Tablo.jpg

لە پێنجشەممەدا دەمرم

سەرهەد هادی

 ١

بڕیار بوو رۆژی پێنجەشەممە، لە شیرینی جەننەتت بخۆم!

 من کە دوو ھەفتەیەک بوو وەک مێروولەیەکی بێ سەر نەمدەزانی چی دەکەم و بۆ کام لا ھەنگاو دەنێم، بەڵێنی دروستکردنی شیرینییەک، حەیەرانی کردم، مەست وەک دوا مەردوومی گەڕاوە لە مەیخانەکان.

من زوو گوتم، کە خۆشبەختی وەک فوارەیەکی یەزدانی لە مندا قوڵپ دەدات، ئاخر کێ بەرلەوەی بمرێ دەتوانێ لە ززەت لە خواردنی شیرینیەکی جەننەت، جەننەتی عەدەن وەربگرێ. ئاخر بینینی تۆ، زیاتر لە ئایەتەکان منی دەخستە نێو ھەیەجانێکی عاریفانەوە، بەڵێ... تۆ، زیاتر لە دەقەکان منت دەبردە نێو بەھەشتە خواییە بەڵێنپێدراوەکەی ئەو دیو بوونەوە!

بیرتە وەک ئەوەی، دوا گوناھکارێکی کەونارای "بەیتلەحم" بم گوتم: "شیرینییەکەت گەر ژەھریش بێ وەک "سوکرات" بە باوەڕەوە دەیخۆم، با سوکرات بمرێ بۆ کۆمارەکەی، منیش بمرم بۆ پێنجشەممەکەم"! تۆ دەتزانی کە دەتوانم لە پێنجشەممەدا وەک ئادەم و حەوا یاخی ببم، بەڵێ ھاوارم دەکرد و دەمگوت: ھیچ ھێزێک ناتوانێ چێژی ئەو شیرینییە لە من قەدەغە بکات، کە ئامادەبووم لە پێناوی وەک ئادەم بۆ سێوەکەی خۆم بخەمەوە نێو چاڵاوی گوناهەوە!

 

٢

پێت گوتم کە ناڵێی چی دروست دەکەم، وەک خونچەیەک لەو رۆژەدا بۆت دەکەمەوە! من ھەر زوو گوتم، چێژ لەوەدایە کە دەستەکانی تۆ ئافرێنەری ئەم لەززەتەیە، شیرینییەکە گەر تێکەڵەی ئاو و ئاردیش بێ بۆ من وەک ئەوە وایە بۆ جەژنی لەززەت لە بەرکەوتەی پەنجە و شیرینییەکەت بەیەکتری ئاھەنگ بگێڕم، و یادی تۆی پێ بکەمەوە… وەک ئەو جولەکەیەی کە بە باوەڕەوە بۆ جەژنی "پەسخە" گلۆتە ھەویرەکەی دەکاتە "ئەستوک"ێک تا یادی موسای پێ بکاتەوە!

 

 ٣

بیرمە لە درەنگانێکی شەو بە دەم خوێندنەوەی سوڕەتی "قیامە" لەبەر خۆم دەمگوت خودایە بمبەخشە، کە من بەھەشتی "ئەو" بە بەھەشتی "تۆ" ناگۆڕمەوە!

بەر لەوەی دەست بە خوێندنەوەی سوڕەتی "ئینسان" بکەم گوتم: دەی خودایە، بمبەخشە کە دۆزەخی "ئەو" بە بەھەشت دوای مردن ناگۆڕمەوە!

دەمزانی کە خودا وەک مرۆڤێک گوێی بۆ من نەگرتووە، وەک مرۆڤێک لە قسەکانم توڕە نابێت، دەمزانی خودا ئەم نەشئەئەی منی بۆ "ئەو" لە ویردی بێ رۆحی ئەوانی تر لا خۆشترە!

بەوەوە دەمزانی کە خودا زیاتر گوێم بۆ دەگرێ، کە زیاتر مەستی خوێندنەوەی سوڕەتەکان دەبووم و لە تەک ئەوەشدا زیاتر بۆ خودام ڕادەگەیاند، کە چۆن بوومەتە بنیادەمێک، کە وێڵی گەیشتن بە "ئەو"، وێڵی وجودیانەی تامکردنی شیرنییەکی ئەزەلیانەی "ئەوە" بۆ "من"!

 

٤

من چاک دەمزانی، ئاردی ئەم شیرینییە ھێشتا بۆنی چڵە گەنمەکانی سەردەمی ئادەمی لێ دێت، دەمزانی بەرامەکەی دەمباتەوە بۆ بەھاری سەردەمی ئیبراھیم و ئەشکەوتی پیرۆزی حیرا. بۆنەکەی بۆنی شانە ھەنگەکانی کاتی مووسا و لەززەتی ھێشوە ترێکانی سەردەمی عیسام بیر دەھێننەوە!

 بەڵام لە پڕ وون بوویت، وون بوونێک وەک ئەوەی پێغەمبەرێک بیت شار جێبھێڵیت، و تا ئەبەد نەگەڕێیتەوە... بەڵێ لە پڕ وون بوویت، وەک ئەوەی ھەورێک بیت و ئێرە جێبھێڵیت، ئیتر جارێکی تر بۆ کەوشەنی ئێرە نەباریتەوە! چەند بە ئازار بوو لە پڕ رۆشتیت وەک ئەوەی " نەفسێک" نەبێ لێرە جێیبھێڵیت، وەک ئەوەی باخەوانێک بیت و گوڵێک کە چاوەڕێی ڕەحمی ئاودانتە لێرە و جێی بهێڵیت! لە پڕ ونبویت و منت لە چۆڵەوانترین زەوی جێھێشت… ئاخ چەند ئازار بەخشە ڕۆیشتیت… ڕۆیشتیت وەک ئەو باڵندە کۆچەرییانەی کە ھێشتا تێر دیتنی خۆیمان ناکەن و جێمان دەھێڵن…!

بەڵێ  ونبوویت، وەک دواھەمین نەسڵی ئەو باڵندانەی کە تا ئەبەد لەناو چوون و چیتر ناگيڕێنەوە بۆ سروشت!

 

٥

کێ دەزانێ کە ئەم ونبوونەت چۆن ناخمی دڕندانە سووتاند، کێ لەم ئازارە تێدەگات، کێ لە ئازاری ئەم ونبوونە لە ناکاوە تێدەگات کە دڵی من قەت نەیتوانی بەرگەی بگرێت... دڵێک کە هێشتا لە چیکڵدانی تەنگی دونیا تێنەگەیشتبوو…!   من کە ڕانەهاتوبووم بەوەی خەونێکم هەبێ، درووستبوونی خەونێکی وا، و لە ناوچوونی بوو بە ئەجەلی گیانی من!

چیم بەسەر ھات!

 ھیچ شتێک نەیتوانی ئارامم بکاتەوە، نە بێ دەنگی ئاسمان، نە دەنگە دەنگی زەوی... ئایەتەکان زیاتر منیان دەخستەوە نێو بوونی تۆوە، ئەمەش زیاتر منی وەک قەقنەس دەسووتاند... بێ ئەوەی ھیچ ئەندامێکم بسووتێت، رۆحم ببوو بە سوتماکی سووتانێکی نەکوژاوە! من بۆنی سوتانم لێ دەھات، بەڵام جگە لە ئاسمان، جگە لەشەوە ئەنگوستەچاو و بێ دەنگەکان، ھیچ مرۆڤێک... ھیچ مەردوومێک دەرکی نەدەکرد!

من نەمدەویست لەبیرت بکەم، نەشمدەویست بیرت لێ بکەمەوە، ئەمە بە تەواوی سەرگەردانی کردم، بووم بەغەریبەیەک، هیچ کونجێکی ئەم فەلەکە لە خۆییم نەگرێت…! ئەو شتانەی تۆیان بیردەخستمەوە، لە تەک ئەوە گڕی لە جەستە و رۆحم بەردەدا، ئەمە دەبوو بە عەزابی  دۆزەخیانەی گیانی بێ حەوسەڵەم.

 ئاخ... چەند دەمردم و دەمردمەوە… من لەم کەینوونەدا ببووم بە جەستەیەک کە "مردن" چێژی لێی دەبینی!

 

 ٦

لەو رۆژەوەی ون بوویت لێم، ھەموو شیرینییەکم لەخۆم قەدەغەکرد، تەنانەت ئەو میوە"یەش کە شیرین بوو، لە خۆمم دوورخستەوە! من کە شەکرەم بە بەردەوام دادەبەزی، کەچی ئامادە بووم شەکر لە جەستەمدا "ون" بکەم، وەک چۆن "تۆ" لە بوونی مندا بۆ ئەبەد وون بوویت. بە ڕۆژوو دەبووم، زیاتر لە جولەکەیەک کە "دانیال"انە بە ڕۆژوو دەبێ، بە ڕۆژوو دەبووم زیاتر لە مەسیحییەک کە مەسیح'انە ڕۆژوو دەگرێ. تاوێک عیسایانە رۆژووم دەگرت، تاوێک موحەممەدانە، تا نەفرەت لەوە بکەم کە دوای ئەم پێنجشەممەوە دەچوو بۆ نێو جەستەمەوە! کێ لەوە تیدەگات کە ئیتر من لە دوای تۆوە چێژ لە نەخواردن دەبینم!

 بەڵێ... ئامادە بووم بمرم، بەڵام خیانەت لەم پێنجشەممەیەدا نەکەم کە بڕیار بوو شیرینییەکەت تێیدا بخۆم!

 منێک کە ئێستا جگە لە سەدوومێک لە برین ھیچی تر نیم، نازانم کەی؟ بەڵام

دڵنیام...زۆر دڵنیام... کە لە "پێنجشەممە"یەکدا دەمرم!

وەک چۆن تۆ...

لە "پێنچشەممە"دا مردیت!

 

وێنه‌كه‌: تابلۆی "ڤامپایەر" ١٨٩٥ لەلایەن؛ ھونەرمەندی نەرویژی "ئێدوارد مونش"


ئەم بابەتە 223 جار خوێندراوەتەوە