Adonis.jpg

سڵاو ئه‌ى مه‌یخانه‌ى ئاینده‌

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

ئه‌و ژنه‌ى كرده‌ گوڵدان، كه‌ خۆشى ده‌وێت.

به‌ خه‌یاڵى گوت: ره‌نگی بكه‌.

دواتر به‌ ده‌ست و پێى گوت: ببه‌ چوارچێوه‌.

2

له‌ ئامێزى مردندا ده‌ژیم.

عه‌قڵم باوه‌ڕى هێناوه‌،

به‌ڵام چۆن باوه‌ڕ به‌ جه‌سته‌م بێنم؟

3

نینۆكه‌ درێژه‌كانى تۆم خۆشناوێت، ئه‌ى خۆر.

4

ئه‌مڕۆ ئاسۆ،

به‌ خۆر سه‌رخۆشه‌.

5

خوێنى سه‌روا، له‌به‌ر ده‌رگاى شیعردا ده‌رژێ،

هه‌سته‌وه‌،

ئه‌سپه‌كانت ئاماده‌ بكه‌ ئه‌ى ئه‌بجه‌دییه‌ت.

6

دیجله‌ ده‌بێته‌ گۆڕى خه‌ڵك،

فوراتیش ماڵئاوایى له‌ هاوڕێكانى ده‌كا:

لمیش هه‌ر خه‌ریكى زۆربڵێییه‌.

7

مه‌ترسه‌:

ته‌نیا له‌و وشانه‌ نه‌بێ كه‌ ده‌ترسن.

8

فه‌رمانیان به‌ هه‌وا ده‌كرد، خوزه‌ له‌سه‌ر بكا،

چۆله‌كه‌ش فیشه‌ك بته‌قێنێ.

9

ئه‌ى شكست، له‌ تۆ ده‌گه‌م:

هیچ شتێك سه‌ركه‌وتن خۆشه‌ویست ناكا.

10

خودى هه‌ناسه‌كانم:

زێندانیان كردووم.

11

كێ ده‌توانێ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ گه‌وره‌یه‌ى تا مردن ره‌تكاته‌وه‌،

له‌ نێوان ئاو و ئاگر؟

12

نزیك چرپاكه‌ى بووكه‌ شووشه‌یه‌ك هه‌یه‌،

خه‌ریكه‌ ئیریى پێده‌با.

13

مێژوو،

جه‌للادێكه‌ له‌ كۆشكى رۆژگار.

14

ما دامه‌كێ سێو به‌ر ده‌بێته‌وه‌،

وه‌كو وه‌فایه‌ك بۆ حه‌وا،

پێویسته‌ باوه‌ڕمان به‌ به‌رز بوونه‌وه‌ هه‌بێت.

15

ئاو مافى نییه‌، بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى.

16

جوانترین شت بۆ دوو عاشق ئه‌وه‌یه‌،

وه‌كو ده‌ستنووس بمێننه‌وه‌،

بۆ قه‌سیده‌یه‌كى ئه‌وین.

17

له‌ ده‌ریاى خه‌وندا كه‌شتیه‌كم هه‌یه‌،

ماڵێكى گه‌ڕۆكیش له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانى.

18

ئه‌و خونچانه‌ یه‌كسانخواز نین،

بۆچى ئه‌و مافه‌م پێناده‌ن:

وه‌كو په‌پووله‌ و هه‌نگ، ململانێ له‌سه‌ر شیله‌كه‌ى بكه‌م؟

19

ئه‌ستێره‌كان،

ته‌نیا له‌ ناو ماڵدا ده‌ژین:

نه‌ ژووانێكیان هه‌یه‌ و نه‌ دیدارێك.

20

ماڵئاوا بۆ ده‌فره‌كانى مه‌ى له‌ مه‌یخانه‌ى ئێستادا،

دواڕۆژ خه‌ریكه‌ شه‌رابه‌كانى پێده‌گا.


ئەم بابەتە 193 جار خوێندراوەتەوە