Xalat.jpg

ڕشانەوەی بۆنخۆش

ڕێزان فەتاح- هەولێر

کە ئاوڕم دایەوە، بینیم بەدوامدا هاتبوو، بە خۆی و شرینقەکەی دەستی. بەرلەوەی فیشەکێک بنێم بەنێو چاوانی، هاوارم کرد: "بەو قسە قۆڕانەت فریو ناخۆم، هەرگیز. دەمەوێ دواین کەس بم، دواین کەسیش هەر خۆم ڕزگاری بکەم، بە تۆوە دەبێتە سەت و یازدە کەس، بەو دەستانەم قفڵە ژەنگاوییەکەی بشکێنم!"، تاق، تەقاندم، پیرۆزە.

لەنێو ژوورێکی درێژکۆڵە و شێدار، لەسەر قەرەوێڵەیەکی شل و شۆق، خۆم گرمۆڵە کردبوو. بە لەپەکانم ڕووم داپۆشیبوو، تا بەر لە تیشکی خۆر بگرم کە لە پەنجەرەوە لە ڕوومی دەدا. دەنگێک وەک هەمیشە لە گوێمدا زرینگایەوە، گوێم هەڵخست، خشپەخشپێک بوو. لە کەلێنی پەنجەکانمەوە دیتم، سێبەرێکی باریک و درێژ بەسەر جەستەی گرمۆڵە بووم چەماوەتەوە. ناسیمەوە خۆی بوو. لەبەرانبەرم قیت ڕاوەستا. گوتی: بۆچی؟ گوتم: چی بۆچی؟ گوتی: ئەمەی کەمێک لەمەوبەر گوتت... گوتم: نە بەلامەوە گرینگە، وە نە بایەخێکی وەهاشی پێ دەدەم، ئاخر ئەگەر ڕاستییەکە بزانی... گوتی: نایزانم. گوتم: پێدەچێ گەمژەیەکی خەڵەتاو و خەڵەفاو بی، وەک خۆم کە ڕۆژانێک وەها بووم... گوتی: نایزانم. گوتم: هێندە کاتم بەدەستەوە نییە، وە سەلیقەشم نییە، تا سەرلەبەری ڕووداوەکەت بۆ بگێڕمەوە... گوتی: نایزانم. گوتم: ڕەنگە هەم سەلیقەم هەبێ، هەم کات، بەڵام نەمەوێ دەری بخەم، یان ڕەنگە بە نیاز بم، چیرۆکێک هەڵبوەشێنمەوە... گوتی: هەڵیبوەشێنەوە.

بۆچی درێژە بەم گەمەیە دەدەی؟ ئەوە ئەو پرسیارە بوو، ڕۆژێکی پڕ لە ماندووبوون و تاقەت پڕوکێن، دوای ئەوەی لە ئیش گەڕامەوە، لە خۆمم پرسی. پێشتر قەت نەمپرسی بوو. بیر و هۆشم گیرۆدەی ئەندێشەگەلێک بووبوو، نەمدەزانی لەکوێوە دەست پێ دەکات و بە کوێ دەگا. تووشی دڵە خورپە بووبووم. وام هەست دەکرد دڵم مینا باڵندەیەکی کێوی لە شەقەی باڵ دەدا. بەرەبەرە قسەکردنیشم کەم بوویەوە بەڕادەیەک وایان دەزانی کەڕوڵاڵم، دەمگوت هەتا وەک میزڵدانێکی فووتێکراو نەتەقیوی دەبێ چشتێ بکەی. سەرەنجام، وەک مار خشیمە ناو ئەو کوونەی، ماوەیەک سەرنجم دابووێ لەناو باخچەکەمان.

هیچ کەس هەستی نەدەکرد، بە مانەوەم لەنێو ئەو کوونە. هەر خۆم و خەیاڵەکانم بووین تاق و تەنیا. شەوێک، لەنێو قوڵایی تاریکییەکی تۆقێنەر، خەیاڵێ زەینی ئاڵۆز و پەرت و بڵاومی داگیرکرد، بە پەلەپەل دەستم بە چنینی کرد وەک ئەوەی جاڵجاڵۆکەیەکی بێ لانە و جێ بم، بمەوێ زوو دوا تاڵی تەونەکەم بچنم. ئەگەر بڵێم خۆم وەک چی دەهاتە پێش چاو، ئەوا دەحەپەسێی، بۆیە وا باشترە نەیڵێم. زۆری نەخایاند، لیستێکم پڕکردەوە لە ناوی بوونەوەری جۆراوجۆر و سەیروسەمەرە، ئەگەر ناویان بهێنم ئەوا دەحەپەسێی، بۆیە وا باشترە ناویان نەهێنم، کەچی تەنها هەندێکم لێ هەڵدەبژاردن. دواتریش بووە خەون و خولیام.

