Bahar_Ali.jpg

ژنی غەربی لە ڕوانگەی یەکەم سەفەرنامەنووسی ئێرانییەوە

بەهار عەلیمورادی- کرماشان

(میرزا ئەبوتالب خان ئەسفەهانی ١٨٠٣)

پوختەی توێژینەوە:

چەندین سەدە پاش گەشتی مارکۆ پۆلۆ (لەدایکبووی ١٢٥٤) بۆ ئێران و نووسینی گەشتنامەیەک و هەروەها گەشتی بە کۆمەڵی گەشتیارانی غەرەبی و نووسینی گەشتنامە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا (١٧٣٦- ١٥٠١)، یەکەم گەشتنامەنووسی ئێرانیش سەبارەت بە دونیای خۆرئاوا و فەرهەنگی خۆرئاوایی له ‌سه‌رده­می ده‌سه‌ڵاتی قاجارییه‌كاندا‌ (١٧٩٤- ١٩٢٥) دەستی پێکرد. جیا لە دیاردەی نوێ وەک زانکۆ، خوێندنگە، پارک و پەرلەمان، ئاماده‌بوونی ژنی خۆرئاوایی له‌ فەزای گشتی[1] به‌ شێوازێکی ته‌واو جیاواز له‌ كه‌شوهه‌وای ئێران و خۆرهه‌ڵاتی موسو‌ڵمان، بووە هۆی سەرسووڕمان و باس و خواستی یەکەم گەشتنامەنووسانی ئێرانی.

مه‌ترسی گه‌شه‌سه‌ندنی كو‌لتووری ئازادی ژنان و به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست و داواكارییه‌كانی ژنانی ئێران و لاوازبوونی پێگه‌ی پیاوانی ئایینی، بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌ریتخوازانی ئێران به‌ توندی به‌گژ ژنانی خۆرئاوا و ئازادییه‌كانیاندا بچنه‌وه‌، ئازادی و ئاماده‌بوونیان له‌ فەزای گشتی وه‌ك «به‌ره‌ڵایی»، «بێ حه‌یایی»، «سووكی» و «حیزبوون» لێكبدرێته‌وه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه خۆرئاواییەکان، وه‌ك «ئازادی ڕاسته‌قینه‌» و «مافی یه‌كسانی» و «مه‌رجی پێشكه‌وتن»، باس له‌ ئازادییه‌كانی ژنانی خۆرئاوا بکەن و وه‌ک ده‌رفه‌تێك بۆ به‌شداریكردنی ئازادانه‌یان له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵەدا بکرێت.

ئەم توێژینەوەیه‌ پێی وایه بۆچوونی یەکەم گەشتنامەنووسی ئێران (تالبی) سەبارەت بە ژنانی خۆرئاوا، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڕوانگەیەکی ڕووکەشانە بۆ ژنی غەربی بووە، گەرچی وەک سێمبولی جوانی و ئازادی بەرزکرایەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بیانووی دایە دەست بنەواژووخوازن بۆ دژایەتی ئازادی ژنان بە ناوی لاساییکردنەوەی ژنانی خۆرئاوایی و بەرەڵایی کە لێرەدا دەکەوێتە بەر خوێندنه‌وه‌ و توێژینه‌وه.

 پێشەکی:

گەشتنامەنووسه ئێرانییەکانی سەردەمی قاجارییه‌كان (١٧٩٤- ١٩٢٥) بە جەختکردنه‌وه‌ و بەرزکردنەوەی جیاوازییە کولتووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران لەگەڵ خۆرئاوا و هەروەها ده‌ربڕینی هەندێك چەمک و دیاردەی مۆدێرنی ئەو کۆمەڵگه‌یە، وەک ئازادی، دەستوور، حکوومەتی قانوون، پێشکەوتن، دادپەروەری، ئازادی ژنان و ئامادەبوونی ژن لە فەزای گشتیدا، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ناساندنی کۆمەڵگه‌ی مۆدێرنی خۆرئاوا و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ئێران.

گەشتنامەکان لە ڕیزی ئه‌و سەرچاوە گرنگانه‌دان كه‌ ده‌كرێت له‌ ڕێیانه‌وه‌ تایبەتمەندییە کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازەکان بناسرێت، هەروەها ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە جیاوازییەکانی خود و «ئەو»ی تر. ئاشکرایە هەستکردن بە جیاوازییەکان سەرەتای بیرکردنەوەیە لە شوناس و هاوتاسازی و بەرجەستەکردنی جیاوازییەکانی خود لەگەڵ «ئەو»ی تردا. بێگومان لەم نێوانەدا گەشتنامەكان لە ڕیزی گرنگترین سەرچاوەکانی مێژوون بۆ هەستکردن و تێگەیشتن لە ڕوانینی مرۆڤی ئێران لە خۆرئاوا، وەک «ئەو»ی تر. تێگەیشتن لە بۆچوونی گەشتنامەنووسان لەم ڕووەوە گرنگە کە خۆرئاوا هەمیشە و لە ڕەوتی مێژوودا خۆی وەک سەردەسته‌ سەیر کردووە، بە پێچەوانەشەوە وەک ژێردەسته‌ له خۆرهەڵاتی ڕوانیوه‌ (ئێرانش وەک بەشێک لە خۆرهەڵات). تێگەیشتن و ناسینی بۆچوونی ئینسانی ئێران لە خۆرئاوا و شێوازی هەڵسەنگاندنی بۆ دیاردە مودێرنەکانی ژیاری خۆرئاوا زۆر پێویستە. هەروەها بیرکردنەوە لە خستنه‌ڕووی یەکەم گەشتنامەنووسانی ئێران سەبارەت بە گۆڕانکاری لە خۆرئاوادا، بۆ ناسینی گۆڕانکارییەکانی مێژووی ئەندێشەی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، گرنگی تایبەتی هەیە.(طباطبایی،١٣٨٢:٢٧٤)

لە ئێران جگه‌ لە (مسالک الممالک) و چەندین گەشتنامەی دیار و دانسقەی دیکەی وەک «گەشتنامەی ناسر خوسرەو»، کە لە ڕاستیدا خستنه‌ڕووی گەشتوگوزار بووە لە هەرێمە ئیسلامییەکاندا. مێژوو و پێشینەی گەشتنامەنووسی لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجارییه‌كان، کە سەردەمی بەریەککەوتنی ئێرانە لەگەڵ خۆرئاوادا. دیارە نابێت چەندین گەشتنامەی دیكه‌ی وەک «گەشتنامەی دون خوانی ئێران» (١٥٥٩)، «خەتایی نامەی سەید عەلی ئەکبەری خەتایی» (١٥١٦) و گەشتنامەی «سیامی محەمەد رەبیعی کوڕی محەمەدی نامی» لە سەردەمی سەفەوییەکاندا له‌به‌رچاو نه‌گرین.(طباطبایی،١٣٨٢ :٢٤٢-٢٢٦).

بەڵام بەگشتی پێشینەی گەشتنامەنووسیی ئێرانییەکان بۆ خۆرئاوا دەگەڕێتە بۆ سەردەمی قاجارییه‌كان. هاوکات لەگەڵ زیادبوونی پەیوەندی ئێران و غەرب و ئاسانبوونی پەیوەندیکردن و نزیکبوونەوەی ئێران لە خۆرئاوا و هەستکردن بە گرنگی ئەم پەیوەندییانە، لێرەوە سیاسەتوان و ڕۆشنبیرانی ئێران دەستیانکرد بە هەوڵدان بۆ تێگه‌یشتن لە ڕازی پێشکەوتنی خۆرئاوا و هاوتاسازی لەگەڵ خۆرئاوادا. لەمبارەیه‌وە گه‌شتكردن بۆ خۆرئاوا لە پاڵ وەرگێڕان و دروستکردنی دامەزراوە فێرکارییەکاندا، گرنگترین رێگەکانی پەیوەندیكردن بوون بە خۆرئاواوە.(آبراهامیان.١٣٨٦:٤٦).

