Mezhwi_Amro.jpg

مێژوی ئەمڕۆ 5/6

- له‌ رۆژى 5/6/1898 فیدیریکۆ گارسیا لۆرکا (Federico García Lorca)،  شاعیر و شانۆنووس و نیگارکێش و موزیسیانى ئیسپانی له‌ شارى غەرناتە لەدایکبووه‌، له‌ شه‌وى 18-19/8/1936 له‌ ته‌مه‌نى (38) ساڵى لە ناوچه‌ى ڤیزنار له‌ غه‌رناته‌ گوله‌بارانیان كرد، دواى ئه‌وه‌ى لە مەدریدەوە گەڕاوەته‌وه‌ بۆ غەرناتە، کودەتاچییەکانی سەر بە جەنەراڵ فرانکۆ چوون و لە ماڵی هاوڕێیەکیدا کە شاعیر لویس ڕۆزالیس بوو دەسگیریان کرد و پاشان بە تۆمەتی ئەوەی لایەنگری کۆمارییەکانە گوله‌بارانیان كردووه‌، یەکێک بوو لە شاعیرە چالاکەکانی نەوەی بیست و حه‌وته‌م، بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرەکانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت، لە ساڵی 1916 دەستی بە نووسینی شیعر کرد و تا ئەو شەوەی لە شەڕی ناوخۆدا گوله‌ باران كرا، خاوەنی چەندین دیوانە شیعر بووه‌، چه‌ند شیعرێكى له‌وانه‌ (ماڵئاوایی، گوناه، خۆشیی پڕخەم، گوڵ، بێ چاوی من و کتوپڕییەک) له‌لایه‌ن  وه‌رگێڕ و نوسه‌رى كورد (ئازاد به‌رزنجى)  لە کتێبی (هەموو شەوێک وەرە بۆ لام)، كه‌ هەڵبژاردەیەک لە شیعری جیهانییه‌ له‌ ساڵى 2018 كراوه‌ به‌ كوردى.

- لە رۆژى 5/6/1900 ستیفین کرین (Stephen Crane)، رۆماننوس و شاعیر و سیناریۆنوس و نوسەرى ئەمەریکى لە تەمەنى (29) ساڵى بە نەخۆشى سیل کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 1/11/1871 لە شارى نیۆیۆرک لە دایکبووە.

- لە رۆژى5/6/1977 نورهان، ژنه‌ گۆرانیبێژى لوبنانى لە دایکبووە.

- له‌ رۆژى 5/6/1992 هێلین بۆلێک، ژنه‌ گۆرانیبێژى تورک له‌ شارى دیاربه‌كر له‌ دایكبووه‌، له‌ رۆژى 3/4/2020  دواى (228) ڕۆژ مانگرتن لە خواردن له‌ ته‌مه‌نى (28) ساڵى له‌ زیندانێكى شارى ئه‌سته‌مبۆل گیانی لەدەستدا، به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى حوکمەتی تورکیا لە ساڵی 2016 کار و چالاکییەکانی گروپی (یۆروم) ڕاگرت و کۆی بەرهەمە بڵاوکراوەکانیانی سڕیوەتەوە، کە زیاتر بە گۆرانییە شۆڕشگێڕانەکانیان ناسراون، لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپاوە بە تیرۆرست ناوزەند کراون، بە تۆمەتی ئەوەی کە گروپەکە پەیوەندییان بە شەڕڤانانی (DHKP)ەوە هەیە.

- له‌ رۆژى 5/6/2002 ره‌زوان كاشف، ده‌رهێنه‌ری میسری له‌ ته‌مه‌نى (50) ساڵى به‌ نه‌خۆشى دڵ كۆچى دوایى كردووه‌، لە رۆژى 6/8/1952 له‌ شارى قاهیره‌ له‌ دایكبووه‌، لە ساڵى 1984 تاکو ساڵى 2002 بەشدارى لە کارى هونەریدا کردووە.

- لە رۆژى 5/6/2006 هودا سوڵتان، ژنە ئەکتەری میسرى لە تەمەنى (80) ساڵى بە نەخۆشى شێرپەنجە لە نەخۆشخانەى دار فوئاد لە شارى شەشى ئۆکتۆبەر کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 15/8/1925 لە شارى قاهیرە لە دایکبووە، لە ساڵى 1950 تاکو ساڵى 2005 بەشدارى لە کارى هونەریدا کردووە.

- له‌ رۆژى 5/6/2012 رای برادبری (Ray Bradbury)، ئه‌دیب و سیناریۆنوس و نوسه‌ری ئه‌مریكی له‌ ته‌مه‌نى (91) ساڵى له‌ شارى لوس ئه‌نجلوس كۆچى دوایى كردووه‌، لە رۆژى 22/8/1920 له‌ شارى وكیگان له‌ دایكبووه‌، لە ساڵى 1938 تاکو ساڵى 2012 بەشدارى لەکارى ئه‌ده‌بیدا کردووە.

- لە رۆژى 5/6/2019 محەمەد نەجم، ئەکتەری میسری لە تەمەنى (75) ساڵى بە جەڵتەى مێشک لە شارى جیزە کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 15/1/1944 لە شارى زقازیق دایکبووە، لە ساڵى 1968 تاکو ساڵى 2018 بەشدارى لەکارى هونەریدا کردووە.


ئەم بابەتە 1 جار خوێندراوەتەوە