Mala_Baxtyar.jpg

مەلا بەختیار: گەلان، هەرگیز نابن بەدوژمنی یەکتر!

ڕۆژی (27/5/2021) لەهۆتێل رامادا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵ، وتاری کۆتایی (24)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژی پێشکەشکرد، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی..

ئامادەبوانی بەڕێز

خانمان و برایان

دواهەمین دانیشتنی (٢٤)هەمین فێستیڤاڵە، ئومێدەوارین ئەو بابەتانەی پێشکەشکران، چ هی بەشدارانی فێستیڤاڵ، چ هی میوانە ئازیزەکانی ئێران و چ عیراق، لەگەڵ بابەتەکانی کورد، ئەم سێ نەتەوەیە، بەدرێژایی مێژوو دراوسێی جوگرافین، بەیەکەوە دەژین. دوژمنەکان هەرچییەکیان کردبێت، لەڕوی رۆحییەوە، ویژدانییەوە، کەلتورییەوە، تەنانەت هەندێکجار لەڕووی داب و نەریتە هاوبەشەکەناوە، لێکمان داببڕن، بەڵام لەئەنجامدا هەر کە دەرەتانێک دەڕەخسێت، ئێمە ئاوێتە دەبینەوەو ویژدانمان، بیروباوەڕمان، هەندێک لەداب و نەریتە هاوبەشەکانیشمان، لەگەڵ یەکتر کارلێک دەکات.

گەلان، هەرگیز نابن بەدوژمنی یەکتر! یەکێک لە هەڵدێرە گەورەکانی مێژووی داگیرکەران و ستەمکاران لەدنیادا ئەوەیە ئەگەرچی دەسەڵاتی زۆر ستەمکارانەیان بەدەستەوە بووە، هەموو شتێکیان لەدەستهاتووە تا لەدەسەڵاتدا بوون، تەنها ئەوەیان لەدەستنەهاتووە، کە لەویژدانەوە گەلان لەیەکتر داببڕن.

بۆیە دەبینن ئێستا گوێمان لەگۆرانی عەرەبی، فارسی و تورکیش دەبێ، تورکی رەسەن، نەک شایەرەکان، ئەوانەی بەویژدانمان ئاشنان، پێمانخۆش دەبێت، ئومێدەوارین، ئەم هەقیقەتە ویژدانییە، سیاسەتیش بگرێتەوە، ئەم کەلتوور و نەریتە هاوبەشە، دەسەڵات و دیموکراسیش بگرێتەوە. ستەم تاسەر ناچێتە سەر، هەرگیز. گەلان هەر بەمافی خۆیان دەگەن، کۆمەڵەکانی بێبەشکراویش لەدیموکراسی، هەر بەدیموکراسی دەگەن، ئەمەش بڕیاری مێژووەو بڕیاری مێژووش هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ رایبگرێت.

بەهیوام، فێستیڤاڵی گەلاوێژیش بەشیعری، بە چیرۆکی، بەلێکۆڵینەوەی، بەڕەخنە دروستەکانی، بەشدارییەکی کاریگەربێت هەم لەنزیکخستنەوەی زیارتری کەلتوری گەلان، هەم لەدەوڵەمەندکردنی خەباتی دیموکراسی.

ئامادەبووان..!

ئەمساڵیش، وەک (٢٣) ساڵی رابردوو، ئاگام لەهیچ لیژنەیەک نییە، ئاگام لەدەرچون و دەرنەچون نییە، بچوکترین دەستیشم وەرنەداوەتە هیچ بڕیارێک. ئەوە لیژنەکانیش خۆیان لێرەن، سەرپەرشتیاری لیژنەکانیش لێرەیە کاکە سامی هادی، نەشمپرسییوە چیتان کردووە، چیتان نەکردووە. ئەمەش وەڵامی یەکێک لەکۆمێنتەکانە، کەبۆی نوسیبووم و دەڵێت: باشترین کار کە بیکەیت ئەوەیە، واز لەفێستیڤاڵی گەلاوێژ بهێنیت! لێی گەڕێ بائازادبن! با بە بڕیاری تۆ، بڕیار نەدەن. ئەمەش وەڵامی ئەوە. ئەگەر ئەمەش وانییە، هیوادارم دوای من کە لیژنەکانی هەڵسەنگاندن قسە دەکەن، قسەکانم رەتبکەنەوە..! هیوادارم.

گوێمان لەبابەتەکانیش گرت، لە شیعرو چیرۆکەکانیش چاپکراون، لەلێکۆڵینەوەکانی بەشداران، دواتریش دەزانین کە کێ دەرچووەو کێ دەرنەچووە، من هەموو فێستیڤاڵێک دەیکەم بەپێوەر، بۆ ئەوەی بزانم ئاستی رەخنە، لێکۆڵینەوە، رۆشنبیری چەندە گەشەی کردووە، بەپێی تێگەیشتنی خۆم و ئەوەندەی لەو دونیایەدام. زۆر بەڕێزیش لێرە دانیشتوون لەمن شارەزاترن لەو بوارەدا، بەڵام باوەڕموایە ئێمەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەداخێکی زۆرەوە، هێشتا بەدەگمەن نەبێ نووسەرمان هەیە، رۆژێک لەرۆژان دێت دەزانرێت لە ئاستی نووسەرە گەورەکانی دونیادایە. هێشتا ئاستی گشتی کەلتوری ئێمە، رەخنە و لێکۆڵینەوەی ئێمە، وەکو پێویست نییەو زۆرمان ماوە. ئەوەش بەدەست خۆمان نییە، کە شاکاری زۆر گەورەمان نەچۆتە ناو ئەدەبیاتی جیهان! بەدەستی خۆمان نییە، تا ئێستا خەڵاتی نۆبڵ، بەشی هیچ نوسەرێکی کورد لە هیچ بەشێکی کوردستان و لەدنیادا نەبووە! ئەمە ئاستی تێگەیشتنمانە، قۆناغی گەشەکردنمانە، ئەمە بەهۆی نەبوونی دەوڵەتمانە، بەهۆی نەبوونی داوودەزگاکانی وەرگێڕانمانە لەسەر زمانەکانی دونیاو کۆمەڵێ هۆکار هەن. بەڵام ئەم هۆکارانە هیچیان نابنە بەربەست لەبەردەم بەهرەداران و نوسەرانی کورد، کە ئەمانیش بێگومان زۆرتر خۆیان ماندوو بکەن، باشتر دەگەنە ئامانجە دوورەکان و ئامانجە جوانەکانی مرۆڤایەتی، کە سەدان کەڵە نووسەر هەیە لەدونیادا و هەموو یەکێک لێرە دانیشتووین شانازیان پێوە دەکەین. بێگومان بەدڵنییایشەوە دەزانم، نوسەری کوردیش دەگاتە ئەو ئاستە، نوسەری کوردیش خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرێت، سینەماکاری کوردیش، لەهۆلیود، لە کان، لەوە باشرە پێشدەکەون کە تائێستا پێشکەوتوون، بێگومان وای لێدێت! تازە ئەم ئازادییەی لەکوردستان هەیە، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، سەرەڕای ئەوەی کە هەیە، ئەم ئازادییە لای من جەوهەرە گرنگەکەی لەویژدانی میللەتەکەمان لەوەدایە و قۆناغە سیاسییەکانیشی، لێکدانەوەی هاوکێشەکانیشی لام وایە، ناگەڕێینەوە بۆ دواوە، بگرە هەموو خەمەکەمان ئەوەیە بچینە پێشەوە، هەموو رەخنەکان بۆ ئەوەیە بچینە پێشەوە نابێ وابمێنین.

