Salar_karim.jpg

سیمۆلۆژیای فۆتۆ لە چیرۆکی کوردیدا چوارەمین ئەلبومی تەنهایی (سیامەند هادی) بەنموونە

سالار کەریم حسێن- سلێمانی

ئەگەرجارێکی تر لەدایک ببمەوە وێنە ناکێشم، بەڵکو دەبمە خۆشنووس بۆئەوەی وێنەکانم بنووسمەوە. (پاپلۆ بیکاسۆ[1])

 سەرەتایەکی پێویست:

بابەتی وێنە بەگشتی و وێنەی فۆتۆیی بەتایبەتی جگە لەوەی یەکێکە لە دیاردە گرنگەکانی سەردەمی مۆدیرنێتە، هاوکات لەم ساڵانەی دوایشدا تێکەڵبوونی وەک ڕەگەزێکی هونەری لە گەڵ ئەدەبدا بووە بەجێگای تێڕامان و بوارێکی زۆر گرنگی ڕەخنەیی، لەو کایەیەشدا چەندین بیرمەندو فەیلەسوف و تێورداڕێژەر سەرقاڵی وردبوونەوەو شەن و کەوکردن و شیکاریی ڕەخنەیی بوون و چەندین هێڵی جۆراوجۆری فەلسەفی و ڕەخنەییان داڕشتووە و هەوڵیان داوە لینکی پەیوەندی لۆژیکی و زانستی نێوان ئەدەب و هونەر گەڵاڵە بکەن، لەم بارەیەشەوە میتۆدی سیمۆلۆژیا بە یەکێک لە بەهێزترین ئەو میتۆدانە دادەنرێت کە هێز و توانای پەی بردن و ڕۆچوونی هەیە بەقووڵایی وردەکاریە ناوەکیەکان و گەڕان بەدوای چیەتی و ماهیەتی وێنەدا، چ لە بواری زماندا وەک سەرچاوەیەک بۆ دەربڕینی وێنەی زیهنی، یان لە بواری هونەری بینینکاریدا کە سەرچاوەی وێنەی بینراوو بەرهەستەو فۆتۆ بەیەکێک لەگرنگترینیان دادەنرێت، لێرەوە دەتوانین بڵێین لە شەستەکانی سەدەی پێشودا چەمکی سیمۆلۆژیا وەک میتۆدێکی نوێی ڕەخنەیی زەق کرایەوە، ئەویش دوای ئەوەی کە بەهۆی کۆمەڵێک خەوش و گرفتی زانستییەوە میتۆدی بونیادگەری نەیتوانی لە ئاستی پێویستدا ڕاڤەو شیکاریی دەق تێپەڕێنێت، بەهۆی کۆمەڵیک هۆکاری میتۆدیی و دەرکەوتنی ناتەواویەکانی بونیادگەری، کە بوونە فاکتەری تاڕادەیەک پاشەکشەپێکردنی، لەوانە هەندێک داخراوی و جەختکردن وپێداگری و پابەندبوونیان بە لایەنی ستراکچەرو لە یەک گۆشە ڕوانینیانەوە بۆ دەقی ئەدەبی، بۆیە لە دروستبوونی بڕێک بۆشایی ڕەخنەییەوە دەرفەتی ئەوە ڕەخسا کە بابەتەکانی ئاماژەو ئیحاو کۆدو لایەنی بینینکاری (بصرى) لێرەو لەوێ خۆیان بخزێننە ناو پانتایی شیکاری دەق و ڕەخنەی ئەدەبییەوەو هێواش هێواش بە ئاراستەی شوێنگرەوەی وشە هەنگاو بنێن و هەوڵبدەن چاڵە مەعریفی و ئەدەبییەکانی ئەودیو وشەی نووسراو پڕبکەنەوە، لەلایەکی تریشەوە ئەم دۆخە نوێیە تاڕادەیەک ئازادبوونێکی ڕێژەییشی تێدابوو لەهەندێک لە قاڵبدان و کۆت وبەند و ستاندارد کە میتۆدی بونیادگەری داینابوون[2]، لێرەوە چەمکی سیمۆلۆژیای وێنەو ئایکۆنەی بینراوو بەرهەستەکانی بینین، وەک لقێکی دیکەی ڕوانینی ڕەخنەیی دەرکەوتن و پاشان خزانە ناو ڕەخنەی ئەدەبیەوە.

 ئەم لێکۆڵینەوەیە هەوڵێکە بۆ چوونە ناو بابەتی سیمۆلۆژیا و بە دیاریکراوی کار لەسەر سیمۆلۆژیای فۆتۆ لە ئەدەبی کوردیدا دەکات، سەرەتا هێندەی پێویست و پەیوەندیداربێت بە بابەتەکەمانەوە بەشێوەی تیۆری ئاماژەی پێدەدەین، پاشان پراکتیکی کۆی دیدو بۆچوونەکانمان لەسەر چیرۆکی نوێی کوردی دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش دەقی: (چوارەمین ئەلبومی تەنهایی) ی (سیامەند هادی) هەڵدەبژێرین کە یەکێکە لە دەقەکانی ناو کۆچیرۆکی (خۆڵەمێشی ناودارەکان[3]) و دەیکەین بە نموونەو، ڕاڤەو شیکاریی لەسەر دەکەین.

 

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە:

 هۆکاری سەرەکی و زانستیی دەستنیشانکردنی ئەم بابەتە بۆ لێکۆڵینەوەکەمان ئەوەیە کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەمە بابەتێکی نوێ و گرنگی نێو کایەی ڕۆشنبیری و مەعریفیە، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە ئەم بابەتە لە جیهاندا بەدیدو تێڕوانینی فەلسەفی و ڕەخنەییەوە بەرەو پسپۆڕیی ورد و لیکۆڵینەوەی تایبەتمەند هەنگاوی ناوە، بەڵام لە سەرئاستی ئەدەب و ڕۆشنیریی کوردی، ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین تا ئێستا نەک هەر کارێکی زانستی ئەوتۆی لەبارەوە نەکراوە، بەڵکو تاڕادەیەکیش بۆشایی گەورە لەم بوارەدا بەدی دەکرێت کە ئەمەش بێ ئاگایی یان خۆ بەدوورگرتنی نووسەر و ڕەخنەگرانمان دەگەیەنێت، بۆیە خوازیارم بتوانێت مشتومڕێکی ئەدەبی و ڕەخنەیی دروست بکات ولە ئەنجامی کۆی ڕاوبۆچوونە جیاوازەکانیشدا هەم بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکرێت، هەم ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ فراونکردنی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە لە ناوەندی مەعریفی و ڕۆشنبیریماندا.

 

سیمۆلۆژیا چەمک و پێناسەو مێژوو:

 سەبارەت بە چەمک و زاراوەی سیمۆلۆژیا دەتوانین بڵێین "بەو زانستە دەگوترێت کەڕاڤەی واتا دەکات لەڕێگای ئاماژەو نیشانەوە[4] "، واتە لە ئاماژە نا زمانییەکانەوە هەنگاو بۆ لێکدانەوەی واتاو مەدلول دەنێت، لەڕێگای نیشانە و ئاماژەوە کار بۆ دەستخستنی دەلالەت و واتا دەکات لە نێوان (دال) و (مەدلول) دا، بە پێی میتۆدی سیمۆلۆژی هەموو نیشانەیەک دوو جەمسەری هەیە، یەکەمیان دالە و ئەوی تر مەدلولەکەیەتی، (دال) وێنە و بوونە مادی و بەرجەستەکەیە کە دەتوانین بە یەکێک یان زیاتر لە هەستەکانمان پەی پێ ببەین، بەڵام (مەدلول) چەمک و واتا و مەفهومە حەشاردراوەکەی ناو دالەکەیە و مەبەست و واتاکانی پشتەوەیەتی، بۆنموونە کاتێک سیمۆلۆژیا کار لەسەر چەند بابەتێکی بەرجەستەی وەک: وێنە، نەخشە، هێمای هاتوچۆ، تابلۆی ڕیکلام، هۆکاری فێرکردن و ڕوونکردنەوە و چەند بابەتێکی تری ڕەمزی و هێمایی دەکات، دەیەوێت لە هەناوی هێماو ئایکۆنە بینراوەکانەوە بونیاتی قووڵی واتاو دەلالەتەکانیان کەشف بکات، بەم پێیەش بێت سیمۆلۆژیا کارکردنی زمانی هێمایی و ئاماژەییە لەناو زمانی ئاساییدا،.

