Roza.jpg

هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەو ژنەى کە ناکوژرێ

نزار قەبانی - وەرگێڕانی: رۆزا حەمە ساڵح

-١-

بەڵێنم پێدایت

 خۆشم نەوێیت

بەڵام لە بەردەم  ئەو بڕیارە گەورەیەدا

ترسنۆک بووم!

 

بەڵێنم دا نەگەرێمەوە و گەڕامەوە!

لە پەرۆشیم بۆت نەمردم و مردم!

چەند جارێك بەڵێنم دا و

چەند جارێك بڕیارم دا

 بکشێمەوە

بیرم نایە  کە پاشەکشەم کردبێ.

 

-٢-

 بەڵێنی زۆر شتی لە خۆم گەورەترم دا..

بڵێی سبەی ڕۆژنامەکان چیم لە بارەوە بنوسن؟

بە دڵنیایەوە 

دەنوسن  شێت بووم..

بەدڵنیایەوە 

دەنوسن  خۆم کوشتووە..

بەڵێنم دا 

لاواز نەبم  و بووم!

شیعر بۆ چاوەکانت نەنوسم و

نوسیم!

بەڵێنم دا 

وا نەکەم و 

وا نەکەم..

کاتێك کە زانیم  چەند گەمژەم،

 پێکەنیم.

  

-٣-

بەڵێنم پێدایت 

کە ھیچ بایەخ بە قژت نەدەم

کاتێ بە لامدا تێدەپەڕێ

کاتێ بە سەر شۆستەکەدا

 وەكو شەو شەپۆلی دا..

ھاوارم کرد..

بەڵێنم پێدایت

چەند تامەزرۆش بم

چاوەکانت فەرامۆش بکەم 

بەڵام کە دیتم

ئەستێران دەبارێنن 

ئاھێکم ھەڵکێشا..

بەڵێنم پێدایت

  نامەی خۆشەویستیت 

بۆ نەنوسم

وەلێ، بە دەست خۆم نەبوو 

ھەر نوسیم

 

بەڵێنم پێدایت 

لە ھیچ شوێنێک نەبم کە تۆی لێ بێت

بەڵام کە زانیم

بانگھێشت کراوی بۆ ئێوارە خوانێک

چووم..

بەڵێنم پێدایت

خۆشم نەوێیت 

چۆن؟

لە کوێ؟

لە چ ڕۆژێکدا بەڵێنی وام پێ داویت ؟

من بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە  

درۆم کردووە،

سوپاس بۆ خوا

 درۆم کردووە.

 

 -٤-

بەڵێنم دا

لالووتانە

گێلانە

ھەموو پردەکانی پشت خۆم

بڕوخێنم،

بە نھێنی بڕیارم دا، ھەموو ژنەکان بکوژم و

شەڕت لە گەڵتدا بەرپا بکەم،

کاتێكیش چەکم دژی مەمکەکانت  بەرزکردەوە

ھەڵ ھاتم..

کاتێك ھەردوو دەستی ئاشتیتم بینی

تەریقبوومەوە!

بەڵێنم دا

وا نەکەم و وا نەکەم!

دواتر ھەموو بەڵێنەکانم دوکەڵ بوون 

دام بە دەم باوە.

 

-٥-

بەڵێنم پێدابووی

 شەو تێلت بۆ نەکەم. 

 ئەگەر نەخۆش کەوتیت، بیرت لێ نەکەمەوە و

لە خەمتا نەمێنمەوە و

گوڵت پێشکەش نەکەم و

دەستەکانت ماچ نەکەم..

بەڵام شەوانە تێلم بۆ کردی..

سەرباری ئەوەش

گوڵم بۆ ناردی..

سەرباری ئەوەش

نێوان ھەردوو چاوتم ماچ کرد،

 ھەتا تێربووم..

بەڵێنم دا

وانەکەم و وانەکەم ..

کە زانییم چەند گێلم، پێکەنیم..

 

-٦-

بەڵێنم دا

پەنجا جاران، سەرت ببڕم 

بەڵام کە بینیم جلەکانم 

خەڵتانی خوێنە 

دڵنیابووم  خۆم سەربڕاوم..

ھەرگیز بە ڕاستی لێمی وەرمەگرە..

چەند توڕەبم و

چەند ھەڵبچم و

چەند دابمرکێمەوە..

من بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە  

درۆم کردووە..

سوپاس بۆ خوا 

درۆم کردووە.

 

 -٧-

بەڵێنم پێدایت 

یەکسەر کۆتایی بە ھەموو شتێ بێنم

بەڵام کاتێ بینیم

فرمێسك بە خوڕ 

لە چاوانتەوە دادەبارێ،

پەشۆکام..

کاتێ بینیم

چانتاکانت پێچاوەتەوە،

ئەوسا دەرکم بەوە کرد

تۆ بە ئاسانی ناکۆژرێیت..

 تۆ نیشتمانی.. 

تۆ خاو و خێزانی..

تۆ ئەو قەسیدەیەیت

پێش خەلق ھەیت، 

تۆ دەفتەرەکانی..

تۆ ھات و چۆیت..

تۆ منداڵیت..

 

تۆ ترۆپکی سرودەکانیت..

تۆ حەمد و سەنایت..

تۆ ڕۆناکی پرژێنیت..

تۆ پەیامبەریت..

 

 -٨-

بەڵێنم دا..

چاوەکانت لە دەفتەری

 یادگارییەکانمدا بسڕمەوە،

نەمدەزانی بەو کارەم ھەموو ژیانم دەسڕمەوە

دەشمدەزانی

-سەڕەڕای ناکۆکیە بچووکەکانی نێوانمان-

تۆ منیت و

منیش تۆم

بەڵێنم پێدایت 

 خۆشمنەوێیت

-چەند دەبەنگ بووم-

چیم بە خۆم کرد؟

من بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە  

درۆم کردووە..

سوپاس بۆ خوا

 درۆم کردووە..

 

-٩-

بەڵێنم پێدایت

لە دوای پێنج خولەك لێرە  بڕۆم ..

بەڵام... بۆ کوێ بڕۆم؟

شەقامەکان بە باران شۆراونەتەوە..

 بچمە کوێ؟

ھەموو قاوەخانەکانی شار سیخناخن بە بێزاری..

چۆن بە تەنیا  دەریا تەی بکەم؟

کە تۆ دەریا بیت و تۆ کەشتی بیت و

تۆ سەفەر..

ئایە دەکرێ بۆ ماوەی دە خولەکی تر،

تاکو بارانەکە دەوستێ، بمێنمەوە؟

 دڵنیابە، پاش ڕەوینەوەی ھەورو

ھێوربوونەوەی ڕەشەبا

منیش دەڕۆم..

دەنا.. ئەمشەو میوانی تۆم

تا  ڕۆژ دەبێتەوە..

 

-١٠-

بەڵێنم پێدایت

جاری دووەم وەک شێت

 خۆشم نەوێیت

وەك چۆلەکە

 پەلاماری 

دار سێوە بەرزەکەت

 نەدەم..

کاتێ دەنوویت

قژت شانە نەکەم

ئەی پشیلە گران بەھاکەم

 

بەڵێنم پێدایت

ئەوەی ماومە لە عەقڵم، 

نەیفەوتێنم

کاتێ 

ئەستێرەیەکی پێ پەتی 

دەکەویت بە سەر جەستمدا

چڵەوی شێتێتیم بگرم

ئێستاش دڵخۆشم بەوەی

کە ھێشتا زۆر توندڕەوم

کاتێك خۆشەویستی دەکەم

ڕێك وەك جاری پێشوو.

 

 

 

-١١-

بەڵێنم پێدایت 

بەدرێژایی ساڵێک،

خۆشەویستیت بۆ دەرنەبرم..

بە درێژایی ساڵێک

دەموچاوم لە ناو

دارستانی  قژتا

نەشارمەوە..

بە درێژایی ساڵێك

 گوێچکەماسی

لە كەناری چاوەکانتدا،

ڕاو نەکەم..

ئەدی من چۆن

قسەی وا  نەشیاوم  کردووە

کە چاوانت، دیارمە و

دارولسەلامە.

چۆن ڕێگەم بە خۆمدا

ھەستی مەرمەر،

بریندار بکەم؟

کە نان و

نمەک و

شەراب و

گمەی کۆتر

من و تۆ کۆدەکەنەوە

کە تۆ

سەرەتای لە ھەموو شتێکدا و

کۆتایی

ھەموو شتەکانیت.

 

 -١٢-

بەڵێنم پێدایت

 نەگەرێمەوە و

گەڕامەوە!

لە پەرۆشیم بۆ تۆ، نەمرم و 

مردم!

بەڵێنی زۆر شتی لە خۆم گەورەترم دا،

ئای چیم بە خۆم کرد؟

من بەوپەڕی ڕاستگۆیمەوە  

درۆم کردووە..

سوپاس بۆ خوا

 درۆم کردووە.


ئەم بابەتە 182 جار خوێندراوەتەوە