Adonis.jpg

سه‌رپێیى

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

نازانم چۆن ستایشى ئه‌و كیشوه‌ره‌ بكه‌م

كه‌ لێوه‌ى هاتووم

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا

پێمخۆشه‌ سه‌پێیى بڵێم:

كیشوه‌رێكه‌

جه‌سته‌ى بۆ كارێك ته‌رخان كردووه‌:

به‌شێكیان، له‌گه‌ڵ به‌شه‌كه‌ى دیكه‌یدا كوشتار بكا.

*

تا ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ ئێستاش،

بێگومان نه‌بووم

كه‌ زستان له‌سه‌ر چرپاى زماندا به‌ رووتى ده‌خه‌وێ.

*

ده‌ریاچه‌كه‌

له‌ باوه‌شدا شه‌پۆلى ده‌دا

ئه‌وسا وه‌ستابووم له‌وه‌ى سه‌یرى رابردوو بكه‌م

به‌مشێوه‌یه‌، دوور له‌ عاده‌ت،

خۆشه‌ویستى ده‌ست پێده‌كا.

*

بۆى نووسى:

(چونكه‌ وێرایت و هه‌ڵه‌ت كرد،

له‌ هه‌موو هه‌ڵه‌كانت خۆش ده‌بم).

*

ماوه‌یه‌كه‌، شه‌و بۆم ده‌نووسێ،

ده‌یویست له‌گه‌ڵمدا بدوێ،

كاتیش بوارى نه‌ده‌دام.

دوێنێ، كاتم هه‌بوو، كاتێ بینیم،

نه‌یتوانێ ده‌م بكاته‌وه‌:

گه‌رووى پڕ ببوو له‌ گوڵێكى وشك

كه‌ باخچه‌ى رۆژ دركاندبووى.

*

خه‌ریك بوو عه‌قڵى ئه‌لیكترۆنیى

له‌ شارێكدا كه‌ خواوه‌ند پاسه‌وانێتى،

بته‌قێته‌وه‌،

كاتێ گوێى له‌ ترپه‌ى هه‌نگاوى ژماره‌كان بوو

له‌سه‌ر ئه‌و پرده‌ى بانكى رۆح و

شه‌قامى مادده‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ.

*

ئه‌رێ نه‌تبینى

چۆن ئاسمان پشتى تێكردین

كاتێ سوارى شه‌هابێكى سوور ببوو

له‌شێوه‌ى مووشه‌كێكى شێت؟

ئه‌رێ نه‌تبینى چیا و دره‌خت و ماڵه‌كان

له‌به‌رده‌مى ده‌نوشتانه‌وه‌

وه‌ك ئه‌وه‌ى زه‌وى ماچ بكه‌ن؟


ئەم بابەتە 150 جار خوێندراوەتەوە