوە، دەسەڵات وەک خاوەن مافێک دەبێتە براوەی دۆسییەکە.

سەرچاوەکان:

شانۆگەری بۆ دۆخەخ،ئەی بێگوناهان/بەختیار علی

سێوی سێهەم/ بەختیار علی

ئیمان و جەنگاوەرانی/ بەختیار علی

ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس/ بەختیار علی


ئەم بابەتە 233 جار خوێندراوەتەوە