maxresdefault.jpg

ڕۆژێ لە ڕۆژان لە هۆڵیود

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمێکی درامیی ئەمریکییە، ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە و، لە نووسین و دەرهێنانی کوینتن تارانتینۆیە Quentin Tarantino هەروەها لە بەرهەمهێنانی Colombia Pictures, Bona Film Group, Heyday Filmsە. بۆ یەکەم جار لە فیستیڤاڵی (کان)ی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٩نمایشکرا، ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن: لیۆناردۆ دێکاپریۆ، براد پیت، و مارگۆت ڕۆبی. ئەمە یەکەم فیلمی تارانتینۆیە Tarantino کە بۆب و هارڤی واینستاینی Bob, Harvey Weinstein تێدا نەبێت، چونکە تارانتینۆ دوای ئەو تۆمەتانەی دەخرێنە پاڵیان کۆتایی بە گشت پەیوەندییەکانی دەهێنێت لەگەڵ ئەو دوو برایە. هەروەها کۆتا فیلمیشە کە لوک پێری تێیدا دەردەکەوێت Luke Perry کە لە مانگی سێی ٢٠١٩ دا کۆچی دوایی کردو، ئەم فیلمە پێشکەش بە ڕۆحی لوک پێری کراوە. فیلمەکە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییەکی باشی لێ کرا و تواناکانی تارانتینۆ وەک نوسەر و دەرهێنەر، هەروەها توانای ڕۆڵ بینینی براد پیت و لیۆناردۆ دێکاپریۆ زۆر بەرز نرخێنران.

Once Upon a Time in Hollywood 1

لە لایەن American film institute, National Board of Review بە یەک لە باشترین فیلمەکانی ساڵ هەڵبژێردراوە. دە جار پاڵێوراوە بۆ 92th Academy Awards. چیرۆکی فیلمەکە: لە شوباتی ١٩٦٩دا، ئەکتەری هاڵیوود ڕیک داڵتۆن Rick Dalton ئەستێرەی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی  Bounty Law لە ساڵی پەنجاکاندا ، ترسی لەدەستدانی پیشەکەی هەیە، چونکە لە زۆربەی کارەکانیدا ڕۆڵێکی لاوەکیی کارەکتەرێکی خراپی پێدراوە. دواتر دەرهێنەرێک بە ناوی مارڤن شوارز ئامۆژگاریی دەکات کە فیلمێکی Spaghetti Westerns لە ئیتالیا بەرهەم بهێنێت، کە داڵتۆن پێی وایە لە خوار ئاستی ئەوەوەیە، نزیکترین هاورێی داڵتۆن کە لە هەمان کاتیشدا ئەکتەری شوێنگرەوەیەتی ( بۆ هەندێک لە دیمەنە مەترسیدارەکان زۆر جار کەسێکی هاوشێوەی ئەکتەرەکە ڕۆڵ دەبینێت، پێی دەوترێ ئەکتەری شوێنگرەوە) بە ناوی کلیف بوس کەسێکی خانەنشینکراوە و لەگەڵ سەگەکەیدا دەژی "کلیف بوس" بە ئاسانی کاری دەست ناکەوێت، بەهۆی ئەوەی کە هاوسەرەکەی خۆیی کوشتووە. خانمە ئەکتەرێک و هاوسەرە دەرهێنەرەکەی ماڵیان تازە گواستۆتەوە و بونەتە هاوسێی نوێی، ئەویش هەوڵدەدات لێیان نزیک بێتەوە و خۆی بکا بە هاوڕێیان بەو هیوایەی ئیتر کارەکانی باشتر ببن. دواتر داڵتن لە کارێکی نوێدا لە زنجیرەیەکی تەلەفیزیۆنیی ڕۆژئاواییدا بە ناوی لانسەر Lancer دوبارە ڕۆڵی کارەکتەرێکی خراپی پێ دەدرێت، لە کاتی وێنەگرتنەکەدا داڵتن بە ئەستەم دەتوانێت دێڕەکانی بیر بکەوێتەوە و، لەبەر ئەوە بە نواندنێکی زۆر بێ وێنە دەرهێنەرەکەی سەرسام دەکات. ئێوارەیەک داڵتن و بوس بەیەکەوە دەچن بۆ خواردنەوە و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی داڵتۆن. لە کاتێکدا داڵتۆن خواردنەوەکان ئامادە دەکات بوس براندی (سەگەکەی) دەبات بۆ پیاسە و خۆشی جگەرە دەکێشێت، کۆمەڵێک کەس دێن بۆ کوشتنی هەموو ئەوانەی لە ماڵە دراوسێکەیاندان، بەڵام داڵتۆن گوێی لە دەنگیان دەبێت و فرمانیان پێ دەکات گەڕەکەکەیان جێبهێڵن، بکوژەکان دەیناسنەوە و ئاڕاستەیان دەگۆڕن بەرەو لای داڵتۆن بە مەبەستی کوشتنی، بە خێرایی بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە خۆیان دەکەن بە ماڵی داڵتۆندا، بوسیش فرمان بە سەگەکەی ( براندی) دەکات هێرشیان بکاتە سەر و پەلاماریان بدات. بەیەکەوە یەکێک لە بکوژەکان دەکوژن و یەکێکیشیان بریندار دەکەن، لە کۆتاییدا هاوسێکان بانگهێشتی داڵتن دەکەن بۆ ماڵەکەیان و ئەویش قبوڵی دەکات.

Once Upon a Time in Hollywood 2

دەربارەی تارانتینۆ

 ‎ كوینتین تارانتینۆ، لە ٢٧ی ئازاری ١٩٦٣ لە "نۆكسیڤێڵ"ی ھەرێمی "تێنیسی" لەدایكبووە، تاكە منداڵی "كۆنێ ماكھوگ"ی دایكی و ئەكتەر "تۆنی تارانتینۆ" بوو؛ كە بەر لەوەی تارانتینۆ لەدایك ببێت خێزانەكە بەجێدەھێڵێت. لە تەمەنی چوار ساڵیدا بەرەو "كالیفۆرنیا" دەڕۆن و داپیرەی بەردەوام دەیبات بۆ سەیركردنی فیلمەكانی "جۆن واین" و لەو تەمەنە كەمەوە خۆشەویستییەكی زۆر و سەیری بەرامبەر فیلم و سینەما بۆ دروست دەبێت. چیرۆك دەنووسێت و بەسەرھاتی سەیر دەگێڕێتەوە، لەمبارەیەوە جارێكیان لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا دایكی تارانتینۆ گووتی: "چیرۆكی دایكانەی خەماویی بۆ دەنووسیم، ھەمیشە دەیكوشتم و پێی دەگووتم لەو بارەیەوە ھەستی چۆنە، ئەو چیرۆكانەی بەس بوون كە بەردەوام فرمێسك لە چاوەكانمدا بن". تارانتینۆ ڕقی لە خوێندن و خوێندنگە بوو، ئەو بە لایەوە باشتر بوو كە كاتەكانی بە تەماشاكردنی فیلم و كۆمیكەوە بەسەر ببات نەوەكو بخوێنێت، تاكە بابەتیش كە لەگەڵی گونجابا؛ "مێژوو" بوو، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: "مێژوو، بابەتێكی خۆشە و منیش لەو بابەتەدا باش بووم، چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان وەكو فیلم وەھایە". پاش بەجێھێشتنی خوێندنگە، بۆ ماوەیەك لە ھۆڵێكی شانۆگەریی لاواندا وەكو بەڕێوەبەری ھۆڵ كار دەكات، ھەروەھا پۆلی نواندنیشی وەردەگرت، پاشان لە "مانھاتن" كارێك لە "Video Archives" وەردەگرێت و لەگەڵ "ڕۆجەر ئاڤاری"دا كار دەكات و ئاشنایەتی پەیدا دەكات. خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ فیلم ھەردووكیان پێكەوە كۆدەكاتەوە و لە بیرۆكەی چەندین سیناریۆشدا پێكەوە كار دەكەن. لە ماوەی مانەوەی لە "Video Archives"دا؛ لەسەر چەند سیناریۆیەك كار دەكات، لەوانەش (True Romance) و (Natural Born Killers)، ھەروەھا وەكو میوان لە ڕۆڵی "ئێلڤێس پریسلی"دا لە "The Golden Girls"دا بەشدار دەبێت. پاشان ساڵی ١٩٩٠ "Video Archives" بەجێدەھێڵێت و ڕوو لە كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنان دەكات، لە ڕێگەی بەرھەمھێنەرێكی كۆمپانیاكەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسا سیناریۆی "True Romance" بخاتە ڕوو و "تۆنی سكۆت"ی بەرھەمھێنەریش پاش ئەوەی سیناریۆكەی بەدڵ دەبێت مافی ئەوەی پێ دەدات كاری لەسەر بكات. بە كاركردنیشی لەگەڵ "لاورێنس بێندەر"ی بەرھەمھێنەردا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا ڕێچكەی فیلمسازیی خۆی دەستەبەر و قایم بكات، ساڵی ١٩٩٢ سیناریۆی "Reservoir Dogs" دەنووسێت و ئەكتەر "ھارڤی كیتێڵ" بە خوێندنەوەی سیناریۆكە سەرسام دەبێت و بڕیار دەدات بە ڕۆڵگێڕان و گرتنە ئەستۆی كاری بەرھەمھێنان تێیدا قایل و بەشدار ببێت. ساڵی ١٩٩٤ (Pulp Fiction) بەرھەم دەھێنێت، فیلمێكی چاوەڕواننەكراو و پڕ توندوتیژی و كلتوری پۆپ، كە لەپاڵ سەركەوتنەكەی لە ڕووی بازرگانییەوە؛ ڕەخنە و مشت و مڕێكی زۆریشی بە خۆوە بینی، فیلمەكە زیاتر لە ١٠٨ ملیۆن دۆلاری لە بۆكس ئۆفیسدا قازانج كرد و بووە یەكەم فیلم كە ئەو دەستكەوتەی ھەبێت، ھەروەھا لە فێستیڤاڵی كانی فیلم بۆ ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی "Palme d’Or" بردەوە، لەپاڵ ئەوەشدا پاڵێورابوو بۆ حەوت خەڵاتی دیكە؛ لە نێویاندا بۆ باشترین كاری وێنەگریی و باشترین دەرھێنەر، دواتریش خەڵاتی باشترین سیناریۆی لەگەڵ خۆیدا بردەوە. - [ ] تارانتینۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەساڵی ٢٠٠٣ لە کەناڵی (کرۆن٤) ھەمان پرسیاری ئاڕاستە دەکرێ لەلایەن پێشکەشکارەوە، ئەویش پێشکەشکار لێی دەپرسێت دەربارەی فیلمی (کیڵ بیڵ) و دەڵێت: بۆچی ئەو ھەمووە توندوتیژی و دیمەنە جەرگبڕە بەدی دەکرێ لە فیلمەکانتدا؟ تارانتینۆش بە شێوازە شێتانە و سەیرەکەی خۆی پێی دەڵێ: چونکە زۆر خۆشە. پێشکەشکاریش دواتر دەڵێ: زۆر خۆشە؟ دەی ھیواخوازم چەند گەنجێك کە تەماشای فیلمەکانی تۆ دەکەن لە سەر جادە ڕۆژێك فەللاقەت بکەن. تارانتینۆ لە وەڵامدا دەڵێت: ئاخر ئەمە ئەو شوێنەیە کە تۆ تیایدا بەھەڵە چووی، تۆ باسی ژیانی ڕاستی دەکەیت، بەڵام من باسی جیھان و ژیانی ناو فیلم دەکەم، گەر باسی ژیانی ڕاستی دەکەیت با باسی ژیانی راستی بکەین، گەر باسی فیلمیش دەکەیت با باسی فیلم بکەین.


ئەم بابەتە 73 جار خوێندراوەتەوە