Wolfgang_Borchert.jpg

نان

ڤۆڵڤگانگ بۆڕشێڕت - لە ئەڵمانییەوە: ڕێبین حەمەئەمین

ناکاو ژنەکە لە خەو ڕابوو، کاتژمێر دوو و نیو بوو. بیری کردەوە کە بۆچی لە خەو بە ئاگا هاتووە؟

"ئەها" لە ناندێن کەسێک خۆی بە کورسییەکدا کێشابوو. گوێی بۆ ناندێنەکە هەڵخست. بێدەنگ بوو، زۆر بێدەنگ. کاتێک دەستی بە تەنیشتی خۆیدا لەسەر چرپاکەدا گێڕا، چۆڵ بوو. ئەوە بوو کە بەتەواوی ئەو بێدەنگییەی خوڵقاندبوو: دەنگی هەناسەی پیاوەکەی نەدەهات. لەسەرجێ هەستا و بە شپرزەیی بە ناو ماڵە تاریکەکەدا بۆ ناندێن چوو. لە ناندێن بەیەک گەیشتن. کاتژمێر دوو و نیو بوو. ژنەکە  شتێکی   سپی لەسەر ساردکەرەوەکە بینی. ڕوناکی پێکرد. هەردوکیان لە کراسی خەودا بەرەوڕوی یەک وەستان. شەو، كاتژمێر دوو و نیو، لە ناندێن!

لەسەر مێزی ناندێنکە ووردەنان کەوتبوو، ژنەکە تەماشایکرد کە پیاوەکە نانی لەتکردبوو. چەقۆکە هێشتا لەسەر مێزەکە بە تەنیشت دەورییەکەدا کەوتبوو، لەسەر پەدەردەکەش وردەنان.

هەمیشە شەوان کاتێک بۆ سەر جێگا دەڕۆیشتن، ژنەکە پەردەی سەر مێزەکەی خاوێن دەکردەوە، هەموو شەوێک. بەڵام ئەوەتا ئێستا وردەنان لەسەر پەردەکە کەوتووە. چەقۆکەش لەوێدایە. ژنەکە هەستیکرد کە چۆن سەرمای سەر کاشییە ساردەکان دەخزێتە گیانییەوە و چاوی لەسەر دەورییەکە لابرد.

"وامزانی لێرە شتێک هەیە." پیاوەکە گوتی و بە ناندێنەکەدا هەڵیڕوانی.

"منیش گوێم لە شتێک بوو." ژنەکە گوتی و لەگەڵیدا هەستیکرد کە پیاوەکە شەوان لە کراسی خەودا بە تەواوی پیر دیارە، وەک ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە: شەست و سێ ساڵ. بە درێژایی ڕۆژ هەندێجار گەنجتر دیارە.

"خۆ ئەو تەواو پیر دیارە..." پیاوەکە بە زەینیدا هات. "لە کراسی خەودا ئێجگار پیر دیارە" بەڵام ئەوە هی پرچێتی ڕەنگە، بۆ ژنان پیری کەوتووەتە سەر پرچییان لە شەودا. پرچ بەجارێک پیریان دەکات.

"پێویست بوو پێڵاوت لە پێ بکردایە، ئاوا پێخاوس لەسەر ئەم کاشییە ساردانە خۆت نەخۆش دەخەیت ئاخر." ژنەکە گوتی و سەیری پیاوەکەی نەدەکرد، لەبەرئەوەی نەیدەتوانی بەرگەی ئەوە بگرێت کە پیاوەکەی درۆ دەکات، پاش ئەوەی سی و نۆ ساڵ بوو هاوسەر بوون.

"وامزانی لێرە شتێک هەیە" پیاوەکە دووبارە گوتی و لەم سوچ بۆ ئەو سوچی ناندێنەکە هەڵیڕوانی.

" گوێم لە شتێک بوو لێرە، وامزانی لێرە شتیک هەیە."

"منیش گوێم لە شتێک بوو بەڵام لەوەدەچێت هیچ نەبوو بێت."

ژنەکە دەورییەکەی لەسەر مێز لابردو بە پەلەپیتکە ووردە نانی سەر پەردەی مێزەکەی لابرد.

