Yad.jpg

"تکایە بیرم مەخەرەوە!" دەربارەی ڕۆمانی یادەکان ی تۆرگنی لیندگرێن

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

کۆتا دێڕی ڕۆمانی "یادەکان" ی نووسەری سویدی تۆرگنی لیندگرێن، ئێجگار تکا ئامێز و غەمگینانە ڕۆمانەکەی پێ کۆتایی دێت.. ئەو سەرەتا دەنووسێت: یادم نییە. ئەم ڕستانە بە ساردییەکی ئێجگار توندەوە دەدەن بە هەست و بیری مرۆڤدا. مرۆڤ دەترسێت، دەترسێت لە بێ یادی، لە بیرچوونەوە و لەبیرکردنی ئەو چرکە ساتانەی بەقوڵی و گشت بوونییەوە، تیایدا ژیاوە، دەترسێت لە لەبیرکردنی دڵدارەکانی، لەبیرکردنی ڕوخساریان، ماچەکان و باوەشەکان و بۆنەکانیان، دەترسێت شوێنی یەکەم پیاسە و یەکەم نان خواردن و یەکەم ماچ لەبیربکات، دەترسێت، ڕوخساری دایک، تام و بۆنی شیری دایک لەبیربکات و دەترسێت لەبیری بکات و لەبیری بکات و لەبیریی بکات..

تۆرگنی لیندگرێن، بە چنینێکی وردەکارانە وێنای ئەم ترسە و سێبەری ئامادەیی لە ژیاندا دەکێشێت. ئەو لەم ڕۆمانەیدا دەربارەی یادەوەرییەکانی خۆیی و خێزانەکەی دەگێڕێتەوە و لە زۆر دێڕ و شوێندا هەست بە ئامادەییەکی سەیری مارکیزیانە دەکەیت بیرت بۆ لای داهێنەری ڕیالیزمی جادوی دەچێت.

 گوستاڤ تۆرگنی لیندگرێن١٦ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٨ له‌دایكبووه‌. کوڕی ئەندرێس لیندگرن و هێلگە بجۆرکە، لە شاری ئومێو خوێندویەتی تاوەکو ببێتە مامۆستا و تا ساڵی ١٩٧٠ وەک مامۆستا کاری کردووە. ماوەی ساڵانێک وەک سیاسیەکی لۆکاڵی لە پارتی سۆشیال دیموکراتی سویدیدا چالاک بوە، لە ١٩٨٠ دا چووە سەر ئاینی کاسۆلیکی. ئەو لە نووسینی شیعر و ڕۆمان بەردەوامبوو. ڕۆمانی "ڕێگای مار" یەکێکی تربوو لە کارەکانی ئەو، لە ڕێگای ماردا لیندگێرن دەربارەی ژیانی خێزانێک دەگێڕێتەوە و لەوێوە چیرۆک گەلی سەیر دەخوڵقێنت.

 ڕۆمانی "ڕێگەی مارەکان" کە لەلایەنين " بۆ ویدبێرگ" ەوە کراوە بە فیلم و کاری دەرهێنانی بۆ کراوە لە ساڵی ١٩٨٦ .

“ڕێگای مار” بەهۆی ناوڕۆکه‌كه‌ی و درێژبوونەوەی به‌ناو سێ نەوەدا به‌ ڕۆمانێكی قوڵ و گرنگ هه‌ژمارده‌كرێت، زمانێکی بەهێز و سادە، بابەتی سەرەکی ڕۆمانه‌كه‌ لە فیلمەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و باس لە ئاستەنگی ئەو خێزانە دەکات بۆ مانەوە لە ژیان، کە تیایدا دایک و کچەکە دەبوو پێکەوە چاوپۆشی بکەن لە خاوەن قەرزەکەیان.

  ئەم کارە و کارەکانی تری لیندگرێن پێگەی تایبەتیان لە مێژوی ئەدەبیاتدا هەیە و هەمیشە لە ڕیزی باشترین ڕۆمانەکان دەژمێرێن.

 کتێبی "یادەکان و ڕوناکی" دوو کتێبن، کە لەلایەن نووسەر و شاعیر "خەبات عارف"ەوە کراون بەکوردی و دەزگای چاپ و بەخشی سەردەم ەوە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان دەستدەکەوێت.


ئەم بابەتە 85 جار خوێندراوەتەوە