Shkar.jpg

تێگەیشتنی دەیڤد هیوم بۆ ئاین پاڵپشت بە تێگەیشتن لە پەرتووکی دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی

شکار وه‌فا مه‌حمود- هەڵەبجە

پێشەکی:

ئەم لێکۆڵینه‌وه گەڕان و پشکنین و توێتوێکردنی ڕوانگە و دیدگای دەیڤد هیومە بۆ ئاین، کە بنەمای لێکۆڵینه‌وه لە تێگەیشتن و شیکردنەوەی پەرتووکی (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی)ەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم لێکۆڵینه‌وه‌یە سەرچاوەیەکە بۆ تێگەیشتن لە دەیڤد هیوم لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا تاوەکو زیاتر لە پاڵنەر و هاندەرەکانی هیوم و فەلسەفەکەی تێبگەین. سێ کارەکتەری سەرەکی پەرتووکی (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) دەناسێنرێن و شیکاری بۆ گرنگترین ئەرگیۆمێنتەکانیان دەکرێت. ئەمەش لەڕێگەی بەراوردکردن و گفتوگۆی نامە و نووسراوەکانی وەک (دەربارەی جادوو) و (دەربارەی نەمری ڕۆح)، ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکە تاوەکو لەڕێگەیەوە بگەینە ئەنجامێک دەربارەی تێگەیشتن و بینینی هزری دەیڤد هیوم بۆ ئاین.

تاوەکو ئەمڕۆش دەیڤد هیوم یەکێکە لە گرنگترین نووسەرەکانی بواری فەلسەفە. هیوم بە یەکێک گرنگترین سیما و ڕووخسارەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری لە سکۆتلەندا دادەنرێت کە بناغەیەک بوو بۆ بونیادنانی جیهانی مۆدێرن و کاریگەری زۆری هەبوو. فەیلەسووفگەلێکی زۆر لەدوای خۆی کاریگەربوون بە دەیڤد هیوم، یەکێک لەوانە (ئیمانوێل کانت)ە، کە لە پەرتووکی (ڕەخنەی ئەقڵی پەتی)دا دەڵێت؛ هیوم ئەو کەسەبوو کە منی لە خەوی دۆگما بەئاگا هێنایەوە.

لە ڕێگەی چەند سەرچاوەیەکی هەمەجۆرەوە، لەنێویاندا یاداشتی (ژیانم)، ئەم پێشەکییە هەوڵێکە بۆ ناساندنێکی کورت و پووختی کەسێتی هیوم. ئەمەش بە یارمەتی و یاوەری ئەو کاریگەرییە دەکرێت، کە هیوم لەسەر سەردەمی ڕۆشنگەری هەیبووە، زیاتر لەوەش بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکمان دەربارەی ئەو مشتومڕە ئاڵۆز و قورسە بۆ دروستببێت کە خەڵکی سەدەی 18ی دابەش کردبوو.

 

ئامانجی لێکۆڵینه‌وه‌کە:

ئامانجی ئەم لێکۆڵینه‌وه‌یە کنەوپشکنینێکی وردی ڕوانگە ئاینییەکەی بیرمەندی سکۆتلەندی دەیڤد هیومە. ئەمەش لەڕێگەی شیکاری و توێتوێکردنی (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) جێبەجێ دەبێت، بەو ئامانجەی تێگەیشتنێکی ڕوونمان دەربارەی ڕوانینی کەسی دەیڤد هیوم بۆ ئاین بۆ دروستببێت.

ئەم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ ئامانجییەتی ڕووماڵێکی "زانست و فەلسەفە" پێکەوە بکات.

 

کێشەکانی لێکۆڵینه‌وه:

کێشە و پرسەکانی ئەم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ کە دەمانەوێت بە جوڵاندن و گەنگەشەکردنیان بگەین بە ئەنجامێک بریتین لە:

- دەیڤد هیوم چۆن ئاینی دەبینی و چۆن پاساوی بۆ دەهێنایەوە؟

- بڕوای سێ کەسێتییەکەی ناو (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) چی بوو و چۆن پاساویان بۆ بڕواکانیان دەهێنایەوە؟

- شێوازی نووسینەکەی چۆن بوو و ئایا هێزی بەڵگەسازییەکەی کاریگەری هەبوو لە پێچەوانەبوونەوەی دیدگای دەیڤد هیوم بۆ ئاین؟

- چۆن (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) دیدگای دەیڤد هیومی دەربارەی ئاین پێچەوانەکردەوە بەراورد بە کارەکانی تری؟

(دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) سێ کەسێتی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە هەر یەکەیان لە بەڵگەسازییەکانی خۆیان و کەسێتیان دەکۆڵنەوە.

تێدەکۆشین بە بەکارهێنانی شیکاری بەڵگەسازی دوابەدوای یەک شیکاری بۆ هەر یەکێکیان بکەین، ئەم شیکارییەش دەستمان دەگرێت و دەبێتە یاوەر و ڕێنیشاندەرمان تاوەکو لە دیدگا و ڕوانینە کەسییەکانی هیوم تێبگەین. زیاتر لەوەش، تێدەگەین کە بۆچی هیوم شێوازی دیالۆگی هەڵبژاردووە لەم کارەیدا.

لە کۆتایدا، شیکار و کۆڵینەوە لەم نووسراوە و چەند نووسراوێکی تری هیوم دەمانگەیەنێت بەوەی بە وردی و درووستی بگەین بە ئەنجامێک، کە ئەو ئەنجامەش بریتییە لە تێگەیشتن لە ڕووانین و هزرینی دەیڤد هیوم لەمەڕ ئاین.