کۆی ئەو گەشتنامانەی لە سەردەمی قاجارییه‌كان جێماون و گوزارشت لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی خۆرئاوا دەکەن، (٣٠) بەرهەمن و لەم نێوەندەدا دوو گەشتنامەی «عەبدولـلەتیفی شووشتەری» (١٨٠١) و «میر ئه‌تول ئەحوالی ئەحمەد ئاغای به‌هبه‌هانی» (١٨١٤)، ئەگەرچی گوزارشت لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی خۆرئاوا دەکەن وەک ئازادی، حکوومەتی قانوون، نەزم و بەگشتی پێشکەوتن غەربی دەکرێت، بەڵام خۆیان گه‌شتیان بۆ خۆرئاوا نەکردووە، بەڵکو گوزاشتکردنیان لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی خۆرئاوا، بەرهەمی هاوڕێیه‌تی و پەیوەندییان بووە لەگەڵ ئینگلیزەکانی نێشتەجێی هیند و نیشتەجێبوون لە وڵاتی هینددا.

دوو گەشتنامەی خوسره‌و میراز بۆ پیترسبۆرگ (١٨٢٤) و گەشتنامەی سەیفولمولک (١٨٥٩)، گوزارشت لە دیاردەکانی دونیای مۆدێرنی كۆمه‌ڵگه‌ی ڕووسیا ده‌كه‌ن. چوار گەشتنامەش بەرهەمی فارسی زمانه‌کانی هیندستان بوون و دوو گەشتنامەش بەرهەمی دوو پاشای ناوداری قاجارییه‌كانن. بوونی ئەم گەشتنامانە لە سەردەمی قاجارییه‌كاندا و گرنگیدانی پاشاکانی قاجار بە گه‌شتكردن بۆ خۆرئاوا و گەشتنامەنووسی، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن لەو قۆناغەدا خۆرئاوا و دیاردە مودێرنەکانی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانه‌وه‌ گرنگی تایبەتییان پێ دراوە. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێدەچێت خوێندنەوەی ئەم گەشتنامانە گرنگترین ڕێگە بن بۆ تێگه‌یشتنی ئێرانییەکان لە خۆرئاوا.

گەشتنامەی «مەسیری تالبی فی بیلادی ئەفرەنجی» میرزا ئەبوتالبی ئەسفەهانی (١٨٠٣) لە ڕیزی یەکەم گەشتنامە ئێرانییەکاندایە کە به‌ چڕی گوزارەشت لە پێشکەوتنی غەرەب و دیاردە مودێرنەکانی دونیای غەرەبی و جیاوازی ئێران و غەرب و بە واتەیەک پێشکەوتنی غەرب دەکات و لەم نێوەناشدا ئامادەبوونی ژنانی خۆرئاوا لە فەزای گشتی و تەعامولی ئاسان لە گەڵیان، بەشی سەرەکی ئەم گەشتنامەیە کە بۆ یەکەم جار باس لە جیاوازی سەرەکی ژنانی ئێران و غەرب دەکات. ئامادەبوونی بێ پەچە و ‌ئازادانه‌ی ژنی خۆرئاوایی لە کۆمەڵگەدا، تالبی بە تەواوەتی تووشی سەرسوڕمان و پەرچەکردار کردووە و بە واتایەک فەرامۆشکردنی خۆی و توانەوەی لە فەرهەنگی ئازادی ژنانی غەربی کردووە. ئەم توێژینەوەیه‌ دەیەوێت لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم گەشتنامەیە‌ و نووسینەوەی گرنگترین بۆچوونەکانی ئەم گەشتنامەنووسە سەبارەت بە ژنی خۆرئاوایی، خوێندنەوەیان لەسەر بکات و ئاماژە بۆ هۆکاره‌ سەرەکییه‌کانی ئەم ڕاوبۆچوونانە بكات. لە هەمووشی گرنگتر، ده‌یه‌وێت دەرئه‌نجام و دەرکەوتەکانی ئەم ڕاوبۆچوونانە‌ لەسەر ژنی خۆرئاوایی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بخاتە بەردەستی خوێنەران.

 میرزا ئەبوتالب خانی ئەسفەهانی:

ئەبوتالب خان لە شاری «لیکه‌هنۆی» هیندستان لەدایکبووە. باوکی لە تورکەکانی نیشتەجێی ئەسفەهان بووه‌، کە لەسەردەمی نادرشای ئەفشار، له‌به‌رئەوەی مەترسی کوشتنی لەسەر بووە ڕایکردووە بۆ هیندستان، بەهۆی شاره‌زایی لە کاروباری دارایی لای ئینگلیزەکان ده‌ستبه‌کاربووه‌. میرزا ئەبوتالب خان پاش مەرگی باوکی لە جێگەكه‌ی دانرا، بەڵام پاش ماوەیەک لەگەڵ چەند کاربەدەستێکی کۆمپانیا تووشی کێشه‌ بوو و بە پێشنیازی هاوڕێ ئینگلیزەکانی و بە بیانووی وەرگرتنەوەی مافەکانی، لە ساڵی (١٧٩٩)دا سەردانی لەندەنی کرد.(طالبی،١٣٨٣:١٢-٧)

 میرزا ئەبوتالب خان کۆی ئه‌و شتانه‌ی له‌م گه‌شته‌دا بینیونی، لە کتێبێکدا بە ناوی «مەسیری تالبی» نووسیوه‌ته‌وە. ئامانجی لەم نووسینە، خستنه‌ڕووی دیاردە سەرسوڕهێنەرەکانی خۆرئاوا و شارستانیەتی خۆرئاوا و هۆشیارکردنه‌وه‌ی موسوڵمانان لە پێشکەوتنه‌کانی ئەو كو‌لتوور و شارستانیەتە نوێیە وا پێناسە دەکات: «گەیشتمە ئەو قانەعەتەی کە بەسەرهاتی ئەم گەشتەم یاداشت بکەم و لەسەر دیاردە و شتە جوانەکانی ئەو وڵاتە توێژینەوە بکەم و گوزار‌شتی بکەم تا دیارده‌ سەرسوڕهێنەرەکان و یاسا و ڕێساکانی ئەم وڵاتانه‌، کە تا ئێستا خەڵکی موسوڵمان پێیان نەزانیوە، لێی به‌ئاگابن و لەو هەموو یاسا و دیاردە و شته‌ جوانانەی، کە دژی یاساکانی ئیسلام نین، بەهرەمه‌ندبن و چێژ وه‌ربگرن».(طالبی،١٣٨٣ :١٢ -٧)

لەم گەشتەدا دیاردە و دەرکەوتەی وەک «یونیۆر سیتی = زانکۆ»(طالبی،١٣٨٣:١١۵) «سکووڵ = خوێندنگا»(طالبی،١٣٨٣:١٣۶) «نیوزپه‌یپه‌ر = ڕۆژنامە»(طالبی،١٣٨٣:١٩۵) «بنەمای ­سیاسی ئینگلیز»(طالبی،١٣٨٣:٢٤١) «کابینەی وەزیران و په‌رلەمان و دەستوور»(طالبی،١٣٨٣ :٢٤٢) ئامادەبوونی ژنان لە فەزای گشتی و ئازادی ژنان، بەگشتی کۆی ژیاری خۆرئاوا، لە ڕیزی ئەو دیاردە مۆدێرنانەن کە سه‌رنجی تالبی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوه‌ و له‌ گه‌شتنامه‌که‌یدا باسی کردوون. له‌م نێوانه‌دا پشكی ژنی خۆرئاوایی له‌ چاو بابه‌ت و دیارده‌کانی تردا گرنگی زیاتری پێ دراوه‌، ڕاستتر بڵێین زیاتر به‌لای خۆیدا ڕایكێشاوه‌، به‌ جۆرێک بووه‌ته‌ هۆی سه‌رسوڕمان و ستایش و زۆرترین کاتی بۆ باسكردنی‌ ژنانی خۆرئاوا ته‌رخان کردووه.

