karem-dashte.jpg

جانتا

كەريم دەشتى

1

من هه‌میشه‌ خه‌ون به‌ جانتای سه‌فه‌ره‌وه‌

ده‌بینم 

سه‌فه‌ری دوور هێجگار دوور 

2

ده‌مه‌وێ ده‌ریا ببینم 

ده‌مه‌وێ بچمه‌ لای تبت سه‌رێ له‌ ده‌لایلاما بده‌م 

بچم له‌ ناو دڵی كه‌شمیر تۆزێ له‌ سه‌ر پشت ڕاكشێم 

له‌ مۆزه‌خانه‌ی میلانۆ سیمای دانتی به‌دی بكه‌م 

ده‌ڵێن ئێستاش چاوه‌ڕوانه‌ بیاتریس بگه‌ڕێته‌وه‌ 

3

ڤینیس پڕه‌ له‌ بازرگان 

به‌ڵام ته‌نها من یه‌ك بازرگان ده‌ناسم 

كه‌ شكسپیر بۆ تاهه‌تا له‌ ناو جانتای زه‌ینی ناوه‌ 

4

ئه‌و جانتایه‌ی من ده‌مه‌وێ پڕ كتێبه‌ 

له‌وه‌ته‌ی هه‌م كتێبه‌كان ده‌كه‌مه‌وه‌

ئه‌و جانتایه‌ ده‌ڵێی بنی له‌ ده‌ریایه‌

قه‌تاوقه‌ت كۆتایی نایه‌

5

یه‌كه‌م جانتا بینیبێتم جانتایێكی عوسمانی بوو 

له‌ ده‌ستی كابرایێكی باڵا به‌رزی ده‌رسیمی 

كۆڵان به‌ كۆڵان ده‌گه‌ڕا 

مناڵانی شاره‌كه‌می سوننه‌ت ده‌كرد 

ئێستاش هه‌ر جانتایێ كه‌ ده‌بینم 

بۆنی سپرتۆ ده‌كه‌م

بیرمه‌ یه‌كه‌م جار كه‌ چوومه‌ قوتابخانه‌ 

دایكم جانتایێكی له‌ په‌ڕۆ بۆ دروست كردم 

كه‌ به‌ ملم هه‌ڵده‌واسی ده‌تگوت كۆته‌ 

له‌و ڕۆژه‌وه‌ تاكو ئێستا هه‌ر فلیمێ 

په‌تی سێداره‌ی تێدابێ 

جانتای په‌ڕۆم بیردێته‌وه‌ 

7

زۆر جار كه‌ له‌ژێر ئاسمانی پڕ ئه‌ستێره‌ ڕاده‌كشێم 

بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ جانتایێكی گه‌وره‌م هه‌بێ 

به‌قه‌د داد و خۆزگه‌ و بریا 

هه‌رچی گوڵ‌ و شه‌ڕ و زوڵم و زۆری هه‌یه‌ 

هه‌مووی له‌و جانتایه‌ بكه‌م تووڕی هه‌ڵده‌مه‌ ناو ده‌ریا 

گوڵفرۆشێكم بینی عه‌تاری ده‌كرد له‌ شاران

ڕۆژێ رێی كه‌وته‌ به‌ر ماڵێ

كاتێ كه‌ جانتای كرده‌وه‌ 

ده‌تگوت عه‌تری لێ ده‌بارێ 

شووشه‌ عه‌تری ئاوای پێ بوو بۆنی ده‌گه‌یشته‌ ئاسمان

ئێستاش كاتێ كه‌ ده‌چمه‌وه‌ شوێنی جاران 

بۆنی ئه‌و عه‌تره‌ هه‌ر ماوه‌ 

9

یه‌كه‌م جانتا كه‌ به‌شانی خۆم دادابێ 

ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ به‌ قیتار چووم بۆ به‌غدا 

یه‌كه‌م كتاب كه‌ له‌ ناو جانتام دانابێ

كتێبی ئیسماعیل نامه‌ بوو 

10 

له‌ ناوه‌ندی قه‌یسه‌ری هه‌ولێر 

دوو كه‌سم دی به‌شه‌ڕ هاتن 

به‌جانتا له‌ یه‌كتریان ده‌دا 

11

یه‌كه‌م شه‌ڕ له‌سه‌ر جانتای ده‌سه‌ڵات بوو 

دووه‌م شه‌ڕ له‌سه‌ر جانتای پاره‌ بوو 

سێهه‌م شه‌ڕ له‌سه‌ر حیسابی جانتای 

مناڵانی قوتابخانه‌ بوو 

12 

مامۆستا هه‌میشه‌ ده‌یگوت 

ئه‌گه‌ر شتێكتان دۆزییه‌وه‌ بیده‌نه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی 

به‌ڵام من جانتایێكم دۆزییه‌وه‌ ڕوبعێكی تیا بوو 

سێ ده‌بده‌به‌ و قه‌ڵه‌مێك و 

سه‌موونێكی عه‌سكه‌ریم پێ كڕی 

13

له‌ لای ئاوباری مه‌وله‌وی ته‌نزیلات فرۆشێ هه‌بوو 

هه‌میشه‌ دوو جانتای پێ بوو 

پیێان ده‌گوت عومه‌ر جانتا 

14

حه‌مه‌ شێت پیاوێكی ڕیش سپی نوورانی بوو 

كه‌ ده‌گه‌یشته‌ دوكانی ئاسن و ته‌نه‌كه‌ی شار 

ده‌وه‌ستا و سه‌یری ده‌كردن 

به‌ڵام كه‌ ده‌گه‌یشته‌ دوكانی جانتافرۆشان 

ئاوڕی له‌ دواوه‌ ده‌دایه‌وه‌ و له‌به‌رخۆ قسه‌ی ده‌كرد


ئەم بابەتە 72 جار خوێندراوەتەوە