Babak.jpg

سینەماکارێکی ئێرانی لە لایەن باوکییەوە کوژرا

درەهێنەرێکی ئێرانی بەناوی بابەک خوڕەمدین دوای ئەوەی بە دەرمان بێهۆش دەکرێت، لەلایەن باوک و دایکییەوە دەکوژرێت و پارچەپارچە دەکرێت.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ له‌ ئێران هه‌واڵى دۆزینەوەی تەرمێكی شێوێندراوی پیاوێکیان لەناو زبڵدانەکانی گەڕەکێکی تارانی پایتەختی ئێران بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ پۆلیسی تاوانەکانی تاران ئاشکرایکردووه‌، کە تەرمەکە هی دەرهێنەرێکی ئێرانی بووە بەناوی ‘بابەک خوڕەمدین‌

سه‌باره‌ت به‌هه‌مان هه‌واڵ محەمەد شەهریاری سەرۆکی دادگای تاوانەکانی تاران، هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "تەرمی ئەم کەسە لە گەڕەکی ‘ئکباتان‌ دۆزراوەتەوە و دوای پشکنین و لێکۆڵینەوە ئاشکرا بووە کە لەلایەن باوک و دایکییەوە کوژراوە.

شەهریاری ڕاشیگەیاندووە کە دوای دەستگیرکردنی باوک و دایکی ئەم دەرهێنەرە ئێرانییە، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لە ئێستادا دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لێدەکرێت.

لە سەر چۆنییەتی ئەو تاوانەش ڕایگەیاند: دایک و باوکی بابەک، دوای ئەوەی  بە دەرمان کوڕەکەیان بێهۆش دەکەن، دەیبەنە ناو حەمامی ماڵەکەیان، بە چەقۆ دەیکوژن و تەرمەکەی پارچە دەکەن و دەیکەنە جانتایەکەوە و فڕێدەدەنە ناو زبڵدانەکانی ناو گەڕەکی ئکباتانەوە.

ئاژانسێکی ئێرانیش، لەسەر هۆکاری ئەو کوشتنە نووسیویەتی: باوکی بابەک لە دانپێدانانەکانی وتوویەتی کە لەسەر زگوردی بوون (ژن نەهێنان)ی بابەک کیشەیان هەبووە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەمە تەنیا هۆکاری ڕوودانی ئەو تاوانە بێت یان نا.

بابەک خوڕەمدین لە ساڵى 1975 له‌ شارى تاران له‌ دایكبووه‌ و خاوەنى بڕوانامەی باڵای سینەمایە لە زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران و هاوکات لە لەندەن درێژەی بە خوێندن لە بواری سینەما داوە.

یەکێک لە گرنگترین کارە سینەماییەکانی فیلمی (شینێک بۆ یاشار)ە کە باسی ئەزموونی ژیانی دەورانی خوێندکاریی خۆی لە دەرەوەی وڵات دەکات.

 


ئەم بابەتە 92 جار خوێندراوەتەوە