 تالبی و ژنانی غەربی (خۆرئاوایی)

١- ١)ژنی خۆرئاوایی له ڕوانگه‌ی (ئه‌بوتالب خان)ە‌وه‌:‌

«بە دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ئازادییه‌ هێنده‌ شانم سووک بووه‌ ده‌ڵێی هه‌زاران مه‌ن بار له‌سه‌ر شانم هه‌ڵگیراوه، له‌ به‌ندا بووم و ئێستا‌ ڕزگارم بووە».(طالبی،١٣٨٣ :٢٣١)

تالبی بڕیار بوو پاش ئەوەی دەگاتە لەندەن واتە یەکێ لە ناوەندەکانی پێشکەوتنی دونیای غەرب، فێری زانست و زمان بێت لەپێناو خزمەتکردنی بە ئێران و کۆمەڵگای ئیسلامی و لەمبارەوە پاش ئه‌وه‌ی ده‌گاته‌ له‌نده‌ن ده‌ڵێت: «به‌ڵێنم دابوو ئه‌م یه‌ک دوو ساڵه‌ی له‌ له‌نده‌ن ده‌مێنمه‌وه‌ به‌فیڕۆنه‌ده‌م و هه‌وڵ بده‌م شتێک له‌ زانسته‌کانیان فێربم، ئه‌وانیش له‌ فێركردنی زمانی فارسی بێبه‌ش نه‌که‌م».(طالبی،١٣٨٣ :١٠٧)، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک و بەتایبەتی ئامادەبوونی ژنان لە فەزای گشتی و تەعامولی ئاسان لە گەڵ ژنانی لەندەن، پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ر دوو بیرۆکه‌كه‌ وه‌‌لا ده‌نێت و خۆشگوزه‌رانی و هاوڕێیه‌تی ژنانی خۆرئاوا هه‌ڵده‌بژێرێت. «له‌ خۆشگوزه‌رانی زیاتر کارێکم نه‌بوو. تا له‌وێ بووم ڕۆژانه‌ وه‌ک به‌یانیانی ڕۆژی جه‌ژن و شه‌وانه‌ وه‌ک ئێوارانی به‌رات هه‌ر به‌خۆشی و شادی تێپه‌ڕده‌بوو».(طالبی،١٣٨٣ :١٠٨). تالبی له‌م کارانه‌دا ئه‌وه‌نده‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌کات به‌ته‌واوی شه‌یدای له‌نده‌ن و شۆخه‌کانی ئەو شارە ده‌بێت و به‌ ڕاشکاوی ده‌ڵێت: «ئێمه‌ گیان و دڵمان به‌ له‌نده‌ن و شۆخه‌کانی سپاردووه... دڵمان له‌ حۆری و باخ و کۆشک دابڕیوه‌. بیرێك له‌ سه‌وڵ و سیدره‌ و تووبا ناکه‌ینه‌وه... ئێمه‌ له‌ سایه‌ی سێبه‌ری سه‌وڵ باڵایاندا دانیشتووین».(هەمان:١٢٨). تالبی هێنده‌ به‌ بینینی ژنانی ئه‌وروپی و ئازادییه‌کانیان و هاوڕێیه‌تییان سه‌رسام ده‌بێت، به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌نووسێت: «ئه‌وه‌ی ده‌یبینم یا ڕه‌ب، خه‌وه‌ یان بێدارییه».(هەمان:١١٠). پاش ئه‌وه‌ی ده‌زانێت بێداره، بەتەواوی حه‌یرانی ژنانی حۆری ئاسای خۆرئاوا ده‌بێت و یەکسەر دەبێت بە چاو بۆ دیتنی ژنانی بێ پەچە و شۆخی غەربی: «هه‌موو ئه‌ندامه‌كانم بوونه‌ته‌ چاو بۆ سه‌یركردنى ئه‌و حۆری ڕوخسارانه»‌(هەمان:٥٨). بەم بۆنەیه‌وە ته‌واوی کاتی خۆی بۆ بینینی ژنانی خۆرئاوا ته‌رخان ده‌کات، سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنێک كه‌ پێشتر به‌ خۆی دابوو، گه‌شتنامه‌که‌ی زۆرتر باسی پێشکه‌وتنه‌کانی خۆرئاوا بێت، بەس له‌به‌ر حه‌یرانبوون و سه‌رسامیی به‌ ژنانی خۆرئاوا، له‌ تێفکرین و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ بنه‌ماکانی پێشکه‌وتنی خۆرئاوا بێئاگا ده‌بێت.

تالبی پاش نیشته‌جێبوون له‌ خۆرئاوا و هه‌ستکردنی به‌و ئازادییانه‌ی لەندەن و ددانپێدانان به‌وه‌ی که‌ : «بە دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ئازادییه‌ هێنده‌ شانم سووک بووه‌ ده‌ڵێی هه‌زاران مه‌ن بار له‌ سه‌ر شانم هه‌ڵگیراوه، وەک ئەوەی لە به‌ندا بووبم و ئێستا‌ ڕزگارم بووە»(هەمان:231). له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵێن ده‌دات زۆرترین که‌ڵک له‌م ئازادییه‌ی لەندەن وه‌ربگرێت و زۆرترین کاتی له‌ هاوڕێیه‌تی و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ شۆخه‌کانی ئەو شارەدا به‌سه‌ربه‌رێت و به‌بێ هیچ ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ک باسی ده‌کات. به‌جۆرێك سه‌رسامی ئه‌م ئازادی و هاوڕێیه‌تییه‌ ده‌بێت، فه‌زڵی له‌نده‌ن به‌سه‌ر «به‌هه‌شت» و ئه‌و «حۆریانه»دا ده‌دات که‌ له‌ گوتاری ئیسلامیدا به‌ڵێنیان پێدراوه. «ئه‌گه‌ر چی زۆرم بیستووه‌ وه‌سفی به‌هه‌شت... له‌ له‌نده‌ن جوانتر له‌وانەی‌ دیوه‌ چاوی من»(هەمان:١٦٠). له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرجار نزای له‌نده‌ن ده‌کات «له‌نده‌ن چه‌ند جوانی باره‌كه‌ڵڵا».(همان:١٤٠).

له‌ ڕوانگه‌ی تالبییه‌وه‌ له‌نده‌ن جوانترین شاری خۆرئاوایه‌، له‌به‌ر ئازادی و شۆخه‌کانی، نه‌ك‌ ته‌نها «به‌هه‌شت» به‌ڵکو له‌ سه‌روو به‌هه‌شتیشه‌وه‌یه‌ و خانمە شۆخی لەندەنی واتە کرونتینیش هەر هەمان حۆریە کە لە بەهەشتدا وەعدیان داوە و پێی وایە ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ بیرنه‌که‌ینەوە تووشی‌ تاوان بووین: «ئه‌گه‌ر له‌نده‌ن به‌هه‌شت نییه‌ ئه‌م هه‌موو حۆریانه‌ چین... ئه‌گه‌ر خاتوو کره‌نتێن حۆری نه‌بێت تاوانه».(هەمان:١١١). ئەم بۆچوونە، واتە ئەولەویەتدانی لەندەن و شۆخه‌كانی بەسەر بەهەشت و حۆرییه‌كانیدا، لەو کاتەدا زۆر مەترسیداربووه‌ و بوێرییەکی زۆری ویستووه‌. ئەم بۆچوونە سەرمەستانه‌یه‌، تا ئەو ڕادەیەی به‌بێ ترس ده‌نووسێت: «تالب! ئیسلام چ سوودێکی هه‌یه»(هەمان:١٣٥). هه‌روه‌ها ده‌نووسێت: «سوجده‌ی تاعه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌رجی شوێنی هه‌یه‌، جگه‌ له‌ میحرابی برۆی«ئیمیلیا» نه‌ینێیته‌ سه‌ر زه‌وی».(همان:١٦١).

