Adonis1.jpg

گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکم؛ کتێبێکی چێژبەخش و بەسوود

ئیدریس عەلی

بابەتی ئەم کتێبە (گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکمدا)گفتوگۆیەکی درێژی ئەدەبیی و هەمە لایەنە کە (نینار ئیسبەر)ی کچ، لەگەڵ گەورە شاعیر و بیرمەندی عەرەب (ئەدۆنیس)ی باوکیدا ئەنجامی داوە، ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی بەسەلیقە (هیوا قادر) بە شێوەیەکی جوان و سرەنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

گرنگیی ئەم کتێبە و گفتوگۆ و پرسیار و وەڵامەکانی نێوی، لە کۆمەڵێک ڕووەوە بۆ خوێنەری کورد گرنگە، لە ڕوویەکەوە ئێمە لەبەردەم شاعیر و ڕووناکبیرێکی ناودار و بیرتیژ و ئازا و ڕەخنەگرێکی گەورەداین لە کولتوور و شارستانییەت و کۆمەڵگەی عەرەبی، ئەدۆنیس پێچەوانەی بەشێک لە شاعیران و بیرمەندانی عەرەب کە شانازی بە پێگەی سیاسی و کولتووری و ئابووری و ئایینی ئەدەبیی خۆیانەوە دەکەن، ئەم بە قووڵی و ڕیشەییانە چەمکەکانی سیاسەت و ئایین و ڕۆشنبیری و پێگەی دونیای عەرەبی ڕەخنەباران دەکات و تورەیە لە بەها و دابونەریتەکایان، گرنگییەکی دیکەی ئەم کتێبە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نیناری کچی لەگەڵیدا سازی داوە، کاتێ لە پرسیارەکانی ئەم کچەی ئەدۆنیس ورد دەبینەوە، بەو دەرەنجامە دەگەین کە خاوەنی باگراوندێکی ڕۆشنبیریی هەمەلایەنە و لە قوڵاییەوە ئەو پرسیارانە دەوروژێنیت کە زۆرترین پرسیاری خەڵکین و لە ناخیشەوە خەزنە دەوڵەمەند بە زانیاری و فیکر و ڕۆشنبیرییەکەی ئەدۆنیسیش دەوروژێنن، بۆ ئەوەی قووڵتر وەڵام بداتەوە و لە وەڵامەکانیشدا زۆرترین زانیاری پێشکەش بە خوێنەر بکات، پرسیاری ورد لەسەر بابەتی گرنگ و هەستیار، کە مەگەر تەنها ڕووناکبیرێکی ئازا و بەهەڵوێستی وەک ئەدۆنیس جورئەتی هەبێت بەو ڕاکشاوی و ئازادییەوە وەڵایان بداتەوە، دواجار بە مکوڕییەوە دەڵێم کە گرنگییەکی دیکەی ئەم کتێبە، بۆ خودی وەرگێڕ (هیوا قادر) دەگەڕێتەوە کە زۆر بەرپرسیارانە و بە کوردییەکی جوان و بێ گرێ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و هێندی تر وتووێژەکەی بەچێژ کردووە.

چاوپێکەوتن و وتووێژەکە کراوە بە چەند بەشێکەوە و هەر بەشێکیش ناونیشانێکی سەربەخۆی بۆ دانراوە، لەوانە جگە لە پێشەکییەکەی نینار: (هەمیشە گەنج، من ئەوەم کە هەم، دڵی من هی باوکمە، لیمۆی مەحرەم، ئەمە دنیای پیاوی پیاوی پیاوە، چیتر خۆشم ناوێیت، بەردی قامیش، ڕاسیست، پلیکانەیەک بۆ بەهەشت، پاڵەوان.)

