The_End_of_Summer.jpg

کۆتایی هاوین لەلای ئۆزۆ

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

 فیلمی کۆتایی هاوین The End of Summer فیلمێکی ژاپۆنیی ساڵی ١٩٦١ە لە دەرهێنانی یاسوجیرۆ ئۆزۆ، لە دوازدەهەمین فیستیڤاڵی بەرلینی نێودەوڵەتی بۆ فیلم12th Berlin International film festival، نماییش کراوە، یەکێکە لە کۆتا کارەکانی ئۆزۆ، پاش ئەم فیلمە تەنها فیلمی نیوەڕۆیەکی پاییزی هەیە لە ساڵی ١٩٦٢.

 چیرۆکی فیلمەکە

مانبی کۆهایاگاوا بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی بچووکە لە کیۆتۆ، دوو کچ و زڕ کچێکی هەیە. زڕ کچەکەی (ئاکیکۆ) لەگەڵ کچە بچووکەکەیدا (نیرۆکۆ) بەیەکەوە دەژین لە ئۆساکا، ئاکیکۆ بە پێشانگای هونەرییەوە سەرقاڵە و کوڕێکیشی هەیە بە ناوی (مینۆرو) نیرۆکۆ هاوسەرگیریی نەکردووە، کچەکەی تری مانبی (فومیکۆ) لەگەڵ خۆیدا دەژی و، هاوسەرەکەی (هیسۆ) لە کۆمپانیاکەیدا یارمەتیی دەدات و ئەوانیش کوڕێکیان هەیە بە ناوی (ماسۆ).

The End of Summer1

مانبی داوا لە زڕ براکەی (کیتاگاوا) دەکات تا هاوسەرێکی گونجاو بۆ ئاکیکۆ بدۆزێتەوە، کیتاگاواش ئاکیکۆ بە هاوڕێیەکی دەناسێنێت بە ناوی (ئیسۆمورا).

بە درێژایی وەرزی هاوین مانبی بە بەردەوامی بەدوای کۆنە دۆستێکیدا دەگەڕا بە ناوی (ساساکی تسون) ئەویش کچێکی گەورەی هەیە (یوریکۆ) کە ئەگەری هەیە ئەویش هەر کچی نا شەرعیی مانبی خۆی بێت. کاتێک فومیکۆ بەوە دەزانێت کە مانبی دووبارە بۆ ساساکی گەڕاوە، بە گژ باوکیدا دەچێتەوە و توڕە دەبێت بەڵام، مانبی نکوڵیی لێ دەکات و ڕەتی دەکاتەوە کە بۆ ساساکی گەڕابێت.

خێزانی کۆهایاگاوا لە بۆنەیەکدا بۆ یادی دایکە کۆچ کردووەکەیان کۆ دەبنەوە لە ئاراشییاما، لە پاش گەڕانەوەیان مانبی جەڵدەی دڵ لێی دەدات بەڵام تەندروستیی باش دەبێتەوە.

لە گەشتێکی نهێنیدا مانبی لەگەڵ ساساکی دەچێت بۆ ئۆساکا و دەگەڕێنەوە، لە گەڕانەوەیاندا مانبی دوبارە جەڵدە لێی دەداتەوە و بە ماوەیەکی کورت پاش جەڵدەکە گیان لەدەست دەدات، ساساکی هەواڵ بە کچەکانی دەدات و باسی ڕوداوەکانیان بۆ دەکات. لە کۆتایی فیلمەکەدا خێزانی کۆهایاگاوا کۆ دەبنەوە و کۆتا ئەرکی خۆیان بەجێ دەهێنن لە پرسەکەی باوکیاندا. ئەم فیلمە بە یەکێکی تر لە فیلمە باشەکانی کۆتاییەکانی کارکردنی ئۆزۆ دادەنرێت لەبواری فیلم سازیدا.

 The End of Summer2

 یاسوژیرۆ ئۆزۆ دەرهێنەرێکی یابانی بوو کە بەر لە ٣٠ ساڵ کۆچی دوایی کرد، لە ڕۆژی لە دایکبوونەکەیدا و لە هەمان ئەو ڕۆژەدا کە تیایدا بوو بە ٦٠ ساڵی. لە ساتی مردنیدا، ئۆزۆ لە دەرەوەی یابان دەرهێنەرێکی نەناسراو بوو، لە یابانیشدا ناوبانگێکی سنوورداری هەبوو. وەلێ گەر ئەمڕۆ ڕاپرسییەک لە نێوان ڕەخنەگرانی فیلمدا ئەنجام بدەین و لێیان بپرسین کە کێ گەردوونیترین و خۆشەویستترینی نێو هەموو دەرهێنەرەکانە، ئەوا یاسوژیرۆ ئۆزۆ لە لووتکە یان نزیکی لووتکەی لیستەکەدا خۆی دەبینێتەوە، لە پاڵ دەرهێنەرانی وەک جین ڕینوار، ئۆرسۆن وێڵس و ئەلفرێد هیچکۆکدا.. چونکە ئەو مێژوویەکی لە فیلمی سەیر و پڕ گرتەی ناوازە بە سینەما بەخشی. ئەو بە منداڵییەکی سەخت و سەیردا تێپەڕبوو، بۆیە لە فیلمەکانیدا کەشی خێزانی و ژیانی خێزانی هەمیشە ئامادەیی هەبوو.

 فیلمەکانی ئۆزۆ لە هەرکوێیەکەوە سەیری بکەیت، جیهانێک لە ژیری و جوانی دەدۆزێتەوە کە دەبێتە جێگەی سەرسڕمانی هەرکەسێک کە دەست بە بینینی فیلمەکانی بکات. ئەو پێچەوانەی ئەو ڕەوتە لە فیلمسازی ژاپۆنی کاری کرد و تا ڕادەیەک لە ژێر کاریگەری فیلمی ئەمریکیدابوو.

 فیلمەکانی ئۆزۆ بۆ بینەرانێک کە هێشتا وەهمی هۆڵیود و خێرایی نەیبردوون و ژیانی کۆن و ئەو نەرموو نیانیەیی لە ژیانی خێزانیدا هەبوو خۆشدەوێت.. پێشنیار دەکەم، وەک شاکار گەلێک لە مێژووی سینەما.


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە