Paykar.jpg

پەیکەری شۆخێک

ژن ماناو مەغزای گەورەی ھەیە، ژن کانیاوێکی پەنگخواردوی فەرھەنگی ژیانە لەمیانی ئومێدو دڵنیایی، دەبا ئەویش کەمێک ئەم مەوتەنی گریانە جێبێڵێت و ئاشنایی لەگەڵ تریفەی بزەو تریفەی پێکەنین پەیدا بکات، ململانێکانی نێو ھەناوی نمایش بکات، ئاوێتە نماو دونیا بینی و لەگەل ژانرەکانی ئەدەبیدا ئاوێزان بکات، تلبونەوەی کڵۆ بەفری شکستی لە شوێنێکدا رابگرێت،

لەبەر ئەوەی ژیانی بایەخ پێدان و ھەستپێکردنە، لەشێوە نەرمە باران و نەغمەی مۆسیقایەکی ھێمنی ئەبارێتە سەر رۆحەکان، ژیانیش بێ ژن وەک لاشەیەکی بێ رۆحە، ژن نیشانەیەکی درەوشاوەی بیرتیژیی و بیر روناکبیریە، ھەم تەرزە ژیانێکی خۆش گوزەرانیشە، کتێبی پەیکەری شۆخێک نوێترین بەرھەمی «گوڵزارحەمەفەرەج»ە کەجگە لەوەی وێنەی ژیان وروانین ودەربرینەکانی کوانوی نێو ناخی ژنەو، بەشێکیشەلە تێکستی ئەدەبی گەوھەرداری ئیلھام بەخشی لەیادکردنەوەو سەرگروشتەو، چیرۆکی بەرەنگاری لەمپەرەکانی بەردەم خەم و خولیانی ژن، نوسەر خاوەنی چوار کتێبە پێش ئەم بەرھەمەی بە ناوەکانی 'چەپکێ گوڵە نیرگز و باوک ھیوایەکی نوێ و یادەوەریەکانی کچی گوڵعەنبەرو رازەکانی ژیان '' کەسەرجەمیان تێکستی ئەدەبی رۆمان ویاداشتەکانی نوسەر خۆیەتی، نوسەر لێرەدا ولەم کتێبە نوێیەیدا کە پێنجەم کتێبیەتی چاپی بکات، تا ئەقڵ ئیدراک بکات باس و رەچاوکردنی فرە رەھەندی پرس و گۆشە نیگاکانی ژن و ژیانی دەکات، لەنێوان فەنتازیاو چیرۆک وزبری واقیعدا راوەستاوەو، نە رەوتی ژیانی پێ دەگورێ و نە زامەکانی پێ ھەتوان دەکرێ، مامەڵەو ئەندێشەکانی ژن لە دوتوێی ئەم کتێبەدا، بەرونی بیرۆکەو ئایدیاکانی دەبینین و، نوسەر خوێنەر بەنێو دێرەکانی کتێبەکەدا پەل کێش دەکات بۆ تێگەشتن لەژن و پێچانەوەی ئاواتەکانی، نوسەرئەوەش دوپات ئەکاتەوە کە بۆ ئەوەی واقیعی بین ئەبێ دڵمان بەنوری ئەقڵ رۆشن کەینەوە ئەگینا تا ئەبەد کۆیلەی ئەقڵ دەبین، دواتریش خەمەکانی وەک تەمێک لەسەر زەوی جێدێڵێت، ھەر چەندە لەشکری خەم بەتاوو ھێرشی بۆ دێنێت، بەڵام لای ژن یاسایەک ھەیە کە ئەویش ئەوەیە ئەڵێ گەرپێت نەکرا شادومانی بکڕی، ئەوا بەکرێی بگرە! واتە خۆشیەکان گەرچی کەمیش بن ئاوێزانی ژیانی خۆی دەکات ھەردەم بەھیواوە دەژی، بەھیوای بەدیھاتنی زۆرێک لە ئاواتەکانی کەرۆژێ دێت خەونەکانی وەک مینی خۆشبەختی بەرویدا بتەقێتەوە، ئەوکات دەزانێ دوچاو چەن کەمە بۆ بینینی جوانیەکانی دونیا.


ئەم بابەتە 149 جار خوێندراوەتەوە