Balen_Sabir.jpg

لەودیو پەنجەرەوە، پیاوێک بە بارانپۆشییەکی ڕەشەوە

به‌ڵێن سابیر عومه‌ر- هەولێر

یەک

زنجیری قەمسەڵەكەم هەڵدەکێشم. هەڵدەستم، لە لێواری قەنەفەکە مۆبایلەکە هەڵدەگرم، تا نزیکی پەنجەرەکە دەچم. لە پەردەکە هەندێک لادەدەم، تەماشای شەقام دەکەم. تەنیشت و نزیکی سەلەی زبڵەکان، "با" پاکەتی جگەرە و قوتووی بەتاڵ لوول دەکا و هەڵدەگرێ. پەنجەرەکە دەکرێتەوە، لاستیکی لێوارەکانی کۆن بووە، هەوای سارد دێتە ژوور، مووس لە ڕوومەتم دەدا و دەڵێی دەمبڕێ.

پەنجەرەکە دادەخەم، ئەولاتر تەماشا دەکەم؛ شۆستەی شەقامەکە دەڵێم ڕەنگبێ چەتری دەستی پیادەکان تێکبشکێنێ، تێلەکان بقۆپێنێتەوە، ئەگەر کەسێک هەبێ و چەترەکەی کرابێتەوە. پێ دەکەنم و دەڵێم ڕەنگبێ ئەوەندە بەهێز بێ، پیاوێک پاڵ بنێ، ئەگەر تەنیا بێ و باریکەڵە، خەیاڵ بێ و بیری نەبێ دەست بەدیوارێکەوە بگرێ!

کامێراکەم دەکەمەوە، قوتوویەکی بەتاڵ، لە تەنیشتی سەلەیەکی زبڵ، لەو وەختەی "با" ڕایدەماڵێ، وێنە بگرم. زوومی پەنجەرەکە دەکەم، ئەو دڵۆپە ئاوانەی لە سەرەوەڕا دێنە خوارەوە، پێش ئەوی لە نێو تاقەکە کۆببنەوە، دزە بکەن، بێنە ژوورەوە و بە ژێر کارتۆنی مۆزەکان بڕۆن و کارتۆنەکە نەرم بکەنەوە، کتێبەکانی ژێری ژێرەوە داڕزێنن، وێنە بگرم. هەر دەچمە پێشەوە، هەر زوومتر دەکەم؛ هەر دڵۆپی تر بە پەنجەرەکە دەکەون.

...

مۆبایلەکە هەروا کە بەدەستمەوەیە و کامێراکەی کراوەتەوە، لە پەنجەرە نزیکتر دەبمەوە. پیاوێک قەمسەڵەیەکی ڕەشی جلدی لەبەرە، بەسەریدا بارانپۆپشییەک، لە ژێر ڕووناکی کزی سەر شەقامەکە وەستاوە. سەیری دەکەم و بارانیش درشت دەبارێ. کامێراکە کە دەخەمە سەری، پشتم لێ دەکات. دڵۆپەکان سەر قەمسەڵەکەی دەکەون، ڕیز دەبەستن و دەڵێم هاکە و چاوەڕێم هەڵسێ و بڕوا. ناڕوا. نەوی دەبێتەوە، دەستی چەپی بە ستوونەكەوە دەگرێ و دوو قامکی دەستی ڕاستی دەخاتە نێو قوڕگییەوە.

پشیلەیەک لە شوێنێکەوە کە نازانم کوێیە، بە پێشییدا دێت، کە دەڕوا، پیاوەکە هەر بەم جۆرەی دوو قامکی دەستی ڕاستی لە نێو دەمیەتی، سەیری دەکات، منیش سەیری ئەو. پشیلەکە نازانم چووە کوێ. دەڵێم دەبێ لە ژێر یەکێک لەم ئۆتۆمبێلانە بێ کە لە پشتی یەک، لە تەنیشتی شەقامەکە و سەر شۆستەکە وەستاون. نزمتر دەبمەوە، هەوڵدەدەم ژێر ئۆتۆمبێلەکان ببینم، ناتوانم.

...

بیرم لای زەنگێک بوو، ئێستا پشیلەکەیەکیش. خوارتر؛ ژێر کەپری دوکانی باڵەخانەکە سەیر دەکەم، پیاوێک، خۆی بچووک و کڵاوێکی گەورە و عەنتیکەی لەسەرە، لێوارەکانی بۆ سەرەوە چوون. دەبێ چاوەڕێ بێ باران لێ بکاتەوە. چاوەڕێی کەسێک بێ، بێ و لە گەڵی، یان ئۆتۆمبێلێک، بێ و سەربکەوێ.

درەنگ درەنگ ئۆتۆمبێلێک تێدەپەڕێ. باوەڕ ناکرێ هەمان کۆڵانە لەڕۆژدا. لەڕۆژ هەر ئۆتۆمبێلە دێ و تێدەپەڕێ. دێ، دەوەستێ و هۆڕن لێ دەدا. دێ، ناوەستێ و هۆڕن لێنادا. دێ و پەکی دەکەوێ. دێ و یەکێک دەخاتە ژێرەوە و ناوەستێ.

....

بەسەر پانتۆڵەکەم دەست لە مۆبایلکە دەدەم. دەڵێی زەنگە و زەنگیش نییە. بە نێو ژوور دێم و دەڕۆم، تاقەتم دەچێ و لەسەر قەنەفەکە دادەنیشم. دەرەوە دەبینم؛ باڵەخانەکانی بەرانبەر، تەواو بوونە و نەبوونە، لە بەرزیدا گڵۆپێکی سوور پێ دەبێ و دەکوژێتەوە. باشتر کە تەماشا دەکەم بەسەرووی سلنگێکەوەیە.

لەسەر ئەم قەنەفەیە بوو، لەم ماڵە نا، ئەمساڵ و ساڵی پاریش نەبوو کە گوتم: شووقەیەک دەگرین، لەوانەی باڵکۆنیشی هەیە.

گوتت: خانوو.

گوتم: بۆ خانوو؟

گوتت: باخچەی نییە، شووقە.

گوتم: بەڵام دەتوانین لە باڵکۆنەکە گوڵ بخەینە نێو چەند ئینجانەیەک و بە محاجەرەکە هەڵیواسین!

گوتت، باخچە دەڵێم. گوڵ نا.

گوتت: دەی میوانمان چۆن بێ؟

گوتم: بڵێ باڵەخانەی B، نهۆمی شەشەم، شووقەی ژمارە بیستویەک.

گوتت: ئەوەندە بەرز!

گوتم: بە نموونە دەڵێم. ڕەنگە پێنج، کەمتریش چوار، سێ...

گوتت: یەکیش نا؟ وابێ باشە. ئاوا، ئەوکات باخچە گشتییەکەش هی ئێمە دەبێ. دەتوانین مێزێکی بچووکی خواردن لەوێ دابنێین، ناتوانین؟

گوتم: دەتوانین.

...

حەز دەکەم بە لەقە بکێشمە کورسییەک. حەز دەکەم پێڕێک میوانم بێ. پێڕێک سەربازی بچمحز و تەپوتۆزاوی و زۆربڵێ نا، پێڕێک یاریزانی شەترەنج، لێرە و لەوێ دوو دوو یاری بکەن، ماوەی هەر یارییەک سەد کاتژمێر بخایەنێ، سەد شەو و ڕۆژ، هەر فریا نەکەوم خواردن دروست بکەم و هەر قاوە بخۆنەوە و نەخەون. حەزدەکەم میوانم بێ، کەسێک، هەر کێیە، گرنگ نییە. لەد ەرگا بدات. بڕۆم بیکەمەوە، دەستی نەهێنێ، دەستی لەنێو بارانپۆشییەکەی بێت، دەستم ببەم، ناچار دەستی دەربێنێ، لە نێو دەستمی بنێم و بڵێم چی دەخۆیتەوە؟ دەستی هەوڵبدا دەربێنێ، شتێک بڵێ، نەهێڵم، بڵێم من قاوەی خۆمم خواردووەتەوە بۆ تۆی دروست دەکەم. دیسان خەریک بێ شتێک بڵێ، هەر نەهێڵم، بڵێم ئەگەر نا چاییەک، چایی خۆشترە، ڕەش یان کاڵت ئارەزووە؟ وەڵام بداتەوە و نەداتەوە بۆم گرنگ نەبێ، لە پێشی بڕۆم، بگەینە ئەو قەنەفەیەی لەسەری دانیشتووم، دەستی بەربدەم، بڵێم لێرە دانیشە، دابنیشێ. بڕۆمە مەتبەخ، کترییە کارەباییەکە داگیرسێنم و بڵێم: باش دەبارێ نا؟ وەڵام بداتەوە، شتێک بڵێ، هەمووی نەبیستم، ئەوەندە: دەبینی قەمسەڵەکەم تەڕ تەڕە و کڵاوەکەیشم... نەمبینیبێ و بڵێم: ئادی دەبینم.

...