پرسیی: چی بووە خەون و خولیات؟

گوتم: با هەر لە سەرەتاوە بۆتی بگێڕمەوە. کە ئەو حەز و خولیایە، وەک پنجکە گیا سەری دەرهێنا لە ناخم، دەمویست بڕۆم لەسەربانی باڵەخانەیەک خۆم بخەمە خوارەوە، ئەرێ چ شتێک وایکرد بیرۆکەکە فرەوان بکەم؟ ناڵێم نایزانم یان لە یادم نییە. ڕەنگە هەم بیزانم، هەم بەباشی لە یادم بێ، بەڵام نەمەوێ بیدرکێنم.

گوتی: هیلاک و ماندوو دیاریت... هەر بەردەوام دەبی؟

گوتم: ئا.

سەرم خستە سەر سەرین، بۆنێکی ناخۆشی لێ دەهات لە بۆنی ڕشانەوەی سەرخۆشێک دەچوو. بە دەستی چەپ هەردوو کوونە لووتم گرت یععع... قرپێک ڕشامەوە. بە سەردەستی بلوزەکەم دەمم سڕییەوەو بەرەو لای پەنجەرە هەنگاوم نا. کزەبایەک دەستی بەسەر شان و ملی ژوورەکەم داهێنا بەسەر شان و ملی خۆیشم، هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا...

گوتم: دەی بیڵێ.

گوتی: چی بڵێـم؟

گوتم: بڵێ لەناوبردن.

گوتی: لە- نا- و- بر- د-ن.

گوتم: بڵێ قەفەس.

گوتی: ق- ە- ف-ە- س.

گوتم: باشە، چی دەبێ ئەگەر بە تەنیشت یەکترەوە بیاننووسم؟

جا خەون و خولیام بوو بە لەناوبردنی هەموو جۆرە قەفەسێک، بەتایبەت هی ئەو گیانلەبەرانەی لەسەر دوو پێ دەڕۆن...

پرسیی: ئاخر چۆن، چۆن خووت بەوەوە گرت؟

دڵت لە سینگتدا تەپەتەپ دەکا. فزوڵیت و دەتەوێ ئەو پەردەیە هەڵدەیتەوە. بوەستە با خۆم بۆتی هەڵدەمەوە.

بیرتە پێم گوتی: مرۆڤ بونەوەرێکە، لە بەردێکی قەوزاوی ناوڕووبار دەچێ، هەم خزە هەم لووس، هەر کە بتەوێ بپەڕیتەوە ئەوبەری ڕووبارەکە، هەڵتدەخلیسکێنێ.

- ئا، بیرمە.

- تۆ خۆتت پێ مرۆڤە! وایە؟

- وایە.  

-خەونم دیت...

-دەیگێڕییەوە؟

- لە خەونم دا تەورێکم لە دەست بوو، هانکەهانک لەناو دارستانێک غارم دەدا، ڕەشەبا سەری درەختەکانی گێژ کردبوو، پاڵی پێوە دەنام هەتا خێراتر بڕۆم، وەک ئەوەی قووتوویەک بم غلۆرم بکاتەوە بەرەو لات، تۆ لەناو ئاپۆڕای خەڵکە ڕاکردووەکان خۆت شاردبووەوە، وەک منداڵێک کە کەتنێکی کردبێ، چاوم لەسەرت هەڵنەدەگرت. لەناکاو دەنگێکی نامۆ خۆی خزاندە گوێم، نەمزانی لە کوێوە هات، بانگی کردم.

گوتی: بۆ کوێ دەچی؟

گوتم: هااا چیییی؟

گوتی: دەڵێم بۆ کوێ دەچی؟

گوتم: نازانم!

شتێکی تری گوت، تێینەگەیشتم...

گوتم: چیییی؟

گوتی:........

گوتم: ئاخر...

دەستم بە خوێندنەوە کرد. هێندە ئارەقەت دەردابوو لە دوورەوە لووتم دەکزایەوە. ڕەنگت هەڵبزڕکا بوو. دەتگوت زەنگی دەنگ نووساوی، قسەت پێ نەدەکرا. دەمتوانی جێ پەنجەی ئەو ترس و بیمەی لەسەر ڕووت دەرکەوتبوو بە ئاشکرا بیبینم. دەمتوانی وێنات بکەم وەک مردوویەکی تۆقیو. بەردەوام بووم لە خوێندنەوە و وازیشم لە تەورەکە نەدەهێنا. مەراقم لە درەختێک دابوو بیبڕمەوە، هێندەی دەمکرد نەدەوێرام، یان نەمدەتوانی، یان نەدەکرا، لێی بچمە پێش، هەرکە شەقاوێک نزیک دەبوومەوە لق و پۆپەکانی دەبوونە چڕنووک، شاڵاویان بۆ دەهێنام من دەستم دەلەرزی و دەکشامەوە دواوە، دواوە، دیسان دواوە، ئینجا بەرەو پێشەوە، پێشەوە، دیسان پێشەوە، بەڵام نە درەختەکەم بۆ دەبڕدرایەوە نە هەنگاوەکانیشم ڕێک دەبوون.