سەبارەت بە مێژووی سیمۆلۆژیا و سەرهەڵدان و گەشەکردن و بڕینی قۆناغە جیاوازەکانی، وەنەبێت چەمک و واتا و سەرهەڵدان و گەشەکرنی ئەم زانستە زادەی هەمان ساڵ و سەردەم و قۆناغی مێژوویی بووبێت کە ئێستا پێی دەناسرێت، بەڵکو بابەتەکە ڕەگوڕیشەو مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیەو لە پێش فەلسەفەی یۆنانیەکانەوە ئەم زاراوەیە بە فۆرمی دیکەو بەکارهێنانی جیاواز لە بەکارهێنانە فکری وفەلسەفی و ئەدەبییەکانی ئێستایەوە بوونی هەبووە و بەکارهێنراوە، بۆنموونە سەرەتا لە بواری پزیشکی و دۆزینەوەی نیشانە و ئاماژەکانی نەخۆشیدا بەکارهێنراوە و تێرمەکەی نزیک بووە لە وشەی (سیمپتۆم) کە لەزانستی پزیشکیدا بەرامبەر نیشانەکانی نەخۆشی بەکار دەهێنرێت وەک: (لەرزوتا، هێڵنج دان، سەرئێشە)، هتد.. کە هەریەکێک لەوانە نیشانەن بۆ هەبوونی نەخۆشیەکی دیاریکراو، پاشان بەهەمان چەمکی نیشانە لە چەند کایەیەکی تری ژیاندا بەکارهێنراوە، بەڵام لەسەردەمی ئەفلاتونەوە واتاو دەلالەتی فەلسەفیانە دراوە بە زاراوەکە، لە قۆناغەکانی دواتریشدا بە تەواوی گوازراوەتەوە بۆ ناو کایەی ئەدەبی و مەعریفی و ناسنامە و چەمک و قاڵب و فۆرمی تایبەتی پێدراوە، هەتا لەسەردەمی نوێدا لە ئەوروپا و ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەتدا دیدو بۆچوون و قوتابخانەی جۆراوجۆری سیمۆلۆژی سەریان هەڵداو چەندین لێکۆڵەرو بیرمەندی جیهانی لە دەوری کۆبوونەوە، چەندین کۆمەڵەی جیهانی و گۆڤاری تایبەت و سیمینارو ۆرکشۆپ و دیبەیت لە بارەیەوە سازدرا، دواتریش دوو قوتابخانەی سیمۆلۆژیی سەربەخۆ دروست بوون، ئەوانیش قوتابخانەی سیمۆلۆژی ئەوروپی بە ڕابەرایەتی (فردینارد دی سۆسێر) وقوتابخانەی سیمۆلۆژی ئەمریکی بە ڕابەرایەتی(تشارلز پێرس) بوو، هەریەکێکیش لەو دوو قوتابخانەیە هەڵگری دیدی سەربەخۆ و تایبەتمەندی خۆیان بوون بۆ چەمکی سیمۆلۆژیا، لەپاڵ ئەوانەشدا چەند ناوێکی ترهەن کە سەرەڕای ناسراوییان لە بواری لقی دیکەی ڕەخنەییدا بەڵام دەتوانین وەک خاوەن ڕاوبۆچوونی میتۆدی سیمۆلۆژیش بیان بینین لەوانە: "رۆلان بارت، گریماس، ئیمپرتۆ ئیکۆ، ڕۆمان یاکوبسن، مایکڵ ڕیفاتیر، ژولیا کریستیڤا[5] "، لە ناو ئەوانەشدا هەردوو فەیلەسوفی هاوچەرخ :(ڕۆلان بارت و ئیمپرتۆ ئیکۆ) زیاتر شەن و کەوی چەمکی سیمۆلۆژیایان کردووە و بەدیدی نوێ وخوێندنەوەی وردتر و جیاوازەوە، لە چەندین جەمسەری جۆراوجۆرەوە ڕاڤەیان کردووە و ئەم چەمکەیان زۆر فراوانتر کردو چەندین دەرگای جۆراوجۆریان بەڕوودا واڵاکرد، بەجۆرێک کە سیمۆلۆژیایان بردە ناو نیشانەکانی ئاژەڵ و گیانداران، بۆنکردن، پەیوەندی بەرکەوتن و لەمس کردن، بینین، تامکردن، جۆری دەنگ و ئاواز، مۆسیقا، زمانە وێنەییەکان و نووسینەکان و ئەلفبێی نادیارەکان، ئاماژەکانی مۆدێل و جل وبەرگ و وێنەی فۆتۆگرافی و تابلۆ و خۆشتن و ماکیاج و سابوون و چێشتلێنان [6]، بەم شێوەیە ئەم زانستە بەڕووی چەندین وردەکاری جوانیناسانە و ئیستاتیکیی تردا کرایەوە و فراوانیەکی زۆری بەخۆوە بینی.

 

وێنەی فۆتۆیی وەک ئایکۆنەی بینراو:

وێنە، چەمک و پێناسە:

 وێنە یان فۆتۆ یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی جیهانی نوێی داهێنان و تەکنەلۆجیا و لە سەروبەندی پەیدابوون و داهێنانیەوە وەک دەستکەوتێکی دنیای مۆدێرن، بەردەوام بووەتە کەرەستەی لێکۆڵینەوە ڕۆشنبیری وفەلسەفی و مەعریفیەکان و چەندین چەمک وگفتوگۆو دیالکتیکی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە، ئەمە جگە لەوەی کە تا دێت بەکارهێنانەکانی لە هەموو بوارە جیاوازەکانی زانستی، پزیشکی، بازرگانی، جوگرافی، تەرفیهی، ئەرشیفی، سیاسی، سەربازی و چەندانی تردا فراوانتر دەبێت.

 وێنە لە وشەی لاتینی (Imago) وە هاتووە کە لەخۆیدا مەدلولی لاسایی کردنەوەوشوێنپێ هەڵگرتن (تقليد) ی تێدایە، کە هەڵگری واتای گرتە و لەبەرگرتنەوە و وێنەیە، دەتوانرێت ڕیشەی وشەکە بگەڕێنرێتەوە بۆ وشەی (imitatio) کە بەواتای پەیڕەوی کردن یان لاسایی کردنەوە دێت، (ڕۆلان بارت) واتای بنجیی ئەم وشەیە دەبات بەلای قووڵترین ڕەهەندی ئاماژەو واتای وێنەدا، بەو واتایەی کە وێنە بریتیە لەجۆرێک کۆپی کردن و لاسایی کردنەوەو شوێن پێ هەڵگرتنی شتێک کە لەکاتی ئێستادا نەماوە و لەبەرچاو ونە و لە غیابی نوسخەی ڕەسەنی ئەودا، ئێمە ئێستا سەیری وێنەکەی دەکەین، بەو واتایەی کە بوونی ئێستای بوونێکی نیگارییانەو هونەرییە و کۆپی واقیعەکەیە[7].

وێنە داهێنراوێکە کە بەهۆی ڕەهەندی تەکنەلۆجییەوە دەتوانێت ئەو بابەتە نادیار و نەگوتراوانە نمایش بکات و بخاتەڕوو کە بەجێهێڵراون، بە واتایەکی تر بەهۆی بێدەنگیەکەیەوە دەتوانێت چەندین گۆشەنیگا ڕوون بکاتەوە، هاوکات بیشیانخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش سودبەخشە بۆ زیاتر دەرخستن و ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی ئایدیا و بیروبۆچوون و تێڕوانین لە زیهن و خەیاڵی بەکۆمەڵدا، دواجار لە ئەنجامی یەک بەدوای یەکدا هاتنی چەند وێنەیەکێشەوە شێوەو قاڵبێکی چیرۆک ئامێز دروست دەبێت [8]، بە پێی ئەوەی کە فۆتۆ پانتاییەکە بۆ تێکەڵبوون و کرانەوەی دوو جیهانی جیاواز بەڕووی یەکتریدا، کە ئەوانیش جیهانی ڕاستەقینەو ڕیالیستییە لەگەڵ جیهانێک کە بەرهەمی زانست و تەکنەلۆجیایە و بەهۆی کامێرای فۆتۆگرافییەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەم تێکەڵاوبوونە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە رۆلان بارت چەمکی فەلسەفیانەی (پارادۆکسی فۆتۆگرافی) دابهێنێت و پێی وابێت بوونەوەر بەگشتی و مرۆڤ بەتایبەتی لە نێوان ئەم دوو ڕەهەندە جیاوازەوە، بەفۆرمی ئەرشیفکراوی لە بۆتەی وێنەی فۆتۆگرافیدا دەبێتە جێگای تێڕامان[9].

 

 وێنەو سیمۆلۆژیا/ سیمۆلۆژیای وێنە:

لە کۆنەوە گوتەی (وێنەیەک لە هەزار وشە باشترە.) وەک ئیدیۆمێکی باو لەناو هەندێک لە شارستانیەتەکانەوە ماوەتەوە، کە هەڵگری دەلالەتێکی ڕەوانبێژیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە مرۆڤ هەوڵی داوە بە ئاسانترین و کورتترین ڕێگا مەبەستەکانی دەربڕێت و پەیامەکەی بگەیەنێت، خواستی کورتبڕی و دەربڕینی چڕو پڕواتایی دەردەخات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە وشە و قسەو دەربڕینی زارەکییەوە جارێکی تر هەنگاو بنرێت بۆ بەکارهێنانی وێنە و ئاماژە، ئەمە لەلایەکی تریشەوە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمۆنە سەرەتاییەکان لەسەر زەوی، وەک چۆن زانایانی بواری ئەنسرۆپۆلۆجی پێیان وایە مرۆڤی کۆن سودیان لە ئاماژە و وێنە بینیوە وەک کورتترین هۆکاری پەیوەندی و گەیاندنی پەیامەکانیان، لەم ڕوانگەیەشەوە وێنەو نەخش و نیگارو زمانی نووسینی هێمایی بە ئامرازە ڕەمزی و وێنەییەکانی سەر گابەردی شاخەکان و دیواری ئەشکەوت پاشماوەکانی شوێنی نیشتەجێبوونیان تا ئێستاش ماونەتەوەو بەردەوام توێژینەوەیان لەسەر دەکرێت، ئەمانەش لە بۆچوونەکانی (کلود لیڤی شتراوس) دا براون بەئاراستەی پێکەوە گرێدانی چەمکی سیمۆلۆژیا بەزانستی ئەنسرۆپۆلۆجییەوە.

لە دوای هەوڵە تیۆرییەکانی هەریەک لە سۆسێر و پێرس لە بواری نیشانەو سیمۆلۆژیا و دانانی بەردی بناغەی میتۆدی سیمۆلۆژی بە دیدو تێڕوانینی نوێ و سەردەمیانەوە، لە هەناوی ئەم میتۆدەوە چەندین هەنگاوی گرنگی تر نراوە بە ئاراستەی ڕاڤەی هونەریانەو تێڕامانی وردو زانستی وخوێندنەوەی سیمۆلۆژیانە، بۆ بابەتە مۆدێرنەکان و ئامێرە تەکنەلۆژیە داهێنراوەکانی سەردەم، کە دواجار بەئاراستەی پسپۆڕیی ورد هەنگاویان ناوە، یەکێکیش لەوانە بابەتی وێنەی فۆتۆگرافی بوو، هەرچەندە وێنە وەک پۆرترێت و تابلۆ و نیگار و پەیکەر و هەڵکۆڵین شتگەلێکی نوێ نین، بەڵکو بابەتی سەردەمی پێش مۆدێرنێتەن و مێژوویەکی زۆر دێرینتریان هەیە، بەڵام داهێنانی کامێرا وەک ئامێری وێنەگرتنی فۆتۆگرافی کە دەستکەوتێکی مێژوویی و شۆڕشێکی تەکنەلۆجی و وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، زیاتر سەرنجی بیرمەندانی بە لای بابەتەکەدا ڕاکێشا، لە گرنگترین ئەو کەسانەش هەریەک لە (رۆلان بارت)، (ئیمپرتۆ ئیکۆ)، (ڕینییە لیندیکن)، (واڵتەربنیامین) بوون، کە هەریەکێک لەوانە، کاریگەریی فکری و میتۆدییان لە کۆی بوارەکەدا بە جێهێشتووە و بە گشتی دیدی فەلسەفیانەی تایبەت بە خۆیان هەیە لەنەخشەی فۆتۆسازیدا، ئەو سیانەی یەکەمیشیان بەدەستنیشانکراوی لەبواری سیمۆلۆژیای فۆتۆو بەلاغەی بینراودا ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە.

رۆلان بارت پێی وایە کە فرەڕەهەندی لە وێنەدا زۆر لەوە زیاترە کە لە ئەدەبدا دەبینرێت، دەکرێت وێنە وەک دەقێک یان وتارێکی سەربەخۆ سەیربکرێت، کە بەڕای ئەو دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە و دووبارە ڕاڤە و تەئویلی بۆ بکرێتەوە بەهەندێک لەو ئامرازو میتۆدە هاوشێوانەی کە دەقی ئەدەبییان پێ ڕاڤە دەکرێت، چونکە وێنە کە گوتاری بینراوە هاوشێوەی گوتاری وشەیی و خوێنراوە ئامراز و هۆکارو پێوەرو ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە بۆ خوێندنەوە و ڕاڤەکردن[10].

لەبنەڕەتدا هەموو فۆتۆیەک کە دەگیرێت ئامانج و مەبەستی بینینکاری لە پشتەوەیە، کەسانی نابینا ناتوانن سود لە فۆتۆ وەرگرن هەتا بەهۆی دەنگەوە بۆیان تەرجەمە نەکرێت و نەگوازرێتەوە بۆسەر هەستی بیستن، بۆیە لە بنچینەدا فەلسەفەی فۆتۆ و ئامانجی سەرەکی تیایدا بینینەو چاو وەک ئامرازێک دەبێتە پردی پەڕینەوەی کۆدەکانی فۆتۆ بۆ مرۆڤ، فۆتۆ لە هەمان کاتدا هەم فۆرمەو هەم ناوەرۆک، ئاوێتەیەکی ئەو دووانەیە و پیکەوە پەیام و ئاماژەی تەواوکراو دەگەیەنن، فۆرم دیوە بینراوەکەی فۆتۆیە کە بەر هەستەکان دەکەوێت، بەتایبەتی هەستی بینین و بەرکەوتن، هەر فۆتۆیەکیش خاوەنی قەبارەو سایز و ڕووناکی و جۆرو ڕەنگی خۆیەتی، بەڵام ناوەرۆکی فۆتۆ بریتیە لە چەندین هێما و ئاماژە و دەلالەت و هەڵگری واتا و کۆد و مێژووی تایبەتە و هەر فۆتۆیەکیش جیاوازە لە فۆتۆیەکی تر، بۆیە فۆتۆ لە کەناڵی بینینەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ هەست و نەست و خەیاڵی بینەر و بە تێڕامان لێیان، پرۆسەی وروژاندن و کاریگەری لەسەر سایکۆلۆجیای بینەر دروست دەکات، بەتایبەتی ئەگەر بینەری فۆتۆ هەمان کەسی ناو فۆتۆکە بێت، (سۆسێر) یش پێناسەی سیمۆلۆژیا لە ئاراستەی زمانییەوە دەبات بەلای زانستی دەروونناسیداو پێی وایە ئەم دووانە- سیمۆلۆژیا و دەروونناسی- بەبێ یەکتری ناتەواون و هەردووکیان لەناو زماندا دەبن بە تەواوکەری یەکتری، " سیمۆلۆژیا بریتیە لەو زانستەی کە لە هەناوی زماندا کار لەسەر ڕێکخستن و واتا پێدانی هێماو ئاماژەکان دەکات، بەجۆرێک کە ڕاڤەو لێکدانەوەی هەموو ئەو ئاماژەو کۆدانە دەکات کە لەناو کایەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەن و بەمەش سیمۆلۆژیا دەبێتە بەشێک لە دەروونناسی کۆمەڵایەتی.[11] "، خوێندنەوەی وێنەی (مۆنالیزا) ی داڤینشی وەک چۆن بە میتۆدی دەروونناسی کراوە، هاوکات بە میتۆدی سیمۆلۆژیش لەسەرهەمان بنەما کراوە، چونکە گرنگترین ڕەگەز کە لەو وێنەیەدا دەستنیشان کرابێت ڕەنگدانەوەی هێماو ئاماژە سایکۆلۆجییەکانی خودی داڤینشیییە لەوێنەکەدا.

 فۆتۆ دیمەن و وردەکاریە ناوەکییەکانی کەسەکان وەک: عەقڵ و ژیری، هەست و سۆز و ئایدیا پیشان نادات و نایانخاتەڕوو، ئەوە بینەر و شرۆڤەکاری وێنەکەیە کە هەندێکجار لە فۆرمی دەرەوەی کەسەکانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ وردەکاریە میتافیزیکیە ناوەکیەکان، لە چیرۆکیشدا گێڕەرەی چیرۆکەکە هەمان ئەو ڕۆڵە دەبینێت، بۆ ئەوەش گێڕەرەوە کە لەهەمان کاتدا چیرۆکنووسیش دەگرێتەوە، لەلایەک پشتی بەیادەوەریەکانی خۆی دەبەستێت لەگەڵ فۆتۆکاندا، لەلایەکی تریشەوە لە هەندێک شوێندا ئاماژە فیزیکیەکان و زمانی جەستەی کەسانی ناو فۆتۆکانی بەشێوەیەکی سیمۆلۆژیانە دەکات بە پێوەرو بە میکانیزمی وەسفکردنیان ئاماژەو هیماکانی لێ دەردەهێنێت و سیمۆلۆژییانە بە وەسف وڕاڤەیان دەکات، چونکە یەکێک لە بنەماو پایە سەرەکییەکانی سیمۆلۆژیا بریتیە لە وەسف، " سیمۆلۆژیا زیاتر زانستێکی وەسفییە وەک لەوەی کە زانستێکی میعیاری بێت.[12] "، (چارلز پێرس) ئاماژەی بە ڕەگەزە لێکچووە ئایکۆنەییەکانی نێوان زمانی وێنە و زمانی وشەیی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی سیمۆلۆژیا، بۆ نموونە وێنەیەکی (پشیلە)، کتومت گیاندارە ڕاستەقینەکە دەخاتە بەرچاومان زۆرترین لێکچوونی ڕەهای لەگەڵیدا هەیە بە بەراورد بەو ڕەگەزە زمانیانەی کە بەپێی سیستمی کۆمەڵایەتی زمان بەرامبەر (پشیلە) دانراون، وەک وشەی (پشیلە) و مۆرفیمەکانی کە بۆنموونە لەزمانی کوردیدا بەلێکدانی پیتەکانی: (پ، ش، ی، ل،ە) پێکدێت، بۆیە لە کاتێکدا ئێمە وێنەی پشیلەیەک ببینین و پاشان ناوی بهێنین یان وەسفی بکەین، ئەوا ناوهێنان و وەسفەکە سیمۆلۆژییانە دەبێت و سیمۆلۆژیا بەرهەم دێنێت، نەک دەقاو دەق وێنە بەرهەم بێنێت، چونکە بە وشە و نووسین و دەنگ وەسفمان کردووە نەک بەوێنە، لێرەوەیە کە لەکاتی تەرجەمەکردنی ئاماژەو هێما و ئایکۆنە بۆ سیاقی وشەیی بە ئاراستەی پرۆسەی سیمۆلۆژی هەنگاو دەنێن.

 

چیرۆکی کوردی و سیمۆلۆژیا

سەبارەت بە بابەتی سیمۆلۆژیا لە ئەدەبی کوردیدا دەتوانین بڵێین ئاشنابوونمان بەم چەمکە تاڕادەیەکی زۆر تازەیە، هەم تەوزیفکردنی سیمۆلۆژیا لەلایەن چیرۆکنووسانەوە بۆ ناو دەقەکان، هەم خوێندنەوەی ڕەخنەیی دەقەکان لەلایەن ڕەخنەگرانمانەوە لەسەر بنەمای سیمۆلۆژیی دەگمەنن، هەر لەم بارەیەوە دەتوانین بڵێین لێرەو لەوێ سیماو ئەدگاری سیمۆلۆژی بە هەندێک لە دەقی چیرۆکنووسەکانمانەوە دەبینین کە لای هەندێکیان بە ئاگاییەوەو لای هەندێکی تریشیان خۆکارانەیە، یەکێک لەو چیرۆکنووسانەی کە ئەم تەکنیکە لە دەقەکانیدا دەبینرێت (سیامەند هادی) یە، کە ناوبراو یەکێکە لەچیرۆکنووسەکانی نەوەی دوای ڕاپەڕین، ئەو بە ئارامی کار دەکات، کەسێکی وریاو بەئاگایە لەڕەوتی ئەدەبی و ڕەخنەیی، چونکە وێڕای بەهرەی چیرۆکنووسین، خوێنەرێکی جدی و قەڵەمێکی جوانی دنیای ئەدەبی کوردییە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە کۆمەڵە چیرۆکی (خۆڵەمێشی ناودارەکان) ە، کە چەند دەقێکی لەخۆگرتووە و شایانی تێڕامان و سەرنجی ڕەخنەیین.

 لەچەند دەقێکی ناو ئەم کۆچیرۆکەدا (سیامەند هادی) لەسەر فۆتۆ وەستاوە و لە بونیاتنانی دەقەکەدا تەوزیفی کردووە، یەکێک لەو دەقانەیش کە خوێنەر بەلای خۆیدا پەلکێش دەکات چیرۆکی: (چوارەمین ئەلبومی تەنهایی)یە، کە تا ئاستی پشت پێ بەستنی تەواو لەسەر فۆتۆ بونیات نراوەو تیایدا فۆتۆ بووە بە تەکنیکی سەرەکی، هەربۆیە دەقەکە خۆی پاساوی زانستی و ئەوە دەدات بە ڕەخنەگر کە بەمیتۆدی سیمۆلۆژیای فۆتۆ بخوێنرێتەوە، بەبێ ئەوەی بۆ پرۆسەی شیکاریکردنی زۆرلەخۆکردن و هەوڵی گونجاندنی بدرێت، لەم دەقەدا هەردوو ژانری هونەرو ئەدەب بە تەواوەتی پێکەوە گرێدراون و بوونەتە تەواوکاری یەکتری و مۆتیڤی سەرەکی دەقەکە، بۆیە لەم لێکۆڵینەوەدا هەوڵدەدەین بزانین چۆن سیامەند وێنەی فۆتۆیی بەکارهێناوە و بەکام تەکنیک دەقێکی ئەدەبی ئەفراندووە، کە ئەدەبییەتی دەقی تیادا بەرهەم هێنابێت و چۆن وێنەی فۆتۆگرافیی وەک ئامرازی بەرجەستەکاری ڕیالیستی لە سیاقی ئایکۆنی و ناوشەییەوە گواستوەتەوە بۆ سیاقی وشەیی و بەرەو دەقێکی ڕاقی بردوویەتی، هەروەها بە وردی تیشک دەخەینە سەر ڕەهەندەکانی سیمۆلۆژیای فۆتۆیی لەم دەقەدا.

 

 پەیوەندییە سیمۆلۆژییەکانی فۆتۆ بە ناونیشانی چیرۆکەکەوە:

ناونیشان وەک دەروازەو سەرەتای دەق گرنگی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە، چونکە هەمیشە یەکەم نیگاوسەرنجی خوێنەر بەلای ناونیشاندا دەچێت و هەرلەوێشەوە بڕێک بیرۆکە و گریمانەی لەبارەی دەقەکەوە بۆ دروست دەبێت، " ناونیشان یەکەم بەشی دەقە کە بەرچاو دەکەوێت، سەرنج ڕادەکێشێت، دەبێتە ناسنامەی دەقەکە و ناوەرۆکەکەی کورت دەکاتەوە و خوێنەر بەلای خۆیدا پەلکێش دەکات، ئەرکێکی دوولایەنەی هەیە، هەم لەفزییە و هەم ئاماژەییە.[13] "، (چوارەمین ئەلبومی تەنهایی) ناونیشانێکی سەرنجڕاکێش و پڕ دەلالەتە، هەر بەبینینی ئەم تایتڵە خەیاڵ و زیهنی خوێنەر ڕاستەوخۆ لەئەلبومەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ فۆتۆ، هاوکات هەریەک لە وشەکانی (چوارەمین، تەنهایی) هەڵگری مەدلولی تایبەتی خۆیانن و دەبنە سەرەداوێکی سەرەتایی بۆ هەندێک تێگەیشتنی خێرا و سادە لەبارەی مۆتیڤی دەقەکەوەو بە ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن، دەقەکە لەسەرچی داڕێژراوە و گریمانە کراوە.

 ناونیشانەکە لە چوار وشەی سەرەکی پێکهاتووە کە هەریەکێکیان هەڵگری ئاماژەیەکی سیمۆلۆژین بەم شێوەیە:

١-چوارەمین: ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا بریتیە لە ناوی ژمارە، ڕەهەندی ماتماتیکیانەی هەیە کە ژمارە (٤) ە، بەڵام لێرەدا لە فۆرمی ڕیزبەندیکردندایە بەپێی پلە لەجۆری: یەکەم، دووەم، سێیەم،....هتد، ڕەهەندی سیمۆلۆژی و ئاماژەیی هەیە، نیشانەیە بۆ قۆناغ و ماوەی زەمەنی و سەردەم، کە لە وشەکانی دواتریدا، تاڕادەیەک واتاکەی ڕوون دەبێتەوە، هاوکات ڕەگەزی ڕەوانبێژی ژمارەییشی تێدایە، کە دواتر ئاماژە بەم ڕەگەزە دەدەین و هەندێک لەسەری دەوەستین.

٢-ئەلبوم: نیشانەو هێمایە بۆ تەمەن و قۆناغ و وێستگە جیاوازەکانی ژیان.

٣-تەنهایی: نیشانەیە بۆ باری کۆمەڵایەتی و دەروونی و کوالێتی ژیان.

بەوشێوەیە بەهۆی ئەو سێ نیشانە و هێمایەوە، بناغەی ناونیشانێکی سیمۆلۆژیانەی بۆ دەقەکە داڕشتووە، کە دواتر ناوەرۆکی چیرۆکەکە دەبێتە تەواوکاری کۆی ئەم موفرەدە سیمۆلۆژییانە.

 وەک لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، هەر لەم ناونیشانەدا دەتوانین بابەتی ڕەوانبێژیی ژمارەیی یاخود بە دەربڕینێکی تر(ڕەوانبێژی دیجیتاڵی) ببینین، کە بابەتێکی گرنگ و نوێیە و هەندێک لە توێژەران وەک پاژێکی لاوەکی و ناڕاستەوخۆ لە تیۆری (بەلاغەی ناونیشان) ی (رۆلان بارت) ەوە ئاماژەیان پێداوە، لەوانە : ج. دۆران Jacques. Durand)) کە پێی وایە هاوتەریب لەگەڵ لایەنی وێنە و وشەدا میکانیزمی سێیەمی گوزارشتکردن هەیە، کە بریتیە لە ژمارە، ناوبراو پێی وایە نابێت چیتر وا لە ژمارە بڕوانرێت، کە تەنها بوونێکی ڕووکەشییەو ئەرکێکی تەقلیدیی و مەئلوفی ژمێرەیی هەیە، بەڵکو بەپێی ئەوەی کە ژمارە ڕەگەزێکی گرنگ و بابەتییە لە گوتاردا، بۆیە دەبێتە خاوەنی ئەرکی سەربەخۆی خۆی و دەکرێت کۆدو دەلالەتی تایبەت و جۆراوجۆری لێ هەڵێنجرێت و ناکرێت چیتر بە ئامرازێکی بچوک و بێ بایەخ سەیری ژمارە بکرێت، بەڵکو دەکرێت وەک جیهانێکی فراوان ببینرێت و ئەرکە جۆراوجۆرەکانی تەنها لە جوغزی ژمارەی ئەبستراکتی ماتماتیکیدا بچوک نەکرێتەوە، چونکە چەندین ئەرکی نا ژمارەیی و دیجیتاڵی لە ژمارەدا هەن، کە دەیانکەنە خاوەنی ڕەوانبێژی و ڕەنگدەرەوەی لایەنی دەروونی و کلتوری و ئیستاتیکی، ئاماژەکانی ناو ژمارەش بوونێکی سیمۆلۆژیانەیان هەیە، بەڕای (دۆران) ژمارە بەهۆی چەند شێوەو فۆرمێکی ڕیزبەندی و ماتماتیکیەوە، دەلالەتی جیاواز وەردەگرێت و شوێنی وشە دەگرێتەوەو ڕەوانبێژی دیجیتاڵی جۆراوجۆر دروست دەکات، لەوانە:

١-پاتکردنەوە، کە پشت بە دووبارەکردنەوەی هەمان ژمارە دەبەستێت، بۆنموونە بۆ ڕیزکردن وەک: پێنج پێنج، بۆ ژماردن وەک: پێنج سەدو پەنجاوپێنج، هتد....

٢-ڕیزکردنی نیمچە سەرژمێری، کە بە گۆکردنی وشەیەک بەدوای ژمارەیەکدا، بە شێوەی یەک بەدوای یەکدا هاتنی ڕاستەوخۆ، یان هەبوونی وشە لەنێوانیاندا، وەک: دووشێوەی ژیان، سێ دەستکەوت، شەش حەوت کەس....هتد.

٣-واتای تێکەڵاوو بەدوای یەکدا هاتوو لەشێوەی بەراورددا، کە بەهۆی دووجار بەکارهێنانی ژمارەیەکەوە دروست دەبێت و ڕەوانبێژیی تایبەت بە خۆی دروست دەکات، وەک: ئەمە هەزارهەزار جار لەوەی پێشوو باشترە.

٤- تەوزیفکردنی بەشێک لە ئەندامانی جەستە بۆ هاوکێشەی ژمارەیی و بینینکاری، وەک ئەوەی کەسێک بە دەرخستنی هەر دە پەنجەکەی دەستی ئاماژەی ژمارە(١٠) یان کەمترو زیاتر پیشانی بەرامبەرەکەی بدات.