دەبوو زۆر لەمە باشتریش بین، بەداخەوە کە نامەوێت لەکۆتایی فێستیڤاڵدا بچمە ناو دونیای سیاسەت، بەڵام ئەوەش دڵخۆشکەرەیەو یەکەمینجارە سایکۆلۆجییەتی کورد، سایکۆلۆجیەتی گەڕانەوە بۆ شکست نییە! گەڕانەوە بۆ ئەوە نییە ماڵوێران بین جارێکی تر. ترسمان هەیە لەقاڵبمان بدەن، ترسمان هەیە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکەن، ترسمان هەیە کۆمەڵێک لەدەستکەوتەکانی ترمان نەیەنەدی! ئەم ترسانەمان لەباشوورهەیە. بەڵام جارێکی تر، ئێمە بەرەو هەرەس ناڕۆین، بەرەو کۆتاییپێهاتنی ئەزمونەکەمان ناڕۆین، ئەمە روونادات. لەم ماوەیەدا کۆمەڵێک گفتوگۆ روویداوەو هەیە، منیش لەوکەسانەم ئەو قسانەم کردووە، بەڵام خەمەکە، خەمی گەورەترە، بۆ دەستکەوتی گەورەترە، کە وەکو وتم: دەبوایە باشووری کوردستان، نموونەیەکی ئێجگار جوانتر بوایە لەوەی کە ئێستا هەیە. سەنگافوورە، بۆ بە سی ساڵ دەتوانێت ببێت بەباشترین دەوڵەتی دیموکراسی، پێشکەوتووترین وڵاتی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، خۆشگوزەرانترین هاووڵاتی لەسەر زەوی دروستبکات! یەک قەترە نەوتیشیان نییە، چۆڕێک غازیان نییە، هیچیان نییە! تەنانەت ئەوەندە لاواز بوون، لە ساڵی (١٩٥٧-١٩٥٨) کە ئەوکاتە سەر بە مالیزیا بوون، دەریکردن و وتیان ئێمە ئێوەمان پێ بەخێوناکرێت، بڕۆن و وڵات بەدەریان کردن. کەچی سەرکردایەتییەکی لێوەشاوە لەساڵی (١٩٦٥) هاتنە سەر حوکم، لەساڵی (١٩٩٥ -١٩٩٦) سەنگافوورە لەجیهانی سێهەمەوە بوو بە جیهانی یەکەم! بوو بەیەکێک لە باشترین وڵاتەکانی جیهان و ئێستاش پاسپۆرتەکەی لەدونیادا، یەکەمینە. دراوەکەشی زۆر کاریگەرە و بازاڕەکەشیان زۆر پێشکەوتووەو خۆشترین وڵاتی سەر زەویان دروستکردووە. ئەمەش بە (٣٠) ساڵ، هەمان ئەو ساڵانەی کە ئێمە هەین..!

ئێمەش دەمانتوانی وابین، بەئومێدی ئەوە، هەردەبێ وابکەین.

