Alice_Doesnt_live_here.jpg

ئەلیس چیتر لێرە ناژی

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی ئەلیس چیتر لێرە ناژی Alice Doesn’t live here anymore فلمێکی ئەمریکیی ساڵی ١٩٧٤ە لە جۆری کۆمیدیی دراما، لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسیس و نووسینی رۆبەرت گێتچەڵ.

ئێڵین بروستن ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت کە ڕۆڵی بێوەژنێکە لەگەڵ کوڕەکەیدا گەشت دەکات بە مەبەستی دۆزینەوەی ژییانێکی باشتر. ئەم فیلمە بۆ یەکەم جار لە بیستو حەوتەمین فیستیڤاڵی کان نماییش کرا و سەرکەوتنێکی زۆری بەدەست هێنا، داهاتەکەی نزیکەی ٢١ ملیۆن دۆلار بوو ئەمەش لە کاتێکدا کە بودجەی تەنها  ١،٨ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج کرابوو.

ئێڵین بروستن خەڵاتی ئەکادێمی ئەواردی47th Academy Awards  بەدەست هێنا بۆ باشترین ئەکتەر، هەروەها لاد و گێتچڵیش پاڵێوراوی باشترین ئەکتەری پاڵپشت  بوون و، جارێکیتریش فیلمەکە پاڵێوراوی باشترین سکرینپلایی ئۆرجیناڵ بوو.

 Alice Doesn’t live here1

چیرۆکی فیلمەکە:

پاش ئەوەی هاوسەری ئالیس (دۆناڵد) لە روداوێکدا دەکوژرێت، بڕیار دەدات هەموو کەلوپەلەکانی هەرزانفرۆش بکات و لەگەڵ کوڕەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە بە منداڵی تێیدا ژییاوە، بەو ئومێدەی بتوانێت لەوێ وەک گۆرانیبێژ کارێکی دەست بکەوێت. ئەو بەهۆی هاوسەرگیرییەکەیەوە وازی لە پیشەی دەنگ بێژی هێنابوو.

بەهۆی خراپیی باری ئابورییانەوە لە شارۆچکەیەک لادەدەن و لەوێ کارێکی کاتی دەدۆزێتەوە، لە باڕێکدا دەبێتە گۆرانیبێژ، لەوێ بێن دەناسێت کە گەنجترە و هەر زوو سەرنجی ئالیس ڕادەکێشێت و بەرەو پەیوەندییەکی غەریزیی سێکشواڵی کێشی دەکات و، لە پڕێکیشدا کۆتایی پێ دێت.

لە کاتێکدا ریتای هاوسەری بێن بە پەیوەندییەکەیان دەزانێت و ڕوو بە ڕووی ئالیس دەبێتەوە لە شوقەکەیدا، بێن خۆی دەکا بە ژووردا و لە پێش چاوی ئالیس بە توندی پەلاماری دەدات و سەرزەنشتی دەکات لەسەر ئەوەی دەست وەردەداتە پەیوەندەییە ناشەرعییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیرییەکەی، کاتێک ئالیس داوا لە بێن دەکات ئارام بێتەوە بێن هەڕەشە لەویش دەکات و بەردەوام دەبێت لە تێکدانی کەلوپەلی نێو شوقەکە.  ئالیس لە ترسی سەلامەتیی گیانی خۆی و کوڕەکەی و نەتوانینی قەرەبوو کردنەوەی شتە شکاوەکانی نێو شوقەکە، شارۆچکەکە بە خێرایی جێدەهێڵێت.

بەهۆی ئەوەی کە هیچ پارەیەکی پێ نەماوە ئالیس دوبارە ناچار دەبێت گەشتەکەی بەرەو شارۆچکەکەی خۆی دوا بخات و لە شوێنێکی تر وەک گارسۆن دەست بەکار ببێت لەپێناو بەدەست هێنانی بڕەپارەیەک کە بەشی گەشتەکەیان بکات. خاوەنی رێستۆرانتەکە پیاوێک بوو بەناوی مێڵ، ئالیس لەوێدا دەبێتە هاوڕێی ڤێرا و دەیڤد. ئالیس هەر لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکار بوونیەوە سەرنجی دەیڤد دەبات و، دەیڤد هەوڵی بەدەست هێنانی دڵی دەدات لە ڕێگای تۆمیی کوڕییەوە چونکە دەزانێت ئالیس کوڕەکەیی لە هەمو شت زیاتر خۆش دەوێت.

ئالیس زۆر پەلەی نییە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی نوێ بەڵام دەبینێت دەیڤد کاریگەریی زۆر باشی هەیە لەسەر تۆمیی کوڕی، ئەمەش دڵخۆشی دەکات.

دەیڤد پێشنیارێک دەخاتە بەردەم ئالیس، پێشنییارەکەش ئەوەیە کە هەرچیی هەیە بیفرۆشێت و لەگەڵیان بروات بۆ شارۆچکەکەی ئالیس و بەیەکەوە بژین، بەڵام لە کۆتاییدا ئالیس بڕیار دەدات ناچێتە ئەو شارۆچکەیەی کە بە منداڵی تیا ژیاوە، چونکە دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە لە هەر کوێ بیەوێت دەتوانێت گۆرانی بڵێت، هەر بۆیە لە شارۆچکەکەی دەیڤد لەگەڵ ئەودا دەمێنێتەوە.

 Alice Doesn’t live here2

 ژیاننامە

مارتن سكۆرسیزی، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووس و نواندنكاری ئەمێریكی؛ لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٤٢ لە نیویۆرك لەدایكبووە. بەشێكی زۆر لە فیلمەكانی بە باسە توندوتیژییەكانی و میوزیكە ڕۆكەكانی دەناسرێنەوە. ساڵی ١٩٩٠ ڕێكخراوێكی بەرھەمھێنانی فیلم بەبێ دەستكەوت و ساڵی ٢٠٠٧ ڕێكخراوی سینەمای جیھانی دادەمەزرێنێت، ساڵی ١٩٦٤ لە كۆلێژی نیویۆرك بڕوانامەی دبلۆم لە ئەدەبی ئینگلیزی و ساڵی ١٩٦٦ ماستەر لە ھونەرە جوانەكان لە ھەمان كۆلێژ بەدەست دەھێنێت.

 سكۆرسیزی لەو دەرھێنەرانەیە كە لە فیلمەكانیدا نواندنكار و تەكنیك كاری دووبارە بەكاردەھێنێت، بۆ نموونە: نۆ فیلم لەگەڵ "ڕۆبێرت دی نیرۆ" و پێنج فیلم لەگەڵ "لیۆناردۆ دی كاپریۆ" و ھەروەھا "ثێلما سكۆنمەیكەر"ی ئێدیتەر (دەستكاریكار) كە سەرجەم فیلمەكانی سكۆرسیزی دەستكاری كردووە.

 سکۆرسیزی لە دەرهێنەرە پشو درێژەکانی بواری سینەمایە و کارەکانی لە سینەمای دونیادا لە ڕیزی باشترین کارەکانە.


ئەم بابەتە 88 جار خوێندراوەتەوە