Kor.jpg

پلاتفۆڕمی دابڕان كۆڕێك بە ناونیشانی جینی خۆپەرست بۆ حوسەین ڕابی ساز دەكات

پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمينيزمى ڕۆشنگەريى، لەچوارچێوەی كاروچالاكیە بەردەوامەكانيدا، كۆڕێك بەناونیشانی (جینی خۆپەرست ( selfish gene)) بۆ نوسەر و  مامۆستای زانکۆ ( حوسێن ڕابی) ڕێكدەخەن.

كۆڕەكە رۆژی شەممە 8/5/2021 كاتژمێر (4)ـی پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی ڕۆشنگەريی چاودێر بەڕێوەدەچێت.

م. حوسەین ڕابی، مامۆستای زانكۆیە لە بەشی فیزیای زانكۆی سلێمانی و، یەكێكە لەو كەسە دەگمەنانەی ئامانجی كردنی زانست بە زمانی گشتی و گواستنەوەیەتی بۆ نێو خەڵكی. هەر بەم ئامانجە خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاو لە كتێبی زانستییە كە بەشێكی زۆریان وەرگێڕان و هەندێكیشیان نوسراوی خۆین. لە دیارترین ئەو كتێبانەی وەرگێڕانی بۆ كردوون ئەمانەن: وەڵامە كورتەكان بۆ پرسیارە گەورەكان (ستیڤن هۆوكینگ)، كورتیلەیەك لە مێژووی كات (ستیڤن هۆوكینگ)، ژیان چییە (ئێروین شرۆدینگێر)، جیهانبینی زانستی (بێرتراند ڕەسڵ)، سەرەتایەكی زۆر كورت بەرەو فەلسەفەی زانست (سەمیر ئۆكاشا) ... هتد.. وەك دیارە ئەم كتێبانە لە سەرچاوە زانستییە هەر دیار و جێی بایەخەكانن، هەبوونیان بە زمانی كوردی گرنگییەكی زۆری هەیە؛ لەو لایەنەوە كە خزمەت بە كتێبخانەی كوردی و زمانی زانستی دەكات، هەروەها، سەرچاوەگەلێكی بە نرخن بۆ ئەو خوێنەرانی پەرۆشی بابەتە زانستییەكانن و ناتوانن سەرچاوە ئۆریجیناڵەكان بخوێننەوە. لە لایەكی دیكیشەوە ئەمە هەوڵێكی گرنگە تا زانست بچێتە ناو مەعریفەی خەڵكی گشتییەوە. 

جینی خۆپەرست، ناونیشانی كتێبێكی نوسەر و زیندەزانی مەزنی بەریتانیی ڕیچارد داوكینسە، ئەم كتێبە لە ساڵی ١٩٧٦دا بڵاوكراوەتەوە. بە سوود وەرگرتن لە كارەكانی زیندەزانە ڕچەشكێنەكانی وەك داروین، واتسن و كریك، ڕیچارد داوكینس بە بڵاوكردنەوەی كتێبی جینی خۆپەرست  گۆڕانكاری گەورەی هێنایە ئاراوە لە تێڕوانینمان بۆ خۆمان و جیهانی دەوربەرمان. وای دابنێ، لە باتی ئەوەی زیندەوەرەكان جینەكان بەكار بهێنن بۆ زیادكردن، وەك لە كارەكانی مەندڵدا ئاماژەی پێكرابوو، جینەكانمان ئێمە دروست بكەن و بمانهێڵنەوە تا جینی زیاتر دروست بكەین. ئەم پێچەوانەكردنەوە سادەیە وا دەردەكەوێت وەڵامی زۆرێك لەو پرسیارانەی بداتەوە كە بۆ چەندین ساڵ زانایانی سەرقاڵ كردبوو، لە دوای ئەم كتێبەوە كەس بە شێوەی پێشوو سەیری پەرەسەندنی نەكردووەتەوە. داوكینس بە بەكارهێنانی نمونەی سەرنجڕاكێش لە هەموو بوارەكانی بایۆلۆجییەوە، ڕێگەی خۆشكرد بۆ دووبارەی هەڵسەنگاندنەوەی پەرەسەندن. هەروەها، چەمكی میمی داهێنا كە وەك دیارە ئێمەی مرۆڤ بەكار دەهێنن بۆ بڵاوكردنەوە خۆیان. بۆیە دەڵێـت "ئەگەر ئێمە بۆكەڵەش بین، ئەوا لانی كەم دەتوانین ئەو پەتانە بدۆزینەوە كە جوڵەمان پێ دەكەن.".

پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری وەرزێكی نوێی چالاكییەكانیان دەستپێكردووە بەناونیشانی (بانگەوازی دیالۆگە جیاوازەكان) لە (سەكۆی جیاوازی) تەنها پێوەریش دیالۆگی زانستی و رەخنەی ئازادە بۆ ئەوەی جوانیی جیاوازییەكان لەو سەكۆیەدا بخرێتەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە دوو كۆڕ و سیمینار لەسەر پرسە جیاواز و جێ بایەخەكان بۆ نووسەر و ئەكادیمی و رۆشنبیر و رۆشنگەرەكان رێكدەخات.

Kor1


ئەم بابەتە 138 جار خوێندراوەتەوە