لەسەرەتای فێستیڤاڵیشدا، وتمان یۆبیلی زیوینی فێستیڤاڵ گەورە دەبێت، مانگێک بۆ دوو مانگی تر لیژنەکانی دادەنێین، زۆر گەورە دەبێت، ئەوەش جەنابی وەزیری رۆشنبیری لێرەیەو برادەرانی تر، لە تەلەفزیۆنەوە گوێیان لێمانە، یەکەمنجارە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بنکەیەکی روناکبیری بتوانێت (٢٥) ساڵ بێ دابڕان، فێستیڤاڵ ببەستێت و بیکات بەنێودەوڵەتی و لەنێودەڵەتیشدا بەرەو جیهانێکی زۆر فراوان رۆیشت، ئەمساڵ جگە لە عیراق و ئێران نەمانتوانی لە وڵاتانی میسر، مەغریب، تونس، سوریا، لوبنان و ئوردن، وڵاتانی رۆژئاوا خەڵک دەعوەت بکەین، بەڵام لە (٢٥)هەمین فێستیڤاڵدا واناکەین و لەئێستاوە، دیسانەوە بانگەوازە بۆ هەموو نوسەرانی کورد، کە (٢٥٠- ٣٠٠) نوسەری کورد میوانداری دەکەین و لەم نوسەرانە لە (٢٥) ساڵی رابردوو، کێ زۆرترین کتێبی سوودمەندی هەبووە، خەڵات دەکرێت، کێ باشترین رەخنەگر بووە، کێ باشترین شاعیر بووە، کێ باشترین چیرۆکەکانی نوسیوە، خەڵات دەکرێت. کام دەزگای پەخش. زۆرترین خزمەتی کەلتووری کوردی کردووە، کام هونەرمەندی سینەمایی، توانیوێتی کاری هونەری گەورە بکات یان شانۆگەری پێشکەشبکات، خەڵات دەکرێت. کارو بەرنامەی زۆر گەورەمان دەبێت بۆ (٢٥) ساڵە، کە شایانی ئەوە دەبێت، بەقەدەر کێلی شەهیدەکانمان جوان بێت، چونکە هیچ جوانییەک بەقەدەر کێلی شەهید بە جوانتر نابینم..! هیچ گوڵێک لە کێلی شەهید جوانتر نییە لەلام، هیچ ژنێک، هیچ باخێک، لە کێلی شەهید جوانتر نییە لەلام، چونکە هەموو زیندووەکان هێشتا ماوین و خۆمان دەپارێزین، بەڵام شەهیدەکان بۆ ئەوەی ئێوە بمێنن، ئەو کێلەیان بۆ ئێوە بەجێهێشت، کە هەموو خەون و ئاواتە جوانەکانیان لە کێلەکانیاندایە.

سەرگوزشتەی هەموو کێلێک، دونیایەک خەون و هیوایە، دونیایەک ئاواتە، بۆیە (٢٥)هەمین فێستیڤاڵیش پابەند بوونە بە پەیامی شەهیدەکانمان، ئنجا ۆ زیندووەکانمان، پاشان بۆ نەوەکانی ئاییندەمان، تکا لە هەموو نوسەران دەکەین، هەموو ئەوانی لە بنکەی گەلاوێژ دامەزرێنەرن، باوک و دایکە دامەزرێنەرەکان، چونکە هەر باوک دامەزرێنەر نەبوو لەبنکە، بەڵکو دایکیش دامەزرێنەر بوو، هەموو ئەمانەی هەن، هیوادارم یارمەتیمان بدەن کە بەڕاستی یۆبێلی (٢٥)هەمین فێستیڤاڵ، زیوین بێ و شایانی کەلتوور و ئەدەبی ئێمەو رایەڵەکانی کەلتورو ئەدەبی ئێمەبێ لەگەڵ فارس، عەرەب، تورک و گەلانی تریش.