- ئێستا چی دەڵێی کە دەمەوێت ئەو زیندانییانە ئازاد بکەم؟

- کام زیندانی؟

- ئەی ئەگەر بمەوێ وەچەی مرۆڤ کەمبکەمەوە؟

- وس ئەو غەڵبەغەڵبە چییە دێ؟

میوانەکان چاوەڕێ بوون، لە نهۆمی خوارەوە. خەریکی خۆ ئامادەکردن بووم، لە نهۆمی سەرەوە. ڕایەڵی خەیاڵەکانمی دەپچڕاند، ژاوەژاو. گوتم...، گوتم...، گوتم: جارێکیان قەفەسێکم کردە سێ پارچەی وەکویەک، هەر پارچەیەکیشم خستەناو چاڵێک و گڕم تێ بەردا. ئێ دواتر؟ دواتر لەتاو ئازار و زریکەزریکی دەست و پێم دەتلامەوە، نەمدەتوانی، ڕێک و پێک بە ڕێدا بڕۆم و شت هەڵگرم. گوتیان دەبێ بچیتە دوکتۆر...

دوکتۆر گوتی: باشی؟

گوتم: نا، دەست و پێم...

- لە کەیەوە وایت؟

"بە وریایی هەنگاوی دەنا، دڵنیا نەبووم ئاخۆ چی پێیە. باش باش دایپۆشیبوو، بە پارچە قوماشێکی شینی بریسکەدار. وردەوردە نزیک بوویەوە تا گەیشتە بەردەمم. بزەیەکی سارد و سڕی بە ڕوومدا کرد. کەمێک خۆی چەماندەوە و لەسەر ئەرز داینا. پارچە پەڕۆکەی لابرد. گوتی بە دڵتە؟ قیژاندم! هێڵنجم دا و ڕامکردە دەستشۆر."

- هەوڵدە ئەوە لەبیربکەی.

" لەپاڵ یەکدی مرداربووبوونەوە. گوتم بۆ وات کرد؟ نیگایەیەکی هەڕەشەئامێزی تێ گرتم. نزیک نزیک بوویەوە. دەستی بە ئاڕاستەی ڕووم بەرز کردەوە. زەندەقم چوو و زیڕەم کرد. سەرم لەژێر قۆڵ و باسکم شاردەوە و خۆم گرمۆڵە کرد. لەپڕێکدا پاشەوپاش کشایەوە و لە سووچێک هەڵتوتەکا. بێدەنگییەکی سامناک باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشا. کە هاتەوە لام، بەچرپەوە گوتی: هیچم لێ مەپرسە! بۆنی ڕشانەوەکەت گەلێک خۆشە، بزە کەوتە سەر لێوم. بزە کەوتە سەر لێوی کە بە سەروگوێلاکیدا ڕشامەوە، گەشایەوە."

 تۆش ئەوە دەزانی دوکتۆر تارمایییەک بە دوامەوەیە، ناوێرم بجوڵێم، هەنجن هەنجنم دەکا؟ ها پێم بڵێ تۆش دەیزانی؟

- هەوڵدە ئەوە لەبیربکەی.

- چی لەو ڕشانەوەیە بکەم، سەراپای ژوورەکەم ڕەنگ و بۆنی ڕشانەوەی گرتووە.

- ناتوانی ڕەنگی ژوورەکەت بگۆڕی؟

- جارێک گۆڕیومە.

- ئێ چی بوو؟

- هیچ، هەمان ڕەنگ و بۆن...

- دەبێ حەبەکان لەکاتی خۆیدا بخۆیت و ڕێنماییەکانی تریش...

- دەبێ نەیکەم؟

- نا، نابێ.

- دەبێ، خۆ دەیزانم کەڵکی نییە بشیکەم، نایکەم.

- دەتەوێ لەکۆڵت بێتەوە؟

- لەکۆڵ نابێتەوە.

- وا باشە من و تۆ ڕێکبکەوین.

- لەسەرچی؟

- هەرچییەک سەرنجی ڕاکێشایت وێنەی بگرە.

- تەنانەت گووکردنیش! وام بە دوکتۆر گوت.

- تەنانەت گووکردنیش، خستییەسەرو گوتی سێکسیش.

- دوکتۆر دەزانی زۆر گەمژەی، هێندە پێکەنیم، هێڵنجم دا و ڕامکردە دەستشۆر.

کە چوومەوە ژوور، لە بەرانبەر دوکتۆر لەسەر کورسییەک دانیشتم، دەستم خستە ژێر چەناگەم و لەسەر مێزەکە دامنا، ڕووم لە دوکتۆر.

پرسیم ئەرێ کافکا بۆ مێردەکەی خنکاند؟

دوکتۆر گوتی: کافکا کێیە؟

گوتم: دراوسێ...

[دەزانم، بۆ ئەوەی دەستی بگاتە بوون نووشتایەوە، وام بە خۆم گوت نەک بە دوکتۆر.]

گوتی: مەبەستت لە... کە...  

گوتم: ئا، مەبەستم لە... کە...

[بەڕاستم نەبوو، مەبەستم لەو نەبوو، نازانم بۆ گوتم ئا.] 

گوتی: ئاخر گرێیەکانی پەتەکەی نەدەکرایەوە... کوشتی!

گوتم: پیرۆزبایی لێدەکەم.

دوکتۆر، دوکتۆر، دوکتۆر هەست دەکەم مەمکی چەپم لە هی ڕاستم...

دوکتۆر، دوکتۆر، دوکتۆر سووڕی مانگانەم...

دوکتۆر، دوکتۆر، دوکتۆر منداڵێک لە سکمایە دەڵێ: [بە چرپەوە] ب- م- ک- و- ژ- ە...

بێ وەستان قسەم بۆ دوکتۆر دەکرد. خەریکی ئامادەکردنی شرینقەیەک بوو، بە تیلە چاوێکیش سەیری دەکردم. دەتوانی لەسەر ئەو قەرەوێڵەیە... پاڵکەوتم، لە بنمیچی ژوورەکە ڕامام. سەرسوڕهێنەرانە سەمای دەکرد، بنمیچ.

- دەبینی چ هەڵپەڕکێیەکە! دەی هەڵپەڕە، دوکتۆر.

- ناوی هەندێک فیلمی کۆمیدیم نووسیوە سەیرییان بکە.

- دوکتۆر، ئەگەر گووت نێ دەڕۆیتە توالێت؟

[دەزانم، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشارییەوە پێدەکەنی، وام بە خۆم گوت نەک بە دوکتۆر.]

- ڕاستی گاڵتەیەکی شینی مەیلە و تۆخە، وەک ڕەنگی جلەکانم، خاو، وەک قژم، جارجاریش لە بێچووە کەروێشکێکی بۆری خرپن دەچێ، خۆی هەڵدەداتە باوەشت.

- کێ پێی گوتی؟ دوکتۆر پرسی.

- خۆم.

- هاهاها دوکتۆر پێکەنی.

گورج وگۆڵ هەستامە سەرپێ. سەیرێکی چواردەورم کرد. بە ڕاکردن بۆ لای دۆڵابەکە چووم. چەند کاغەزێکم دەرهێنا. چاوێکم پێدا خشاندن. هەوڵمدا لەیەکدییان جیابکەمەوە. بەدوای شتێکی نووک تیژ گەڕام، ناچار بە نینۆکەکانم هەڵمپچڕاند. پەلەم بوو، خەریک بووم بنووسم: "دوکتۆر دەبێ........".

کە ئاوڕم دایەوە، بینیم بەدوامدا هاتبوو، بە خۆی و شرینقەکەی دەستی. بەرلەوەی فیشەکێک بنێم بەنێو چاوانی، هاوارم کرد: ".................."، تاق، تەقاندم، پیرۆزە.

لەگەڵ هاوار و ناڵەناڵ، بەئاگا هاتم لە خەو، هێشتا لە ژوورەوە لەسەر قەرەوێڵە خۆم گرمۆڵە کردبوو، لەنێو ئارەقە و ترسدا هەڵدەلەرزیم، کات سێ و هەندێک... لەژێر ئەو کزە ڕووناکییەی شاشەی مۆبایل، بەرەو لای ئاوێنەی پشت دەرگە چووم، قورگم وشک و چاوم تەڕ، قووتم دایەوە، تنۆکێک فرمێسکی هاروهاج. ئاماژەم بۆ کەسی ناو ئاوێنەکە کرد، بە ئەنگوستم. گوتم: هێی، ئەگەر بۆنی ڕشانەوەکەمت پێ خۆش بوو، ئەی بۆ لێرە نیت؟


ئەم بابەتە 198 جار خوێندراوەتەوە