mohammed_hasan.jpg

میناتۆڕەکەی عەبداڵخان

محەمەد حەسەن- دەربەندیخان

یەک

چایخانە نەبێت ماڵەکان دۆزەخن. نازانم کەی بوو بەو بڕوایە گەیشتم، بەڵام چایخانە نەبوایە دەمێکبوو خۆمم کوشتبوو.

 

سپی

پاش نیوەڕۆم بە گونجاو زانی بۆ ڕەنگڕێژکردنی تابلۆکەم. قەڵەم و فڵچە و بۆیەکانم ئامادە کرد. ستاندەکەم هەڵگرت و لەتەنیشت پەنجەرەکە جێگیرم کرد. گەواڵەهەورێک لە باکووری ئاسمانی شارەوە مینا ئەستێرەیەکی کلکدار بەرەو باشوور کشا. کاتێک گەیشتە ئاستی ڕۆژ، تیشکە تیژ و بەهێزەکانی چون شمشێری جەنگاوەرێکی تەروادە کەلێنی خستە هەورەکەوە و کردی بە دوو کەرتەوە. سێبەری هەورەکە وەک تەمێکی تاریکی کاڵ، بەسەر خان و ئۆتۆمبیل و مرۆڤەکاندا کشا و هەموویانی تاریک کرد.

لە شوێنێکدا خوێندومەتەوە، نازانم کام نووسەرە، بەڵام یەکێکە لە نووسەرە فەڕەنسییەکان، وتوویەتی: "لە ژیاندا ژیان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە." چما پەیوەندی نییە؟ هەموو شتێک پەیوەندییەکی بە ڕابردووەوە هەیە، وەک ڕەگی گیایەک. هەورەکان یەکیان گرت. دنیا تاریک داهات. "ئەمڕۆش هیچ." وام وت.

چەند ڕۆژێکە ئەمەوێ ڕەنگی تابلۆکەم تەواو بکەم، ئاستەنگ دێتەپێشەوە. ڕینکۆتەکەم کردەبەر و ملپێچە مۆرەکەم لە ملم ئاڵاند. دەرگای ژورەکەم کردەوە و خۆم لە گۆڕەپانێکدا بینییەوە، کە پاش چەند خولەکی تر دەمگەیەنێت بە چایخانەیەک و ئەم ساڵانەی دوایی بەردەوام ئەچمە ئەوێ. بۆ برادەرەکەم باس کردووە. دەیوت کە هاتمەوە لەو چایخانەیەدا یەک دەبینینەوە و قسەکانمان دەکەین. چەند ڕۆژێکە هاتووەتەوە، دەرفەت نەبووە یەکتر ببینین، بڕیارە ئەم ئێوارەیە لە چایخانەکە یەکتر ببینین. هەنگاوەکانم خاوخاو گوزەرەکەیان ئەبڕی، وەک هەمیشە چاوم کەوتە سەر تانکەرە سوتاوەکە، چەند مانگێکە لەوێدایە و کەس نایگوازێتەوە، نازانم شارەوانی کاری چییە، جا کێ لێرە کاری خۆی ئەزانێت؟! شۆفێرەکەی پیاوێکی عەرەب بوو، نەمدی، باشتر کە نەمدی، موسڵڵاویی بووە، لەناویدا بووبووە قەرەبرووت. زۆر بیرم لە دیمەنی سووتاوییەکەی کردەوە بیکەم بە کارێک، بەڵام بۆم نەکرا. کە من گەیشتم چەند سەعاتێک بوو ڕوویدابوو، چەند شەو دواتریش ئەو دیمەنە و حەشاماتەکە و قسەی ترسناکی خەڵک سەبارەت بە شۆفێری تەنکەرەکە، هەر دەهاتنەوە خەوم و بە دەم هاوارەوە لە ژورەکەمدا، خەبەرم دەبووەوە. باوکم جارێک لەبارەی ئەو ڕووداوەوە وتی: "هەندێک گەمژەیی خۆیان دەخەنە ئەستۆی قەزاوقەدەر، لە کاتێکدا نەزانی و بێعەقڵی خۆیانە."

نمەبارانێکی سارد بەر ڕوومەتم کەوت، سەرم بۆ ئاسمان بەرزکردەوە، هێڵێکی سپیم بەدی کرد لەنێوان هەورەڕەشە چڕەکەدا. بەدەم بیرکردنەوە لە هێڵە نەکێشراوەکانی تابلۆکەم، خۆم بە چایخانەکەدا کرد.

 

شین

لە قوژبنەکەی خۆم دانیشتم. لێرەوە یەک بە یەکی ئەوانە دەبینم دەچنە دەرەوە و ئەوانەش کە دێنە ژوورەوە. هەروا بووم، حەزم لەوەیە بزانم لە دەوروبەرم چی دەگوزەرێ، بەڵام خۆم هیچ ناکەم. چایخانەکە بە وێنەی هونەرمەند و پیاوە بەتەمەن و دێرینەکانی شار ڕازاوەتەوە. چایچییەکە پیاوێکی کامڵی قسەخۆشە، چەند شاگردێکی هەیە، هەموویان سەرقاڵن، بۆ سەرگەرمی موشتەرییەکان هەندێک جار چەند پیاڵە و ژێرپیاڵەیەک بە دەستەوە دەگرن و زڕەی لێ هەڵدەستێنن. هەموو چاوەکان لەسەر دەستیان جێگیر ئەکەن.

لە دەرگاکەوە هاتە ژوورەوە. چوارشانەیەکی بەخۆوەبوو، ئەسمەرێکی قژلوول. جانتایەکی ڕەشی بەشانەوەبوو. ناسیمەوە، بە ڕوانینە خێراکانی بە هەموو لایەکدا، ناوم ناوە چاو کونەپەپوو. نەمویست لەوە زیاتر پەرێشان و سەرگەردان بێت، بە دەمیەوە چووم، باوەشمان کرد بە یەکدا. مووی نەرمتر لە جاران و ڕووخساری گەشتر و باڵایشی ڕێکتر بوو، منیش قژم سپیتر، ڕووخسارم تێکشکاوتر و باڵام ماندووتر لە جارانە. لە یەکەم گرتنە باوشدا بۆنی ژنم کرد لە پێستی، لە دەم و هەناسەی. قسەی زۆرمان پێیە بۆ یەکتر، بەڵام نە من دەمزانم لە کوێوە دەست پێ بکەم، ئەویش وەک خۆم دەستەپاچەیە. لە پەیوەندی ئەدەب و نیگارکێشیدا وەستاین. چاوم کەوتە سەر ئەو دەستبەندە شینەی دەستی چەپی، هەستی کرد دەستبەندەکەی سەرنجی ڕاکێشاوم، بە بزەیەکی شەیتانانەوە وتی: "دیاریی ئاتینایە!"

باسی شاری بوخارست و زانکۆکەی بۆ کردم، کە هەر بە ناوی شارەکەوەیە، باسی بەشەکەی بۆ کردم، وە باسی هەندێک لەو کەسانەشی کە لەوێ ناسیونی و خۆشی دەوێن. منیش وتم لێرە هیچ ڕوونادا، ژیان لێرە وەستاوە. باسی خۆم و کارەکانی خۆمم بۆ کرد، وتم تابلۆیەکم هەیە بۆم تەواو ناکرێت. وتی: "لەوەتەی تۆ ئەناسم و هاوڕێین هەر گیرۆدەی ئیشە تەواونەکراوەکانی خۆتی." باسی ئەم چایخانەیەم بۆ کرد، باسی تانکەرە سووتاوەکەش، وتم دواتر کە چووینە دەرەوە پیشانتی ئەیەم.

 

زەرد

ئەو کاتەی هاوڕێکەم ناسی تازە دەستم فڵچەی گرتبوو، شێوازەکانی وێنەکیشانم نەدەناسی، هەر تابلۆی درەخت و سروشت و گوڵم ئەکێشا، ئەوانیش ئاسایی و ساکاربوون، هیچ هونەرێکیان تیانەبوو، دواتر کە هاورێکەم ناسی، ڕوخسارم ناسی، بۆ کێشانی، دەبوو سایکۆلۆژیا بخوێنمەوە و خۆم شارەزای ئەو مەجالە بکەم. وتی: "ئەبێت ئەوە بکەی، پاشان ڕوخسارەکان بکێشیت تاوەکو بگەی ناخ." دەستم کرد بە خوێندنەوەی فرۆید، لاکان و یۆنگ، پاشان سەیری خەڵکم ئەکرد، بۆ ئەوەی بتوانم ناخ و ڕووکار بدەم لە یەک و بیانکێشم. سەرەتا بە ڕەساس کارم ئەکرد، پاشتر بە ڕەنگی زەرد کارم کرد، زۆر زەق بوو لە تابلۆکانمدا، ڕۆژێک باسی ڕەنگی زەردی بۆ کردم، وتی هونەرمەندێک هەیە ناوی ڤانکوخە، هۆڵەندییە، لە ڕێگەی ئەوەوە ڤانکوخ و تابلۆکانیم ناسی، تابلۆی "گوڵەبەڕۆژە"ی بە دیاری بۆ هێنام. دواتر بۆیەی ڕۆنیم بەکارهێنا، بە بۆیەی ئاوی کارم کرد، ئاسانتر بە دەستمەوە هات، ڕۆنییەکە زیاتر ئەمێنێتەوە. خەریکە سەردەمی ڕۆنیش بەسەر دەچێت، جۆرەکانی پاستیل و ئاکریلیک ئێستا لەبرەودان. دەیان ڕەنگی جیاواز و ئامادەکراویان هەیە. هاوڕێکەم ئەگەرچی خولیای سەنتوورژەنینی هەبوو زۆرجار لە ژورەکەی خۆم سەنتووری بۆ دەژەندم، بەڵام لە ڕەنگیشدا بلیمەتێک بوو بۆ خۆی، هەر لە ڕێگەی ئەویشەوە شێوازی نیگارکێشانی کۆنی ئیسلامی و ئەوروپی و سەدەکانی ناوەڕاست و ڕێنیسانسیشم ناسی.

چاییەکەی بەردەممان خەریکە تەواو ئەبێت، بیری هەموو ئەو ڕۆژانەی ئەخەمەوە، ئەویش پێئەکەنێت و ئەڵێت: "من هیچم نەکردووە، تۆ خۆت کوڕێک بووی هەر بۆ ڕەنگ و فڵچە خوڵقاوبووی..." چەند قسەی تریش ئەکا، بەڵام دەنگی لەناو تەقەی دۆمینە و زڕەی پیاڵە و هەرا و دەنگەدەنگی چایخانەکەدا نابیستم.

 

کاڵ

بەردەوام بە تەلەفون کاروباری خوێندنەکەی خۆی و ژیانی ڕۆژانەیی بۆ باس کردووم. وتی: "دوو شت هەبوون بە تەلەفون نەموتوون." لە زانکۆی بوخارست، کە بیناکەی یەکێکە لە بینا کۆنەکانی ئەو شارە و مێژووییەکی درێژی هەیە، لە بەشی "زمانە بیانییەکان و وێژە" (faculty of foreign languages and literature) دەخوێنێ، زانکۆکە کەوتووەتە سەر شەقامی پیتەر مۆسک ١٣-٧. جاروبار کە تەنیا ئەبێت، سەنتوور ئەژەنێ. خولیای ئاواز و گۆرانی فۆلکلۆری هەیە. وتی: "شتی یەکەمیان، ئامادەکردنی بابەتێکە نزیکە لە کارەکەی تۆوە و ئەبێت هاوکاریم بکەی." وتم: "بەسەرچاو. ئەی دووەم، دووەم چییە؟" پێکەنی و وتی: "دووەمیش خۆت وردە وردە ئەیزانی."

داوای دوو چای ترمان کرد، ئەمجارە کاڵ.

هاوڕێکەم وتی لە زانکۆ، لە لایەن مامۆستاکەی، ئاتیناوە، داوایان لێ کراوە کە هەر خوێندکارێک ئەبێت توێژینەوەیەک بنووسێت لەسەر "وێژە و تابلۆ". ئەم وتبووی من ئەگەڕێمەوە بۆ کوردستان و کە هاتمەوە ئەینووسم. مامۆستاکەی وتبووی هیچ نەبێ ئەم چەند ڕۆژە خۆت لەسەر بابەتەکە یەکلایی بکەرەوە. ئەمیش ڕازی بووبوو. ئەیوت ئەمزانی بۆ ئەوەی بووە هەر لە نزیکم بێت. پێش ئەوەی بێتەوە، چەند جارێک سەردانی مۆزەخانەی هونەر و کەلەپووری ڕۆمانی(The National Museum of Art of Romania) کردبوو، کە ئەکەوێتە سەر شەقامێکی گشتی بەرامبەرەکەی (Revolution Square) (مەیدانی شۆڕش)ـە. لەوێ ئارشیفی زۆر تابلۆی تەماشا کردبوو، دڵی چووبووە سەر هونەریی ڕۆژهەڵات. چەند تابلۆ سەرنجیان ڕاکێشابوو، لە هونەرمەندانی فارس: مانی و کەمال بەهزادی زۆر بەدڵ بووە. لە تورکەکانیش کاری ناسیح مەترەقچی و چەند تابلۆیەکی عەبدولجەلیل لەونیی زۆر لا جوان بوون. زۆر زەخرەفە و نەخشی عەرەب و ئازەریی بینیبوون، دەیوت هەموویان یەکپارچە توحفەن. بۆ کاری هونەرمەندانی کورد گەڕابوو، دەیوت لەبارەی میناتۆڕە کوردییەکانەوە بیستبووم، بڕیارم دابوو توێژینەوەکەم دەربارەی پەیوەندی میناتۆڕێکی کوردی بە وێژەوە بنووسم. گەڕامەوە ماڵەوە. کۆمپیوتەرەکەم پێکرد، سێرچێکی خێرام بەنێو تۆڕەکاندا کرد، شتێکی وام دەست نەکەوت. ڕۆشتمە حەمام و دوشێکم کرد. دوواتر ڕۆشتمە سەر جێگا و بە هەرجۆرێک بوو خەوم خزاندە نێوگلێنەم.

 

سوور

یەکەمجار لە هۆڵی خوێندنی زانکۆ، لە وانەی زمانە دێرینەکاندا بینیم و عاشقی بووم. گەردن ڕێک و بلووری، سینگ بەرز و چاوسەوز، قژکاڵ و کەمەرباریک. لە دایکێکی بێلاڕووسی و باوکێکی بولگاریی کەوتووەتەوە. دوواتر کەوتە ناسینی خوێندکارەکان، منیشی ناسی، ئەو عاشقی خۆم نا، عاشقی ئەو شوێنە بوو لێوەی هاتبووم. دەیوت کوردستانم لە دەیان و سەدان کاری ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکاندا خوێندووەتەوە و حەزم کردووە ڕۆژێک بیبینم، یان کەسێک لەوێ بناسم. دوواتریش پێم وت سەنتوورژەنم. بزەیەکی بۆ کردم و وتی: "ئیتر من و تۆ ئەبێت زوو زوو یەکتر ببینین." پەیوەندییەکەمان بە پەیوەندی ئاسایی مامۆستا و خوێندکارێک ئەڕۆیشت بەڕێوە، لە کافتریای زانکۆ دائەنیشتین و لە دەرەوەش پیاسەمان دەکرد و ئەچووینە سینەما، قاوەمان ئەخواردەوە، دزەنیگامان ئەگۆڕیەوە. هاوڕێکانم پلاریان تێ ئەگرتم.

یەکەمجار لەگەڵی خەوتم، لە ژورە شپرزەکەی خۆم بوو، چارەکێک لە زانکۆکەمانەوە دوورە. پاش ڕامووسانێکی نیوکاتژمێری، وردە وردە کەوتینە یەکترداکەندن وەک پرتەقاڵێک، تاوەکو تەواو ڕووتبووینەوە و چووینە سەر سیستەکەمە. دووایی سەنتوورم بۆ ژەند، گۆرانییەکی عەباسی کەمەندیم بۆ وت: "تاقەتم تاقە لەژێر باری خەمانا گوڵەکەم، بکە ڕەحمێ بە دڵم چاکە تەڕەحوم بە غەریب." بە نیازی ڕۆشتن خۆی گۆڕی، نەمهێشت ستیانە سوورەکەی ببەستێ، بۆ خۆمم هەڵگرت. دەتوت خەو ئەبینم. پێی وتم هەر یەکەم ڕۆژ زانیم ئەگەینە ئێرە. وتم قەت بیرم لەم ڕۆژە نەکردبووەوە، بەڵام سەدان شەو بە خەیاڵ، هەر لەسەر ئەم سیستەمە، وەک ئێستا ڕووتم کردوویتەوە. وتم: "پیاوی ڕۆژهەڵاتی هێندەی بە خەیاڵ لەگەڵ مەعشوقەکەیدا ئەژی، لە حەقیقەتدا وا نییە، دوورە، دوورێکی کوژراو."

ئەو شەوە تا درەنگانێک باسی مێژووی نەتەوە و عەشقمان کرد. ئەو پێداگری لەسەر زانا و ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەکانی لای خۆیانی ئەکرد، کە زۆر بە گرنگییەوە لەسەر کوردیان نووسیوە و قسەیان کردووە. بەڵێنی دا بۆ بەیانی لە گەڕانمدا بەناو وێنە و دەستنووسەکاندا هاوکاریم بکات. پێمخۆشبوو، سوپاسم کرد.

 

ڕەش

دوو چای ترمان داوا کرد، ئەمجارە ڕەش.

بەیانیەکەی پێکەوە ڕۆشتین بۆ مۆزەخانە. هاوشانی یەک ئەگەڕاین، ئەو لەمێژبوو ئاشنای ئەم شوێنەبوو. من ڕەفەکانی لای ڕاست و ئەو ڕەفەکانی چەپ. هێندەی نەبرد پەروەندێکی بە دەستەوەبوو، بە چاوێکی گەشەوە بەرەوڕووم هات. چەند پەڕاوێکی سەوز بوو، دەیان میناتۆڕی ناوازە و وردم بەرچاو کەوت، لە هەر لاپەڕەکدا، بە دەوری میناتۆڕەکاندا چەند دێڕشیعر یان خەتی نەستەعلیقی تیا نووسرابوو، لە یەکێکیانا ئەم سێ پیتەم بەرچاو کەوت: "ع. خ. ب". مووچڕکێک بە جەستەمدا تێپەڕی. ئاتینا مێژوو و شوێن و ناوی تابلۆکانی خوێندەوە. وتی ئەمە میناتۆڕی هونەرمەندێکی کوردە لە سەدەی حەڤدە بە ناوی میر عەبداڵخان بەتلیسی.

میناتۆڕەکە وێنەی ئەسپسوارێکی لەسەر نەخشاوە، لە سەرۆکهۆز یان سەردار ئەچێت، ئەسپەکە سپییە و ئەسپسوارەکە کەوای سوور و شین و شەڕواڵی کوردیی قاوەیی لەبەرایە. کابراکە جڵەوی ئەسپەکەی گرتووە،بە ڕێگەیەکی بەردەڵاندا ڕێئەکا. ڕێگاکە لە هەردوو بەرەوە سەوزایی و گوڵوگوڵزار داگیری کردووە. ئەسپسوارەکە کڵاوێکی قووچی لە سەرایە. لە بەشێکی تری هەمان میناتۆڕدا پۆلێک سەرباز، یەکهەوا و هاوڕەنگ بە شوێنپێی ئەسپسوار و ئەسپەکەیدا ئەڕۆن. ئاتینا وتی: "ئەمانە دەچنە جەنگی تورکان." لە خوارەوە دوو دێڕ شیعر نووسراوە:

"کــوکــل شــوق وژیــلــە شـــار انــیــارە کــلــشمدر

خویان کاندیرن کوکروز اولوب پـازارە کـلشمدر"

لە گۆشەیەکی تردا، ئافرەتێک ئەبینرێ، کە گۆزەیەک بە شانیەوەیەتی و بە ڕێگەیەکی سەختدا سەردەکەوێ. لە ڕێگەی ئاتیناوە توانیمان وێنەیەک لە میناتۆڕەکە بگیرین و هەر لە ڕێگەی ئەویشەوە بوو ئەم نووسخەیەمان لەبەرگرتەوە. ئاتینا وتی لە بەرگی چواری کتێبێکدا بە وردی باسی ئەم خانە کڵاوقووچە کراوە. هەر ئەو "سیاحەتنامە"ی ئەولیا چەلەبی پێناساندم و نووسخەیەکی کتێبەکەی بە زمانی ئینگلیزی بۆ هێنام.

جانتا ڕەشەکەی دەست دایە، کتێبێکی دەرهێنا. وتی: "ئەمە دیاریی ئاتینایە. ئەو پێی ڕاگەیاندم باشترین سەرچاوەیە." کتێبی سیاحەتنامەکەی ئەولیا چەلەبی دەرهێنا. خەتی بەژێر چەند لاپەڕە و دێڕیدا کێشابوو. ئەم کتێبە ئەو کاتە نووسراوە کە ئەحمەد پاشا ئەبێتە والی دیاربەکر، ئەولیا چەلەبی گەڕیدە خزمەتکاری ئەحمەد پاشا ئەبێ، ئەو هەلەی بۆ ئەڕەخسێ لەگەڵ ئەحمەد پاشادا لە ئۆسکۆدارەوە بەرەو ناوچەی وان و دیاربەکر گەشتێک بکا. کاتێک لەگەڵ سوڵتان ئەحمەددا لە وانەوە ئەپەڕنەوە بۆ ناوچەی بەتلیس، دە ڕۆژێک میوانی میر عەبداڵخان ئەبن. هاوڕێکەم لێرەدا کتێبەکەی بەرز کردەوە و وتی با ئەم چەند دێڕەت بۆ بخوێنمەوە کە لە وەسفی خاندا نووسیویەتی: "شارەزای هەموو بوارێکە، دەستی داوەتە هەر شتێک بە دەستییەوە هاتووە، شاعیر، وێنەکێش و هونەرمەندە. لە زمانی عەرەبی، فارسی و تورکیدا سەرمەشقە." بابی ئەعزەم و دەسەڵاتدارانی ئەستەمبۆڵ پاش ئەو ڕاپۆرتە چڕوپڕەی ئەولیا چەلەبی، میر عەبداڵخان وەک مەترسییەک ئەبینن، کوردەکانی بەتلیسی لێ گاڵ ئەیەن و بە پارە و زێڕ فریویان ئەدەن و ئەیانکەن بەگژ عەبداڵخاندا، خان بە مورتەد و کافر ناو ئەبەن، ئەیکوژن و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی ئەهێنن. ئەو هەموو میراتە لە سەروەت و سامان، لە کاری هونەرمەندانە و تابلۆ و میناتۆڕ، تاڵان ئەکرێ و بە ناوی هەڕاجەوە، ئاسەواری ئەسڕنەوە، پاش مودەتێک هەڵاتن ئەیدۆزنەوە و لەناوی ئەبەن. ئەم میناتۆڕەش پاش چەندین ساڵ دەستاودەست و مانەوە، لە ڕێگەیەکەوە بەم مۆزەخانەیە فرۆشراوە. پاشتر ڕووی تێکردم وتی: "ئەبێت هاوکاریم بکەی لە شیکارکردنی ڕەنگ و ئاماژەکانی ئەم میناتۆڕەدا، بۆ ئەوەی بتوانم توێژینەوەکەم بنووسم."

 

دوو

هەستاین. پارەی چاکانم دا و هاتینە دەرەوە. ئێوارەیەکی تەڵخ و لێڵ بوو. تانکەرەکەم پیشانی هاوڕێکەم دا، وەک گردێکی ڕەش و ترسناک لەو ناوەدا کەوتبوو. بەخێرایی هەنگاومان هەڵنا و شەقام و کۆڵانە خۆڵەمێشییەکانی شار لە خۆیاندا ونیان کردین.


ئەم بابەتە 258 جار خوێندراوەتەوە