 

گرنگی لێکۆڵینه‌وە:

پەرتووکی (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی)ی بیرمەندی سکۆتلەندی دەیڤد هیوم، پەرتووکێکی کلاسیکی فەلسەفی زۆر گرنگە لە مێژووی فەلسەفەدا، کە هێز و لێهاتوویی و کارامەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی ئەقڵی و هەڵسەنگاندنی وردی هیومی دەربارەی پرسێکی زۆر گرنگ تێدا دەبیین، لەم پەرتووکەدا پرسیار و بابەتی هەبوون و سرووشتی خودای تێدا دەوروژێنرێت کە تا ئێستا ئەم پرسە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگ و مشتومڕ هەڵگرەکانی فەلسەفە و تیۆلۆجی. ئەوەی ئەم پەرتووکەی هیومی کردووە بە پەرتووکێکی گرنگ ئەوە نییە کە چەندی گوتووە، بەڵکو چۆنیەتی گوتنەکەیەتی کە زۆر ئاقڵمەندایە. وەک خۆی لە پێشەکی پەرتووکەکەدا ئاماژەی پێکردووە، پرسیاری "دینی سرووشتی" پرسیارێکی وڵام نەدراوەیە: ئەقڵ و ئاگایی مرۆڤ حەتمییەن ئەو توانایەی نییە کە بتوانێت لە سرووشتی خودا تێبگات.

هیوم شێوازی دیالۆگی هەڵبژاردووە و لەڕێگەی چەند کەسێتی و کارەکتەرێکی جیاوازەوە هەڵسەنگاندن بۆ پرس و بابەتەکان و بڕیاریان لەسەر دەدات، هەرچەندە دەشێت و دەکرێت هیچ وڵامێکمان دەربارەی چییەتی خودا دەستنەکەوێت، بەڵام پەرتووکی (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) یەکێکە لە باڵاترین پەرتووکە فەلسەفییەکان تاوەکو لەڕێگەیەوە بتوانین مێشکمانی پێ گەرم و پڕجوڵە بکەین و هەڵسەنگاندنێکی فەلسەفیانە بەشێوازێکی فەلسەفیانە بۆ چەند پرسێکی دیاریکراو بکەین.

 

کەسێتی و کارەکتەرەکان:

وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، کەسێتییەکانی نێو ئەم پەرتووکە هەر یەکەیان خاوەنی بیر و تێڕوانین و بڕوایەکی جیاواز و تایبەت بە خۆیانن، ئەمەش ڕێگە دەدات کە قووڵتر لە ڕووانینی ئاینی کەسێتییەکان تێبگەین و بگەین بە شوێنێک کە دەیڤد هیوم مەبەستی بووە لەڕێگەی کەسێتییەکانەوە پێیان بگەین.

 

کەسێتی (کلێنسیس):

کلێنسیس لەم پەرتووکەدا ڕۆڵی "فەیلەسووفێکی ئایندار"ی هەیە کە لە پەرتووکەکەدا بەرگری لە "بەڵگەسازی دیزاینی مەزنی خودا" دەکات. کلێنسیس لەڕێگەی بەڵگەسازی پێشینی ئەبستراکتەوە بەرگری لە بیروڕاکەی خۆی دەکات کە "بەڵگەسازی دیزاین"ە.

بە بۆچوونی (پاوڵ ڕەسڵ)، بەڵگەسازی و ئارگیۆمێنتی پێشین بە سرووشتی خۆی ئەبستراکتە، بۆیە بە ئاسانی پەسەند ناکرێت و لەلایەن خەڵکەوە تێگەیشتن لێی سانا نییە. بەڵگەسازی دیزاین سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرسامییەکانی مرۆڤ بۆ یاسا سرووشتییەکانی گەردوون و ڕێزگرتن لێیان و گەڕاندنەوەی تەکوزەییەکان بەرەو "دروستکەر" یان "دیزاینەر"، ئەمە یەکێکە لە لایەنەکانی بەڵگەسازی کلێنسیس و لەناو پەرتووکەکە زۆر بە وردی شیکاری بۆ کراوە.

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی گوشارەکان لەسەر تێڕوانین و ئەزموونی ئێمە بۆ یاسا گەردوونییەکان بەهۆی درەوشانەوەی زانست و فەلسەفەوە بووە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، هەربۆیە کلێنسیس هەموو ئەمانە پەیوەستی یەکتری دەکات و دەیکات بە تیۆلۆجی زانستی. جیهان لە ئامێرێک دەچێت کە بەهۆی پارچە بچووکەکانییەوە کاردەکات.

بەهۆی پێشکەوتنە زانستییەکانی ئەو سەردەمە و دۆزینەوە و گەیشتن بە چەندین ڕاستی زانستی دەربارەی گەردوون و تێگەیشتنی نوێ بۆ یاسا فیزیاییەکان، سرووشت و تایبەتمەندییەکانی خودا لەو سەدە و سەردەمە نوێیەدا دەکەوێتە ژێر پرسیار و مشتومڕەوە، وەک چۆن یاساکا کۆن و ڕوانینە کۆنەکانی گەردوون دەکەونە ژێر پرسیارەوە. بەهۆی ئەمەوە هەر زوو تێگەیشتنەکان و خوێندنەوەکان بۆ خودا ئاڵۆز دەبن و حەتمییەتی ئارگیۆمێنت دەربارەی ئەم پرسە دێتە ئاراوە، کە لەم حەتمییەتەوە کۆنسپێتییەکان کریستیانیزم لەبارەی هێزی بێسنوورەوە دەسەپێت، هێزی بێسنوور و چاکەی نەمر لە خودایەتیدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش لەڕێگەی بەڵگەسازی دیزاینەوە دەتوانین تێی بگەین. لایەنگر و بەرگریکردن لە بەڵگەسازی دیزاین ئەو لەیەکچوونە دەسەپێنێت کە لە نێوان ئەقڵی خودا و تێگەیشتنی لۆجیکی مرۆڤدا هەیە بۆ خودا.

وەک ئاماژەمان پێدا کلێنسیس بناغەی بڕواکەی خۆی دەربارەی بەڵگەسازی دیزاین لەسەر تێگەیشتن لە خودا لەڕێگەی ئەزموونەوە بونیادناوە. بەپێی ئەم بەڵگەسازییە یاسا ئاڵۆزەکان و جوانییەکانی گەردوونەکەمان تەنها لەو ڕێگەیەوە بۆ شیدەکرێتەوە کە بڕوامان بە هەبوونی دیزاینەرێکی زیرەک هەبێت، کە خودایە. ئەم بەڵگەسازییەش لەڕێگەی بنەمای لێکچوونەوە جێبەجێ دەبێت:

1. گەردوون لە ئامێرێکی قورمیشکراو دەچێت.

