Sarhad.jpg

ئیتر "حەب"ەکانم کەرت ناکەم!

سەرهەد هادی

پەخشانە سوورەت

١

تۆ نازانیت چەند نەخۆشم! دەمارەکان لە لاشەمدا نزیکن بەیەکجاریی وەک قامیشێک کە چیتر میھری ئاسمانی بەسەردا نەبارێ وشک بکەن و ئیدی دواجار خوێن نەتوانێ وەک جاران بە جۆگەڵەی دەمارەکانمدا بێت و بچێ!

ببینە چەند ماندووم، ئیتر ھێزی گرتنی پێنوسێکم نییە بۆ نوسینی دێڕێک، پێڵوەکانم بوونەتە بار بەسەر چاوانم، ئیتر چاوەکانیش ناتوانن ئەو ھەڵبگرن...! سەرینەکەم وەک ئەوەی تاقە ھاودەمی ئەزەلییم بێ، فرمێسکەکانم لە خۆیدا وشک دەکات... سەرین نەبوایە تەنهاتر دەبووم!

من سینگی خۆم کردبوو بە سەرینێک تا بە بەرکەوتنی ھەست بە ھەموو دونیا بکەیت ... ئەو کاتانەی لەسەر سینەم دەگریایت، سینەم وەک خاکێکی شەق بوو فرمێسک و دڵتەنگییتی نوقم دەکرد... بەڵام من ئێستا فرمێسکەکانم بە سەرینێک دەسپێرم کە زیاتر لە ئادەمیێک ھاودەممە!

 

٢

بیرتە ئەو رۆژانەی دەھاتیتە ماڵەوە وەک ئەوەی لە ئۆرکێسترایەک مۆسیقار بم، بە فلوت پێشوازی ھاتنەوەم دەکردیت... بەر لە ھەر شتێک ھەناسەکانم  بۆ خولقاندنی ئاوازی ھاتنەوەت شەپۆڵی دەدا... لێوەکانم لەسەر رۆخی فلوتەکە سەمایان بۆ ھاتنەوەی ماڵەوەت دەکرد!

بیرتە تاوێک سەمای بەندەرییم بۆ دەکردی، تاوێک سەمای ئەڤگانی، تاوێکیش دەستم لە ملی کەمانچەکەم دەکرد و بە ئاواز باسی تۆم بۆ خودا دەکرد، ئەوەی کە بە دەم بۆم نەدەگوترا بە ئاواز لە رۆحەوە بەیانم دەکرد... بەس من و خودا کەمانچەکەم ئەوە دەزانین!

بیرتە رۆژێک بازنگەیەکم لە تێلی سەنتورەکەم دروست کرد، کردمنە دەستی چەپەت، تۆ نەتدەزانی کە ئەو سەنتورە چ بە بەھا بووم لەلام، بەڵام تێلەکانییم ھەڵبچڕی و لە پێناو خۆشەویستیت لەناوم برد!

 

٣

بیرتە ئەو شەوانەی کە لەبەر ئازاری ئەندامێکی لاشەت خەوت لێ نەدەکەوت، شەوێک سوڕەتی "موززەمیل"م بەسەرتدا دەخوێندەوە، شەوێک گاتایەکی ئاڤێستاکەی زەردەشت و شەوانێکیش دوا بەشی ئینجیلەکەی یۆحەننام بەسەرتدا دەخوێندەوە... لە تاو ئازارت ببوم بە باوەڕداری ھەموو پەرستگایەک! بەڵکو خودا شیفات بدات!

 

٤

بیرمە کە دەمزانی حەز بە تێھزرینەکانی "ئیمانوێڵ کانت" دەکەی، ھەوڵمدەدا لە پێناو تۆ بیخوێنمەوە، تا ئەو شەوانەی کە ئازار ناھێڵێ بخەویت، بە کانت و "تێگە"کانی ئازارەکانت لە بیر بەرمەوە!  رۆژێک چووم و لە ھاوڕێیەک نەختێک پارەم قەرز کرد و کتێبێکی سپینۆزام بۆ کڕیت! بەڵام لە کۆتاییدا زانیم تۆ لەھەر کەسێک زیاتر دووریت لە کانت و لە سپینۆزاوە!

من چیم نەکرد بۆت؟! بێ ئەوەی ئەوکات پێت بڵێم، قژە درێژەکەم بڕی و بردم بۆ بڕێک پارە دام بە جەللادێک، تا پێڵاوێکی نوێی پێ بکڕیت! ئەو بڕە پارەیەی دەستم دەکەوت لەبری حەبەکەم "ئەملۆدیپایین"ی پێ بکڕم بێ ئاگاداربوونت دەمخستە جزدانەکەتەوە تا بتوانی لەگەڵ ھاوڕێکانت دەست بۆ گیرفانت ببەی! من حەبەکەم کە بەشی ھەفتەیەک دەبوو، دەمکرد بە دوو کەرت تا خەم لە دابینکردنی نەکەیتەوە! ئێستا چەند دڵتەنگم کە وام دەزانی خەمت لێم دەخوارد!

بەڵێ... ئیتر "حەب"ەکانم کەرت ناکەم!

 

٥

ئەرێ... بیرت نییە کە شەو نا شەوێک وەک باڵندەی "کووکابوڕا"ی "جەنناتی نەعیم" بە ھێزی خۆشەویستیت گۆرانییم بۆ دەچڕیت، دەتبینی کە چۆن چاوەکانم دادەخست و ھەموو ھێزم لە دەنگەژێکانم کۆ دەکردەوە... ئەو ساتانەی کە ھەیەجان دەبووم ئاوازە ئەبەدییەکانم پەی پێ دەبرد و وەک جادوگەرێک لە "وجود"م دەدزی!

من لە شەودا دەمتوانی ئازاری رۆژت لە بیر بەرمەوە... ئەو کاتانەی کە تۆ لەلام نەبوویت وەک "نەورەس"ێک خۆم بۆ ھاتنی شەو ئامادە دەکرد تا لە ئامێزم بتخەمە پنتێکی جەننەتەوە!

ئەو کاتانەی کە لەلام نەدەبوویت، سەیری گوڵدانەکانی حەوشەم دەکرد! ھەر گوڵدانێک، گەڵای ھەر نەمامێک رۆحی تۆیان لەسەرمدا دەنەخشاند، ئەوان کە بوونێکی مرۆڤانەیان نەبوو، منیان لە خەیاڵی مرۆڤێک نوقم دەکرد! بەڵام دواتر زانیم کە گوڵدانەکان من لە خەمی "مرۆڤێک" دەسوتێنن، کە قەت لە سوتان تێناگات... ئاخ... تۆ وەک گوڵدانێکیش راستگۆ نەبوویت!

 

٦

بەڵێ... من ئامادە نەبووم تەنانەت پاکیزەیی خۆم بخەمە دەستی ھیچ فریشەیەکی ئاسمان، بەڵام خستمە ژێر پەڵە ھەورێکی رەشی تۆوە، چەند سپڵە بوویت بێ بەزەییانە چێژت لە جەستەی خاوێنی من دەبینی، وەک ئەوەی مێشولەیەک بیت و لە بری خوێن، "چێژ" لە بوونمدا بمژی! وەک ئەوەی ئاسکێک بم تەنھا بۆ سەلماندنی ئازایەتیت شاخەکانم بشکێنی، وەک ئەوەی کیسەڵێکی کەم ئەزموون بم و تۆش وەک داڵێک لەبەرزترین لوتکە شاخ فڕێی بدەیتە خوارەوە و چێژ لە شکانی قەوغەکەی وەرگریت... تۆ جگە لە رنۆکێک ھیچی ترت نەبوو شانازی پێوە بکەی!

 

ئاخر ... من شانەھەنگی چ دارستانێک بووم، تا وەک ورچێکی دڕندە ڕنۆک و کەڵبەی لێ گیر بکەی... خۆ من من دەمویست بۆ تا ھەتایە وەک شاھەنگێک خۆشەویستیت لە ھەڵاڵەی ناسکترین گوڵەکانی ئەم گێتییە بۆ بکەم بە شانەی پڕ لە جیلوەی خۆشەویستی، بەڵام تۆ وەک کائینێکی بێ ویژدان، باڵەکانت شکاندم!

تۆ منت بۆ ئەوە ویست، تا ئارەزووی زایەندیت تێر بکەم... خۆ من دەمویست ھەمیش رۆحت تێر بکەم، بەڵام .... بەڵام... وەک ئەوەی من لە دۆڵێک بم و تۆ لە ھەزار دۆڵ، کە باسی رۆحم بۆ دەکردیت، تۆش باسی ئەو سینەیەت دەکردم کە ماوەیەک بوو نەیدەتوانی وەک بەرخێک شیر بخاتە قورگتەوە!

من باسی گوڵم بۆ دەکردیت، تۆش وەک ئەوەی قەت گوڵت ناز نەکردبێ، دەتگوت کوڵمەکانت جوان نەماون! ئاخر من کە ھەموو جوانییم لە پێناوت دانابوو، چۆن داچۆڕانی روخسارێک، شەرمەزاری نەدەکردی؟! بەڵام نا وەک "مەسیح" فەرمووی؛ ئەوەی لە جەستە لە دایک بێ جەستەیە!

 

٧

من ھەموو دونیای خۆمم جێھێشت تا لە دونیای تۆدا گەورە ببم، بەڵام قاچەکانت شکاندم، وەک پەپوولەیەک کە لە کوێستانێکەوە بۆ تاوێک دابەزیبێت باڵەکانییت وەراند! من ئەو پەڕاسێلکە کۆچەرییە بووم، لە کەونارایەکی دیکەوە ھاتم تا بەھارت جوانتر بکەم، بەڵام تۆ منت لە پایزی خۆتدا کوشت!

من وەک مەلێک ھەورم لەسەر خاوێنترین دەریا دەھێنا تا بەسەر پەنجەرەی ماندووت داببارێ، بەڵام تۆ ئاوەکەت کۆ کردەوە و کردت بە لافاوێک بۆ خنکاندنم!

ئێستا زیاتر لە جاران پەنجەکانی دەستم وەک بەفرێکی سامناک سپی ھەڵدەگەڕێن و خوێن بۆ ساتگەلێک لێی دەتۆرێ، من خەونم بەوەوە دەبینی کە تۆ پەنجەکانم بە دەستت گەرم دەکەیتەوە و ناھێڵیت خەم و سەرما سڕم بکەن، بەڵام وات نەکرد ... منت تەسلیمی چاڵی زەمھەریر کرد!

 

٨

راستە من روخسارێکی زستانییم ھەیە، وەک ئەوەی لە توخمی ئاووھەوای "خابارۆڤسک"بم... بەڵام رۆحێکی ھاوینە لەو جەستە، لەو شێوە زستانییەمدا دیل ببوو! کەچی خەڵک منیان وەک ئەو پەنگوینە دەھاتە بەرچاو کە لە زستاندا ناز بەسەر سەرمادا بکات، بەڵام نا... ئەوان نەیاندەزانی زەمەنێکە زستان لە من بۆتە تارماییەکی بەرجەستە! بە ساردییەکەی من دەکوژێ!

باران و بەفر ھەموو شتێکی زیندوو دەکردەوە تەنھا من نەبێ ... من بووم کە بە ئەسپایی پێی دەمردم! دەمێک بوو لە دەنگی ھەورەبروسکە نەدەترسام، ئاخر وەک ئەوەی زیندانێکی ئەبەدی زستان بم، راھاتبووم بە ھەموو ئازارەکانی، شەوە درێژەکانی بڕستیان لێ بڕیبووم!

من لە ھاویندا دەمتوانی وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژیم، وامدەزانی بە لەگەڵ تۆبوون، زستانم دەکەیت بە ھاوین، بەڵام تۆ ھاوینی منت لە زستانی خۆتدا کوشت، ئیتر من  خەریکبوو وەک "کۆتری ڤیکتۆریا" لە ھەناوی سەھۆڵبەندانێک پەنجەکانم رەشداگەڕێن!

 

٩

رۆژێک خەیاڵم دەکرد کە  "ئێدوارد جێنەر" لە گۆرەکەی بە ئاگا دەھێنیت بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ "ریناودفینۆمینا"کەم بدۆزێتەوە...! خەیاڵم دەکرد، کە لە "مۆسکۆ'یت و خەریکی کڕینی گۆرەوییەکی سوفیت لەسەرای شاردا، تا پێیەکانم لە ساردیدا بێ خوێن نەبن... لای ئەو کچە لاوەی کە لە چوارڕیانێک ڕاوەستابوو پەنجەوانە چنراوەکەییت لێ کڕی تا پەنجەکانم لە زستاندا بێ خوێن نەبن!

چوویت و ئەو پاندانەت کڕی کە کوردێکی سۆڤییەتی پۆشتە لە شووشەی جامخانەکەی داینابوو، دەتکڕی و دەتگوت ئەوە بۆ هاوژینەکەمە تا یاداشتەکانی سەر لەنەوێ لەگەڵ من بە مەرەکەبێکی تر بنووسێتەوە!

بەڵام... ئەفسوس هەر خەیاڵ بوو! چیڕۆکی دوو ساڵ پێکەوە بوونت کرد بە دۆزەخێک لە یادگەمدا ... لە بەرزەخیش بیرم نەچێتەوە!

 

* وێنه‌كه‌ تابلۆیەی شێوەکار(رەوەند جەعفەر)ه‌.


ئەم بابەتە 349 جار خوێندراوەتەوە