لە سەرەتای پێشەکییەکیدا نینار باس لەوە دەکات کە ئەوەی وای لێ کردووە ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکیدا بکات، پەیوەندیی بەوەوە بوو کە خۆی پێویستی بەوە بووە بیناسێت! ڕەنگە پرسیاری هەر خوێنەرێک لەم قسەیەی نیناردا ئەوە بێت کە: داخۆ مەبەستی چی بێت لە ناسینی باوکی؟ ئایا ناسینەکە وەک باوکێکی ئاسایی نێو خێزان و کۆمەڵگەیەکی نەریتییە، یاخود فیگۆرێکی گەورەی نێو دونیای ڕۆشنبیرییە و گەرەکییەتی لە ڕەهەندەکانی تێبگات؟ ئەدی ئەو ئاوێنە کامەیە کە دەیەوێت تیایدا ئەدۆنیسێکی جیاواز و نوێ بناسێت و ئاشنا بێت بەو دونیایەی کە پێشتر وێڕای خوێندنەوەی کتیبەکانی و نزیکیی فزیکی لێیەوە، پێی ئاشنا نەبووە؟ بێگومان پرسیار فاکتەرێک و ڕەگەزیکی بنچینەیی بونیادنانی هەر جۆرە وتووێژێکی کاریگەرە، چ ئەدەبی و چ سیاسی و فیکری، لێ مەرجە بزانرێت کێ پرسیار دەکات و چی دەپرسێت و کێ وەڵام دەداتەوە؟ کتومت لەم کتێبەدا بە زۆر شت دەگەین، ناسینی ئەدۆنیسێکی نوێ و ئاشنابوون بە دونیایەکی جیاوازتری بۆ کچەکەی، بۆ ئێمەش وەک خوێنەر لە ئاکامدا ناسین و ئاشنابوونێکی نوێیە و لەگەڵ ڕەوتی وتووێژ و پرسیارە ورد و وەڵامە قووڵەکاندا، ئێمەش سیخناخ دەبین لە چێژ و زانیاری و ڕۆشنبیری، چونکە وەک ئاماژەم پێدا، نینار دەستی پرسیاری بۆ قووڵترین و پەنهانترین بەشی ناوەوەی باوکی بردووە و سەری سندووقی ڕۆشنبیری و زانیاری و دونیابینییە فراوانەکەی ئەدۆنیسی بۆ کردووینەتەوە.

ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێین نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێنەری وشیار و تامەزرۆی کورد، تا ئەندازەیەک، دووراودوور چەند ڕەهەندێک لە دونیای ئەدەبی و فیکری و ڕووناکبیریی ئەدۆنیس تێگەیشتووە و ئاشنایە بە بۆچوون و تێزە فیکری و دیدگا تازەکانی بۆ دیین و ئەدەب و کۆمەڵگە، هاوکات هەندێک لەو شیعرانەشی کە لێرەولەوێ وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، خوێنەری تووشی جۆرێک لە ئەڵها کردووە بۆ ناسینی پتری ئەدۆنیس.

لە ڕاستیدا شیعر و ئەدەب و فیکر، لای ئەدۆنیس، پڕۆژەیەکی جدییە و لەوە دەرچووە لامسەلایی و وەک حەزێکی کاتیی بۆ خۆدەرخستن و خەڵات لێی بڕوانرێت، بابەتی ڕووناکبیری و چەمکی فیکری و توخمە شیعرییەکان لە لای ئەم بیرمەند و شاعیرە گەورەیە، بە جۆرێک چوون بە ناو یەکدا، کە زۆر جار لە شیعرەکانیدا وا هەست دەکەین بە زمانێکی سادە و ڕەوان، بەر چەمک و تێزێکی قووڵی فیکری دەکەوین، هەندێ جاریش لە گوتارە فیکری و مەعریفیییەکانیدا، بەر جۆرە شیعرییەتێک دەکەوین، کە هەم کار لە دڵ و هەم کار لە مەگژیشمان دەکات، لە دونیابینیی ئەدۆنیسدا، جیاکارییەک نییە بە نێوی هێڵی شیعری و چەمک و بابەتە فیکری و ڕۆشنبیرییەکان، لە هەر دوو کایەکەدا بە دونیابینییەکی فراوانەوە بۆ دیاردەکانی دونیای ڕۆژهەڵاتی لانکەی ئەفسانە و ئایینەکان و پاڵەوانسازیی و فریادڕەس و ژیان و مرۆڤ و ئاریشەکان دەڕوانێت، ئەو خۆی لە چەندین جێگەدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە هەموو شاعیرێکی مەزن، ڕووناکبیرێکی مەزنیشە، واتە لای ئەم شیعر و شاعیرییەت پڕۆژەیەکن لە هەناوی ململانێ فیکری و باگراوندە ڕۆشنبیرییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