٥-پارادۆکسی ڕەوانبێژیی وەک: دوو ڕوو، دووزمان، یان ژمارەی ئەفسانەیی وەک دەرخستنی ژمارەی باڵ و پەلەکانی هەندێک گیانلەبەری ڕاستەقینە یان ئەفسانەیی کە لەسەر بنەمای میتافۆری ژمارەیی بونیات نراون وەک: (هەزارپێ، حەوت سەر، چوارچاو، شەست هەزار باڵ).

هەرەها (ج. دۆران) پێی وایە کە ئەمانە خانەی ڕەوانبێژی کلاسیکی تێدەپەڕێنن و بە ئاراستەی ڕەوانبێژی دیکەدا هەنگاو دەنێن، لەوانە ڕەوانبێژیی وێنەیی و بینینکاری و دیجیتاڵی و تەلارسازی و هونەری و ئەفسانەیی[14]، هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین ناونیشانی ئەم کۆچیرۆکە لەسەر بنەمای سیمۆلۆژیای ناونیشان و بەسود وەرگرتن لە تەوزیفکردنی ژمارە و تێکەڵکردنی لەگەڵ ڕەگەزی تردا لەچوارچێوەی بەلاغەی ناونیشاندا جۆرێکە لە ڕەوانبێژیی ژمارەیی و دیجیتاڵی.

 

سیمۆلۆژیای فۆتۆ لەچوارەمین ئەلبومی تەنهاییدا:

 وەک ئاماژەمان پێدا ئەم دەقە لەسەربنەمای وێنەی فۆتۆگرافی بونیات نراوە، وێنەکان لە ناو ئەلبومەکاندا پارێزراون و چیرۆکی تیکڕای وێنەکان لەدەوری پاڵەوانی سەرەکی دەسوڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەدا کە فۆتۆکان خودیین و تایبەتمەندی کەسیی ڕەهایان هەیە، بەڵام پڕن لە دەیان کەسایەتی جۆراوجۆری دیکە کە دەبنە کەسایەتیە لاوەکیەکانی ناو دەقەکە، بوونیان جگە لەسەر کاغەزی فۆتوکان لەهەمان کاتدا لەزیهنی پاڵەوانی سەرەکیشدا هەیە، کە گرێچنی دەقەکەو ڕایەڵەی تانوپۆکەیان کردووە، هەروەها لەناو دەقەکەدا ئەرکی سیمۆلۆژیانەشیان هەیە، ئەو بابەتە گرنگەی کە لەپاڵ وێنەکاندا هاوتەریبە، تەمەنی مرۆڤە کە لەئەلبومەکاندا ئەرشیف کراوە، بەم پێیەش     بێت چیرۆکەکە لەسەر دال و مەدلولێکی سەرەکی بونیات نراوە، کە ئەلبوم دەبێتە دال و تەمەنیش مەدلولی سەرەکی، پاشان لەوێوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ یەک بەیەکی فۆتۆکان کە هەریەکێکیش لەوان دەبنە دالێکی ترو مەدلول لە واتاکانیانەوە هەڵدەگۆزرێت، پاڵەوانی سەرەکی خۆی وێنەکانی لەبەردەستدایەو لە ڕێگای خۆیەوە وەسف و زانیاری هەمەچەشنی مێژوویی و جوگرافی و لایەنی دەروونی و کەسایەتی و تەمەن و تایبەتمەندیەکانی کاراکتەرەکان دەگوازێتەوە بۆخوێنەر و تیشکیان دەخاتەسەر، بۆیە خودی وێنەکان دێنە گۆو دەدوێن و دەبنە بەشێک لە گێڕانەوەکان، لێرەوە فۆتۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و لە خودییەوە دەبن بەبابەتی، ئاماژە خودییەکان حیکایەتەکان دروست دەکەن و بەردەوامی و ژیان و زیندوێتی دەدەن بە دەقەکە، فۆتۆکان بەشێوەیەکی سیمۆلۆژییانە لەسەرەتاوە هەتا کۆتایی لەخزمەتی دەقەکەدان و درێژە بە ڕیتمی گێڕانەوە دەدەن و دەقەکەیان لەسەر هەڵچنراوە، بەڕاڤەو تەئویلی فۆتۆکانیش لەلایەن نووسەرەوە (کە ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی گێڕەرەوە دەبینێت و چووەتە شوێنی ئەو)، مەدلولەکانیان ڕوون دەبێتەوە.

 چیرۆکنووس زۆر وریایانە و بەئاگاییەوە لە هەناوی زۆربەی فۆتۆکاندا نیشانەیەک یان زیاتر دەردەهێنێت، دەستنیشانیان دەکات، پاشان لەو نیشانەیەوە بە وردەکاریی فۆتۆکەدا شۆڕدەبێتەوە، پاشان نیشانە سیمۆلۆژیەکە دەگۆڕێت بۆ سیاقی وشەیی و بە شێوەی گێڕانەوە و وەسف و لێدوان، ڕاڤەی پێویستی دەکات، پاشان دەچێت بۆ نیشانەو هێمایەکی تری سیمۆلۆژی و بەو جۆرە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

وەک لەلاپەڕەکانی پێشوودا ئاماژەمان بەوە دا کە سیمۆلۆژیا زیاتر زانستێکی وەسفییە، بەو واتایەی کە بە میکانیزمی وەسفکردنی ئاماژە و کۆدەکان و شیکردنەوەیان بەرجەستە دەبێت، " ئەلبومەکەی زیاتر لەچاوی خۆی نزیک دەکردەوە و بەوردی سەیری خۆی دەکرد، لەوێدا جگە لەوەی سەری ئەوەندە نەڕووتابوەوە، وەک ئێستاش هەموو سەری سپی نەبووبوو.[15] "، بەم شێوەیە دەبینین لەلایەک فۆتۆیە، لەلایەکی ترەوە دەقە، تێکەڵبوونی دوو جیهانی سەربەخۆو تایبەتە کە جیهانی هونەر و ئەدەبە و هەریەکێکیان بەلاغەی سەربەخۆی خۆیان هەیە، بەڵام لێرەدا بەلاغەی نوێیان لێ درووستکراوە، هەروەک چۆن رۆلان بارت پێی وایە هەریەک لە (ئەدەب، خەون، وێنە) هاوبەشن لە هەبوونی بەلاغە تیایاندا، بەڵام لە هەریەکێکیاندا تایبەتمەندی و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، کە لە فۆرم و ناوەرۆکیاندا جیاوازی دروست دەکەن، چونکە هەریەکەیان ماتریاڵی تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆ ئەدەب بەلاغەی وشەیی، بۆ خەون بەلاغەی وێنەی زیهنی، بۆ فۆتۆ بەلاغەی وێنەی ئاسایی، لە لایەکی تریشەوە لەسەرئاستی فۆتۆ، پێویستە ڕەچاوی سیاقی وێنەکە بکرێت لە ڕووی هەلومەرجی چرکاندنی فۆتۆکە لەگەڵ کاتەکانی دواتریدا، کە بینەر تێیان دەڕوانیت و ڕاڤەیان دەکات، هەروەک چۆن نزیک لەم تێروانینەوە لای دەروونناسی دانیمارکی (ئیدگار ڕۆبن) ئاماژە بەچەمکی هەڵوەشاندنەوەگەرایی دراوە لە نێوان پێش زەمینە و پاش زەمینەی فۆتۆدا[16].

 لەم چیرۆکەدا دیالۆگی ڕاستەوخۆ نییە، ئەو دیالۆگانەی کە هەن لە زەمەنی ڕابردوودا کراون، ئێستا فۆتۆکان دەیانهێننەوە یادگەی پاڵەوان و نووسەری هەمووشتزان لەسەر زاری (ئەوان) ی ڕابردووەوە بە شیوەی گەڕاندنەوەو هێنانەوەی زیهنی یاخود بە وەسف گوزارشتیان لێدەکات، هەروەها لەم دەقەدا زنجیرەکردن و ڕیزبەندیکردنی فۆتۆکان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاسایی ژیانەوەن، چونکە گێڕەرەوە لە کۆتایی وێنەکانی تەمەن و سەردەمی خانەنشین بوونیەوە کە نزیکترین کاتە لەگەڵ ئێستادا، پاشەوپاش بە فۆتۆکانی ناو ئەلبومەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ دواوە و هەتا دەگاتە کۆنترین فۆتۆی ڕەش وسپیی شکاوو درزتێبوی سەردەمی منداڵی، " وێنەکان هی ئەم چەند ساڵەی دوایی بوون و لەگەڵ تەماشاکردنیاندا، هەندێ جار ڕۆژی وێنەگرتنەکەشی بیردەکەوتەوە. [17] "، وێنە کۆنە ڕەش وسپیەکان لەگەڵ وێنە تازەکاندا دەبنە فاکتەر و کلیلی گەشەکردن و بەردەوامی و بیرکردنەوە وێنەییەکان، لێرەشەوە وزەو ئینێرجی زیاتر دەدەن بە پاڵەوان لە پرۆسەی دووبارە سەرنجدان و تێڕوانینەوە، لێرەوە پانۆرامای ژیان و زەمەن لە فۆتۆکانەوە نمایش دەکرێن، بەڵام کرنۆلۆجیاییەکەی لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا دەگەڕێتەوە، لەچوارچێوەی ئەلبومەکانەوە، دەقەکە سیمۆلۆژییانە لەسەر فۆتۆکان زاوزێ دەکات، ئەلبوم پانتایی ئەرشیفکردنی فۆتۆکانە و لێرەوە یەکەم (دال) و (مەدلول) ی دەقەکە کارا دەبێت و دەکرێت ئەلبوم وەک دال و تەمەنیش وەک مەدلولی سەرەکی ڕاڤەیان بۆ بکرێت، لەوێشەوە خوێنەر بە قووڵایی دەقەکەدا شۆڕدەبێتەوە، ئیتر ڕۆڵی فۆتۆکان دێنە پێشەوەو سیمۆلۆژیانە دال و مەدلولی دیکە دروست دەکەن و دەبنە ڕەگەزی سەرەکی و ستراکچەری دەقەکە پێکدەهێن، بەمجۆرە:

١-دال: وێنە فۆتۆگرافییەکان کە نیشانەو هێمان دەبنە دال.

٢-مەدلول: چەمک و واتاو دەلالەتی زیهنی و ئاماژەو ڕەمزی فۆتۆکانن.

بەڵام وەک چۆن (تشارلز پێرس) ڕەگەزی سێیەمی بۆ سەر دال و مەدلول زیادکردووە، کە دروستکردنی کەسی سێیەم یان بوونی سێیەمە، کە کەسێکی بەئاگایە و زانیاری لەبارەی کۆد و ئاماژە و هێماکانەوە هەیە و هەر خۆی شرۆڤەیان دەکات [18]، بەهەمان شێوە سیامەند هادی لەم چیرۆکەدا خودی خۆی، ڕۆڵی ئەو کەسی سێیەمە دەبینێت بەوەی کە شارەزایی و زانیاری پێش وەختەی لەبارەی(دال= فۆتۆ) کانەوە هەیە، بۆیە چەمک و ئاماژەکانیان ڕوون دەکاتەوە و ڕاڤەیان دەکات، چونکە سروشتی چیرۆکەکە وایە کە (من) ی خوێنەر لە سەردەم و ڕۆژگاری چرکاندنی وێنەکاندا نەژیاوم و بە چاوی خۆم نەمبینیون و بێئاگام لێیان، بەڵکو چاوی گێڕەرەوەی هەمووشتزان بینوونی و ئێستا لە پرۆسەی دووبارە سەیرکردنەوەیاندا بۆمانی دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەمجارە لە دیدی فۆتۆکانەوە زەمەن دەگێڕێتەوە، واتە زەمەن بە وردەکارییەکانیەوە ئەرشیف کراوە و لەئێستادا بە ڕووداوگەلێکی دیکۆمێنت کراوەوە ئامادە دەبێتەوە، هەڵبەتە وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا گێڕەرەوەی هەموووشتزان هەمان کەسی پاڵەوانی سەرەکییە، بەڵام چیرۆکنووس لە فۆرمێکی جیاوازو بە تەکنیکی تایبەت تێکەڵاو بە یەکتری کردوون، بۆیە پاڵەوانی ناو فۆتۆکان و پاڵەوانی سەرەکی ناو چیرۆکەکە هەر هەمان کەسە، بەڵام یەکەمیان لە سیاقی وێنەیی و ئەوی تریان لە سیاقی وشەییدان، ئەمەش بەرجەستەبوونی هەمان پاڵەوانە لە دوو فۆرمدا، فۆرمێکی هونەری و فۆرمێکی ئەدەبی.

لە پرۆسەی گێڕانەوەکەشدا، نۆستالجیایەکی قووڵ بۆ ساتە لەدەستچوەکانی تەمەن دەبینرێت، چونکە فۆکسی سەرەکی ناو فۆتۆکان لەسەر خودی پاڵەوانی سەرەکییەو لەڕابردوودا خۆی ئامادەیی فیزیکی هەبووە تییایاندا، بەڵام ئێستا لە بۆشاییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی گەورەی خۆیەوە تێیان دەڕوانێت، ئەمەش بەرهەمهێنەری نۆستالجیای ناو دەقەکەیە، کە پاڵەوان هەڵدراوەتەوە سەر لوتکەی هەرەمی تەمەن، لێرەدا نۆستالجیا تەنها سیستمێکی ناوەکی و سایکۆلۆجی پاڵەوان نییە، بەڵکو نیشانەو ئاماژەی سیمۆلۆژییە، چونکە "سیمۆلۆژیا دژی هەموو ئەو دەقانەیە کە لەناوخۆیاندا دەرگا لەسەر ئاماژەکان دادەخەن.[19] "، یەکێکیش لەو هێما و ئاماژانەی کە هەر لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە دەقەکە جیانابێتەوە، لایەنی دەروونی و نۆستالجیایە.

لایەنێکی تری بەرهەمهێنانی سیمۆلۆژیانەی دەقەکە لەوەدا بەرجەستەبووە کە چیرۆکنووس گۆڕانکاریی ڕیشەیی هێناوە بەسەر تێڕوانین و مامەڵەی خوێنەر بۆ فۆتۆکان، بەجۆرێک کە تێڕوانین و بینینی خوێنەری بۆ فۆتۆکان لە بینین و سەیرکردنی ئەبستراکتەوە گۆڕیوە بۆ بیرلێکردنەوەو سەرنجدانی قووڵ و شیکردنەوەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئاماژەکانی ناوفۆتۆکان و خوێنەر پەلکێش دەکات بە هەموو کون و قوژبنەکانی ڕابردوودا، زۆر لێزانانە ناچاری دەکات بە تەرکیز کردن لە ئاماژەو هێڵ و جوڵەکانی یەک بەیەکی فۆتۆکان لەسەر ئاستی(ئاسۆیی، ستونی، بازنەیی)، بۆ ئەو مەبەستەش کاری لەسەر ڕەنگ و شێوەو ڕووناکی و تاریکی و گرتەی جۆراوجۆری دانیشتن وڕاوەستان و دیمۆگرافیای دابەشبوونی کەسەکان لەناو فۆتۆکاندا و گۆشەو دیمەن و دەلالەتەکانیان کردووە، هەروەها جۆری ڕوخسار و باڵاو سیماو تەمەنی کەسەکانی ڕوون کردوەتەوە، کۆی ئەو وردەکاریانەشی بەجۆرێکی ئەدەبی ئەوتۆ ڕۆناوەتەوە کە قابیلی دووبارە واتاپێدانەوە و پەی بردنن بە کۆدو پەیامەکانی وێنەکاندا، چونکە لە وەسف و شرۆڤەکردنی ڕوخسار و ناوەرۆکی کەسایەتیەکانی ناو فۆتۆکاندا مەبەست و ئامانجی چیرۆکنووس ئەوە نییە کە کتومت هاوشێوەی فۆتۆکان لە سیاقە هونەریەکەدا دروست بکاتەوە، بەڵکو مەبەستیەتی لەڕێگای وەسف کردنیانەوە بەگۆڕینی نیشانە و هێما نا وشەییەکان بۆ سیاقی وشەیی وئاشکراکردنی کۆدەکان، لەکۆنتێکستێکی ئەدەبی و بەلاغیدا گوتار دروست بکات، بەوەش تا ئەندازەیەکی زۆر لە میتۆدی سیمۆلۆژی نزیک بووەتەوە، " سیمۆلۆژیا ئامانجی بونیاتنانی سیستم و بەرهەمهێنانی گوتارودەقە، یاخود بۆ دروستکردن و خولقاندنی گوتارە. [20]"

لە فۆتۆکانی یەکەمجاردا وێنەگرەکە بکەر بووە، خۆی گۆشەنیگای دیاری کردووە و نیشانەی لە کەسەکان گرتووە و چرکاندوونی، بەوپێیەش بێت وێنەگیراو بەرکاربووە، بەڵام لە ئێستادا کەسی وێنەگیراو بکەرە و ئەم نیشانە دەگرێت لە کەسەکان و سەرنجیان لێدەدات و لە گۆشەنیگای خۆیەوە تێیان دەڕوانێت و خوێندنەوەیان بۆ دەکات، بکەری یەکەمجار(وێنەگر) ەو فۆتۆی بەرهەم هێناوە بەڵام بکەری ئێستا (چیرۆکنووس) ەو دەقی بەرهەم هێناوە، ئەمەش لای (هلمسلیف) لە چوارچێوەی ڕوخسار و ناوەرۆکی وێنەدا ئاماژەی پێدراوە " ناوەرۆک بریتیە لە جەوهەری وێنەکان، بەڵام ڕوخسار بریتیە لە وێنەی جەوهەرەکان.[21] " بەمەش چیرۆکنووس لەگەڵ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زەمەنیدا ئاڵوگۆڕی بینەرو بکەریشی کردووە، لێرەدا دەپرسین چۆن نووسەر واتای هەنووکەیی و ئێستایی داوە بە فۆتۆکان و لەوێشەوە سیمۆلۆژیای فۆتۆی بەرجەستەکردوە؟ بۆ وەڵامی ئەوەش دەتوانین بڵێین فەزای ساتی وێنەگرتنەکە، فەزایەکی گەورەو جیهانێکی بینراوو بەرهەست بووە، بەڵام فەزای دواتری فۆتۆکان گۆڕاون، خودی وێنەکان بچوکن، بریتین لە پرۆسەی چوارچێوەدارکردن و سنووردانان بۆ واقیع لەسەر کاغەز و لەناو یەکەیەکی پۆسکارتیدا، بەڵام هەرچەندە فۆتۆکان لە فۆرمدا لەقاڵبدان و بچوککردنەوەی جیهانی واقیعن و بردنیانن بۆ جیهانی مەجازی و کەسایەتی و کاراکتەرەکانی ناوی لە قاڵب دراون، ڕەنگەکان جیاوازن، تێکڕای ڕەگەزە مادییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان لە فۆرمە فیزیکیەکەی یەکەمجاریاندا نەماونەتەوە و گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە، بەڵام بەپێچەوانەوەی بچوکیی پانتاییان و فەزای لە قاڵب دراوی وێنەکان، فەزای گشتی گەورەیەو لایەنی دەروونی پاڵەوان فراوانە، بۆیە کۆی ئەم گۆڕانکارییانە هاوتەریب لەگەڵ لەدەستچوونی تەمەن و تێپەڕبوونی کات و نائامادەیی بەشێکی کاراکتەرە لاوەکیەکانی ناو فۆتۆکان، لەئێستادا کاریگەرییان لەسەر سایکۆلۆژیای بینەری فۆتۆکان دروستکردووە، کە لەهەمان کاتدا هەرخودی پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکەکەیشە، چونکە واقیعە ئەبستراکتە ڕیالیستیەکەی ساتی چرکاندنی وێنەکان دواتر گۆڕاون بۆ گوتارێکی زیهنی و ڕەهەندی هەنوکەیی و کەینونەی مێژوویی لەهەمان فۆتۆدا کۆدەبنەوە و کارلێک دەکەن، فۆتۆکان دەبنە پانتاییەک بۆئەوەی لە کۆکردنەوەی ئێستا و ڕابردوو واقیعێکی نوێ دروست بکەن، کە هەمان ئەو چەمکەیە (ڕۆلان بارت) پێی دەگووت: (نا واقیعیەتی واقیعی فۆتۆگرافی[22].).

 

سیمۆلۆژیای زمان و فۆتۆ لەم چیرۆکەدا:

وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە سیمۆلۆژیا خودی خۆی بەشیکی گرنگ لە سیستمی زمان پێکدەهێنێت، کە بریتیە لە زمانی ئاماژەو هێماو نیشانە، لەناو ئەوانیشدا دەتوانین سیمۆلۆژیای وێنە و بابەتی بینراو بە پاژێکی گرنگی سیمۆلۆژیای زمان هەژماربکەین.

 لە خوێندنەوەی وێنەدا دوو جەمسەری سەرەکی هەیە کە ئەوانیش بریتین لە:

١-وێنەکە چی تێدایە و چی دەڵێت، کە هەم فۆرمی بینراوی وێنەکە و هەم ناوەرۆکەکەی دەگرێتەوە.

٢-چۆن ئەو مەبەستە دەڵێت کە دەیەوێت بیگەیەنێت بە بەرامبەر، ئەو دووجەمسەرەش پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەزمانەوە هەیە.

 لە بابەتی بەرجەستەبوونی سیمۆلۆژیای وێنە لە چیرۆکدا، زمان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و هاوتەریبە لەگەڵ فۆتۆدا و پێکەوە خاڵی سەرەکی هاوبەشیان هەیە، ئەگەر فۆتۆ فۆرمێکی بەرجەستەیی هەبێت و تەنها بە ئاماژە دیوی بینراوو ڕواڵەتی دەرەوەی کەس و شوێن و دیاردەکانمان پیشان بدات[23]، زمانی فۆتۆ زمانێکی کپ و بێدەنگە و ئاماژەو ئیحاو تاریک و ڕوون و سیمای کەسەکان وەک خۆی پیشان دەدات، ئەوا زمانی ئاخاوتن دەبێتە پردی پەیوەندی نێوان وێنە و چیرۆک و بەهۆی زمانەوە وردەکاریەکان و ناوەرۆکیان ڕوون دەبێتەوە.

 لەم چیرۆکەدا فۆتۆکان تەرجەمە کراونەتەوە بۆ وشە و ڕستە و پەڕەگرافەکانی ناو دەقەکە، زمانی دەقەکە گرێدراوە بە زمانی فۆتۆکانەوە، هەڵبەتە زمانی فۆتۆش لە ئاماژەو گرتە و جوڵەو ئیماژو گۆشە و زاویەکانیدا بەرجەستە دەبێت و پەیامەکانی دەگەیەنێت، نووسەر لە ڕاڤەکردنی وێنەکان و پرۆسەی تەرجەمەکردنیاندا بۆ فۆرمی وشەیی ڕێچکەی (بارت) ی پەیڕەو کردووە، کە لەناو سیستمی سۆسیۆلۆژیدا دەسەڵاتی داوە بە فۆتۆکان، ئەمەش لە ئاماژەو دەلالەتی وێنەکان و ڕاڤەکردنیانەوە بەرجەستە بووە.

فۆتۆ گوتارێکی بینراوی تیادا حەشاردراوە، موخاتەبەی چاو دەکات و لەوێشەوە دەپەڕێتەوە بۆ زیهن و مێشکی بینەر، کە تێی دەڕوانرێت و سەرنجی لێدەدرێت، پاشان خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و ڕاڤەدەکرێت، لە نێوان فۆتۆو دەقی ئەدەبیدا چەندین لینک و پردی پەیوەندی هەیە کە پێکیانەوە دەبەستێت و پەیوەندی لە نێوانیاندا دروست دەکات، ئەوەش زۆرجار بەهۆی موفرەداتی زمانەوە ئەنجام دەدرێت، کە دەبنە پایەی سەرەکی لەناو دەقەکەدا، لەوانە بۆنموونە (ناو)، (هاوەڵناو) (هاوەڵکارەکانی کات و شوێن)...هتد، بەڵام لەناو ئەوانەدا (هاوەڵناو) لە پرۆسەی سیمۆلۆژیای فۆتۆدا، ڕۆڵی سەرەکی بەردەکەوێت، کە ئێمە لێرەدا بەکورتی ئاماژە بە ڕۆڵی سیمۆلۆژی هەندێکیان دەدەین.

بەپێی ئەوەی کە یەکێک لە بنەما سەرەکیە هاوبەشەکانی ڕەگەزی زمان لە نێوان فۆتۆ و چیرۆکدا بریتیە لە(ناو)، جا چ بۆ ناولێنانی کەسەکان یاخود شوێن و کەرەستە و بابەتەکانی دیکەی وەک ڕۆژ و مانگ وساڵ بەکارهێنرابێت، هیچ وێنەیەک بەتەواوەتی لەزیهندا جێگیر نابێت ئەگەر ناوی کەسەکانی بەباشی نەزانرێت، ئەم دەقە پڕیەتی لەناوی جۆراوجۆر، هەر لەناوی کاراکتەرەکانەوە هەتا دەگاتە وردەکاریی ناوی شوێن و کەرەستەو ئۆتۆمبێل و خواردەمەنی و دەیان جۆری تر.

پایە و ڕەگەزێکی دیکەی زمان لەپاڵ (ناو) دا بریتیە لە(هاوەڵناو)، کە لە فۆرمی وەسفدا بەرجەستە بووە، ئەم چیرۆکە پڕە لە وەسفی جۆراوجۆر بە هەردوو لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەوە، وەسفی کەسەکان، شوێنەکان، کەرەستەکان، هەردوو جۆرە وەسفەکەش گرێدراوی باری سایکۆلۆژی پاڵەوانن، وەسف بۆ سەردەمی ڕابردووی کەسانی ناو فۆتۆکان زیاتر وەسفی پۆزەتیڤین ئەمانەش لە ئاماژەکانی ناو فۆتۆکانەوە دەرهێنراون، هاوەڵناوە بەکارهاتوەکان لەو جۆرانەن کە لایەنی جوانی و ئەرێنی دەردەخەن، لە هەناوی فۆتۆکاندا چەندین ئاماژەو دەلالەتی تێدا کۆبوەتەوە، کە هەندێکیان پارادۆکسین و کراوەش دەبن بە ڕووی ڕاڤەی جۆراوجۆر و جیاوازیە پارادۆکسیەکاندا، ئەگەر پارادۆکسە کۆکراوەکانی ناو فۆتۆکانیش بە پێی کات وسەردەم دابەش بکەێن ئەوا بەم جۆرە دەبن:

 یەکەم: کاتی رابردوو، کە سەرجەم ڕووداو و کەس و سیفاتەکانی ڕابردووی تێدا کۆبووەتەوە و زۆربەیان ئەرێنی و پۆزەتیڤن، لەوانە: گەنجی، هێزو گوڕو تین، هیواو ئاوات و ئومێد، وزەو توانا، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ژیانی وەزیفی تەندروست.

دووەم: کاتی ئێستا، زۆربەیان نەرێنی و نێگەتیڤین و پێچەوانەی ئەوانەی ڕابردوون، وەک دەرخستن و باسکردنی لایەنە نەخوازراوەکانی بەساڵاچوون وپیری و تەنهایی و لەدەستچوونی ساڵانێکی زۆری تەمەن و لێکەوتە نەرێنیەکانیان، لێرەوە وێنەکان لەواقیعی فۆتۆییەوە دەگوازرێنەوە بۆ جیهانی زاکیرەو خەیاڵ و نۆستالجیاو باری دەروونی و لەوێشەوە وێنەی تریان لێ دروست دەکرێت.

 لە کۆتایشدا چیرۆکنووس بەئاماژەی سیمۆلۆژییانە دیمەنی دوو قۆناغی جیاوازی ژیانی پاڵەوان دەخاتە بەرچاومان، کە یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی تەمەنی شەش مانگی و دووەمیان بۆ ئێستای دوای هەڵکشانی تەمەن و خانەنشین بوونی، " لەوێنەی یەکەمدا ئەم قژێکی کەمی هەیە، بلوزێکی خەتخەتی لەبەردایە و هەردوو دەستی توند نوقاندووە و بەڕوخسارێکی پێکەنیناوییەوە تەماشای کامێراکە دەکات، بەڵام لە دووەمیاندا قژێکی کەمی بەسەرەویە، کراسێکی خەتخەتی لەبەردایە و هەردوو دەستی توند نوقاندووە و بە ڕوویەکی گرژەوە تەماشای کامێراکە دەکات[24] "، لەوێنەی یەکەمجاردا (قژێکی کەم، ڕوخساری پێکەنیناوی، بلوز) ئاماژ و نیشانەن بۆ سەرەتای ژیان، بەڵام لەوەی دووەمجاردا (قژی کەم، ڕوویەکی گرژ و مۆن، کراس) ئاماژەو نیشانەن بۆ خەزانی تەمەن و کۆتاییەکانی ژیان.

