Osman_Chewar.jpg

یادێکی تێپەڕیو لە عوسمان چێواری نەمر

ئەو لە شەستەکانەوە، لە قۆناخە تاریکەکانی کوردستاندا و لە ڕۆژگاری نەبوونی ئازادیدا سەرقاڵی بەرهەم هێنانی هونەربوو، وەک چرا و ڕوناکییەک بە پێوە، وەک نووری بەخشینەوەی هێز بە هاوڕێکانی هونەری دەکرد و لەسەر تەختەی شانۆ و هۆڵەکانی پرۆڤەدا هێز و وزە و مەعریفەی دەبەخشییەوە.  

 عوسمان محەمەد ئەحمەد، کە بە عوسمان چێواری هونەرمەند ناوبانگی دەرکرد، ساڵی 1946 لە گەڕەکی (سەرکارێز)ی شاری سلێمانی لەدایک بووە و ساڵی 1969 پەیمانگەی مامۆستایانی تەواو کردووە. ماوەی چەند ساڵێک لەناوچەکانی چۆمان و شارباژێڕ و قەرەداخ و هەڵەبجە و سلێمانی مامۆستایی کردووە.  ئەم هونەرمەندە رۆشنبیرە هەر زوو بەشداری کردووە لە چالاکییە سیاسی و پێشمەرگایەتیەکاندا و ماوەیەک لەناو پێشمەرگەدا رابەر سیاسی بووە. ساڵی 1974 پەیوندی کردووە بە شۆڕشەوە و لەئیزگەی دەنگی کوردستاندا خزمەتی کردووە. ساڵی 1975 لێپرسراوێتی چالاکی قوتابخانەکانی پێ سپێردراوە و کاری کردووە بۆ فراوان کردنت چالاکییە ئەدەبی و شانۆییەکان و بەردەوام تەرکیزی لەسەر فێرکردن و هاندانی ئەوانی تر کردووە بۆ بەرەو پێشچوون، زانیوێتی بەرەو پێشبردنی تاک دەبێتە بزوێنەری بەرەو پێشبردنی کۆمەڵ و بۆ ئەمە بە وریاییەوە کاری کردووە.

 عوسمان چێواری جوانەمەرگ، لە شەستەکانەوە بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکاندا کردووەو وەک شانۆکار و دەرهێنەر رۆڵی گەورەی بینیوە لە پێشخستنی رەوتی شانۆی کوردیدا.

 چێوار هونەرمەندێكی ئازا‌و بەهەڵوێست بووە، ئەو بە هەڵوێستە بەرز و ئینسانییەکانی ناسراوە، ساڵی 1988 بەئاشكرا‌و بەدەنگی بڵند لەلای سەرای سلێمانی وتویەتی وەرن من بكوژن، بەڵام گەلەكەم ئەنفال مەكەن.

لەدوای راپەڕینی ئازادی، یەكێك لەدامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بووە‌و یەكەم كار و بەرنامەی ئەو تەلەفزیۆنە لەماڵی ئەودا تۆمار كراوە. چێوار لەو تەلەفزیۆنە كاری كرد‌و لەرووی هونەرییەوە خزمەتی زۆری كردو شوێن پەنجەی رەنگینی هونەری دیارە.

 چێوار بۆ شانۆییەکانی شیعری نووسیوە و  شاعیریش بووە، ئٔەمە نموونەی شیعرێکییەتی كەساڵی 1986 بۆ شانۆگەریی( ئاسكو ریاڵ)ی نووسیوە:

 لە وڵاتەكەمان، لەرۆژی جەژنی گەورەدا

بەخۆشی ‌و شاد

بۆ گەمەی خەڵك

گێژێك دێنن وای لێدەكەن

گورزێك لەناو دەستی ئەنێن

تاجێك لەسەر سەری ئەنێن

بەئاهەنگ‌و سەما‌و یاری

ئەیبەن بۆ تاختی پاشایی

بەپاشای خۆیانی ئەكەن

لە وڵاتەكەمان.. لە وڵاتەكەمان

 بەرهەم و شانۆگەرییەکانی (بڕیار و ئەنجام) و (سەرینی باداری) و (لانەوازان) و (پاڵتۆ) و (ئابڵوقە) و (خەج و سیامەند) و (گوڵەمێخەک) و فیلمی سینەمایی (بەهەشتێکی سوتاو) و شانۆگەری (ئەحەی کوڕنو) چەند نموونەیەکن لەو شاکارە هونەرییانەی کەچێواری نەمر بەشداری تیایاندا کردووە. عوسمان چێواری هونەرمەند، ئەو چرا هونەرییە پڕ ئاکار و کاری جوانە، کەماوەی دەساڵی بەردەوام سەرۆکی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی بوو، رۆژی 21ی مایسی ساڵی 1996 بەنەخۆشییەکی کت و پڕ کۆچی دوایی کرد.


ئەم بابەتە 95 جار خوێندراوەتەوە