Aram_Rashid.jpg

ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەى ئەلیخاندرۆ زامبرا ده‌كرێت به‌ كوردى

دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان رۆمانى (ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە)ى رۆماننوس و چیركۆننوس شاعیر و نوسەرى چیلى ئەلیخاندرۆ زامبرا (Alejandro Zambra) دەکات بە کوردى.

وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە کارو پرۆژەیەکی نوێدا رۆمانى رۆمانى (ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە)ى ئەلیخاندرۆ زامبرا كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رگێڕى كورد (ئارام ره‌شید) چاپ بو بڵاوبكاته‌وه‌.

ئەلیخاندرۆ زامبرا، ناوێكى دیارى ئه‌مه‌ریكاى لاتینه‌ و له‌ رۆژى 24/9/1975 له‌ شارى سانتیاگۆ له‌ دایكبووه‌، ئه‌و جگه‌ له‌وه‌ى رۆماننوسه‌، له‌هه‌مان كاتدا چیركۆننوس شاعیر و نوسەرێكى لێهاتووه‌ و به‌ یەکێک لە باشترین ڕۆماننووسە گەنجەکانی گرانتا بە زمانی ئیسپانی هەڵبژێردراوە، لە لایەن جونۆت دیاز و دانیێل ئالارکۆنەوە ڕێزی لێ نراوە، له‌ ساڵى 2006 به‌ نوسینى ڕۆمانی (بۆنسای) خەڵاتی ڕەخنەگرانی چیلی پێدراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 2009 خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوى پێدراوه‌، لە ساڵى 2011 له‌لایه‌ن نوسەر و دەرهێنەر کریستیان خیمێنێز بە هەمان ناوەوە ڕۆمانەکەی کردووەتە فیلم.

سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕى رۆمانه‌كه‌ (ئارام ره‌شید) نوسیویه‌تى:

ئەدەبياتى ئەمەريكاى لاتين ئەدەبياتێكە پايەدار و زيندوو

ڕۆمانی "ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" دەربارەى ژيان، عەشق، تەنيايى، سياسەت، ڕابردوو، ئێستا و تەنانەت ئايندەشە. ڕۆمانەكە ڕەنگ و بۆى ئەمريكاى لاتينى پێوەيە و بەس؛ سادە و بێ هيچ گرێوگۆڵ و جوانكارييەك.

ئەم کتێبە لە چوار بەش پێك هاتووە: "كەسايەتييە لاوەكييەكان، ئەدەبياتى دايك و باوكان، ئەدەبياتى منداڵەكان، ئێمە سەلامەتين". چيرۆكەكە لە شەوى بوومەلەرزەكەى 3/3/1985ى سانتياگۆى پايتەختى چيللييەوە دەست پێ دەكات و لە بوومەلەرزەكەى 27/2/2010ى سانتياگۆ كۆتايى دێت، كە لەم نێوانەدا باس لە سەردەمى كودەتاى ژەنەراڵ ئاگۆستۆ پينۆشە دەكات بەسەر دەسەڵاتى سلڤادۆر ئاليندێ و هەروەها سەردەمى دەسەڵاتى خودى پينۆشەش، كە بە دروشمى "بنياتنانەوەى چيللى" بەسەر ئالێندى دا كودەتاى كرد، بەڵام دەرەنجام ئەويش وەكوو ديكتاتۆرێك درێژەى بە دەسەڵاتەكانى خۆى دا.

"ڕێگاكانى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" خەڵاتى ئەڵتازۆر و ئەدەبياتى ساوپاولۆ و پێنى ئينگليزى و باشترين ڕۆمانى ساڵى چيللى بۆ ساڵى 2012ی پێ بەخشراوە.

ئەلێخاندرۆ زامبرا نووسەری ڕۆمانی ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە ساڵى 1975 لە شارى سانتياگۆى وڵاتى چيللى لەدايك بووە. پێش تەمەنى چل ساڵيى يەكێك بووە لە ئەندامانى گرووپى "بۆگۆتا 39" كە بە باشترين نووسەرە لاوەكانى ئەدەبياتى ئەمەريكاى لاتين دادەنرێن. ئەمێستاش يەكێكە لە بەناوبانگترين نووسەرە ئيسپانى زمانەكان لە جيهاندا.

