Baban_hama.jpg

كورد‌و سێرچ (گەڕان) .. (محەمەدی ماملێ) بە نموونە

بابان حەمە

ئیتر كە موسەقەف و شتی وابوویت، لەخۆتەوە ئەبێت ئەنتەرنێت‌و لاپتۆپ‌و كۆمپیوتەرو شتی وات هەبێت‌و بۆخۆت سێرچ كەیت‌و بەدوای دەردی گرانی خۆتدا بگەڕێیت.

ئاخر ڕێك وایە! دەردت گران نەبێت سێرچ ناكەیت.. حەزت لە گۆرانی ‌و باسی زانستی‌و قۆڕیاتی سیاسەت‌و حەقلەكانی تری زانستە مرۆیی‌و ناچڕاڵەكان نەبێت.. خۆ خوا نەیگرتوویت, بۆ سێرچ ئەكەیت؟!

ئینجا یەكێك لەو دەردە گران و چارەسەرنەكراو و سەڕەتان ئاسایەی كوردی نەگبەت، بەڵای (سێرچ-search)ە، بەكوردییەكەی گەڕان لە ئەنتەرنێت..

خوا ئەكەم بە وەكیل! هیچ دەردێكی سێرچكردن بەقەت دەردی كورد گرانترو كوشندەتر نییە .. واز لەوە بێنە كورد زۆرینەی هەرە زۆری كوردییەكەش بەتەواوەتی نازانێت نەك بە چەند زمانێك سێرچ بكات!

جا من ئالێرەدا باسی دەردی گرانی زمان نەزانی كورد ناكەم بۆ سێرچ.. باسی دەردی گرانی كورد ئەكەم بۆ سێرچكردن بەزمانی كوردی‌و سێرچ كردن بە پیتی لاتینی-كوردی‌و پیتی عەرەبی-كوردی ..

با من (محەمەدی ماملێ) لە سێرچی وێبسایتی یوتیوب youtube بەنموونە وەربگرم ..

ئاخر وەڵاهی و بیلاهی كورد زۆر زۆر نەگبەت‌و قووڕبەسەرە، هەر بۆیە بڕیارم داوە لەژێر ناونیشانی (نەگبەت نامەی كورد) زنجیرەیەك نوسین‌و وڕێنەی خۆم بە تاقەت‌و میزاجی خۆم! لەم ئەكاونتەی خۆمەوە پەخشان بكەم ..

من ئالودەی ماملێ-م .. ناڵێم كەم شەو بەس زۆربەی شەو من سێرچ بۆ ماملێ دەكەم دوای ئیش‌وكارو پێش خەوتن گوێم لێی بێت ..

شەوێكیان شێخ‌و مشایەخم نەما بۆ گۆرانییەكی ماملێ تا دۆزیمەوە .. تۆ واز لە ناو و ناونیشانی گۆرانییەكە بهێنە .. كورە بەڵای عاسمانم دا لەكورد بەس ئەم نوسینەم لەسەر سێرچ بۆ ناوی (محەمەدی ماملێ) وورد كردۆتەوەو لێی وورد بوومەتەوە!

جا بۆ زانیاریتان .. لە نەژاد دا ناو و نازناوی ماملێ-ی گەورە، بەر لە ناسرانی‌و رۆشتنی (ماملێ) وەك پاشگری (محەمەد)‌و بەر لە دەردی گرانی كورد لە ئیبداعاتی سێرچ! و لە بنەڕەتەوە (محەمەدی مام عەلی)-یە!

ئینجا كە ئەو یوتیوبە ئەكەیتەوە، خوا موبینی حاڵە بەمانە هەمممممممموووووی ئەتوانی سێرچ بۆ محەمەدی ماملێ بكەیت:

محەمەدی ماملێ
موحەمەدی ماملێ
موحەممەدی ماملێ
موحەمەد ماملێ
موحەممەد ماملێ
محمد ماملێ
محمدی ماملێ
محةمةدي ماملي
محمدي ماملي
موحةمةدي ماملي
محةممةدي ماملي
محمد ماملي
معمدي ماملي
معمد ماملي
موعةمةدي ماملي

ئیتر هەر لەسێرچكردنەكان گەڕێ بە لاتینی كوردی:

Mhamad mamle
Mhamadi mamle
Muhamad mamle
Muhammadi mamle
Mahamadi mamly
Mahamadi mamli
Mamlê
Mohammady mamly
Mohamadi mamle

كورە چوزانم بەهەزار جۆر قوڕ بەسەر دەبیت لە سێرچی ماملێ-دا .. ئاخر ئەمە هیچ نییە بێجگە لە نەگبەتی‌و قوڕ بەسەری سێرچی كوردی .. بێجگە لە خەمساردی و هەزار هەزار پارچەیی‌و هەلا هەلابوونی زمانی هەژارو رەش‌و ڕووتی كورد بۆ سێرچ ..

كابرای ئینگلیز یەكجار كە (george michael)ی سێرچ كرد ئیدی یەك پیت كەمو زیادو قسەو ناوی قۆڕ نانوسێت و یەك سەر ئەنووسێت (george michael) .. كابرای عەرەب یەك جار كە نووسی (لطفي بوشناق) یان (كاظم الساهر) یان (ناظم الغزالي) .. ئیدی یەك ناوی تر سێرچ ناكات‌و هەر ئەوەیە! ڕێك وەك خۆی ئەینوسێت


ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە