Omar_sharif.jpg

ژیانی عومەر شەریف دەكرێت بە فیلمێكی سینەمایی

فیلمێكی سینەمایی له‌سر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ئەستێرەی شاشەی میسری (عومەر شەریف) به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.

سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌ هونه‌رییه‌كان به‌رهه‌مهێنانى فیلمێكى سینه‌ماییان له‌سه‌ر ژیانى ئەكتەری میسری عومەر شەریف بڵاوكرده‌وه‌، به‌پێى هه‌واڵه‌كان چەند كەسانێكی شارەزا لە بواری فیلم و سینەما كاردەكەن بۆ درووستكردنی فیلمێكه‌، له‌ژێر ناونیشانی (The life and times of Omar Sharif).

هه‌ریه‌كه‌ له‌ دەرهێنەری میسری (مارك لوتفی) و (ئەكسل پیتەرسین)ی دەرهێنەری سویدی چوه‌نه‌تە قووڵایی ڕووداوەكان و كاریان لەسەر درووستكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتارییه‌كه‌ كردووه‌، كە چۆن توانی ببێتە كەسێكی جیهانی لە وڵاتانی عەرەبی و ئه‌وروپی سەرەڕای هەموو ئەو ململانێ سیاسییەی كەلە ناوچەكاندا هەبوون، بۆیە هەمیشە عومەر شەریف وەك دەروازەیەك دەبینرا لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا كە بە لێهاتوویی و بەهرەی هونەریی دەیتوانی خۆی لەگەڵ سیاسەتی گۆڕاوی هۆڵیوود و ڕۆژهەڵاتی ناوەند بگونجێنێت .

عومەر شەریف، ناوى ته‌واوى (میشێل دیمیتری شالهوب)ه‌و لە رۆژى 10/4/1932 لە شارى ئەسکەندەریە لە دایکبووە، لە رۆژى 10/7/2015 لە تەمەنى (83) ساڵى بە جەڵتەى دڵ لە شارى قاهیرە کۆچى دوایى کردووە، لە ساڵى 1954 تاکو ساڵى 2015 بەشدارى لە کارى هونەریدا کردووە و  یەكێك بووە لە ئەكتەرە بە ئەزموونەكانی شاشەی میسری و ئەستێرەیەكی دیاری هۆڵیوود، چه‌ند جارێك پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسكار، هەروەها توانیویه‌تى (3) خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ و خەڵاتێكی سیزار بەدەستبهێنێت.

Omar_sharif1


ئەم بابەتە 138 جار خوێندراوەتەوە