2. هەموو ئەو ئامێرانەی ئێمە دەیانناسین لەلایەن کەسێکی زیرەکەوە دروستکراون.

3. هەربۆیە دەبێت گەردوونیش لەلایەن تاکایەتییەکی زیرەکەوە دروستکرابێت.

بە ڕووانین لە سرووشت لە سرووشت دەتوانین بەڵگەی زۆر بەهێزمان دەستکەوێت لە لێچوونی خودا و مرۆڤ لە ڕووە زیرەکییەکەیەوە (هەرچەندە بێگومان خودا فۆڕمێکی کەماڵترە).

بەڵگەسازی دیزاین باشترین گوتە و بەڵگەی دەست بڕوادارەکانە بۆ ئەوەی لەناو پانتاییەکی ئەقڵانیدا مشتومڕی پێبکەن. هیوم دێت شکست بە بەڵگەسازی دیزاین دەهێنێت، بەو هیوایەی بیسەلمێنێت کە باوەڕە ئاینییەکان ناتوانن لەسەر بناغەیەکی ئەقڵانی دابڕژرێن.

 

کەسێتی (دێمیا):

دێمیا کریستیانێکی ئاینپەروەری ئۆرتۆدۆکسە، بە ڕەهایی و بەبێ هیچ خەوێک بڕوای بە هەبوونی خودا هەیە. تاکە کێشەی سەرلێشێوانییەتی دەربارەی سرووشتی خودا، ئەو بڕواشی وایە کە مرۆڤ ناکامڵە و ئەمەش وادەکات نەتوانێت لە خودا تێبگات و باشترە هەر هەوڵیشی بۆ نەدات. ئەو بڕوای وایە پێویستە ئەقڵ بگەیەنرێتە ئاستێکی باڵا لە تێگەیشتن بۆ‌ ئەوەی ئاشنابکرێت بە قورسترین و ئاڵۆزترین پرسەکان و لەنێویشیاندا ئاین. هەروەها دێمیا دەیەوێت تێبگات سنووری فەلسەفە تا کوێیە و لەکوێوە فەلسەفە دەستپێدەکات و کۆتایی دێت. دێمیا هەر لە سەرەتاوە مشتومڕی ئەوە دەکات هەبوونی خودا بەڵگە و سەلماندنی مرۆڤەکانی ناوێت بەڵکو خودا دیار و ئاشکرایە و خاوەنی هێزێکی بێسنوورە. دەڵێت هەبوونی خودا حاشاهەڵنەگرە و تێگەیشتن لە سرووشتی خودا بەهۆی ناکامڵی مرۆڤەوە نامومکینە.

پاساوی دێمیا بۆ هەبوونی خودا ئەوەیە کە دەبێت هەموو شتێک هۆکارێکی هەبێت، لەبەرئەوە دەبێت شتێک هەبێت کە هۆکاری خۆی و هەموو شتەکانی تربێت، کە خودایە. دێمیا ڕەخنە لە کلێنسیس دەگرێت بۆ‌ئەوەی کە مرۆڤی بەراورد کردووە بە خودا، دەڵێت کە ئەقڵی خودا زۆر لەوە گەورەترە لەوەی بە ئەقڵی مرۆڤ بچوێنرێت. لەڕێگەی لێچوواندنی خودا بە نووسەرێک بەرگری لە بەڵگەسازییەکەی دەکات و خودا وەک نووسەرێک دەچوێنێت و پێیوایە خودا نووسەری گەردوونە، گەردوونێک کە پڕە لە مەتەڵی هەڵنەهێنراوە.

بەڵگەسازییەکەی دێمیا لەلایەن فیلیۆ و کلێنسیسەوە هێرشی دەکرێتەسەر، بەڵگەسازییەکەی دەبێتە بەڵگەسازییەکی ڕەشبینانە، دەڵێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ڕووبەڕووی خراپە و بەدکاری ببێتەوە پێویستە بەرگری لەو بڕوایەی بکات کە بۆ خودا هەیەتی.

پاش ئەوەی فیلیۆ دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە خودا ئەخلاقییەن بێلایەنە و هێزەکەی ڕادەدار و دیاریکراوە، دێمیا بەشێوەیەکی جوان دیالۆگەکە بەجێدەهێڵێت.

ئەم جێهێشتنەکەت سیمبول و هێمایەکی هەیە و ڕۆڵی دێمیا لەو دیالۆگەدا بەدەردەخات: بەهۆی بەڵگەسازییە نادیار و ئاڵۆزەکانی و بوونی بەردەوامی، دێمیا وەک قوربانییەک دەبینرێت کە بەتەنها لە هەوڵی سەلماندنی بۆچوون و بڕواکانیدا بووە، کلێنسیس و فیلیۆ یەکدەگرن و بە سەلماندنی بڕوا و بۆچوونەکانی خۆیان ئەو وێران دەکەن.

دێمیا نمایندەی کەسێکە کە خاوەنی بڕێکی کەمە لە تێهزرینی فەلسەفی، کەسێکە دەیەوێت و دەخوازێت ڕێبازە تیۆلۆجی و فەلسەفییەکەی لەڕێگەی سەپاندن و بە بڕێکی گەم بەڵگەوە بگەیەنێت، لەلای دێمیا هەبوونی خودا لە حەتمییەت و پێویستییەوە سەرچاوە دەگرێت.

 

کەسێتی (فیلیۆ):

فیلیۆ نمایندەی "گومان"ە و دەیەوێت لەڕێگەی گومانەوە لە ئاین تێبگات، بەو مانایەی کە پێویستە هەموو ڕاستییەکان بە فیلتەری گوماندا تێپەڕیبن و بە بەڵگە پاڵپشتی بکرێن. لە دیالۆگەکەدا وادەردەکەوێت کە گومانگەرایی ڕێبازی فیلیۆ بێت. بەپێی فیلیۆ تەنها لەڕێگەی گومانەوە دەتوانیت بگەیت بە ئاینی ڕاستەقینە و پاش گەیشتنت بە ئاینی ڕاستەقینە ڕاستەوخۆ هەموو بەڵگە هەڵەکان هەڵدەوەشێنەوە.