ئەدۆنیس پێی وایە کە دەبێت نـووسەرە هاوچەرخەکان، پتر پرۆسەی ژیان بکەن و پتر تێبگەن، دەبـێ بەهۆش و ئاوەز چەکدار بن و تێبکـۆشن، لە کاری ئەدەبیدا مرۆڤ لەگەڵ سروشت و لـەگەڵ خـۆی و لەگەڵ دوژمنەکەیـدا ئاشت دەبێتـەوە، بە بڕوای ئەم بیرمەندە مەزنەی عەرەب، کـاری ئەدەبـی دژی توندوتیژییـە، کاتێک دەڵێین شاعیرێک ڕێگەکانـی گوزارشتکردن و دەربڕینی گۆڕیوە، واتە لە بنەڕەتدا ڕێگەی بیرکردنەوەی گۆڕیوە و تێڕوانینـی بۆ شتەکان، تێڕوانینێکی تازەیە و دید و جیهانبینییەکـی نوێ و جیاوازی لـەلا گەڵاڵە بووە.

لە یەکێک لە پرسیارەکانی نیناردا سەبارەت بە دابونەریت، لە ئەدۆنیسی باوک دەپرسێت: پێت وایە بۆچی خەڵکی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا هێندە پابەندی دابونەریتن؟ من پێم وا نییە هەموو دابونەریتێک شایستەی ئەوە بێت پارێزگاری لێ بکرێت، ئەو کەسانەشی خۆیان بە دابونەریتەوە نووساندووە، هێندە کامڵ نین کار بۆ دواڕۆژ بکەن و… هتد.

لە وەڵامی ئەم پرسیارە بۆچوونئاسایەی نیناردا، ئەدۆنیس پێی وایە لەناو مێژووی عەرەبیدا، زۆر شۆڕش ڕوویان داوە، تاکو ئێستاش لەو جۆەرە شۆڕشانە ڕوودەدەن: بێگومان بەشێک لەو یاخیبوونە بچووکانە، یاخود ئەو ڕاپەڕینانە ئامانجێکیان هەبووە، بەڵام دواتر ئیسلام ئەو تەفسیرە جیاوازانەی بۆ کردوون کە خۆی وتسوویەتی و… هتد…!

 من لێرەدا پێمخۆشە خوێنەر خۆی، بە تەواوی ئاوەز و ئامادەیی خۆیەوە بچێتە ناو کتێبەکە و وتووێژەکە بخوێنیتەوە، بێگومان سەرجەم پرسیارەکان و وەڵامەکان گرنگن بۆ خوێنەری کورد و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاریمان، سەبارەت بە چەمکی ئەدەب و فیکر و ئایین و نەریت و خێڵ، پرسیارەکان بە جۆرێک وروژێنەرن، کە ئەدۆنیس ناچار دەکەن بڕێک زیاتر پێداگریی لە بەخشینەوە و پێدانی زانیاری بکات بە خوێنەر، ئەو زانیاریی و ڕۆشنبیرییەی لە زاری ئەدۆنیسەوە لەم کتێبەدا بەری دەکەوین، بەرەنجامی خوێندنەوەی قووڵ و بەردەوام و تێڕامانی ئەون بۆ ژیان و مرۆڤ و دیاردەکان.

هەوڵم داوە لەم کورتە نووسینەدا، لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگە بخەمەڕوو، ئەمەش وەک هاندانێک بۆ ئەوەی خوێنەر و نووسەر و ڕۆشنبیری کورد، خۆیان لە خوێندنەوەی چێژبەخش و پڕ لە زانیاریی ئەم کتێبە بێبەش نەکەن.


ئەم بابەتە 57 جار خوێندراوەتەوە