Mariwan.jpg

رۆمانی ماڵی پشیلەکان به‌ زمانى فارسى بڵاوده‌كرێته‌وه‌

رۆمانی (ماڵی پشیلەکان)ی هیوا قادر لەلایەن نوسەر و وەرگێڕ (مەریوان هەڵەبجەیی) ده‌كرێت به‌ فارسى و به‌مزوانه‌ بڵاودەبێتەوە.

لە لێدوانێکدا تایبه‌ت به‌ سایتى گه‌لاوێژ، نوسەر و وەرگێڕ مەریوان هەڵەبجەیی وتى: "دواى چەند مانگێک لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتی چاپ لە ئێران، دوا جار رۆمانه‌كه‌ لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا بڵاودەبێتەوە".

هه‌ڵه‌بجه‌یى ئه‌وه‌شى به‌ سایتى گه‌لاوێژ وت: رۆمانه‌كه‌ لەلایەن خانەی "نشری سالس" لە تاران چاپ و بڵاودەبێتەوە، كه‌ یەکێکە لە بەناوبانگترین ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی ئێران کە زۆرترین شاکارە جیهانییەکانی وەک "میلان کۆندێرا، گابریل گارسیامارکیز، سێرڤانتس ، ماریۆبارگاس یۆسا، ناباکۆف، ئیڤان کلیما و بۆلگاگۆف و دەیان نووسەری تری وەرگری نۆبڵ" چاپ و بڵاوکردووەتەوە .

"ماڵی پشیلەکان" یەکێکە لەڕۆمانە بەناوبانگەکانی نوسەر هیوا قادر، لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا چەندین وتار و بابەتی جۆراو جۆری لەسەر نوسراوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا، رۆمانەکە بۆ دووەمجار چاپکراوەتەوە، تابلۆی بەرگی کتێبەکەش کاری هونەرمەند ئارام عەلییە.

وەک نوسەری رۆمانەکە ئاماژەی پێکردووە "بەشێکی زۆری ئەم ڕۆمانە باس لە مەنفا و مرۆڤ و تەنهاییەکانی دەکات لە ڕێگەیی پشیلەکانەوە، مرۆڤی کوردیش یەکێکە لەو ئەتنییە کۆچبەرانەی کە وەک با بەهەموو دنیادا بڵاوبووەتەوە"، نوسەر پێیوایە باسی لە خەمی مرۆڤی کورد و ئەو کۆچبەرانەی تر کردووە کە وەک کورد لە دەرەوەی وڵاتی خۆیاندا دەژین.


ئەم بابەتە 49 جار خوێندراوەتەوە