"نا، پێدەچێت هیچ نەبووبێت."پیاوەکە دڕدۆکانە گوتی.

ژنەکە هات کە یارمەتی پیاوەکە بدات. " وەرە، لەوەدەچێت دەرەوە بووبێت، وەرە بۆ سەرجێگا. لەسەر ئەم کاشییە ساردانە نەخۆش دەکەویت."

پیاوەکە تەماشای پەنجەرەکەی دەکرد و گوتی:" بەڵێ، لەوەدەچێت دەرەوە بووبێت. وامزانی لێرەیە."

ژنەکە دەستی بۆ پلاکەکە درێژکرد و بە خەیاڵیدا هات، پێویستە ڕوناکییەکە بکوژێنمەوە، ئەگینا چاوم هەر لەدوای دەورییەکە دەبێت. نابێت چاولەدوای بم. "وەرە دەی" ژنەکە گوتی و ڕوناکییەکەی کوژاندەوە. " پێدەچێت دەرەوە بووبێت، لە کاتی ڕەشەباد، گەرووی سەربانەکە هەمیشە بەر دیوارەکە دەکەوێت. بەدڵنییاییەوە گەرووی سەربانەکە بووە، لە کاتی ڕەشەبادا هەمیشە تەقە تەق دەکات.

هەودووکیان پێخاوس بەناو ڕاڕەوە تاریکەکەدا بۆ ژووری نوستن چوون.

"ڕەشەبایە بە دڵنیاییەوە." پیاوەکە گوتی. " تەواوی شەو ڕەشەبا بوو."

کاتێک لەسەر جێگا ڕاکشان، ژنەکە گوتی: "بەڵێ، تەواوی شەو ڕەشەبا بوو. ڕەنگە گەرووەکە بوو بێت."

"وامزانی لە ناندێنە، بەڵام ڕەنگە گەرووەکە بوو بێت." پیاوەکە بەجۆرێک گوتی، وەک ئەوەی خەو بردبێتییەوە. بەڵام ژنەکە هەستیدەکرد، کە دەنگی پیاوەکە چەند ساختەیە، کاتێک درۆی دەکرد."ساردە..." گوتی و  بە هێواشی باوێشکی دا." من خۆم دەخزێنمە ژێر جێگا. شەوشاد."

"...شاد" وەڵامی دایەوە. "بەڵێ، زۆر زۆر ساردە." پاشان هەموو شت بێدەنگ بوو.

 پاش چەند خولەکێک ژنەکە گوێی لێبوو کە پیاوەکە هێواش و بە وریایی شتێک دەجوێ. ژنەکە بە ئەنقەست و هاوسەنگ هەناسەی دەدا، هەتا پیاوەکە هەستنەکات کە هێشتا بەئاگایە. بەڵام پیاوەکە ئەوەندە بە شیرازەییەوە دەیجوو، کە ژنەکە بەوە خەو بردییەوە.

ئێوارەی دواتر کاتێک پیاوەکە بۆ ماڵ گەڕایەوە، ژنەکە چوار پارچە نانی خستە پێش پیاوەکە. وەکووتر هەمیشە  بۆیهەبوو تەنیا سێ پارچە بخوات." دەتوانی بە ئیسراحەت چوار پارچە بخۆیت." ژنەکە ئەوەی گوت و لەبەردەم گلۆپەکەدا لاچوو." ئەم نانەم زۆر پێناکەوێت، تۆ دانەیەک زیاتر بخۆ. من ئەم  نانەم زۆر باش پێناکەوێت." ژنەکە بینی کە پیاوەکە چەند بە پەرۆشەوە بەسەر دەورییەکەدا چەمایەوە. سەری هەڵنەدەبڕی. ئەو لەحزەیە ژنەکەی زۆر ئازار دا.

"تۆ کە ناتوانی هەر دوو پارچەش بخۆیت." پیاوەکە بەسەر دەورییەکەوە و گوتی.

"با، ئێواران نانم باش پێناکەوێت. تۆ بیخۆ پیاوەکە، بیخۆ."

پاش ماوەیەک ژنەکە لە ژێر گلۆپەکەدا بە تەنیشت مێزەکەوە دانیشت.


ئەم بابەتە 134 جار خوێندراوەتەوە