بەرهەمى نووسەرانێكى وەكوو ئەلێخاندرۆ زامبرا جەخت لەو ڕاستييە دەكەنەوە كە ئەدەبياتى ئەمەريكاى لاتين ئەدەبياتێكە پايەدار و زيندوو. ئەگەر ئەم ئەدەبياتە لە نيوقەڕنى ڕابردوودا لە ئاستى جيهانييدا بەردەوام جێى سەرنج بووبێت، تەنيا بەهۆى نووسەرانێكى گەورەى وەكوو بۆرخيس و ماركيز و كۆرتازار و يۆسا و فۆينتس و... نەبووە -كە تەنيا لەوانيشدا كورت نابێتەوە- بەڵكوو بەهۆى ئەو پرۆسێسە بەردەوامەوە بووە كە لە نەوەكانى دواتريشدا درێژەى پێ دراوە، تەنانەت ئەگەر غوولەكانيشى يەك بە دواى يەكدا ماڵئاوايى لە ژيان بكەن -كە كردوويانە- نووسەرانێكى لاو دێن و -كە هاتوون- ئەدەبيات بە تامى ڕۆژگارى خۆيان درێژە پێ دەدەن. نووسەرانێك كە دەزانن چۆن مەسەلەكانى پەيوەست بە كۆمەڵگەكەيان لەناو ئەدەبياتدا، بە تام و بۆى سەرزەمينەكانيان بگێڕنەوە و پێشكەشى خوێنەرانى سەرانسەرى جيهانى بكەن.

لە كتێبەكەوە:

هەروەكوو كلۆدیا دەیویست لە ماڵی دایك و باوكم دەمێنینەوە. كاتژمێر دووی نیوەشەو هەڵدەستم قاوە دروست بكەم. دەبينم دایكم لە ژووری دانیشتن ماتە دەخواتەوە. خوڵكی منیش دەكات، دەست نانێم بەڕوویەوە. بیر لەوە دەكەمەوە تا ئێستا تەنانەت یەكجاریش لەگەڵ ئەو ماتەم نەخواردووەتەوە. حەزم لە شیرینییەكەی نییە، بەڵام بەتووندی قووم لە قەسەبەكە دەدەم. زارم نەختێك دەكزێتەوە.

دایكم دەڵێت: "لێی دەترسام."

"لە كێ؟"

"ڕیكاردۆ... ڕودۆلفۆ..."

"ڕۆبەرۆتۆ."

"ئا، ڕۆبەرتۆ. دڵنیابووم كاری سیاسی دەكات."

"دایكە هەمووان كاری سیاسیان دەكرد. ئێوەش دەتانكرد، هەردووكتان. ئێوە بەبێلایەنیيتان پاڵپشتى دیكتاتۆريەت بوون." هەست دەكەم لەسەر زارم زرنگانەوەيەك، چاڵگەلێك، هەن. هەست دەكەم بەپێی بنەمای دەستوورێكی ڕەفتاريی قسە دەكەم.

"ئێمە، من و باوكت، هەرگیز نە لایەنگری ئالێندی و پینۆشە بووین، نە دژیان بووین."

"بۆچی لە ڕۆبەرتۆ دەترسایت؟"

"نازانم، ڕەنگە ترسیش نەبووبێت، بەڵام ئێستا خۆت دەڵێیت تیرۆریست بووە."

"تیرۆریست نەبوو. كەسانێكی لە ماڵەكەی حەشار دەدا، یارمەتی ئەو كەسانەی دەدا كە هەڕەشەیان لەسەر بوو. یاخود كۆمەكی بە ئاڵوگۆڕی زانیارييەكان دەكرد."

"بە بۆچوونی تۆ ئەم كارانە گرنگ نین؟"

"بە بۆچوونی من كەمترین كارە كە دەیتوانی بیانكات."

"ئەوانەی حەشاری دەدان تیرۆریست بوون. بۆمبیان دادەنا. پیلانی هێرشیان دادەڕشت. هەر ئەمە بۆ ترساندنی مرۆڤ بەسە."

: "باشە دایكە، بەڵام خۆ دیكتاتۆريەت هەر وا بەهەوانتە ناكەوێت. پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەيە."

"تۆ چی لەم باسانە دەزانیت؟ كاتێك ئالێندی سەرۆككۆمار بوو تۆ هێشتا لەدایك نەبووبوویت. خۆ ئەو ساڵانەی تریش شیرەخۆرە بوویت."


ئەم بابەتە 157 جار خوێندراوەتەوە