لە بەشی یەکەمی پەرتووکەکەدا فیلیۆ بەڵگە بۆ لاوازی و بچووکی و بەرتەسکی سنووری تێگەیشتنی ئەقڵی مرۆڤ دەهێنێتەوە، کە بەو شێوەیە دەردەکەوێت کە گەیشتن بەو مەعریفەیە لەڕێگەی ئەقڵەوە مومکین نییە، تەنانەت ناشتوانێت متمانە بە هەستەکانی بکات، چونکە بەردەوام فێڵمان لێدەکەن. فیلیۆ هاوڕای دێمیایە لەوەی کە سەلماندنی هەبوونی خودا پێویستی بە بەڵگە نییە و ئیمانی ڕاستەقینە لەناخەوە دێت.

زۆرێک لە بیرمەندان و لێکۆڵەرە فەلسەفییەکانی کۆکن لەسەر ئەوەی کە فیلیۆ خودی دەیڤد هیومە و بۆچوونەکانی ئەو بۆچوونی ڕاستەقینەی خۆیەتی و لەودا ئاشکرایان دەکات. فیلیۆ دژی بەڵگەسازی دیزاینە، لە بەشی دووەمدا هەوڵدەدات ئەوە بسەلمێنێت کە بەڵگەسازی دیزاین تەنانەت نموونەیەکی ڕاست و دروستی بەڵگەسازی نییە و لە بنەڕەتدا هەڵەیە. پێیوایە بەڵگەسازی دیزاین بەڵگەسازی لێکچوون بێت، بەڵام پێیوایە گەر بەو شێوەیەش بێت ئەوا هێشتا کەڵکێکی ئەوتۆی نابێت. یەکەم، پێیوایە لێکچوونی نێوان ئامێر و گەردوون زۆر دوورە لە یەکترییەوە و لێکچوو نین و بەڵگەیەکی لاوازە. دووەم، گەردوون و ئامێرێک دوو فینۆمینیای لێکچوو نین چونکە ئەوان بەشێوەی سەربەخۆ بوونیان نییە، گەردوون گشتە و ئامێرەکەش بەشێکە لەو گەردوونە.

دووبارە فیلیۆ لە بەشی چوارەمی پەرتووکەکەدا هێرشێکی تر دەکات، مشتومڕی ئەو باوەڕە دەکات کە پێیوایە خودا دیزاینەرێکی زیرەکە، لەکاتێکدا سەرکەوتوو نەبووە لەوەی ڕوونیبکاتەوە بۆچی جیهان ڕێکوپێکە. ئاسان نییە لەوە تێبگەین کە بیرکردنەوەی خودا چۆن شتەکانی بەڕێکوپێکی ڕێکخستووە تاوەکو لەوە تێنەگەین ئایا خودی ڕێکوپێکی چییە و ئەو ماتریاڵانەی جیهانیان لێ پێکهاتووە سەرچاوەکەیان چییە، بە جۆرێکی تر دەبێت بپرسین چۆن و بۆچی ئەمە ڕوویدا.

دواتر فیلۆ هەوڵدەدات نیشانی بدات جگە لە لێکچوواندنی گەردوون بە ئامێرێک کە چەندین ڕێگەی تر هەن بۆ لێکچوواندن، کە بەباشی و یەکسانی لەلایەن ئەو بەڵگانەوە پشتگیری دەکەین کە لە سرووشتدا دەیاندۆزینەوە. بۆ نموونە دەکرێت بۆ نموونە گەردوون بچوێنرێت بە جەستەی ئاژەڵێک و خوداش بە ڕۆح.

دواتر فیلۆ بەڵگەسازییە بەناوبانگ و یەکلاکەرەوەکەی دژ بە هەبوونی خودا دەخاتەڕوو. تا ئەم شوێنەش چەقی مشتومڕ و گفتوگۆکان خەسڵەتەکانی سرووشتی خودا و بێسنوور و نەمری و کەماڵی خودا بووە، لەوە بەدواوە فیلیۆ دەڕوانێتە پرسی ئایدیای خەسڵەتی مۆراڵی خودایی (بۆ نموونە، چاکە) و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لەوەی ئایا دەتوانین لەڕێگەی پشکنینی سرووشتەوە بەوە بگەین. پێکەوە فیلیۆ و دێمیا وێنەیەکی بێهیواکەر و تاریک بۆ گەردوون دەکێشن، پێچەوانەی ئەو ئامێرە ڕێکوپێکە و سازانەی کە کلێنسیس بانگەشەی بۆ دەکرد، ئەوان پێماندەڵێن کە جیهان شوێنێکی بێهوودە و پووچە و پڕە لە خراپە و بەدکاری.

بەڵگەسازییەکان:

لەڕێگەی شیکاری بۆ ئەو بەڵگەسازی و ئارگیۆمێنتە جیاوازانە کە کارەکتەر و کەسێتییە جیاوازەکانی "دیالۆگ"ەکە خستیانەڕوو، دەتوانین بگەین بە بۆچوونە ئاینییەکەی هیوم کە زۆر ئاشکرا و ڕوون دیارە. بەهۆی شێواز و ستایلی نووسینەکەی و فۆڕمە دیالۆگییەکەی، بەڵگەسازییەکانی تێیدا دژ بە یەکترین و ڕوونە. بەهێزترینیان بریتییە لە بۆچوونی خودی هیوم و نمایندەی ڕوانینی هیومە. هەوڵ دەدەین گەنگەشە و شیکاری بۆ چەند بەڵگەسازی و ئارگیۆمێنتێکی دیار و هەمەجۆر و بەکارهاتووی ناو (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) بکەین و یەک بە یەک دیارترین و گرنگترینیان شیتەڵ بکەین.

 

تێگەیشتن لە (بەڵگەسازی دیزاین):

لەنێو هەموو ئەو ئارگیۆمێنت و بەڵگەسازییانەی لەمەڕ هەبوونی خودا پێشکەشکراون، بەڵگەسازی دیزاین فراوانترینیانە. ئەو کەسێتییەکەی کە لایەنگری ئەم بەڵگەسازییەیە کلێنسیسە، بەڵگەسازییەکەش بەڵگەسازییەکی ئەزموونییە بۆ هەبوونی خودا، بنەمای بەڵگەسازییەکەش لێکچوواندنە، بە ڕووانین و چاوێکی ئەزموونگەرەوە لە جیهان بنواڕین ئەوا دەتوانیت درک بە هەبوونی دیزاینەرێکی زیرەک بکەیت، واتە خودا.

لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوو توێژەران و لێکۆڵەرەکان بە چەندین شێوە دەستکاری فۆرمولەی بەڵگەسازییەکەیان کردووە و جارێکی تر پێشکەشیان کردۆتەوە.

بەپێی کلێنسیس، سەلماندنی هەبوونی خودا شتێکە هەمیشە هەیە و دەبێت، پێویستە تەنها چاوێک بگێڕیت تاوەکو ببیتە گەواهیدەرێکی سرووشتی خودا.

پڕەنسیپە ئەزموونییەکان و دەرکەوتووە لێکچووەکان بنەڕەتی بەڵگەسازی دیزاینن. کلێنسیس زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ڕووبەڕووی دێمیا و پێشینە لاوازەکەی دەبێتەوە و پێیوایە کە تەنها لەڕێگەی میتۆدی هەڵکشان وپشتبەستن بە بەڵگە و گەیشتن بە فاکت لەڕێگەیەوە، دەتوانین خودا بسەلمێنین. بەڵگەسازی دیزاین جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیهانی سرووشتی و ئەوەی ئەزموونی دەکەین ناکرێت بەڕێکەوت و ڕووداو و لێڵی درووستبووبێت، ڕێکەوت جوانی لێ بەرهەم نایەت، ڕێکوپێکیشی لێ بەرهەم نایەت.

بەپێی ئەم بەڵگەسازییە تیۆلۆجییە، دەرکەوتەکانی دیزاینێکی ورد لە سرووشتدا وەک ئاڵۆزی و ڕێکوپێکی و ئامانجداری و ورد لە ئۆرگانیزمی شتە زیندووەکادا درکی پێدەکرێت و دەبینرێت و ئەمەش تەنها بەهۆی هەبوونی خودایەکەوە لێکدەدرێتەوە لێکدەدرێتەوە، کە هەبوویەکی بانسرووشتییە. بەڵگەسازییەکە پێیوایە هاوتەریبییەک یان پارالێڵێک هەیە لەنێوان دروستکراوەکانی مرۆڤ (تەلیسکۆپ، کاتژمێر و هتد...) و بەشە بایۆلۆجییەکان و ڕۆڵییان (چاو، بەکتریا و هتد...). هەرچەندە بنچینەی ئەم بەڵگەسازییە لەلایەن بیرمەندەکانی یۆنان و ڕۆمەوە داڕێژراوە و چەندین جار لە لایەن (ئەرستۆ) و (ئەفلاتوون)ەوە بەکارهاتووە، هەروەها لە سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامیشدا تیۆلۆجیستی ئیسلامی (ئیمامی غەزالی) و چەندین فەیلەسووفی تری‌ئیسلامی ئەم بەڵگەسازییەیان بەکارهێناوە، دواتر (تۆماس ئەکواینەس) ئەم بەڵگەسازییە قبوڵ دەکات و بە یەکێک لە پێنج ڕێگەکەی دادەنێت بۆ سەلماندنی هەبوونی خودا، لەو نێوانەشدا چەندین نووسەر و بیرمەندی تر بەکاریانهێناوە، بەڵام ئەمڕۆ هەمووان کۆکن کە یەکەم کەس بەو شێوەیە و بە‌ بەکارهێنانی دەستەواژەی "بەڵگەسازی دیزاین" بۆ یەکەمجار ئەم بەڵگەسازییەی بەرباس خستبێت (وڵیەم پاڵێی)یە. پاڵێی لە تەموزی 1743 لە پیتەربرۆ، ئینگلتەڕا لەدایکبووە و خاوەنی چەندین نووسراوی تیۆلۆجییە، وەک: (دینی سرووشتی)، (بەڵگەکانی هەبوونی خودا و خەسڵەتەکانی خودا)، (کۆکراوەکانی سرووشت).

لە سەرەتاشەوە بەڵگەسازی دیزاین ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنەی جیاواز بوویەوە و گرنگترینیان بەڵگەسازی لۆجیکی گشتی بوو کە دەیڤد هیوم لە (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) بەکاریهێنا.

 

بەڵگەسازی خراپە:

بەڵگەسازی خراپە وەک ئاڵنگاری و تەحەددایک دژ بە‌ ئەرگیۆمێنت و بەڵگەسازی خودای چاکەخواز و بێسنوور لە بەزەیی پێشکەش کرا. لە (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی)دا ئەم بەڵگەسازییە وەک جوڵێنەر و کەرەستەیەک بۆ جوڵاندنی پرسیاری سرووشتی خودا بەکارهێنراوە، هەرچەندە لە بنەڕەتدا ئەم بەڵگەسازییە لەلایەن هیومە بۆ بەدرۆخستنەوە و ڕەتکردنەوەی هەبوونی خودا بەکارهێنراوە.

دوو بەڵگەسازی جیاواز دەربارەی خراپە هەن:

ئیستدلال و دەرەنجامی کێشەکە، کە پێچەوانە و دژی بەڵگەسازی دیزاینە، هەروەها ڕەقی و قورسی کێشەکە کە بەرهەڵستی و دژی هەبوونی هێزێکی باڵادەست و خودایەکی بێسنوور میهرەبان دەوەستێتەوە.

فیلیۆ لە بەشی 10 و 11ی پەرتووکەکەدا بەڵگەسازی خراپە دەخاتە بەرباس. ئەو بەوە دەستپێدەکات کە هەموو بوونەوەرەکانی زەوی، ئاژەڵ و مرۆڤەکان، بە بەردەوامی ئازاری یەکتری دەدەن و یەکتری دەچەوسێننەوە، سەرەڕای ئەوەش هەموومان بەرگە دەگرین و ئەزموونی ئازار دەکەین، بەو ئامانجەی کە ڕزگارمان بێت. ئەمە ئەو دڵتەنگییهیه که هانده‌ری کرده‌کانه.‌ بەبێ ئەوە هەست بە برسێتی و پاڵنەرێک نابێت بۆ ئەوەی شت بخۆین، هەست بە سەرما ناکەین و پاڵنەرێک نابێت تا بەدوای پەناگەدا بگەڕێین، هەست بە تینوێتی ناکەین و پاڵنەرێک نابێت تا تینوێتیمان بشکێنین. گرنگ نییە مرۆڤ چەند ئازایە، چونکە هەرگیز ناتوانێت خۆی لە بەدکاری هزری ڕزگاربکات، خۆی لە شێتی و پەستی ڕزگاربکات، بناغە و بنەڕەتی فیلیۆ بوو بەڵگەسازی خراپە.

 

بەڵگەسازی یاسا گشتییەکان:

بەپێی (گاسکین) بەڵگەسازی یاسا گشتییەکان بەم شێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت: دەتوانین بە تێبینیکردن و سەرنجدان لە یاسا گشتییەکانی گەردوون درک بە خراپە و بەدکاری بکەین. دێمیا لە بەشی دەیەمی پەرتووکەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە جیهان هیچ نییە و تەنها بەشێکە لە گەردوون، ئەو ساتەشی تێیدا دەژین تەنها بەشێکی بچووکە لە ئەزەلییەت. بەهۆی نەتوانایی و کێشە لە تێگەیشتنیدا، مرۆڤ ناتوانێت ئەودیوی ئەزموونی خۆی ببینێت و تێیپەڕێنێت. ئەمەش واتە لە هەر کاتێکدا بێت کێشەی خراپە بەپێی کات چارەسەر دەبێت و باشە لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە و وادەکات کە بڕوامان بە خودایەکی میهرەبان و بەهێز هەبێت.

فیلیۆ باسی لە چوار دۆخ و شێوەی خراپە کردووە. یەکەم چارەسەری فیلیۆ بۆ خراپە ئەوەیە کە خودا لەڕێگەی پەیوەستکردنی حەتمی شتەکانەوە خراپە نەهێڵێت. ئەوی تریان ئەوەیە کە هەموو کێشەکان هەڵگەڕێنێتەوە. بەپێی (جۆن هیک) گەر چارەسەرییەکەی فیلیۆ واقیعی و ڕاستی بووایە ئەوا پێشکەوتن و بواری سرووشت تێکدەشکا و هەڵبژاردنی سرووشتی لەسەر بناغەی پەرەسەندن ئەستەم دەبوو.

 

بەڵگەسازی باشترین و ڕێکترین جیهان:

ئەم بەڵگەسازییە مشتومڕی ئەوە دەکات کە ئەو خراپە و بەدکارییەی لەم جیهانەدا ئەزموونی دەکەین حەتمییە و دەبێت هەبێت و ئەم جیهانەی کە تێیداین و ئەزموونی دەکەین باشترین جیهانێکە کە دروستکرابێت.

بەپێی بۆچوونی (نێڵسن پیک) ئەم بەڵگەسازییە چارەسەری بۆ کێشەی خراپە لە جیهاندا پێیە.

پیک ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن لەم جیهانەدا خراپە سازاو و گونجاوە لەگەڵ خودای باڵادەست و میهرەباندا.

گەر ئەوەمان بەلاوە ڕاست بێت و بەلامانەوە بەخشش بێت کە ئازار و ناخۆشییەکان ئەزموونێکن کە دەمانگەیەن بە خۆشی و بەختەوەرییەکی گەورەتر، کەواتە ئەوەش لۆجیکییە کە خودایەکی خۆپەرست ڕێگەی بەم ئازار و نارەحەتییانە دابێت.

لە بنەڕەتدا بەڵگەسازی "باشترین جیهانێک کە ڕێی تێبچێت" هی فەیلەسووفی مۆدێرنی ئەڵمانی (گۆتفرێد ویڵهێڵم لایبنێتز) و تێزێکی خستەڕوو و کە تێیدا هاتووە ئەم جیهانە باشترین جیهانێکە کە خودا توانیویەتی دروستی بکات و ناونرا "باڵایی لایبنێتز" و تێیدا بەرگری لە دادپەروەری خودا دەکرد. ئەو بەڵگەسازییە کێشە و چارەسەرییەک بوو بۆ کێشەی خراپە.

 

ڕۆڵی هیوم لەناو دیالۆگەکەدا:

لەوەتەی دەرچوونی (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی)ەوە چەندین لێکدانەوە و تەفسیر بۆ ڕۆڵ و پێگەی هیوم لەڕێگەی کارەکتەرەکانەوە کراوە، دیارکردنی ئەوە و تێگەیشتن لێی زۆر قورستر بووە لەوەی پێشبینی کراوە. بەپێی لێکدانەوەی (جەیمس فایسەر) بڕیاری هیوم بۆ نووسینی ئەم پەرتووکە بەشێوەی دیالۆگ بەهۆی ڕۆڵی کاریگەر و دەسەڵاتی توندی ئاین بووە لە بەڕیتانیادا، بۆ‌ ئەوەی پێگە سیاسی و کەسی و کۆمەڵایەتییەکەی لەدەستنەدات هیوم بڕیاردەدات لەڕێگەی هەرسێ کەسێتی، دێمیا، فیلیۆ، کلێنسیس، بگەیەنێت، ئەم شێوازەش وەک گوتمان ئەو توانایەی پێداوە کە ئازادانەتر بۆچوونەکانی بگەیەنێت. بەکارهێنانی فۆڕمی دیالۆگ لەلایەن هیومەوە لە فەلسەفەدا شتێکی نوێ نەبووە، بەڵکو چەندین بیرمەندی تری وەک (ئەفلاتوون)، (ماڵبرانش)، (بێرکڵی) و (گالیلۆ) سوودیان لەم شێوازە لە نووسین بینووە. بەپێی بۆچوونی (ئەندرێ پایڵ)، دیالۆگی ئەو بیرمەندانەی سەرەوە جیاوازە لە دیالۆگەکەی هیوم، چونکە ئەوان کەسێتییەکان ڕاستەوخۆ وەک نوێنەری فەلسەفەکەیان خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام هیوم لەڕێگەی کەسێتی و کارەکتەرەکانەوە بەشدارییەکی ڕاستەوخۆی بە بۆچوون و بڕواکانی ئەوانی تر کردووە. هەرچەندە هێز و ناوازەیی ئەم بەڵگەسازییانە هاوتا لەگەڵ بۆچوونەکانی تری کە کار و نووسراوەکانی تریدا دەرکەوتووە ئاماژەیەکی باشن بۆ ئەوەی بۆچوونی ڕاستەقینەی هیومان بۆ دەربکەوێت. هەندێک پێیانوایە کە فیلیۆ دەنگی ڕاستەقینەی هیومە، لەکاتێکدا هەندێکی تر بڕوایانوایە ئەو لەنێو هەرسێ کارەکتەرەکەدایە و ناکرێت یەکێکیان ببێتە دەنگی ڕەسەنی ئەو، هەروەها تاکە ڕێگەیەک تا سەرەداوێکمان لێیە دەستبکەوێت بگەین بەوەی کامە کارەکتەر و کەسێتی نێو پەرتووکەکە خودی هیومە، ئەوە دەبێت بگەڕێینە بۆ ئەو نامانەی کە هیوم پاش بڵاوبوونەوەی پەرتووکەکە نووسیونی. ئەو نامانە دەمانگەیەننە ئەنجامێک دەربارەی ڕۆڵی هیوم لەناو دیالۆگەکاندا. هیوم بە‌ ئەقڵێکی پڕگومانەوە دەیڕوانییە هەر شتێک کە بەلایەوە پڕوپووچ بووایە، فیلیۆ گومانگەرایە بۆیە دەگوترێت ئەو گوتەبێژی هیوم بووە، بۆیە زۆرکات فیلیۆ کەسێتییە سەرنجڕاکێشەکەی ناو دیالۆگەکان دەبینرێت.یەیە کە هاندەری کردەکانە.

 

دەربارەی باوەڕی دەیڤد هیوم:

هەرچەندە بڕوابۆچوونی هیوم دەربارەی ئاین ڕوون و ئاشکرا نییە، بەڵام ئەوەی گومانی لەسەر نییە ئەوەیە کە هیوم بڕوادار نەبووە بە هەبوونی خودایەک.

هەروەها هیوم یەکێکە لە یەکەمینی ئەو بیرمەند و فەیلەسوفانەی کە سیستەماتیکیانە وەک فینۆمینێکی سرووشتی کەشف و گەڕانی کردبێت بەناو ئایندا و لەوە کۆڵیبێتەوە کە چۆن باوەڕە ئاینییەکان دەتوانن لەناو سرووشتەوە هەڵقوڵێن و شیکاریان بۆ بکرێت، لەبری ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ مانا میتافیزیکییەکان. زانیارییەکان شتێکی کەم و لێڵ دەربارەی هیوم بەدەردەخەن، کە دابەش دەبن بەسەر سێ بۆچوونی سەرەکیدا: بێباوەڕێکی سرووشتگەرا، نازانمگەرایەکی گومانگەرا یان جۆرێکی جیاواز لە دەیزم. بۆ ماوەی زیاتر لە 200 ساڵ توێژەران و بیرمەندانی فەلسەفە لەو دیبەیتە و مشتومڕە بەردەوامەدا بوون کە ئایا دەیڤد هیوم بێباوەڕە یان نازانمگەرایە یان جۆرێکە لە دەیست، بۆ تێگەیشتن و گەیشتن بە وڵامێک دەربارەی ئەوە دەگەڕانەوە بۆ نووسینەکانی هیوم، تاوەکو وەک پشتگیرییەک بۆ بۆچوونەکانیان پشتی پێ ببەستن. گرنگترین نووسینەکانی هیوم دەربارەی ئاین‌ بریتین لە بەشی 10ی (نامەیەک دەربارەی تێگەیشتنی مرۆڤ) کە لەو پەرتووکەدا ‌گومانگەرایانە دەربارەی پەرجوو و موعجیزە دەدوێت، (مێژووی سرووشتی دین) و (دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی) دوو کاری تری زۆر گرنگی هیومن کە لە ڕێگەیانەوە دەکرێت بگەین بە ئەنجامێک، زۆرێک لە شارەزایان بناغەی بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم دوو پەرتووکەیی دوایی داڕشتووە و پێیانوایە ئەگەری ئەوە هەیە کە هیوم نازانمگەرا یان بێباوەڕ بووبێت، هەرچەندە لە هیچ نووسراو و کارێکی خۆیدا هیوم بە هیچ جۆرێک بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەڵوێست و بۆچوونی خۆی دەربارەی هەبوونی خودا دەرنەبڕیوە. هەرچەندە چەندین جار لەلایەن دوژمن و شارەزایان و تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانی خۆشی وەک کافر و زەندیق ناسێنراوە، بۆیە وەک ئاماژەمان پێدا هیوم لەپێناو ئابڕوی خۆی بە ئاشکرا بۆچوونی خۆی دەرنەبڕیووە و بە لێڵی و تاریکی گەیاندویەتی. هیوم دوای کانت و ئەفلاتوون و ئەرستۆ یەکێکە لە گرنگترین فەیلەسووفەکان، دوای خۆی چەندین کەسی تر بەشوێنگە و ڕێبازەکەی ئەودا ڕۆشتن و پەرەی زیاتریان پێدا.

 

ئەنجام:

لە ڕێگەی "دیالۆگ لەمەڕ دینی سرووشتی" تێدەگەین بەجۆرێک ڕوانینی دەیڤد هیوم بۆ ئاین گومانگەرایانەیە. لەناو هەرسێ کارەکتەرەکەدا دێمیا خاوەنی لاوازترین ئارگیۆمێنت و بەڵگەسازییە. هەروەها هیوم لەو پەرتووکەدا خۆی لە بابەتی پووچ و ئیمانی کوێرانە بە خودا پاراستووە. کەسێتی ئەزموونگەری کلێنسیس لەلایەن هیومەوە سەرنجێکی زیاتری خراوەتەسەر، کە وادەردەکەوێت هیوم دڵسۆزی خۆی بۆ ڕێگای گەیشتن بە ئاین لەڕێگەی ئەزموونەوە دووپاتکردبێتەوە. هەرچەندە فیلیۆ هاوشێوەی فەلسەفەکەی هیومە و خودی هیوم لە نامەیەک بۆ (گیڵبێرت ئیڵیۆت) ئاماژەی بەوە کردووە. هیوم لەڕێگەی فیڵیۆوە فاکتەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەخوازێت خۆمان لە هەر ئەنجامێک بپارێزین تاوەکو لە دڵنیابوونی دڵنیانەبینەوە. بە تێگەیشتن و تێکەڵکردنی بۆچوونی هەموو کارەکتەر و کەسێتییەکان دەگەینە ئەوەی کە هیوم ئاینی ڕەتنەکردۆتەوە، ئامانجی ئەو لەم پەرتووکە ئەوەیە گومانگەرایانەی چەند پرسێکی فەلسەفی مشتومڕهەڵگری پەیوەستدار بە هەبوونی خوداوە بخاتە ژێر نەشتەری پرسیار.

بەهۆی سنوردارێتی ئەقڵەوە، مرۆڤەکان توانایی ئەوەیان نییە بە هیچ شێوەیەک بە ڕەهایی و موتڵەقی هیچ ڕاستییەکی پەیوەندیدار بە گەردوون و خوداوە بسەلمێنن. بۆیە ئەستەمە بتوانین هەبوون و نەبوونی خودا ڕەتبکەینەوە یان پەسەندی بکەین. قورسە بتوانین لەم توێژینەوەیەدا دەیڤد هیوم بخەینە قاڵبێکی تیۆلۆجییەوە و بڵێین ئەمەیە بۆچوونی ئەو دەربارەی ئەو بابەتە، بۆیە بڕواداربوون یان بێبڕوایی دەیڤد هیوم هەر مشتومڕی لەسەر دەبێت و یەکلایی نابێتەوە بەئاسانی. لەم توێژینەوە تێکۆشاین پشکنینێک بۆ بڕوای گومانگەریانەی دەیڤد هیوم بکەین و بناغەیەکی لەسەر دابمەزرێینین.

 

هەندێک دەستەواژە و تێرمی گرنگ:

Anthropomorphism

بیرکردنەوە بەو شێوەیەی کە پێمانوابێت خودا وەک مرۆڤە، تەتها کامڵتر و پێرفێکتترە.

A posteriori

بریتییە لە ڕاستییەک کە لە ڕێگەی سەرنجدانەوە بەدەستمان هێنابێت. واتە کۆکردنەوەی زانیاری و مەعریفە بە کۆکردنەوەی بەڵگە لەڕێگەی ئەزموونەوە و لێکدانەوەی ئەو بەڵگانە.

A priori

ڕاستییەکە کە کەسەکە لە ڕێگەی سەرنجدان و وردبوونەوە بەدەستی نەهێناوە. مەعریفە و تێهزرین لێردەدا تەنها پشت دەبەستێت بە لێکدانەوەی لۆجیکی و پەیوەستکردنی ئایدیاکان بە یەکترییەوە.

Argument by design

ئەم بەڵگەسازییە دەیسەلمێنێت کە ڕێکخراوی و جوانی جیهان دەیسەلمێنێت کە دیزاینەرێکی زیرەک لە پشت هەموو ئەم دروستکراوانەوەیە. کلێنسیس ئەم بەڵگەسازییەی بەکارهێنا تا بیسەلمێنێت دەتوانین لەڕێگەی دروستکراوەکانییەوە لە سرووشتی خودا تێبگەین.

Argument by analogy

ئەم بەڵگەسازییە دەڵێت کە هەموو بینراوەکان یان فینۆمینۆنەکان لێکچووی یەکترین، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە هەڵێنجنان دەکات و دەگاتە ئەنجام.

Cosmogony

لقێکی زانستە کە بایەخ بە تێگەیشتن لە بنەڕەتی گەردوون.

Deist

بیروبۆچوونێکە کە دەڵێت خودا جیهانی دروستکردووە، بەڵام هەر دوای دروستکردنی دەستی لێ بەرداوە و هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەریدا نییە.

Demonstration

بریتییە لە ئیستنتاج و هەڵێنجان و گەیشن بە ئەنجام لەڕێگەی بەڵگە و سەلماندنەوە.

Empiricism

ناوێکی کۆکراوەیە بۆ کۆمەڵێک ڕێبازی فەلسەفی جیاواز. ئەم بۆچوونە فەلسەفییە پێیوایە کە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و زانین سەرەکی پێویستە پشت بە ئەزموون ببەستین.

Enlightenment

بزوتنەوەیەکی فەلسەفی بوو لە سەدەی 18دا کە بە بەکارهێنانی ئەقڵ هەموو ڕێباز و دابونەریتەکانیان جارێکی تر خستەوە ژێر نەشتەری پرسیار و گومان.

Epistemology

لقێکی فەلسەفەیە کە بایەخ بە چییەتی مەعریفە دەدات. پرسیاری وەک، مەعریفە چییە؟ و چۆن بگەین بە مەعریفە؟ دەخاتە بەرباس.

 

سەرچاوەکان:

Pyle، A.، 2006 Hume's Dialogues Concerning Natural Religion.

London & New York: Continuum International Publishing Group.

Russel، P. - Stanford Encyclopedia of Philosophy، 2013. Hume on Religion

Sessions، W. L.، 2002. Reading Hume's Dialogues: A Veneration for True Religion.

Bloomberg: Indiana University Press.

Fieser، J. 1997. Dialogues Concerning Natural Religion.

Gaskin، J.C.A.، 1978. Hume's Philosophy of Religion.

London: The Macmillan Press.

Parkinson، G.H.R. 2008. An Encyclopedia of Philosophy.

London: Taylor & Francis

Tooley، M. - Stanford Encylopedia of Philosophy، 2005.

A priori and Justification.

Tweyman، S. 1991. David Hume: Dialogues Concerning Natural Religion in Focus.

Brown C.R. & Morris W.E.، 2012.

The Essential Philosophical Works.

Mossner، E.C.، 2001. The Life of David Hume.


ئەم بابەتە 51 جار خوێندراوەتەوە