 

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە:

لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا بۆمان دەردەکەوێت کە سیمۆلۆژیا میتۆدێکی گرنگی ڕەخنەییە و چەندین ڕەهەندی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، وێنەی فۆتۆگرافییش وەک داهێنراوێکی دنیای مۆدێرن و پێشکەوتوو لەکاتی پەیدابوونیەوە بووە بەپاژێکی گرنگی سیمۆلۆژی و بەدرێژایی ئەو ماوەیەش چەندین فەیلەسوف و تیۆرداڕێژەر بەوردی کاریان لەسەرکردووە، بەتێپەڕبوونی کاتیش ئەم چەمکە خراوەتە ناوکایەی ئەدەبییەوە، بەوردبوونەوەو گەڕان بەناو دەقەکانی ئەدەبی کوردیدا لێرەو لەوێ لەهەندێک دەقی چیرۆکنوسانماندا بەرچاو دەکەوێت، بۆنموونە سیامەند هادی یەکێکە لە چیرۆکنووسانەی کە بەوریاییەوە دەستی بۆ ئاوها بابەتێک بردووە و سەرکەوتوانە هەنگاوی بەوئاراستەیە ناوە، کە لەچیرۆکدا بنەماو پنتەکانی سیمۆلۆژیای فۆتۆگرافی بچەسپێنێت، چیرۆکی (چوارەمین ئەلبومی تەنهایی) یش نموونەیەکە لەوانە، بەڵام لەبەرامبەردا بۆشایی گەورە لە ڕەخنەی کوردیماندا هەیەو تائێستا وەک پێویست ئاوڕی زانستی و ئەکادیمی لەم لایەنە گرنگە نەدراوەتەوە.

 

 

سەرچاوەکان:

 

بەزمانی کوردی:

١-سیامەند هادی، خۆڵەمێشی ناو دارەکان، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، تاران-٢٠١٧

٢_ د.لوقمان ڕەئوف،دەقی شیعری کوردی لە ڕوانگەی سیمۆلۆژییەوە، (١٩٥٠-١٩٧٥) کرمانجی خواروو، دەزگای ئایدیا بۆ فکرو لێکۆڵینەوە،سلێمانی-٢٠١٦.

٣-ڕێبوار سیوەیلی، دنیای شتە بچوکەکان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی-١٩٩٩.

 

بەزمانی عەرەبی:

١-د.شاكرعبدالحميد، عصر الصورة/ السلبيات و الايجابيات، الطبعة الالكترونية، سلسلة كتب عالم المعرفة -311 - کویت، يناير-2005.

[1]د.محمد الداهى، سيميائية السرد، بحث فى الوجودالسيميائى المتجانس، الطبعة الاولى، رؤية للنشر والتوزيع، قاهرة-مصر، 2009.

[1] دانيال تشاندلر، معجم المصطلحات الاساسية فى علم العلامات(السيميوطيقا)، ترجمة و تقديم: ا.د.شاكرعبدالحميد، اكاديمية الفنون، وحدة الاصدارات، دراسات نقدية(3)،مطابع الجلس الاعلى للاثار.

[1] ميجان الرويلى، سعد البازغى، دليل الناقد الادبى، ط7، المركزالثقافى العربى،الدارالبيضاء- المغرب، 2007.

[1] پول ارون، دينيس سان – جاك، الان ڤیالا، معجم المصطلحات الادبية، ترجمة: د. محمد حمود، الطبعة الاولى، المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر والتوزيع، بيروت- لبنان، 2012م.

[1] د. سعيد علوش، معجم مصطلحات النقد الادبى المعاصر/ فرنسى- عربى، شرح واف لنحو 750 مصطلحأ، دار الكتاب الجديد المتحدة، الطبعة الاولى، بنغازى- ليبيا، مارس/ 2019.

[1] جريدة المدى، العدد:(4896)، 1/ 7/ 2016.

[1] دافيد فيكتروف، الاشهار و الصورة، صورة الاشهار، ترجمة وتقديم: سعيد بنكراد

[1] ميجان الرويلى، سعد البازغى، دليل الناقد الادبى، ط7، المركزالثقافى العربى،الدارالبيضاء- المغرب، 2007.

[1] فريق انتروفن، التحليل السيميائى للنصوص، (مقدمة – نضرية- تطبيق)، ترجمة: حبيبة جرير،دار نينوى للدراسات والنشر والتوزيع، سورية- دمشق، 2012.

 

٣-بە زمانی فارسی:

 ١-د. محمد ضيمران، درامدى بر نشانەشناسی هنر، نشر قصه، چاپ دوم، تهران- ایران، بهار ١٣٨٣.

 ٢- امبرتو اکو، نشانەشناسی، ترجمە: پیروز ایزدی، چاپ سوم، نشر ثالث، تهران-١٣٨٧.

 ٣- ناصرفکوهی، انسان شناسی هنر، (زیبایی، قدرت، اساطير)، چاپ سوم، نشر ثالث، تهران- 1398.



[1] د.شاكرعبدالحميد، عصر الصورة/ السلبيات و الايجابيات، الطبعة الالكترونية، سلسلة كتب عالم المعرفة -311- کویت،يناير-2005، ل 209.
[2]د.محمد الداهى، سيميائية السرد، بحث فى الوجودالسيميائى المتجانس، الطبعة الاولى، رؤية للنشر والتوزيع، قاهرة-مصر، 2009،ل٨
[3]  سیامەند هادی، خۆڵەمێشی ناو دارەکان، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی یەکەم، تاران-٢٠١٧.
[4] دانيال تشاندلر، معجم المصطلحات الاساسية فى علم العلامات(السيميوطيقا)، ترجمة و تقديم: ا.د.شاكرعبدالحميد، اكاديمية الفنون، وحدة الاصدارات، دراسات نقدية(3)،مطابع المجلس الاعلى للاثار، ل ١٩١.
[5]  ميجان الرويلى، سعد البازغى، دليل الناقد الادبى، ط7، المركزالثقافى العربى،الدارالبيضاء- المغرب، 2007، ل١٧٩.
[6] د.لوقمان ڕەئوف،دەقی شیعری کوردی لە ڕوانگەی سیمۆلۆژییەوە، (١٩٥٠-١٩٧٥) کرمانجی خواروو، دەزگای ئایدیا بۆ فکرو لێکۆڵینەوە،سلێمانی-٢٠١٦، ل٢١-٢٢.
   [7]  د. محمد ضيمران، درامدى بر نشانەشناسی هنر، نشر قصه، چاپ دوم، تهران- ایران، بهار ١٣٨٣، ل ١٨٧.
[8]  پول ارون، دينيس  سان – جاك، الان ڤیالا، معجم المصطلحات الادبية، ترجمة: د. محمد حمود، الطبعة الاولى، المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر والتوزيع، بيروت- لبنان، 2012م، ل696.
[9]  د. سعيد علوش، معجم مصطلحات النقد الادبى المعاصر/ فرنسى- عربى، شرح واف لنحو 750 مصطلحأ، دار الكتاب الجديد المتحدة، الطبعة الاولى، بنغازى- ليبيا، مارس/ 2019، ل ٤٨٦.

 
[10] جريدة المدى، العدد: ( 4896)، 1/7/2016.
[11]  دافيد فيكتروف، الاشهار و الصورة، صورة الاشهار، ترجمة وتقديم: سعيد بنكراد، سەرچاوەی پێشوو، ل ٦٨.
[12]    دافيد فيكتروف، الاشهار والصورة، صورة الاشهار، سەرچاوەی پێشوو، ل ٧٨.
[13]  د. محمد الداهى، سيميائية السرد، بحث فى الوجود السيميائى المتجانس،  سەرچاوەی پێشوو، ل ١٢٣.
[14] دافيد فيكتروف، الاشهار والصورة، صورة الاشهار، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠٣.
[15] سیامەند هادی، خۆلەمێشی ناو دارەکان، سەرچاوەی پێشوو، ل١٨.
[16] د. محمد ضيمران، درامدى بر نشانەشناسی هنر،  سەرچاوەی پێشوو، ل ١٣٤.
[17]  سیامەند هادی، خۆڵەمێشی ناو دارەکان، سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠.
[18] ميجان الرويلى، سعد البازغى، دليل الناقد الادبى، ط7، المركزالثقافى العربى،الدارالبيضاء- المغرب، 2007، ل١٧٩.
[19] د.لوقمان ڕەئوف،دەقی شیعری کوردی لە ڕوانگەی سیمۆلۆژییەوە، (١٩٥٠-١٩٧٥) کرمانجی خواروو، دەزگای ئایدیا بۆ فکرو لێکۆڵینەوە،سلێمانی، ل ٢٥.
[20]  فريق انتروفن، التحليل السيميائى للنصوص، ( مقدمة – نضرية- تطبيق)، ترجمة: حبيبة جرير، دار نينوى للدراسات والنشر والتوزيع، سورية- دمشق، 2012، ل 36.
[21]  امبرتو اکو، نشانەشناسی، ترجمە: پیروز ایزدی، چاپ سوم، نشر ثالث، تهران-١٣٨٧، ل ٢٠.
[22]  ناصرفکوهی، انسان شناسی هنر، ( زیبایی، قدرت، اساطير)، چاپ سوم، نشر ثالث، تهران- 1398، ل 83.
[23] ڕێبوار سیوەیلی، دنیای شتە بچوکەکان، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی-١٩٩٩، ل ٢٢٢.
[24]سیامەند هادی، خۆڵەمێشی ناو دارەکان، سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٣ و ٢٤.


ئەم بابەتە 444 جار خوێندراوەتەوە