ئومێدەواریشم ئەوانەی دەرچوون و خەڵاتیان بردۆتەوە، بەردەوامبن و ئەوانەیشی دەرنەچوون، ململانێیەکی زیاتر بکەن، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن دەرچوون و دەرنەچوون، کۆتایی وێستگەی بەهرەو داهێنان و هزرو ئەندێشە جوانەکانی نوسەر نییە، بەڵکو ئەمە ئەزمونێکە بۆ ئەوانەی دەریش نەچوون و بەردەوامبن. شانازیشە بۆ ئێمە لەم فێستیڤاڵە، ئەگەر بتوانین سێ شاعیر، چوار چیرۆکنووس، سێ بۆ چوار لێکۆڵەر و توێژەر بچنە ناو کاروانی کەلتووری کوردییەوەو ئەمەش بۆ ئێمە شانازییەکی ئێجگار گەورەیە و ئومێدەوارم بەردەوامبین. بەم ژمارە نوسەرانەی کە دەچنە ناو کاروانی کەلتوری ئێمەوە، دەیگەیەنینە (٢٥٠- ٢٧٥) نوسەر کە بنکەی گەلاوێژ پێیگەیاندوون. هەموو سەرۆکەکانی بنکە، هەموو دەستەی نوسەرانی گەلاوێژی نوێ و خۆشتان دەزانن، کە گەلاوێژی نوێ، بەخۆشەویستی شادڕەوان مامۆستا برایم ئەحمەد ناومان ناوەو گەلاوێژی ئەو سەردەمە چۆن درەوشاوە بوو، ئێستاش گۆڤارێک نییە بتوانێت خۆی لەشانی بدات لەکوردییە پاراوەکەی، لە بابەتە وەگێردراوەکانی و لە جوانی پەخشانەکانی و لە جوانی نوسینەکانی، گۆڤاری گەلاوێژی نوێش هەوڵماندا بۆشاییەکی گەورە پڕ بکەینەوەو بێگومان ئێستاش گۆڤارەکە دەستیپێکردەوەو هاوشانی چالاکییەکانی بنکە، کە هەفتەی جارێک چالاکیمان هەیە و بەردەوام دەبین، ئومێدەوارین پاڵپشتمانبێ. بڕیاریشمان دابوو ئەمساڵ کۆمەڵێک لەنوسەرە ئازیزەکانمان، کە بۆ خۆم نازانم هۆی چیبوو نەدەهاتنە ناو فێستیڤاڵ، سەرۆکی بنکەو دەستەی بەڕێوەبەری بنکە بچن سەریان لێبدەن، بپرسن کە بۆچی نایەن بۆ ئەم فێستیڤاڵە، باشبوو ئەمساڵ هەندێکیان هاتن، کە خۆمان تێندەگەیشتین بۆچی نەدەهاتن، بەڵام ئەمساڵ هەندێکیان هاتن و بەخێربێن بەسەرچاو، ئەوانیش هەندێکیان هەر لەدامەزراندنی بنکەو لەپێشخستنی بنکە رۆڵیان هەبووەو خۆشتان دەبینن و لەوە زیاتر چی بەئێوە بڵێم کە حەزناکەم زۆر باسی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بکەم، بەڵام بۆ مێژوو هەر دەبێ ئەوە بڵێم و ناکرێ نەیڵێم: بروا بکەن، ئەم بنکەیامان دامەزراندووە، پرسمان بە مام جەلال نەکردووە..! بەڵام هەتا نەخۆش کەوتووە یارمەتیداوە، دەی گەورەیی لەوە زیاتر چی هەیە؟! کاتێکیش (١٣)هەمین ژمارەی چاودێری بینیبوو، فەرمووبوی ئەمە هی کێیەو کێ دەریدەکات؟ وتبویان هی مەلا بەختیارە،ە فەرمووبوی: خۆ پرسیشی پێنەکردووم..! بانگی کردم و وتی: پیرۆزبێت زۆر جوانەو پاشکۆی جوانیشی هەیە، تەنانەت نەیوت بۆ پرست نەکردووە! ئەمە پیاوی گەورەیە..

پیاوی گەورەش جوانییەکانی قەت ناشاردرێنەوەو ئەگەر رەخنەشی لێبگرین کۆڵەکەی ئاسمان نایەتە خوارەوە.

بەخێربێن، هەمووتان بەخێربێن و بەسەرچاو، پڕ بەدڵ ئومێدەوارم لە (٢٥) هەمین فێستیڤاڵدا، هەمووتان تەندروستیتان باش بێت و هەموو ئەوانەی ئەدەب و کەلتووری کوردیان خۆشدەوێت، تەندروستیان باش و پاڵپشتمان بن بۆ ئەوەی بتوانین کارێکی جوان بکەین. زۆر بەخێربێن و بەسەرچاو..

سوپاستان دەکەین


ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە