Sabri_3abdi.jpg

ڕووناكی دەمكرۆژێ

سەبری عەبدی- هەولێر

 لەو بیرە، ئاومان دەردەهێنا

لە بیابانەکەی تەنیشتیشی

گۆڕی خۆمان هەڵدەکەند

"سەتڵ بەر لە مرۆڤ، فێری مەلەکردن بووە"

دەبێ باوکیشم گیرۆدەی شتێک بووبێت

ئەها چەند بەدیقەتەوە، قوم لە جگەرەکەی دەدات.

 

جگەرەکەی دەخاتە نێو بیرەکە، لە بیابانەکەی تەنیشتیشی، خۆی و سەتڵێک. مرۆڤی گیرۆدەی لە گۆڕ دەردەهێنا، ئادەم.

 

لە تاریکیدا بیر لە پەت دەکەمەوە

چۆن گیرۆدەی جۆلانە بووە.

بیر لە دڵسۆزیی مارێک دەکەمەوە

کاتێ عاشقی ژنێکی تەنیا دەبێت

لە ڕووناکیشدا، بیر لە ترسناکی چاوی کوندەپەپوو دەکەمەوە

ئێرە کێڵگەیەکی پڕە لە چۆڵەوانیی، ئەها بێ شوانیی چۆن گورگی نووقمی خوێن کردووە!

تەنیایی، دوا وەسیەتی ئێمەیە بۆ نەوەکانمان

پەت دەخەمە گەردەنی تەنیایی، تا ژنێکی تەنیا لە بێ شوانیی و گورگێکی غەرقی تاوانی نێو کێڵگەیەکی چۆڵ، گیرۆدەی ژیان بکەمەوە.

 

چاوت کبریت بوو

شقارتەیێکی سوور بوو، برینت

ئەم سپێدەیەی تۆیان ڕەجم کرد

زەوی خوێنی خۆی دەخواردەوە و گریانی ئاسمانیش

دادی نەدەدا...

ئەم بەیانیەی تۆیان کوشت

مرۆڤەکان بوونە توولەمار و لە گەردەنی خودا ئاڵان

فریشتەکان مێژوویان دەنووسییەوە و خۆڵەمێشی تۆیان لە یاد بوو.

 

توولەمارەکان، برینە کبریتیەکان، بەردی ڕەجم، گریانی زەوی و سووتانی ئاسمانەکان، لەیاد ناکەم.

 

لە ڕۆحمدا دەنگی پیاوێكی گەنم ڕەنگ دێت

سەیری وێنەیەکی تەڵخی من دەکات

یاریی بە ڕیشە سپییەكەی دەكات و جگەرەیەک دادەگیرسێنێ

تاڵ تاڵ، ژێیەکانی غەربییم دەژەنێ.

 

گیرۆدەی تەنیاییە، لەناو بیرێک، لە کێڵگەیەکی نێو بیابانێکی پڕ لە گورگی خوێناویی و توولەمار، بە سەتڵێکی پڕ لە برینەوە، خۆڵ دەخاتە نێو چاڵی گۆڕەکان. جگەرەیەکی داگیرساو لەنێو ڕۆحم بەجێدێڵێت، ئادەم


ئەم بابەتە 133 جار خوێندراوەتەوە