باسكردنی ئه‌م بابه‌تانه‌، که‌ به‌ بوونی ئازادی و كچه‌ شۆخه‌کانی له‌نده‌ن پێویستی به‌ ئیسلام و به‌ڵینه‌كانی نییه‌ و له‌ باتی سوجده‌بردن بۆ خودا تاقی برۆکانی «ئیمیلیا» –یه‌کێك له‌ خۆشه‌ویسته‌کانی تالبی- شایانی سوجده‌ بۆ بردنه، بێگومان له‌ گوتاری دونیای ئیسلامی ئه‌و‌ سه‌رده‌مه‌دا و له‌ زمانی موسوڵمانێکی وه‌ک تالبییه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌تی و ڕۆچووی مه‌زهه‌بیی ئه‌و ڕۆژه‌ی ئێرانه‌وه‌ شتێکی ئاسایی و قبوڵكراو نه‌بوو، به‌ڵام تالبی نایشارێته‌وه‌ که‌ حه‌یرانی ژنانی خۆرئاوا بووه‌ و له‌به‌ر ئه‌وان ده‌ستی له‌ خوێندن و زانست هه‌ڵگرتووه‌، هاوڕێیه‌تی ئه‌و شۆخانەی لەندەن له‌ ئه‌میری و ده‌سه‌ڵاتداریی هیندستان به‌ گرنگتر ده‌زانێت: «چاکتره‌ له‌ ئه‌میریم له‌ هیند»(هەمان:١٣٥). له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ ڕاشکاوی و به‌رده‌وام باسی ژنانی له‌نده‌ن و جوانییان ده‌کات و (٣٢) هۆنراوه‌ی بۆ جوانی ژنان و کچانی لەندەن و ئازادییان‌ وتووه‌، تەنانەت به‌ ڕاشکاوی ناوی ئه‌و ژنانه‌ش ده‌هێنێت که‌ خۆشیویستوون.

فرەخوازی تالبی لەم بارەیه‌وە به‌ڵگه‌یه‌ بۆ زەینی ئەم مرۆڤە خۆرهه‌ڵاتییه‌ كه‌ دیسانەوە سەودای دروستکردنەوەی حەرەمسەرای هه‌یه: «لە سەدان هەزار شۆخی هەڵکەوتووی ئەم شارە شۆخپەروەرە سی چل کەسم هەڵبژاردووە و بۆ هه‌ریه‌كێكیان غەزەلێکم هۆنیوە‌تەوە»(همان:١١٠). ئەم سی چل خۆشەویستە به‌جۆرێك «عەقڵ و هۆشیان لەبەر بردووم»(هەمان:١٠٩). تەنانەت بۆ چەند ساتێكیش حه‌وسه‌ڵه‌ی دوورکەوتنەوەیانی نییە و بە ڕاشکاوی هەر شتێک کە ئەو لە ژنانی لەندەن دووربخاتەوە، كه‌ به‌ «جوانی و قەد و باڵایان گاڵتە بە حۆرییه‌كانی بەهەشت دەکەن»، به‌نەفرەت دەکات.

لە گوتاری مێخوزانەی تالبیدا، ژنی خۆرئاوایی هەمان حۆریی بەهەشتە کە لە گوتاری ئیسلامیدا به‌ڵێنی پێدراوە و ئێستا تالبی بە چاوی خۆی دەیانبینێ و ناویان دەبات و هاوڕێیه‌تییان ده‌كات و له‌گه‌ڵیان ده‌ژی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ بە ڕاشکاوی و بوێرانە خۆی له‌و ئیسلامه‌ به‌بێ منه‌ت دەزانێت کە مژدەی حۆری پێداوە، چونکە: «لەندەن خودی بەهەشتە و پڕه‌ لە حۆری» و خاتوو «لەیدی کرەنتین» بە دڵنیاییەوە «بۆ خۆی لە حۆری جوانترە»(همان:١١١).

ڕوانینی تالبی بۆ ژنی خۆرئاوایی، سەرەڕای دداننان بە زانایی و پەروەردەیاندا، دیسانەوە ڕوانینێکی تەواو ڕووکەشه‌ و بەرهەمی ئەو گرێیانەیە کە کەسانی وەک تالبی بەپێی گوتاری ئیسلامی لێیان دوورخراوه‌ته‌وه‌ و ئێستا تالبی لەوپەڕی ئازادیدا چێژی لێ وەردەگرێت و لەم كایه‌ ئازادەدا خۆی لە تێگەیشتنی كولتوورێك به‌بێ منه‌ت دەزانێت کە سەرچاوەی ئازادی و مۆدێرنێتەیه‌. ڕوانگەی ئەو بۆ خۆرئاوا و بڕیاردانی لەمەڕ خۆرئاوا و دامودەزگاکانی، وەک ڕوانینی بۆ ئازادی ژنانی خۆرئاوا و ئامادەبوونیان لە فەزای گشتیدا ڕووکەشانە و بەپەلەیە.

خستنه‌ڕووی هەستئامێز و ڕووکەشانە و تەنانەت شەهوانی تالبی لە ژنی خۆرئاوایی، لەلایەکەوە بووه‌تە هۆی خواستی هاوسەنگی لەگەڵ ژنی خۆرئاوایی و‌ پاڵنەرێک بۆ گه‌شتكردن بۆ وڵاتی حۆرییەکان، لەلایەکی ترەوە بوونی ئەم چەشنە ئازادییە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە دونیای ئیسلامی ئەو کاتەی ئێراندا، بووە هۆی کاردانەوەی توندی (بنەواژووخوازان) موحافزكاره‌كانی دژ به‌ ژنان و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه‌ ده‌یانویست لە خۆرئاوا نزیکببنه‌وه‌ و لە ڕاستییەکانی دنیای خۆرئاوا تێبگه‌ن.

 (٢) ئەنجامی روانین و ڕه‌خنه‌ی تالبی له‌ ئامادبوونی ژنان له‌ فەزای گشتیدا

(١) سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری مافخوازانه‌ی ژنانی ئێران:

 سێكۆلاره‌كان و ژنانی ئێران له‌و باوه‌ڕه‌دابوون ئاماده‌بوونی ژنانی خۆرئاوا له‌ فەزای گشتیدا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره سه‌ره‌کییە‌كانی پێشكه‌وتنی خۆرئاوا‌، ئێرانیش بۆ ده‌سپێكردنی كاروانی پێشكه‌وتن پێویستی به‌ ئاماده‌بوونی ژنانه‌ له‌ فەزای گشتیدا، له‌گه‌ڵ دابینكرد‌نی ئازادی و مافه‌كانی ژنان و دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت پاش بەرجەستەکردنی ئامادەبوونی ژنان لە فەزای گشتی و ئازادبوونیان، ئەمە ئامادەبوونە وەک بەشێک لە بنەمای پێشکەوتنی فەرهەنگی خۆرئاوایی بووەتە بەشێک لە داخوازی ژنانی ئێران.

(٢) شوێنپێهه‌ڵگرتنی ژنی خۆرئاوایی:

 ژنی ئێران به‌ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخی ژنانی خۆرئاوا گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی پێویستە بۆ دابینكردنی مافه‌كانی لاسایی ژنانی خۆرئاوا بكاته‌وه‌. لێره‌وه‌ لاساییكردنه‌وه‌ی ڕووكه‌ش بووه‌ به‌شێك له‌ گوتاری مافخوازیی ژنانی ئێران و دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت ڕوانگەی ڕووکشانەی بۆ پێشکەوتن و نموونەهێنانەوەی ئازادی ژنانی خۆرئاوایی بێ ڕەچاوکردنی مێژوومەندی ڕەوتی ئازادی ژنان، خۆی لە خۆیدا کێشەسازبوو، چونکە کەسانی وەک تالبی بە دیتنی ژنانی غەربی و ئازادییان قەت لە چۆنێتی و بنەمای ئازادی و بە واتاییەک هۆکار و چۆنێتی ئەو ئازادییە بیریان نەکردووەتەوە و خاڵی گرنگتر ئەوەی قەت لە ئەو فەرهەنگە و بنەماکانی ئەو فەرهەنگەی کە توانی ژنان ئاوا لە فەزای گشتیدا ئامادە بکات، بیریان نەکردووتەوە و بەکەمترین بیرکردنەوە خوازیاری لاساییکردنەوەی ژنانی ئێرانی لە ژنانی خۆرئاوایی بوون.

(٣) تێڕوانینی ڕووكه‌شی تالبی و سه‌رجه‌م گه‌شتنامه‌نووسه‌‌ ئێرانییه‌كان له‌ ژنی خۆرئاوا، به‌تایبه‌ت ئاماده‌بوونی بێ په‌چه‌ی ژنانی خۆرئاوا له‌ فەزای گشتیدا، بووه ‌هۆی ئه‌وه‌ی ئازادی ژن و دابینكردنی مافه‌كانی، له‌ نه‌پۆشینی حیجابدا كورت بكرێته‌وه‌، ئه‌م بۆچوونه‌ تا ئێستاش به‌شێك له‌ فەزای مافخوازیی ژنانی ئێرانی ئاڵۆزكردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک خواستی ئازادی و داواكردنی مافی ژنان له‌ ئێراندا وه‌ك خواستی «بێ حیجابی» و «به‌ره‌ڵایی» لێكده‌درێته‌وه‌. ئه‌م چه‌شنه‌ ده‌ربڕینانه‌ بوونه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ژنانی ئێران بۆ گه‌یشتن به مافه‌ سەرەتایی و سەرەکییەکانیان. ڕه‌چه‌ڵكی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بۆچوونه‌كانی گەرمروودی، وه‌ك دانه‌ری بناغه‌ی گوتاری «دژه‌ژنی»، به‌ واتایه‌كی تر «دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ژنی خۆرئاوایی» و «ئازادی ژن» و «مافه‌كانی ژن». بەگشتی گوتاری «دژه‌ژنی» و «بێزكردنه‌وه‌ له‌ خۆرئاوا».

 (٤) سازکردنی پەرچەکردار و یەکسانکردنی ئازادی ژنان بە بەرەڵایی

ئایا هیچ موسو‌ڵمانێک ڕازی ده‌بێت بڕیار له‌ ده‌ستی ژنانی بێئاوه‌ز (بێئه‌قڵ)دا بێت و هه‌ر كاتێك پێیان خۆشبوو بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێك پێیان خۆشه، دابنیشن؟ ئایا هیچ موسو‌ڵمانێك ڕازی ده‌بێت ژنه‌كه‌ی ئارایشت بكات و دوكانداریی بكات؟(كرمانی،١٣٤٨: ٣٨٩). «بێ حیجابی هۆكاری سه‌ره‌كی قه‌حبه‌بوون و سه‌رجه‌م نه‌خوشییه‌ جینسییه‌كانه»شێخ ڕه‌یسی قاجار(توکلی،١٣٨١:١٩٤).

لەمبارە دەکرێت بە گوتاری دژەژنانی بنەواژووخوازان بکرێت کە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری میرزا فەتاح خانی گەرمروودی. میرزا فەتاح خانی گەرمروودی یەکێک بوو لە ئەندامانی شانده‌كه‌ی «ئاجوودان باشی» کە لەلایەن (محەمەد شا)وە لە ساڵی (١٨٣٧) وەک جێگری «حوسەین خانی ئاجوودان باشی» دیاری کرابوو. میرزا فەتاح لەم گه‌شتەیدا دوو گەشتنامەی بە ناوەکانی «چوار وەرز و شەونامە» نووسیی، یەکەمیان باسی ئامانجی گه‌شته‌کەیانە بۆ خۆرئاوا و دووەمیشیان باسی «دۆخی خراپ و وەزعی نالەبار»ی خۆرئاوا ده‌كات. بە واتایەکی تر خستنه‌ڕووی بینین و تێڕوانینه‌كانیه‌تی سەبارەت بە ژنانی خۆرئاوا.(گرمرودی،١٣٤٧ :٩٦٢) 

میرزا ئەبولحەسەن خانی ئیلچی، 28 ساڵ پێش گه‌شتەکەی گەرمروودی بۆ لەندەن و لە وەڵامی «سێرگۆر ئۆزلی»، کە سكاڵای لە ئیلچی کردبوو گوایە به‌ خراپ باسی ژنانی خۆرئاوای کردووە، گوتبوی: «خوای بەرز و زانا ئاگادارە کە من بەردەوام داوام كردووه‌ و خۆزگەم خواستووه‌، خوای گەورە ژنانی ئێرانیش لە داوێنپاکیی ژنانی ئینگلیز بێبەش نەکات».(ایلچی،١٣٦٤: ١٩٥). بەڵام گەرمروودی نەك تەنها نه‌یویستووه‌ ژنانی ئێران وەک ژنانی خۆرئاوا، بە ده‌ربڕینی ئەو «بەرەڵا» و «دەسباو» بن (گرمرودی،١٣٤٧ :٩٥١)، بە پێچەوانەوە بە ڕاشکاوی و بوێرییه‌كی ته‌واوه‌وه‌ و به‌بێ ترس داوا لە سوڵتانە دادپه‌روه‌ر و خاقانەکانی ئێران و خاوەن دەسەڵات و ساماندارەکان، بەتایبەت زانایان و زۆرینەی شیعە و موسوڵمانان دەکات، بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ لەم تاقمە خراپه‌کارە دوورەپەرێزبن و هەرگیز بڕوا بە قسە و نووسین و فێڵ و درۆكانیان نەکەن(گرمرودی،١٣٤٧ :٩٨٣).

لەم ئاڕاسته‌یه‌وە گەرمروودی ژنانی خۆرئاوا بە «قەبیحە» ناودەبات و هەموو کارەکانیان بە ناپاکی و ناشیرین ناوده‌بات و لەو بڕوایه‌دایە «ئەگەر بیەوێت کارە ناشیرین و خراپەکانیان لەم لاپەڕانەدا تۆمار بکات، جێی نابێتەوە».(گرمرودی،١٣٤٧ :٩٥١). لە ڕوانگەی گەرمروودییەوە دەرکەوتن و ئامادەبوونی ژنی بێ حیجاب و ئازادی خۆرئاوا لە فەزای گشتیدا، نیشانەی "حیزی" و ده‌رچوونیانه‌ لە بازنەی داوێنپاکی و نیشاندەری ویست و حەزی ژنانی ئه‌وروپایه‌ بۆ بێ ئابڕوویی و کاری ناپەسەند و دەنووسێت: «لەم وڵاتە پان و بەرینانەدا زۆربەی ژنان و کچان بێ دەرپێ و عەبان، بەردەوام حه‌ز ده‌كه‌ن کەسانی بەهێز و به‌توانا خەریکیان بێت. ژنی پۆشتە دەگمەن و دانسقەیە».(گەرمرۆدی،١٣٤٧ :٩٥١). لە ڕوانگەی گەرمرودییەوە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنانی خۆرئاوا ڕووتن، لە «داوێنپاکی و پۆشتەیی بەدوورن و لە بەجێهێنانی خواستی کڕیاردا خێران، لەداوی داوێنپاکیی بەرەو ئازادی هەڵاتوون و لە بەندی شەرم و حەیا بە چالاکی دەربازبوون»(گرمرودی:٩٥٢).

گەرمروودی لەو باوەڕەدایە، ئازادی هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژنانی خۆرئاوا حیجاب و پۆشتەیی وه‌لابنێن، ئەم کارەش لە داوێنپاکی دووریخستوونه‌تەوە و تووشی گوناھ و بەرەڵایی کردوون: «بەهەرحاڵ ژنان و کچان هەموویان سەر و ڕوومەت و شان و قۆڵ و سنگیان لێ ڕووت کردووە و بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتی و میواندارییە گەورە و بچووکەکان و دەشتودەر و کووچە و کۆڵانه‌كاندا بەمجۆرە دێن و دەچن و بە هیچ شێوەیەکیش بە عەیب و شەرمی نازانن».(گرمرودی:٩٥٨).

بە واتایەکی تر لەڕوانگەی گەرمروودییەوە ئازادی ژنی خۆرئاوایی هۆكاره‌ بۆ ئەوەی بکەوێتە داوی بێ شەرمی و ناپاکییەوە، هەر ئەمەش پاڵنه‌ری بووه‌ بەرەو بەرەڵایی و هۆگریی توند بە گەندەڵی و سێکسەوە. «بەردەوام خوویان بە کاری سووک و خراپەوە گرتووە و لە ڕەنج و ژان ئازادن... شەو و ڕۆژ هاوڕێی تاقمی هەوەسبازن و بە یەکجاری نەفس و نامووسیان وەلا ناوە، زۆربەی زۆری ژنان پێکەوە مەیلێکی زۆریان بۆ بەرەڵایی و پێکەوەخەوتن هەیە و لەسەری بەشەڕدێن»(گرمرودی:٩٥١). ئەم مەیلی بەشەڕهاتنە هێندە بەهێزه‌ «هەر یه‌كێكیان شەوانه‌ لەگەڵ سی چل کەسدا دەخەوێت، سەرەڕای ئەمەش نائومێد و نیگەرانە. نە باکیان لە حاکم هەیە و نە لە کاری خۆیان پەشیمانن»(گرمرودی:٩٥٢).

 به‌ كه‌م سه‌یركردنی هەر جۆرە ئامادەییه‌كی ژنانی خۆرئاوا لە فەزای گشتی و هاوڕێیه‌تی ژنان و پیاوانی بێگانە پێکەوە، وه‌ك هەوەسبازی و گەندەڵی لە تەواوی لاپەڕەکانی گەشتنامەکەی گەرمروودیدا دیارن. لە نیشاندانی دۆخی نالەباری شوێنەکانی ڕابواردن و خۆشگوزەرانیدا هێنده‌ زێدەڕۆیی دەکات و بڕیاره‌كانی ئەوه‌ندە بێویژدانانه‌یه،‌ وا دەزانێت خۆرئاوا ئاخنراوە لە هەوەسبازی و بنکەی زۆڵ خستنەوەیه‌، تا ئەو ڕاده‌یه‌ی کە دەنووسێت «شانازی زۆر به‌وه‌وه‌ ده‌كرێت کە لە هەر شار و دێیەکی ئینگلستاندا زۆڵخانەگەلێکی زۆریان دامەزراندووە»(گرمرودی:٩٦١). ئەم بەرجەستەکردن و وێناکردنەی خۆرئاوا وەک سەنتەری هەوەسبازی، وای کردووە هەر چەشنە کۆمەڵ و ئەنجومەن و بنکەیەک کە ژنان بەشداریی تێدا بکەن بە بنکەی «قه‌حبه‌گه‌ری» دابنێ و ئەم وێنه‌یە لای خۆی پەروەردە بکات کە هه‌ر جۆرە کۆبوونەوەیەک، بۆ پێکەوە نووستنە، وەک شانۆکان کە ژنانیش تیایاندا ئامادە دەبوون: «بە کۆگای ژنانی قەحبە و گەندەڵ و شوێنی پیاوانی لێزان و قورمساقی» ناو ببات(گرمرودی:٩٧٠). لێرەوە بە ئاسانی و بە کورتی دێتە سەر ئەو تێڕوانینه‌ی کە تەواوی خۆرئاوا «قەبیح و گەندەڵن»(گرمرودی:٩٦٢٢) و به‌رده‌وام سەرقاڵی "حیزی" و سێكسن.

بەپێی گوتاری دژە خۆرئاوایی و دژە ژنیی گەرمروودی، ئازادی ژنانی خۆرئاوا بووەتە هۆی ئەوەی ژنی خۆرئاوایی لە بازنەی داوێنپاکی بچێتە دەرەوە و بەردەوام بیر لە ڕابواردن و سه‌رجێیی بکاتەوە، وەک بڵێیت ژنانی خۆرئاوا جگە لە سه‌رجێیی و هەوەسبازیی، کارێکی تریان نییە و ئامادەبوونیان لە فەزای گشتیدا بۆ بەشداریكردن نییه‌ لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو تەنها بۆ بەتاڵکردنەوەی حه‌زی سێکسی و هەوەسبازییە. ئەم ڕوانینە ئەوەندە تونده هەر چەشنە ئامادەبوونێکی ژنی خۆرئاوایی بە هێمای سێکسخوازی و هەوەسبازیی ناوده‌بات، تا ئەو ڕاده‌یه‌ی لە گەشتنامەکەیدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕۆڵی ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتی و کارە چاکەکانیان ناکات و پێی وایه‌ هەرچی هەیە کاری "قەبیح" و حەزی هەوەسبازیی زێدەڕۆیه‌ لای ژنان و ته‌نانه‌ت پیاوانیش.

جیا لە مەسەلەی سیاسی و ئاینی واتە دژایەتی غەرب لە ڕوانگەی ئایینی و سیاسییەوە، خاڵێکی تر کە کاریگەری کردووه‌تە سەر ڕەوتی دژە ژنیی گەرمرودی و لایەنگرانی ئەم گوتارە، ڕوانینی هەوەسبازانە و سەرکوتکراوی گەرمروودییە، (تەوەکولی تەرەقی) دەڵێت: «ڕوانینی هەوەسبازانەی میرزا فەتاح، جیاوازییەکانی نێوان هاوڕێیه‌تی لە میوانداریكردن بۆ سەما و ته‌ختی شانۆکان و قاوەخانەکان و قەحبەخانەكانی لەبەرچاو نەگرتووە، زنجیرەیەکی کەلامی سازکردووە و تێیدا هاوڕێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ژن و پیاوی تەنها بۆ ئەنجامدانی خراپه‌كاری وێنا كردووه‌. ڕوانینی ناپەروەردەیی میرزا فەتاح، هاوڕێیه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ژن و پیاو لە هەر شوێنێکدا تەنها بۆ خراپه‌كاری لێك ده‌داته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وایدەزانی ژنانی خۆرئاوا حەزی زۆریان بە خەوتن (سه‌رجێیی) لەگەڵ پیاواندا هەیە، ئەم تێڕوانینه‌ش سەرچاوەی زۆربەی ئەو گێڕانەوانەیە کە لە «شەونامەدا» باسی کردوون، لەوانەش ئەو چیرۆکانەی لەمەڕ سه‌رجێیی ژنان لەگەڵ سەگ و ناتوانایی سێکسیی پیاوانی خۆرئاوا و توانایی سێکسیی کەسانی وەک خۆیەتی(توکلی طرقه،١٣٨١: ١٨٨). له‌به‌ر ئه‌وه‌ دەنووسێت: «لەم وڵاتەدا بەهۆی زیادبوونی شەهوەتی ژنانه‌وه‌، پیاوێک توانای بەتاڵکردنەوەی ته‌نها ژنێکیشی نییە»(گرمرودی:٩٥٦). لە شوێنێکی تردا و لە وەڵامی ژنێکی خۆرئاواییدا کە لە بارەی بێدەنگی گەرمروودییەوە پرسیار دەکات لە زمانی ئاجوودان باشییەوە ئاوا هەوەسبازانە و لێوانلێو لە خەون و وەهم، دەنووسێت: «ئێوە ئاگاتان لە حاڵی فڵانی نییە کە چەند خۆشگوزەران و دڵ تەڕە، لە ئێران بیست ژنی هەیە کەچی به‌ ئه‌وان دانه‌مركاوه‌ته‌وه‌ و هاتووە بۆ خۆرئاوا، ئەوانیش بڕوا بە قسەی ئاجوودان باشی دەکەن و هاتنه‌لام و دەوریان دام، هه‌ر یه‌كێكیان بە زمانێك باسی ئەوەیان دەکرد ئێمە بڕوامان نەدەکرد کە تۆ توانای تێرکردنی بیست ژنت هەبێت، زۆر سەرسووڕهێنەرە کە دەتوانیت تێریان بکەیت و هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەیت. باوەڕپێکردنی ئەمە لە بارەی تۆوە سەختە. جێی سەرسوڕمان نییە ئێوە بە چاوی خۆتان دەیبینن کە چۆن کەڵەشێرێک سی دانە مریشک تێر دەکات، دیارە مرۆڤ لە کەڵەشێر کەمتر نییە»(گرمرودی:5-٩٥٤).