لەسەر قەنەفەکە دانیشتووم. دەڵێم بچمە مەتبەخ، شێرەی مەغسەلەکە بکەمەوە، پەرداخێک ئاو پڕ بکەم، شێرەکە بگرمەوە، توند توند نا، شل، لێ گەڕێم ئاو بڕوا. کێشەکە ئەوەیە تینووم نییە. لەسەر قەنەفەکە هەڵدەستم و دەڵێم دەڕۆم گوێ بە دیوارەوە بگرم. دەڵێم ڕەنگبێ دەنگێک بێ. شتێک هەر دەبیستم، قاو قیژێک نهۆمێک خوارتر، کەوتنی شتێک بەسەر شتێکی تر، لە نهۆمی سەرەوە. بێ ئۆقرە، خاوخلیچک، چەند شەقاوێک دەچم و شەقاوێک دەگەڕێمەوە. دەگەم و خێرا بەتەنیشتی دیوار دەڕۆم، هەر ئاوڕ نادەمەوە و دەچمە مەتبەخ. سەلاجەکە بەرامبەرمە، دەچمە پێشەوە، نزیکی دەسکی کردنەوە، وێنەیەکی سپایدەرمانە.

گوتت: بەرزتر، لێی دەکاتەوە!

تەماشا دەکەم، هەوڵی داوە و نەیتوانیوە.

لە نیوەوە لێ بووەتەوە، بە نینۆک هەوڵی لێکردنەوەی دەدەم، هەر لێوارەکانی هەڵدەکەندرێ و دەچێتە ژێر نینۆکم، هەموویم بۆ لێ نابێتەوە.

دەسکەکە ڕادەکێشم، دەڵێم شتێک دەخۆم. دەڵێم هەر شتێکی سووک، زەڵاتەیەک، پارچە کێکێک، دڵم هیچیان نابات. دەڵێم تەلەفون دەکەم، دەڵێم: چیتان خوارد، ئەوە دەخۆم. برسیم نییە.

دەڵێم دەگەڕێمەوە هۆڵی دانیشتنەکە، لە بەردەم پەنجەرەکە دەوەستم، دەگەڕێمەوە. دەڵێم دەیکەمەوە، دەیکەمەوە. دەڵێم یەکێک لەم دوو کەسە بانگ دەکەم، ئەوەیان کە لە ژێر ستوونی کارەباکە وەستابوو، ڕەنگە ڕشابێتەوە و ڕۆیشتبێ. ئەوەی دیکەیان؛ کڵاو عەنتیکەکەی ژێر کەپری دوکانەکە نزیکترە، ڕەنگە هێشتا چاوەڕێ بێ. دەڵێم هاوار دەکەم، دەمبیستێ، بمبیستێ و شەقامەکە تەماشا بکات، کەسێک نەبینێ، هاوارتر بکەم، بڵێم: ئێرە؛ سەرەوە. سەر هەڵبڕێ، سەرم نیوە ببەمە دەرەوە، دەستم لە هەوادا بجووڵێنمەوە. بمبینێ و بیبینیم. شتێک دەبێ بڵێم، نەزانم چۆنچۆنی، شتێک بڵێ و تێی نەگەم. بچم کلیلەکە لە نێو کیلنۆکە دەربێنم، بگەڕێمەوە، هەڵی بدەم و بڵێم لێی نووسراوە. ڕووناکییەک داگیرسێنێ، هی مۆبایلەکەی بێت، بۆ کلیلەکە بگەڕێ، هەر بگەڕێ، نەزانم کەوتبێتە کوێوە، بترسم ونی کردبێ، ونی نەکردبێ و بیدۆزێتەوە. کڵاوەکەی لەسەر بکاتەوە، لە هەوادا بیجووڵێنێتەوە. سەرم بهێنمەوە ژوورەوە و پێبکەنم. سەرم ببەمە دەرەوە، سەیر بکەم، لە ژێر کەپرەکە نەمابێ. کاغەزی نێو پلاستیکی قەد کلیلەکەی سەیر کردبێ (نهۆمی ٢ شووقەی ٢١) خوێندبێتییەوە و هاتبێ، گەیشتبێتە بەردەم ئەسانسۆرەکە، ئەسانسۆرەکە لە نهۆمی هەشت بێ، دوگمەی دانەگرتبێ و چاوەڕێی بووبێ، چاوەڕێ نەبووبێ و گوتبێتی بە پێپلیکانەکان بچم باشترە. بە پێپلیکانەکان خەریک بێ بێتە سەرەوە، بە پێپلیکانەکان بچمە خوارەوە منیش. بوەستم و کتوپڕ، بڵێم ئەی چی ئەگەر دز بێ، چاوەڕێ بووبێ، دوکانی ژێر باڵەخانەکە داخرێ! منداڵانەیە. پێ بکەنم و بڵێم وانییە. هەر وەستابم و دەنگی پێی نزیک بێتە گوێم. بڵێم گەمژە دزی چی؟ بەم جلانە بتبینێ، زەندەقی دەچێ! هەروا وەستابم و هەر بێت. وەک ئەوەی دەترسم، بترسم، جۆرێک بیربکاتەوە. بگەڕێمەوە ژوور. لەسەر ئەو قەنەفەیە کە دانیشتووم، دابینشم، بڵێم کلیلەکانیش هەر بۆ خۆیی. لە دەرگاش بدات، نایکەمەوە. کلیل لەنێو کیلۆن بنێ و سووڕ بدا، هەڵدەستم، لەم دیوەوە پێچەوانە سووڕی دەدەم.

