Wolfgang_Borchert.jpg

بۆ یادی سەد ساڵەی ڤۆڵڤگانگ بۆڕشێڕت

ڕێبین حەمەئەمین

ئەو زەمەن و شوێنەی (ڤۆڵفگانگ بۆڕشێڕت)ی تێدا ژیا، لە خراپترین زەمەن و شوێنەکان بوون. تەمەنی تەنیا پازدە ساڵان بوو، ئەو کاتەی  دەستی بە نووسینی شیعر کرد، ئەوەش ئەو  کاتە بوو کە پارتی ناسیۆنالیستی کرێکاری ئەڵمانی (نازی) دەسەڵات دەگرێتە دەست و پاش شەش ساڵ لەو ڕوداوەش، ئەڵمانیا، بەدیاریکراوی هامبۆرگ، ئەو شوێنەی (ڤۆلفگانگ بۆڕشێرتی)ی تێدا لە دایک و بوو، ڕووبەڕووی جەنگێکی سەخت دەکاتەوە.

 ڤۆڵفگانگ بۆڕشێرت لە ٢٠.مای ١٩٢١ وەک تاقانە منداڵی پیاوێکی مامۆستا و ژنێکی نووسەر لە هامبۆرگ لەدایک دەبێت. لە تەمەنی هەژدە سالیدا لە یەک کاتدا لە خوێندنگەی پیشەیی بەشی کتێبخانە، وەک کتێبفرۆش و بەشیوەیەکی تایبەت بۆ شانۆ دەست بەخوێندن دەکات. بەڵام پاش یەک ساڵ دەست لە خوێندنی پیشەیی هەڵدەگرێت. هەر لەو ساڵەدایە لەبەر هاوسۆزی  ڤۆڵڤگانگ بۆرشێڕت  بۆ هاوڕەگەزخوازەکان  یەکەمین جار لە ژیانیدا خۆی لە زینداندا دەبینێت، کە ئەوەش کۆتا جار نابێت. کاتێک تەمەنی دەبێتە بیست ساڵ، خوێندنی شانۆ تەواو دەکات و دەبرێت بۆ سەربازی زۆرە ملێ، کە ئەوکات دەسەڵاتی نازی لەوپەڕی دڵڕەقی خۆیدا بوو.

 هیچ شتێک بۆ ئەو هێندەی سەربازیکردن زەحمەت نەبوو، نەک تەنیا لەبەرئەوەی ڤۆڵڤگانگ لەڕووی دەروونییەوە ئامادەیی سەربازی بوونی تێدا نەبوو، بەڵکو لەبەر دڕەندەیی دەسەڵاتی نازی و کۆمەڵکووژی جولەکەکان و دگیرکردن و ئەتکردنی میلەتانی تر، کەئەوەش پێچەوانەی باوەڕ و بنەما ڕەوشتییەکانی ئەو بوو، وە لە سەرجەم  نووسینەکانیشدا ڕەنگیداوەتەوە و بەڕاستیش باجی بۆ داوە. ئەو بە نووسینی شیعر دەستی پێکرد، حەزێکی زۆریشی بۆ شانۆ هەبوو، بەڵام دەسەڵاتی نازی ئەو خەونەی ڤۆڵفگانگی لەناوبرد و ڕاپێچی سەربازی زۆرەملێی کرد. سەربازی لە ژیانی ئەودا، ئەگەرچی بووە هەوێنی چەندین کاری ئەدەبی جوان، بەڵام ژیانی ئەوی وەک مرۆڤێکی ئاسایی کۆتایی پێهێنا. ساڵێک تێپەڕدەبێت لە ژیانی سەربازی ئەو، کە بەئەنقەست دەستی خۆی کۆڵەوار دەکات، تاوەکوو مۆڵەتی بدەنێ لە ڕوسیاوە بگەڕێتەوە وڵاتەکەی بەمەبەستی چارەسەر، بەڵام نەک هەر مۆڵەتی نادەنێ، بەڵکو بە تۆمەتی فێڵکردن دەخرێتە زیندان. ژیانی لەڕووی دەروونییەوە تا دەهات خراپتر دەبوو، هەتا بە تۆمەتی ترسنۆکی جارێکیتر دەخرێتەوە زیندان. پاش ئەوەی لەبەرەکانی جەنگەوە چەندین نامە بۆ هامبۆرگ دەنێرێت و تێیدا ڕەخنە لە سەرکردەی نازی ئەدۆلف هیتلێر دەگرێت، ئاشکرا دەبێت و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت. بەڵام بەهۆکارێک فەرمانەکە جێبەجێ ناکرێت. هۆکاری جێبەجێنەکردنی فەرمانەکە لە هیچ سەرچاوەیەکدا  بەتەواوی ڕوون نییە. هاینریش بوێڵ لە ووتارێکدا هۆکاری جێبەجێنەکردنی فەرمانەکە، بۆ تەمەنی ڤۆڵفگانگ دەگێڕێتەوە، کە ئەوکات تەنیا بیست ساڵان بوو. سەساڵی ١٩٤٢ بەیەکجاری لە زیندان دێتەدەرە و دەبرێتەوە ڕیزەکانی سوپا.

ڕوسیا سارد بوو بۆ ئەو، قاچەکانی توشی نەخۆشی بوو، لەوەوە توشی تایەکی بەهێز دەبێت، ڕەنگی بەیەکجاری زەرد هەڵدەگەڕێت.

کاتێک بەهاری ساڵی ١٩٤٣سوپای ئەڵمانیا بەبێ هیچ بەرگرییەک فرانکفۆرت دەدات بەدەستەوە، ڤۆلفگانگ یەکێکە لەو سەربازانەی کە ئەمەریکییەکان دەیگوازنەوە بۆ فەڕانسا. بەڵام ڤۆلفگانگ لە زیندان هەڵدێت و بە پێ لە فەرەنسا تا هامبۆرگ دەبڕێت. مانگی مای ١٩٤٥  دەگاتەوە هامبۆرگ. پاش گەڕانەوەی بۆ نیشتیمان، بەسەختی نەخۆش و ماندووە. لەو ماوە کورتەدا کە نەخۆشی تەنگی پێهەڵچنیوە، دەست بەنوسینی چەندین پەخشان و کورتەچیرۆک دەکات. تاکە شانۆنامەکەی (دەرەوەی پێش دەرگاکە) لە ماوەی تەنیا هەشت ڕۆژدا دەنوسێت. ساڵی ١٩٤٧ دەبرێتە نەخۆشخانە لە شاری بازل. دواتر بەهۆی سەختی نەخۆشییەکەی لە  ٢١ مانگی تشرینی دووەمی ١٩٤٧ لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا دەمرێت.

سەرەڕای ژیانە کورتە لە هەمانکاتدا نالەبارەکەی، ڤۆڵفگانگ توانی چەند بەرهەمێک بنووسێت کە خۆی لە  شیعر و کورتەچیرۆک و شانۆنامەدا دەبینێتەوە.

 ئەدەبی وێرانە قۆناغێکی کورتە لە قۆناغەکانی ئەدەبیاتی ئەڵمانی. ئەم قۆناغە لەگەڵ بەکۆتاهاتنی جەنگی دووەمی جیهانیی سەریهەڵدا و لەگەڵ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەڵمانیادا کۆتایی هات.

ئەدەبی وێرانە بەو کارە ئەدەبییانە دەگوترێت کە پاش جەنگ و سەبارەت بە ژیاری پاش جەنگ نوسراون. لە شێوەدا توندوتیژ و وێرانکەرە. بابەت گرنگییەکی زۆری هەیە و هەست و سۆز، هەموو جۆرە دەربڕینێکی ئایدۆلۆجی  بەتەواوی لەدەرەوەی ئەم جۆرەیە لە ئەدەبیات. زمان ڕەق و هەڵتەکێنەرە، هاوکات نابێت زمان هاوشێوەی ئەو زمانە بێت کە سەردەمی نازییەکان پێی دەنووسرا. ڤۆڵڤگانگ سەر بەم جۆر و قۆناغە بوو. کورتبڕی و  لەهەمان کاتدا پڕی و چڕی ڕستە تایبەتمەندی چیرۆکەکانی ڤۆڵفگانگن. لە ڕووی بابەتی کارەکانییەوە، زۆر سودی لە ژیانی تایبەتی خۆی بینیوە، کاتێک خوێنەر شانۆنامەی دەرەوەی پێش دەرگاکە و بیۆگرافی ڤۆڵڤگانگ دەخوێنێتەوە، جیاوازییەکی زۆر نابینێت لە نێوان کارەکتەری بێکمان و ڤۆڵفگانگ خۆیدا.

 سەرچاوە: Drußen vor der Tür und außfewählte Erzählung. Rowohlt Verlag

Die Stimme Wolfgang Borcherts. Heinrich Böll


ئەم بابەتە 152 جار خوێندراوەتەوە