 بەپێی ڕوانینی هەوەسبازنە و سوننەتیی گەرمروودی، کە دەیەوێت سی چل ژن موڵکی تایبەتی پیاوێکی وەک ئەو بن، کاتێک بەڕوونی دەیبینێت باسێک لەم قسانە نییە و تەنانەت ژنێک دەتوانێت هاوڕێی چەند پیاوێك بێت و لەگەڵیاندا بخەوێت، ترس لە گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ئەم ئازادییە لە ئێراندا هانی دەدات هێرش بکاتە سەر ئەم ئازادییە، تا ڕێگری بکات لەوەی ئەو و کەسانی وەک ئەو لە فره‌ژنی بێبەش بن. بە واتایەکی تر، ترس لەوەی ژنانی ئێرانیش داوای هه‌مان مافەکانی ژنانی خۆرئاوا بکه‌ن، هانی دەدات پەرچه‌کرداری زۆر توند بنوێنێت و چه‌ندین زاراوە و دەستەواژه‌ی وەک ناشیرین (قبیح)، سەگباز، هەوەسباز، بێ حەیا به‌رامبه‌ر ژنانی خۆرئاوا به‌كاربهێنێت، کە لە گوتاری ئیسلامیدا تاوانێکی گەورەن و جێی لێبووردەیی نین. هاوتاکردنی ئازادی و مافی ژنان لەگەڵ بێ حەیایی و هەوەسبازی و زێدەڕۆیی لە سێكسدا بە شێوەیەکی ئاسایی، ژنانی ئێران لە داواکردنی مافی یه‌كسانی و ئازادی دووردەخاتەوە، تەنانەت دەیکاتە بابەتێکی قەدەغەکراو.

بەگشتی ئه‌م بۆچوونه‌ی گەرمروودی وەک دژە گوتارێکی غەربی بووه‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری دژه‌ ژن له‌ ئێراندا، به‌ جۆرێك پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی تێڕوانینی گەرمروودی له‌ سه‌ر ژنانی خۆرئاوا، ئایینخوازان و لایه‌نگرانی نه‌ریتخوازی، كه هه‌ستیان به‌ لاوازكردنی پێگه‌ی سوننه‌تی خۆیان كرد، به‌ توندی دژی ئازادی ژنان و مافخوازی ژنان وه‌ستانه‌وه‌ و وه‌ك به‌ره‌ڵایی و لاساییكردنه‌وه‌ی ژنانی به‌ره‌ڵای خۆرئاوا ناویان برد.

 ئەنجام:
لە پاڵ دیاردەی مودێرنی وەک پەرلەمان، زانکۆ، خویندنگە، پارک، ڕۆژنامە و چەندین دیاردەی دیکە، ئازادی ژنانی خۆرئاوا و ئاماده‌بوونیان له‌ فەزای گشتیدا جیا لەوەی بووه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانی تالبی و لایەنگرانی ئازادی ژنان، بووەتە پرسی سەرەکی و بە واتایەک گوتاری زاڵی کۆمەڵگەی ئێرانی و سەرەتای ئەم ڕوانگەیە زۆر ڕووکەشانە بووە و پێدەچێت بۆچوونی لاسیکردنەوەی ڕوالەتئامیزانە لە ژنی غەربی و سەرهەڵدانی گوتاری دژایەتی و یەکسانکردنی ئازادی ژنان بە بەرەڵایی و هەوسبازی ئەنجامی ئەم ڕوانگە ڕواڵەتبینانە بووە. بە واتایەک خستنه‌ڕووی ئازادی ژنانی خۆرئاوا و ئامادەییان لە فەزای گشتیدا و گێڕانەوەی هاوڕێیه‌تی و پیاهەڵدانی ئەوان لە لایەن تالبییەوە ڕوانینێکی هەستئامێز و ڕووکەشانەیە، ئاسانی هاوڕێیه‌تی لەگەڵ ژنانی خۆرئاوا و سەرسامبوونی بەم بابەتە وای لە تالبی کردووە جگه‌ لە خستنه‌ڕووی ئەم هاوڕێیه‌تییە و دەربڕینی هەست و سۆز بەرامبەر هاوڕێیه‌تی ئەوان، بیر لە شتێکی تر نەکاتەوە. ئەم سەرسامبوون و توانەوەیه‌ لە هاوڕێیه‌تی لەگەڵ ژنانی خۆرئاوا بووه‌تە هۆی ئەوەی تالبی بەم ڕوانینه‌ ڕووکەشانەیه‌ لە ئازادی قەناعەت بکات و لە پرسیاری بنەمایی لە بارەی ئازادی و ڕەوتی چۆنێتی ئامادەیی ژنان لە كۆمه‌ڵگه‌دا دووربکەوێتەوە، یان تەنانەت هەر بیریشیان لێ نەکاتەوە. لەلایەکی ترەوە ڕوانینی تووڕەی گەرمروودی و بنەواژووخوازنی دژە ئازادی ژنان بۆ ژنی خۆرئاوایی و ئامادەبوونی لە فەزای گشتیدا دیسان بەرهەمی ڕوانینی ڕووکه‌شانە و ژێرخانی مرۆڤی خۆرهەڵاتی و کاریگەریی گوتاری خۆرئاوا ترسی (فۆبیای خۆرئاوا) ئەو سەردەمەی فەرهەنگی شەرقی و ئیسلامی بووە، گەرمروودی دەست دەکات بە لۆمەی ژنی خۆرئاوا و خۆی لە تێگەیشتنی ئەم ئازادییە و چۆنیەتی سەرهەڵدان و بایەخانە بە دوور دەزانێت و بە زمانێکی تاڵ و توند و دەستەواژه‌ی تووڕە، ئازادی ژنی خۆرئاوایی دەخاتە بەر ڕەخنە و لۆمەکردن و بە واتای سووکی و هەڵە و هەرزەیی و گەندەڵی دادەنێت و پێناسەی دەکات.

ئەم دوو خستنه‌ڕووه‌ دژبەیەک و جیاوازە بۆ ژنی خۆرئاوایی لە ئێراندا، جگه‌ لەوەی بووه‌تە هۆی تێگەیشتنێکی ڕووکەشانە، یان بە واتایەکی تر لار و چەوت لە خۆرئاوا، له‌ هه‌مان كاتدا بووه‌تە هۆی کۆمەڵێک دەمەتەقە و کێشەی پووچ و بێ مانا لە بواری ئازادی و بەتایبەت ئازادی ژناندا، چونکە خۆرئاواخوازەکان بەبێ ڕەچاوکردنی كولتووری سەرهەڵدانی ئازادی لە خۆرئاوا و ڕەوتی مێژوویی ئەم سەرهەڵدانە، خوازیاری ئازادی بە شێوەی خۆرئاوا و هاوشانیی ژنی ئێرانن لەگەڵ ژنی خۆرئاواییدا. لە بەرامبەردا ئایینخواز و سوننەتخوازەکان کە هەستیان بە ترس دەکرد بە توندترین شێوە بەگژ ئەم دۆخەدا چوون و ئازادی ژنیان بە مانای هەڵە و هەرزەیی و گەندەڵی و ڕووتی و لەناوچوونی دین لێکدایەوە تا ئەو ڕاده‌یه‌ی کە کرمانی ده‌نگی هەڵبڕی: «ئایا هیچ موسوڵمانێک ڕازی دەبێت ژنەکەی خۆی بڕازێنێتەوه‌ و بە بازاڕ و کووچە و کۆڵاندا بگەڕێت»، هەروەها دەنووسێت: «ئایا هیچ کەسێك ڕازی دەبێت ناوی ئازادی به‌سەر خەڵکدا ببڕێت و کەس دەسەڵاتی ژن و کچ و کوڕ و نۆکەر و کەنیزەکەكانی نەبێت»(کرمانی،:٣٨٩). میرزای قاجاریش لەمبارەیه‌وە بە ڕاشکاوی دەنووسێت: «یەکێک لە جیاوازییەکانی میللەتی ئیسلام لەگەڵ کۆی میللەتانی تر کە ئێستا لە دونیادان باسی حیجاب و داوێنپاکییە، هۆکار ناهێنمەوە تۆ و ویژدانت کامەیان چاکە؟ حیجاب و پۆشتەیی لە چاوی پیاوان و لاوانی هەوەسبازدا، یان ڕووتی و بێ حیجابی ئەوان؟»(میرزای قاجار،١٣٢٤ :٨٥).

هەڵبەت نابێت لەم خاڵە خافڵ بین کە خستنه‌ڕووی ئەم گەشتامەنووسانە سەبارەت بە خۆرئاوا و داخوازییەکانی خۆرئاوا لە بواری ئازادی ژنان، کۆمەڵێک دەستکەوتی ئەرێنیشی بە شوێن خۆیدا هێناوە، هەوڵ بۆ ئامادەبوونی ژن لە فەزای گشتیدا، ئامادەیی لە ناوه‌نده‌كانی خوێندن، هەڵبژاردنی جلوبەرگ، گەیشتن بە مافی دەنگدان، دەربڕینی بیروڕای فیمێنیستی و... لەو دەستکەوتانەن کە ژنانی ئێران بە شوێن ژنانی خۆرئاوادا بە بەشێکیان گەیشتن(آزاد،١٣٦٤ :٣٢٠)، بە جۆرێك گەیشتنی ژنانی خۆرهەڵاتی بەگشتی و ژنانی ئێران بەتایبەت بە هەندێك دەستکەوت و مافی سەرەتایی، بەرهەمی خۆرئاوا و بارودۆخی ژنانی خۆرئاوا بوون(سلامی و نجم آبادی،1389 :13).

بەگشتی بەرجەستەکردنەوەی ئازادی و ئامادەبوونی ژنانی غەرەبی لە فەزای گشتی لە گەشتنامەنووسانی وەک تالبی، سەرەڕای هەندێك دەستکەوتی ئیجابی وەک سەرهەڵدانی ڕەوتی مافخوازی ژنانی ئێرانی لە بواری یەکسانخوازی فەرهەنگی و سیاسی، ڕوانینی ڕوالەتبینانە و هەوڵ بۆ لاساییکردنەوەی ژنانی خۆرئاوایی چەندین ئەنجامی سەلبی هەبووە کە دەکرێت بە دوو ئەنجام وەک ئەنجامی سەرەکی ئاماژە بکرێت:

یەکەم: بە گوتارکردنی زەرورەتی لاساییکردنەوە لە ژنانی غەرەبی و ئەم بەرجەستەکردنەوەی ڕواڵەتی ژنای غەرەبی بووە هۆی ئەوەی نە چەمکی ئازادی پێناسە بکرێت و نە خوێندنەوەی ڕەوتی بە ئازادیگەیشتن و چۆنێتی ڕەوتی بە ئامادەبوونی ژنانی غەرەبی کە فەزای گشتیدا ڕوون بکرێتەوە و گرنگ تر ئەوەش باس لە دوو کەش و هەوای فەرهەنگی و سیاسی و جیاوازی ئەم دوو کەش و هەوایە نەکرا و یەکسەر ڕواڵەتی ژنی غەربی و ئامادەبوونی و هەوڵ بۆ لاساییکردنەوەی بەرجەستە کرایەوە.

دووەم: بیانوودان بە بنەواژووخوازن و ئەو چینەی کە هەستیان دەکرد بەرەژوەندی و شەرعییەتیان بە غەربیبوونی ژنان ئێران تووشی کێشە و مەترسی دەبوو. بۆچوونی ڕواڵەتبینانە و لاساییکەرانە لە ژنانی غەربی، بووە هۆی ئەوەی دژە گوتارێک لە ئاست گوتاری ئازادیخوازی ژنانی ئێرانی سەرهەڵبدات و تەنانەت زاڵ بێت و زاڵ بکرێت بە چەکی ئایین و ئیمان، ئازادی ژنانی ئێرانی وەک سەرەتایی بەرەڵایی و سووکبوون پێناسە بکات و گرنگ تر لەوەش پرسی ئازادی ژنانی ئێرانی بە تاوانی بەغەربیکردنی ژنانی ئێرانی تا ئیستاش تووشی کێشە بکات و دوای بخات.

 سه‌رچاوه‌كان:

١- آبراهامیان، یرواند (١٣٨٤) ایران بین دو انقلاب، ترجمە گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی، تهران، نی.

٢- آرین پور، یحیی (١٣٧٢)از صبا تا نیما، تهران، نی.

٣- ایلچی، ابوالحسن خان (١٣٦٤) حیرتنامە، بە کوشش حسن مرسلوند، تهران، رسا.

٤- توکلی طرقی، محمد (١٣٨٢) تجدد بومی و بازاندیشی تاریخ، تهران، نشر تاریخ ایران.
٥- سلامی، غلامرضا و افسانه نجم آبادی (١٣٨٢) نهضت نسوان شرق، تهران، شیرازە.
٦- شمیم، علی اصغر (١٣٨٤) ایران در دورە سلطنت قاجار، تهران، مدیر.
٧- طباطبایی، سید جواد (١٣٨٢) دیباچه برانحطاط ایران، تهران، نگاه معاصر.

٨- طالبی، میرزا ابوطالب خان (١٣٨٣) مسیر طالبی، حسین خدیو جام، تهران: انتشارات علمی و فرهنگی.

٩- علی بخشی، میرزای قاجار(١٣٢٤)میزان الملل، بە کوشش جلال الدین محدس، تهران، اسلامیه.

١٠- کرمانی، حاج محمد خان (١٣٤٨)رسالە ناصریە، کرمان، انتشارات فرهنگ و هنر.
١١- گرمرودی، میرزا فتاح (١٣٤٧) شب نامە، بە کوشش فتاحی، تهران، بانک بازرگانی ایران.

١٢- دانش پژو. منوچهر (١٣٨٠) سفرنامە، تهران.

١٣- معتمد دزفولی، فرامرز (١٣٩٠) تاریخ اندیشە جدید ایرانی، سفرنامە های ایرانیان بە فرنگ، تهران، شیراز.



[1]public Sphere


ئەم بابەتە 121 جار خوێندراوەتەوە