 

دوو

بچم پشیلەکە دەدۆزمەوە و بیهێنمە ژوورەوە، وا دەڵێم و هەڵدەستم. چەترەکەش دەبەم. دەرگاکە دەکەمەوە، نەچوومەتە دەرەوە و دامنەخستووە، دەوەستم، دەڵێم چۆنچۆنی؟ ئەوە دۆزیمەوە، وابوو و لە ژێر ئۆتۆمبێلێک بوو، بانگی بکەم چۆن؟ دەوێرێ لێم نزیک ببێتەوە؟ دەستم هەروا کە بەدەسکی دەرگاکەوەیە، دەڵێم بگەڕێمەوە و پارچەیەک مریشکی بەستوو ببەم. دەگەڕێمەوە، دەچمە مەتبەخ، سەلاجەکە دەکەمەوە، لە نێو کارتۆنێک پارچەیەک سینگ دەردێنم، قاپی شووشە لەسەر کاوانتەرەکە دەبینم، ئەوەی سەرەوەیان هەڵدەگرم، سینگەکە دەخەمە ناوییەوە، سەیری دەکەم و پەنجەیشی لێدەدەم، بەستوویەتی. کەی دەتوێتەوە و کەی بیخوا؟ وا دەڵێم و تەلەفونەکەم زەنگ لێ دەدا، قاپەکە لەسەر کاوەنتەرەکە دادەنێم:

"ئەلوو"

ئەلوو گیانی بابە.

"گوتمان خەوتووە."

نووستم و خەبەرم بووەوە.

"دەقەیەک، دێمەوە."

وا دەڵێ و دەڕوا. تەقە تەقی پابووجێکی منداڵانە بەسەر کاشی دێ، کز و کزتر دەبێ. تەلەفونەکەی دانەوە. چاوەڕێم بگەڕێتەوە، توندتر گوێ بە تەلەفونەکەوە دەنێم. دەنگی کەسێک، کە بە تەلەفون قسە دەکات و باسی گۆڕانی کتوپڕی کەشوهەوا و نەفڕینی فڕۆکەیەک دەکات، دێتە گوێم. دەنگەکە نامێنێ. دەنگی پێڵاوێک، ڕەق و توند بەسەر زەوی ئەو پێ ئەو پێ دەکات و دەڵێ بە نێو سەرم دەڕوا، دێتە گوێم. دەنگی پێڵاوەکان لە سەر کاشییەکە دوور و غڕە غڕێک، شتێک وەک تایە، تایەی جانتایەک، کە خەڵکی ڕایدەکێش، نزیک دێتە گوێم. کەسێک گۆرانییەک دەڵێ و نامێنێ. یەکێک لە سەماعەیەکەوە، شتێک دەڵێت و دووبارەی دەکاتەوە. حەپی حەپی سەگێک، تێکەڵی دەنگی پابووجێک دەبێ. حەپ حەپ دوور و پابووج نزیک دەبێتەوە. غژەی هەڵگرتنی تەلەفونەکە دێ:

"دەڵێ هێشتا دەبێ چاوەڕێ بکەین!"

دەنگێک لە نزیکی تەلەفۆنەکەوە، دەڵێ: بڵێ ئەمشەویش.

"دەڵێ بڵێ ئەمشەویش"

دەنگی دەیەوێ بگۆڕێ وەک دەنگی کەسی نزیک تەلەفونەکە.

گوێ دەگرم.

هەمان دەنگ دەڵێ: بڵێ دەبێ دایخەم.

"دەڵێ دەبێ دایخەم"

دایدەخات.

خەریک بوو دەمگوت:

بڵێ ئاخر من هەر ئیمشەوم مۆڵەت بوو...


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە