Hsen_misri.jpg

ساڵیادى مه‌رگى خه‌مى چۆله‌كه‌كان

حسێن میسرى، له‌ نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌ ورده‌كانى بوارى رۆشنبیرى كوردى بوو، ئه‌و به‌ نوسینى ئه‌و سیناریۆیانه‌ى كه‌ زۆر نزیكبوون له‌ رۆح و كلتورى كوردییه‌وه‌ به‌ماوه‌یه‌كى كه‌م بووه‌ ئه‌ستێره‌ى ناو بوارى دراماى كوردى.

خۆرنەوازان، خەمی چۆلەكەكان، ڕەشەی پۆلیس، حەسەنە فەنی، جومعە، گوڵە بێ رۆژەكان، نیشتمان)، ئه‌مانه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ دیاره‌كانى ئه‌وبوون، حسێن میسرى به‌م درامایانه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌ى بینى له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى سینه‌ما و هونه‌رى كوردى.

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ به‌شێك له‌ ژیانى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یه‌.

- ناوى تەواوى: حسێن رەحیم محەمەد ئەمین

- پیشەی هونەری: دەرهێنەرى بواری دراما و شانۆ.

- لە ساڵی 1957لە گەڕەکی شوان لە شاری کەرکوک لەدایکبووە.

- بەهۆى بارودۆخى سیاسی و ئابوری خێزانەکەیان نەیتوانیوە بخوێنێت.

- بۆخۆى خۆى فێری نووسین و خوێندنەوە کردووە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بووەتە خوێنەرێکی زۆر باشی دەقە شانۆییە عەرەبی و بیانییەکان.

- زمانەکانی عەرەبی، تورکی و هیندی زانیوە.

- لە ساڵی 1973 بۆ یەکەمجار لە شاری موسڵ لە شانۆیی (من الذي قتل الوحش) وەکو ئەکتەر بەشداری کردووە.

- لە ساڵی 1977 کە بۆ خوێندنی کۆرسی شانۆیی دەچێتە میسرو لە گەڕانەوەی نازناوی میسری وەردەگرێت.

- لە ساڵی 1979 پەیوەندیکردووە بە تیپی شانۆیی ئەزمونگەری کەرکوکەوە، هەر لەو تیپە دەستی بە ئەزموونی شانۆیی کردووە و بەشداری چەند شانۆیەکی تری کردووە.

- لە ساڵی 1985 هاتووەتە شارى سلێمانی و بوەتە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی.

- لە ساڵی 1991 ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆی قەڵا بووە لە کەرکوک، هەرچەندە دووربووە لە شارەکەی.

- لە دواى درووستبوونى تەلەفزیۆنى خاک بووە بە دامەزرێنەری بەشی درامای تەلەفزیۆنەکە و لێپرسراوی بەشەکە و چەندین هونەرمەندی گەورە و گەنجی لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەرکوک، کەلار، هەڵەبجە کۆکردەوە.

- هەشت (8) درامای درێژی نوسیوە و کاری دەرهێنانی بۆ کردوون.

- دیارترین کارەکانی پێش مردنی لەبواری هونەریدا، نوسینی سیناریۆ و دەرهێنانی دراماکانی (خۆرنەوازان، خەمی چۆلەکەکان، ڕەشەی پۆلیس ، حەسەنە فەنی ، جومعە ، گوڵە بێ رۆژەکان ، نیشتمان) بوو.

- لە تەمەنیدا (21) درامای کورتی بەرهەمهێناوە، جگە لە چەندین کاری شانۆیی کە وەک ئەکتەر و دەرهێنەر ڕۆڵی تێدا بینیون.

- یەکەمین هونەرمەندی کوردە کە کاری شانۆیی هێنایە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان بەشێوەی کەرنەڤاڵ و هەمیشە کارەساتی (هەڵەبجەو ئەنفال) پانتاییەکی گەورەی هەبوو لەکارەکانیدا.

- یەکەمین هونەرمەندە کە شانۆگەری لە مزگەوتدا پێشکەشبکات.

- لە رۆژى 31/5/2009 لە تەمەنی (52) ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کردووە.


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە