Parya.jpg

کتێبی "گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا"

خوێندنەوە و وەرگێڕانی: پەریا پێشڕەو حەمە جان

کتێبی "گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا"  لە نووسینی بیرمەند و فیزیکزانی بەناوبانگ ستیفن هۆوکینگە و،  لە ساڵی ٢٠٠١دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە، گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا درێژکراوە و نوێکراوەی کتێبەکەی  پێشووی هۆوکینگە بە ناوی ''کورتەیەک لە مێژووی کات'' کە لە ساڵی ١٩٨٨ دا بڵاوکراوەتەوە.  لەم کتێبەدا هۆوکینگ خوێنەرەکانی بە دوا پێشکەوتنەکانی فیزیایی تیۆری، و ڕوونکردنەوە تیۆرییە ئاڵۆزەکان بە ڕێگایەکی ئاسان و زمانێکی سادە  دەناسێنێت. هۆوکینگ کە لە دوای تەمەنی ٢١ ساڵی تووشی نەخۆشی ALS بووە کە جۆرێکە لە نەخۆشی (Motor neuron disease) ئەم نەخۆشییە تووشی سیستمی دەماری مرۆ‌ڤ دەبێت و هیچ چارەسەرێکی زانراوی نییە. ئەم نەخۆشییە هۆوکینگی بە تەواوی ئیفلیج کردبوو، لەگەل ئەوەشدا ئەو بەردەوام بوو لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی لەبارەی تیۆری فیزییا و پێشکەشکردنی وانەی گشتی، و بە یەکێک لە گەورەترین فیزیکزانەکان دادەنرێت کە تا ئێستا ژیاوە.

ئەم کتێبە، لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ، مامۆستا حسێن ڕابی یەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

“گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا ”دابەش دەبێت  بۆ حەوت  ‌‌‌بەش. لە  بەشی  یەکەمدا، هۆوکینگ  تیۆری ڕێژەی تایبەت (١٩٠٥) و تیۆری ڕێژەی گشتی (١٩١٥) ڕوون دەکاتەوە وە هەروەها ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ئاینشتاین شێوەی بینینی گەردوونی گۆری، باسی پەیوەندی ئاینشتاین دەکات بە دروستکرنی بۆمبی ئەتۆمی:

"هەندێ لە خەڵک سەرزەنشتی ئاینشتاین دەکەن بەهۆی بۆمبی ئەتۆمییەووە، چونکە ئەو  دۆزەرەوەی پەیوەندی نێوان بارستای و وزە بوو، بەڵام ئەمە وەک ئەوە وایە سەرزەنشتی نیوتن بکرێت بەهۆی کەووتنەخوارەوەی فڕۆکەکانەوە، چونکە هێزی کێشکردنی دۆزییەوە. ئاینشتاین هیچ بەشدارییەکی لە پڕۆژەی مەنهەتندا نەبوو بەهۆی بۆردومانەکەوە زۆریش تۆقی.''

لە بەشی دووەمدا،  هۆوکینگ  درێژە بە تیۆرییەکانی ئاینشتاین دەدات و چەند ڕێگایەک پێشنیار دەکات کە تێیدا بە تیۆری کوانتەمی و گفتوگۆی کاتەوە بەستراون، و ڕوونی دەکاتەوە کە ''کات شێوەی هەیە.''

لە بەشی سێیەمدا، باس لە فرە مێژووی گەردوون دەکات، کە بەو تیۆرییانە دیاریکراون، و کاری ئێستا بەرەو ''تیۆرییەکی یەکگرتووە لە هەمووشت'' کە هەموو گەردوون روون دەکاتەوە.

بەشی چوارەم، دەکەوێتەناو خەیاڵی زانستیی و  لە داهاتوو دەڕوانێت و دەپرسێت کە ئایا دەتوانین  پێشبینی داهاتوو بکەین، و ئەگەر بتوانین، ئایا کونە ڕەشەکان  هەرەشەن بۆ سەرمان؟

لە بەشی پێنجەم، هۆوکینگ لە پێشبینی بۆ داهاتووەوە دەرواتە سەر دۆزینەوەی ئەگەری گەشتی کات. پێشنیار دەکات کە لە داهاتوودا، گەشتکردن بۆ رابردوو ئەگەرێک بێت،  ئەگەرێکی زۆر زۆر بچووک  بێت.

''ئەگەری ئەوەی (کیپ سۆرن) بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو باپیرەی خۆی بکوژێت کەمترە لە ١ لەسەر ١٠ و ترلییۆن ترلیۆن ترلییۆن ترلییۆن ترلییۆن سفر لە بەردەمیدا.''

بەشی شەشەم، سەیرێکی ئێستا و خێرای بەرەوپێشچوونی زانستی و تەکنەلۆجیا دەکات و چۆن ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر ئایندەی نەژادی مرۆڤ.

بەشی حەوتەم و کۆتا بەش و ئاڵۆزترین، هۆوکینگ باس لە تیۆری سترینگ (string theory) و جیهانی نوێیی توێکڵی دەکات (P –brane) . تیۆری (P –brane) وادادەنێت کە هەموو گەردوون لە ڕاستیدا تەنها هۆلۆگرامە، هۆوکینگ دەپرسێت: ''ئایا ئێمە لەسەر توێکڵێک دەژین یان تەنها هۆلۆگرامین؟''

لە ١٩٩٨، ستیفن هۆوکینگ، پرۆفیسۆری بیرکاری لە زانکۆی کامبریج، کورتەیەک لە مێژووی کاتی بڵاوکردەوە. یەکێک بوو لە سەرکەووتوترین کتێبە زانستییەکان کە تا ئێستا نووسراوە. گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا تەواوکەری کورتەیەکە لە مێژووی کات، بە پێچەوانەی کتێبی یەکەمەوە، تەواوکەرەکەی  کۆمەڵێک گرافیک و فۆتۆگرافی زۆر سەرنج ڕاکێش لەخۆ دەگرێت بۆ ڕوونتر نیشاندانی کۆنسێپتەکانی نێو تێکستەکە وە، هەر یەکێکیان ڕوونکردنەوەیەکی درێژکراوەی هەیە تا بۆ خوێنەر بابەتەکە ڕوونتر بێت. تێکستەکە زۆر بە کورت و پوختی باگراوند و دیوە زانستییەکەی کۆزمۆلۆجیی ئێستامان نیشان دەدات ، هەر بۆیە ئەو خوێنەرانەی کە کتێبی یەکەمیان خوێندۆتەوە، لە کتێبی دووەمیان زیاتر ڕازین.

هەمیشە دڵڕفێن و زۆرجار پێکەنیناوی و لە هەندێ کاتدا سەرسوڕهێنەر، گەردوون لە توێکڵە گوێزێکدا باس لە گەردوونێک دەکات کە وەکو کەرنەڤاڵێک وایە: هیچ شتێک بەڕاستی وەکو ئەوە نییە کە دیارە، نهێنییەکان شاراوەن بەهۆی مرۆڤەوە، لە کۆتای کتێبەکەدا خوێنەر بە تەواوی دڵخۆش دەبێت، وە سەرسام دەبێت بەوەی کە بەتەواوی چی ڕوودەدات. هۆوکینگ حەوت بەشی نووسی بۆ ئەوەی هەریەکە و بەجیا بخوێنرێتەوە، ئەمەش بێجگە لە دوو بەشی سەرەتا، کە بناغەی تیۆرییە گەردوونیە نوێیەکان ڕوون دەکاتەوە. بەم پێیەش، هەندێک دووبارە کردنەوە لە نێوانی بەشەکان هەیە، بەڵام ئەمە وا لە خوێنەر ناکات کە بێزار بێت، بەڵکو یارمەتیدەرێکی باشە بۆ زیاتر تێگەیشتن و ڕوونبونەوەی بابەتەکان لەلای خوێنەر. ئەم کتێبە بۆ هەموو خوێنەرێکە و بەم شێوەیەش هۆوکینگ ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبێتەوە کە ڕووبەڕووی هەموو خۆشەویستانی فیزیا دەبێتەوە. ئەو دەبێت ئەو تیٶریانەی کە لە سروشتدا ماتماتیکین بۆ ئەو خوێنەرانە ڕوون بکاتەوە کە پاشخانێکیان نیە بۆ بیرکاری و هاوکێشەکان. هەرچەندە چەند هاوکێشەیەک لەخۆ دەگرێت، بەڵام بۆ زۆرترین بەشەکان پشت دەبەستێت بە وەسف کردن و لێکچواندن، وە هەروەها زۆریش زیرەکە تێیدا. گرافەکان یارمەتیدەرن، بەڵام تەنانەت ئەو خوێنەرانەی کە دەتوانن شتەکان بهێننە پێش چاوی خۆیان، بۆ نمونە  دووریی یانزە ڕەهەندیی بۆشایی-کات (eleven-dimension space-time) یان لە دوو ڕەهەندی وێنەیەکدا بیناسنەوە، دەبێت ئەوە قبوڵ بکەن کە ڕێژەیەکیش پەیوەندیی بە باوەڕیانەوە هەیە، باوەڕ بە شتە زۆر سەرەتایی و ئاڵۆزەکانی وەک سترینگ تییۆری و، سوپەر سترینگەکان و، تیۆریی ئێم (M) و، سوپەر سیمێتری، کە تییۆریستەکان ئاشکرایان کردوون و دۆزیویاننەتەوە.

 ئەم کتێبە، بە یەکێک لە کتێبە باشەکان دەژمێرێت، و ڕونکەرەوەی زۆر پرسی ئاڵۆزی فیزیایی وردە.


ئەم بابەتە 72 جار خوێندراوەتەوە