Hemn_qwrbany.jpg

نامه‌یه‌ك بۆ (ئۆرانۆس)

هێمن قوربانى- سلێمانی

به‌ ڕسته‌یه‌ك ئومێدى غه‌مگینه‌وه‌...

فڕێدرامه‌ نێو جوگرافیایه‌كه‌وه‌؛ زاده‌ى مێژوویه‌كى پڕ، له‌گه‌مژه‌یی!

منداڵێك له‌ مندا، به‌ فڵچه‌یه‌ك؛ یه‌ك یه‌ك ساڵه‌كانم ڕه‌شده‌كات!

ڕه‌شتر، له‌وێنه‌ تراژیدییه‌كاى ڕۆژگار

ڕه‌شتر، له‌ ئاینده‌ى زنده‌گیمان!

ده‌كرێت بڵێم: ئه‌م شیعره‌م منداڵێكى چه‌تونه‌، له‌ته‌بیعه‌تدا!

من، له‌مێژه‌ دركم به‌ چه‌تونى ته‌بیعه‌تم كردووه‌

له‌مێژه‌ ده‌زانم باوه‌ڕم ده‌نگێكى درۆزنه‌و شكستخواردووانه‌ بێده‌نگه‌!

قسه‌ى زۆرم له‌نێو چه‌كمه‌جه‌كانى هه‌ناومدا هه‌ڵگرتووه‌...

بۆ هاوارى ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌كانى به‌رده‌مم!

ڕۆژێك، له‌ ئێسستاى ڕۆژه‌كانى لاوازیم لاوازتر

ڕۆژێك، كه‌ هه‌رگیز پێناسه‌كانى ئارامى تێدا نادۆزمه‌وه‌

ڕۆژێك، كه‌ له‌سه‌ر نووسینى شیعرێكى پڕ له‌بێتاقه‌تى منى تێدا ده‌بم به‌كه‌لاكێكى كوژراو!

له‌ بنه‌ڕه‌تدا من مرۆڤێكم، وه‌ك هه‌موو مرۆڤه‌كانى ناو ئه‌م دۆڵابه‌ پێكه‌نیناوى!

ده‌روازه‌ى بیركردنه‌وه‌م، له‌دێڕێكدا لێ بزربووه‌

په‌نجه‌ره‌ى گله‌ییه‌كانم، له‌ ترساندا نه‌فه‌س ناده‌ن

وه‌لێ گه‌ر ئه‌و ده‌رگاو په‌نجه‌رانه‌ نه‌بوونایه‌،

له‌مێژبوو شه‌وێك، له‌ناوماڵه‌كه‌مداسارد ده‌بوومه‌وه‌!

ده‌خوازم چه‌ند دێڕێك بۆ مرۆڤه‌كان نا... بۆ ڕۆژگار بنووسم!

كه‌یفسازنیم، به‌ ڕێڕه‌وه‌ ئاسنینه‌كان،

به‌ جه‌سته‌ ناسروشتییه‌كان، به‌و ئێوارانه‌ى بۆگه‌نیان لێدێت،

به‌فڕێدانى ئه‌و منداڵه‌ زۆڵانه‌ى له‌نێو ته‌نه‌كه‌ خۆڵه‌كاندان!

(سه‌گ) ده‌ژیم...

ده‌مه‌وێ، به‌ناوه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان بحه‌پم!

گاز له‌ كه‌لله‌ى سه‌رى لاشه‌ پیرۆزكراوه‌كان بگرم!

وه‌ڕینێك ڕسته‌ى نابه‌جێ ده‌رپه‌ڕێنم و سه‌گ ڕاگرم

نامرۆڤانه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌...

ده‌مه‌وێ شیعرێك به‌ كرداره‌كانى ئاده‌میزاد پیسبكه‌م!

به‌جۆرێك بێز له‌خوێندنه‌وه‌یان بكه‌نه‌وه‌!

بێزراو، وه‌كو هه‌ر مرۆڤێكى ڕۆژهه‌ڵات

ده‌ست ده‌خه‌مه‌ نێو هه‌ناسه‌كانى شپرزه‌ییم و به‌ر چه‌ندین وێنه‌ى نائومێدى ده‌كه‌وم!

نائومێدى ده‌نگى نییه‌، گه‌ر ده‌نگى هه‌بوایه‌ ئێستا ده‌مێكبوو كاس ببووم!

تۆ چۆن ته‌فسیرى ئه‌م وێنه‌ ڕه‌شانه‌ ده‌كه‌ى؟

به‌پێى لێكداوه‌كانم بۆ حیكمه‌ته‌كانى بێده‌نگى...

سه‌رم شۆڕه‌و توانام نییه‌ بجه‌نگم!

جه‌نگ، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى جوانییه‌كان

جه‌نگ، بۆ كوشتنى هه‌راسانییه‌كانى ڕۆژگار

بۆ گێڕانه‌وه‌ى هه‌ستیارترین پێویستییه‌كانى ڕێگاكه‌

جه‌نگ، له‌پێناو خللۆرنه‌بوونه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان!

سه‌رم شۆڕه‌و ده‌ماخم ژورێكى بۆگه‌نى بچوكه‌،

به‌بۆنى پیساییه‌كانى ناوه‌و ده‌ره‌وه‌م كاسم!

لاشه‌م پاشماوه‌ى جه‌نگێكى شكستخواردووى گێله‌كانه‌!

گه‌نجینه‌ى بیره‌وه‌رییه‌ وێنه‌ییه‌كانم، بۆمب، فیشه‌ك، مرۆڤى كوژراو

ته‌ق...ته‌ق...ته‌ق...ڕمب...ڕمب...جه‌نگ.

ئێمه‌ مرۆڤگه‌لێكى تۆراوین له‌ ژیان!

له‌نێو بۆشایی ئه‌و زه‌وییانه‌دا تۆوكراین، كه‌ جه‌نگه‌كان كێڵایان!

ئێمه‌ به‌ باروت و دوكه‌ڵ گه‌شه‌مان كرد!

دۆش دامه‌مێنه‌، به‌دیار دێڕه‌كانمه‌وه‌!

منێك، به‌خوێنى برینه‌كانى ڕۆژگار ئاودرابم

منێك، به‌ناڵه‌ى دوورهاوێژه‌كان گوێچكه‌كانم كرابێتنه‌وه‌

منێك، به‌لاشه‌ى بێ ده‌ست و قاچ و بێ سه‌ر چاوم به‌ دیمه‌نه‌كانى ڕۆژگار هه‌ڵهێنابێ،

ده‌بێت چۆن شیعرێكم تێدا له‌دایك ببێت؟

 

هه‌ناسه‌ى دووهه‌م:

شۆسته‌یه‌ك برینى نه‌خۆشییه‌كم تێدا ده‌ئافرێنێ!

له‌نێو زه‌مبیله‌ى كۆكردنه‌وه‌ى مه‌راقدا... ده‌گه‌م به‌ بێناموسترین تاریكى!

ده‌مه‌وێت، له‌ناو شیعرێكى ماندوودا... پێناسه‌كانى ئازار، له‌ دێڕه‌كاندا كۆبكه‌مه‌وه‌و

ئومێدێك، له‌نێو شۆسته‌كانى بریندا بڕوێنم!

من دێڕێكى بێتاقه‌تم...

ده‌مه‌وێ بازێك به‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا بده‌م و بگه‌م به‌تۆ (ئۆرانۆس)!

بگه‌م به‌دواین له‌زه‌ته‌كانى پیاسه‌كردن، به‌ میهره‌بانییه‌كانى ته‌نهاییت!

ڕێگه‌م پێبده‌ (ئۆزۆن) چێژ له‌ سه‌ره‌ڕۆییه‌كانى ئاده‌میزاد ببینم!

به‌دواى به‌شه‌ دزراوه‌كانى ئاره‌زوومدا بگه‌ڕێم،

به‌ناو تۆدا نه‌فره‌ت له‌م قه‌ره‌باڵخییه‌ بكه‌م!

ڕۆیشتن، به‌نێو ڕێڕه‌وه‌ سه‌ره‌كییه‌كانتدا بۆ بیرهێنانه‌وه‌ى حه‌سره‌ته‌!

ده‌رچوون له‌م ته‌پۆڵكه‌ ناموباره‌كه‌، به‌ یاسایی هه‌ڵه‌یه‌كه‌؛ یه‌كسانه‌ به‌ئێستاى ژیان!

ڕاكردن له‌ ماندوویه‌تییه‌كانى شار، هه‌مدیسان هه‌ڵواسینى برینه‌كانه‌، به‌ زه‌مینێكى دیدا!

ڕێگام پێبده‌ (ئۆزۆن)، با به‌چارۆكه‌ى پڕ له‌گریانه‌كانمه‌وه‌ هه‌ڵبێم!

با به‌ ئیمانه‌وه‌... ئه‌م بێ ئیمانییه‌م به‌ره‌و چۆڵه‌وانییه‌كانى پاكبوونه‌وه‌ به‌رم!

ئۆرانۆس... گه‌نجینه‌ى چاوه‌ڕوانى شیعرێكى بێ له‌زه‌ته‌!

گۆڕێكه‌ بۆ ناشتنى بێده‌نگی و ئه‌و مردنانه‌ى له‌نێو خودى ژیاندا به‌رجه‌سته‌م كردن!

مردن... مردن... مردن...

له‌ حه‌سره‌ت ئه‌و مرۆڤانه‌ى، به‌ ته‌بیعه‌ت نه‌وه‌ى (هیلیۆمن)و پڕن له‌ نازناو

له‌ حه‌سره‌ت ئه‌و هێڵانه‌ى نامگه‌یه‌نن به‌ وشكانییه‌كانت!

مردنم، له‌ حه‌سره‌ت كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامى ڤایرۆسه‌كان!

ئۆرانۆس... من، له‌ پانتاییه‌كانى ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ وه‌ڕه‌سم

باله‌تۆدا چێژ له‌ رۆژمێرى ساڵه‌كان وه‌رگرم!

با له‌تۆدا بچمه‌وه‌ سه‌ر ته‌قه‌لاى ڕۆمانسییه‌ت!

گه‌ر له‌ناو باڵه‌خانه‌كانى زه‌میندا به‌رده‌وامبم

ئارامیم، له‌ داڕشتنه‌كانى وه‌ڕیندا ده‌پسێت!

پڕ به‌به‌رى ناوه‌وه‌ى مرۆڤه‌كان دێڕه‌كانم ده‌دوورم!

به‌ حه‌زه‌ شاراوه‌كانى ئاده‌مدا دێمه‌خوار!

ئۆرانۆس... من خراپ كه‌وتوومه‌ته‌ نێو ئه‌م نه‌خشه‌یه‌

خراپ له‌دایكبووم... خراپ هه‌ستم به‌لێكدانه‌وه‌كانى زمانكرد!

خراپ ژیام... خراپ.


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە