The_Devils_Advocate.jpg

فیلمی پارێزەری شەیتان و لەدەستدان

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی The Devil’s Advocate فیلمێکی ئەمریکیی ساڵی ١٩٩٧ە لە جۆری سوپەرناچراڵ/ترسناک. لە دەرهێنانی تایلەر هاکفۆرد و لە نوسینی بە هاوبەشیی تۆنی گیلرۆی و جۆناسان لێمکینە و، لە ڕۆمانێکی ئەندرو نەیدەرمان وەرگیراوە کە بە هەمان ناو لە ساڵی ١٩٩٠ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کییانو ریڤس، ئاڵپاچینۆ، چارلیز سێرۆن لەو ئەکتەرە سەرەکییانەن کە ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ماوەی فیلمەکە ١٤٤ خولەکە، لە بارەی پارێزەرێکی زۆر سەرکەوتوی فلۆریداوەیە بە ناوی کێڤن کە بانگێشتی نیویۆرک کراوە بە مەبەستی کار کردن بۆ کۆمپانیایەک، خاوەنی کۆمپانیاکە پیاوێکی نا ئاساییە بە ناوی جۆن میڵتن کە ئەکتەری بە توانا ئاڵپاچینۆ ڕۆڵی دەگێڕێت.  پاش ماوەیەک کێڤنی پارێزەر هەست دەکات کە هاوسەرەکەی گۆڕاوە و شتی ترسناک دەبینێت کە شتی نا ئاسایین و خەڵکیتر نایانبینن. هێواش هێواش پارێزەرەکە بۆی دەردەکەوێت کە خاوەن کۆمپانیاکە کەسێکی ئاسایی نییە وەک دەر دەکەوێت، بەڵکو شەیتانە لە ڕاستیدا.

The Devil’s Advocate2

کارەکتەری پاچینۆ (شەیتان) دەوری پارێزەرێکی مرۆڤ دەبینێت کە بە ناوی نوسەری کتێبی بەناوبانگی Paradise Lostەوە ناو نراوە جۆن میڵتن. لە نێو چیرۆکەکەشدا چەندین ئاماژە هەیە بۆ داستانەکەی میڵتن و، ئینفێرنۆی دانتی ئەڵیگێری و، ئەفسانەی دکتۆر فاوست. فیلمەکە ریڤیوی جیاواز جیاوازی هەبوو لە لایەن ڕەخنەگرانەوە بەڵام، بە گشتی زۆر ستاییشی ڕۆڵ بینینی پاچینۆ کراوە. براوەی خەڵاتی Saturn Award for Best Horror Film یە بۆ باشترین فیلمی ترسناک.

تایلەر ئێدوین هاکفۆردی دەرهێنەری بەڕەگەز ئەمریکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٤ە، وە هەروەها سەرؤکی پێشووی Directors Guild of America بووە. خەڵاتی Academy Award  ی بردووەتەوە بۆ باشترین کورتە فیلمی ئاکشن کە فیلمی Teenage Father 1979 بوو. هاکفۆرد بەردەوام بوو لە دەرهێنانی ژمارەیەک فیلمی ئاست بەرز، لە دیارترین کارەکانی هاکفۆرد: Officer and a Gentleman 1982, Ray 2004 کە دواتر بەهۆیەوە پاڵێورا بۆ خەڵاتی Academy Award  دانەیەک بۆ باشترین دەرهێنەر و، دانەیەکی تریش بۆ باشترین وێنە.

 The Devil’s Advocate1

چیرۆکی فیلمەکە:

کێڤن لۆوماکس پارێزەرێکی زۆر سەرکەوتوی فلۆریدایە، کە هەرگیز هیچ کەیسێکی نەدۆڕاندووە، لەکاتی بەرگریکردنیدا لە مامۆستایەکی قوتابخانە بەناوی لۆید گێتیس، کە تۆمەتبار کرابوو بە دەستدرێژیکردن بۆ سەر منداڵ،  کێڤن درەنگ بۆی دەردەکەوێت کە بریکارەکەی بەڕاستی تاوانبارە. هەرچەندە لاری وارنسی پەیامنێریش ئاگاداری دەکاتەوە کە بەرگری کردن لە تاوان مایەی لێخۆشبوون نییە، کێڤن هەر بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکەی خۆی و پشتگیری کردنی تاوانبارەکە، لە پاش ململانێیەکی زۆر سەخت کێڤن هەموو بەڵگەکانی تاوان لێکراو لەناودەبات و بێتاوانی بۆ بریکارەکەی خۆی فەراهەم دەکات.

پاش ئەو رووداوانە نوێنەری دامەزراوەیەکی یاسایی نیویۆرک پێشنیاری کارێک بۆ کێڤن دەکات بە بڕە پارەیەکی ئێجکار زۆر، ئەگەر بچێت بۆ شاری نیویۆرک و ببێتە یاریدەدەری لیژنەیەکی دادوەری لە دامەزراوەیەکی یاسایدا. سەرۆکی دامەزراوەکە جۆن میڵتن بڕە پارەیەکی خەیاڵی دەخاتە بەردەم کێڤن لەگەڵ شوقەیەکی زۆر کوالێتی بەرز، لەبەرامبەریشدا داوا لە کێڤن دەکات بە فەرمی بێتە ناو دامەزراوەکەیانەوە. کێڤن کارەکە قبوڵ دەکات و، خۆی و ماریئانی هاوسەری لە مانهاتن جێگیر دەبن. ئیدی لەدوای ئەوە زۆرینەی کاتەکانی لە شوێنی کارەکەی بەسەر دەبات و بەبەردەوامی کار دەکات و ماریئانی هاوسەری بەتەنها جێدەهێڵێت و وای لێدەکات زۆر هەست بەتەنهایی بکات. پاش ماوەیەک دایکی کێڤن سەردانیان دەکات و پێشنیار دەکات هەردوکیان بگەڕینەوە بۆ شارەکەی خۆیان، بەڵام کێڤن ڕەتی دەکاتەوە و بەگوێی ناکات.

جۆن میڵتن کەیسێکی زۆر سەخت دەداتە کێڤن ئەمەش وا دەکات تەنانات کاتی کەمتریش بێتەوە لەوەی هەیبوو بۆ خێزانەکەی و زیاتر لە یەکیان دوور دەخاتەوە ئەم دوورخستنەوەیە لە بەرژەوەندی خۆیی بەکار دەهێنێت و لە ڕێگەی فێڵ و هێزی فریودانەوە کارەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز و ترسناک دەگەنە شوێنێکی غەمگین، دەگەنە لەدەستدان و پەشیمانی قوڵ.  ماریان لە ژوورێکدا خۆی دەکوژێت و کیڤن هەڵچو بێتاقەت و شکست خواردوو دەگاتە کۆتایی یارییە تەلیسماوییەکەی جۆن میڵتن.

ڕەهەندە سایکۆلۆژییە فراوانەکەی پشت ئەم فیلمە وایکردووە ئێجگار جێگەی فگتوگۆ و ڕامان بێت و براوەی زیاد لە خەڵاتێک بێت لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا.


ئەم بابەتە 116 جار خوێندراوەتەوە