Hawraz.jpg

نامۆبوونی تاک و ململانێی چینایەتی لە فیلمی (Modern times)ی چاپلندا بەتێگەیشتن لە تێزەکانی کارل مارکس

هەوراز محەمەد- سلێمانی

پێشەکی:

لە چوارچێوەی بیری ئابووریی سیاسیدا، لای کارل مارکس و بەپێی ئەو زمان و ڕێسایانەی دای ڕشتوون لەبارەی خاوەنێتیی تاکەکەسی و جیاکاری لە نێوان کار و سەرمایە و زەوی لە لایەک و کرێ و قازانجی سەرمایە و بەدەستهێنانی زەوی لە لایەکی ترەوە، هەروەها لە دابەشکردنی کار و کێبڕکێ و چەمکی بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهای به‌كاربردن و سەرجەم ئەو پرس و باسانەی تر کە لەم چوارچێوەیەدا خراونەتە ڕوو. لەسەر بونیادی ئابووریی سیاسی، ئەوەی وا دەکات کرێکار وەک مرۆڤ بەهای بێتە خوار بەهای کاڵاوە، ئەوەی وا دەکات پێگەی مرۆڤ وەک کرێکار دابماڵرێت لە هەست و لە هەموو ڕەهەندە مرۆییەکانی تر و هیچ نەبێت جگە لە برغوویەکی بچووکی مەکینەیەکی گەورە، هەر ئەمەشە لە شوێنێکی تردا دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەبێتە هۆی گەورەتربوونی ئەو کەلێنەی نێوان چینی سەرمایەدار و چینی کرێکاران و هەژارانی بێکار و بێزەوی. دیسان دەبێتە مایەی جیاکارییەکی گەورە لە نێوان کۆمەڵگەدا و دابەشبوونی بەسەر دوو چینی نابەرابەردا: چینێکی کەمینەی خاوەن سەرمایە و زەوی، چینێکی زۆرینەی کریکار کە جگە لە هێزی بازوو، خاوەنی هیچی تر نییە.

لیرەشەوە قسە دێتە سەر خاوەنێتیی تایبەت و سەرچاوەکانی دابەشکردنی کار و سەرمایە و سەرمایە و زەوی، کە دەبێتە هۆی دڕاشتن و دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان کرێ و قازانج، بە مانایەکی دیکە، دەبێتە مایەی داڕشتنی جۆری پەیوەندیی کرێکار و سەرمایه‌دار و کۆی پرۆسەکەش بە شێوەیەکی زۆر نابەرابەر دەچێتەوە خزمەتی چینی سەرمایەدار. بەڵام هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە کێبڕکێ لە هەموو شوێنێکدا، و وەک دەرکەوتەیەکیش خۆی دەنوێنێت. وەک دەرکەوتەیەکی ڕاستەقینە خۆی نیشان دەدات، بەڵام ڕەوڕەوە ڕاستەقینەکانی بزوێنەری ئەم ئابووریی سیاسییە، ویستی زۆرە بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و شەڕی نێوان ویست و کێبڕكێ و ململانێیە.

هەر لەم سۆنگەیەشەوەیە دەتوانین لە پەیوەندیی جەوهەریی نێوان خاوەنێتیی تایبەت، تینوێتی بۆ کەڵەکەکردنی سامان، جیاکاری لە نێوان کار و سەرمایە و خاوەنێتیی زەوی، بەرامبەربوونەوە و کێبڕکێ و ململانێ، بەها باڵاکان و کەوتنی بەهای مرۆڤ تێ بگەین کە لە کۆتاییدا بەم تێگەشتنانە دەتوانین لە نامۆبوون تێ بگەین. تا كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌ زیاتر بێت، هه‌ژارییش زیاتر ده‌بێت؛ تا هێزی بەرهەمهێنان بە‌‌هێز بێت، لە لایەکی ترەوە کرێکاریش دەبێتە کاڵایەکی هەرزان. تا بەرهەمهێنانی کاڵای بەهەمهێنراوی دەستی کرێکار خۆشی زیاد بکات، دەبێتە کاریگەرییەکی پێچەوانە لە دابەزینی بەهای مرۆڤایەتی خۆی، بەم پێیە، کار تەنها کاڵا بەهەم ناهێنێت، بەڵکو خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و لەم دۆخەشدا کرێکار خۆشی جارێکی تر دەبێتەوە بە کاڵا و هەمان کار دەکات کە کاڵا دەیکات بە گشتی.

ئەم ڕاستییەش بەدی نایەت کاتێک نەبێت کە ئەوەی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کار، بەر شتێکی نامۆ دەکەوێت، هێزی سەربەخۆی بەرهەم – کاڵا. بەرهەمی کار، کار وەک دۆخێکی مەعنەوی، بەرهەمێکی مادیی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەشە کار دەکات بە بابەت. هەر ئەم بابەتی کاڵا و کارە، دۆخێکی جیاواز دروست دەکات لە ڕەوشی ژیانی کرێکار، بۆیە بەهەمهێنراو (کاڵا) لە ڕۆڵی خۆی دەردەچێت و دەبێتە بابەت، کرێکاریش دەبێتە کۆیلەی بابەتەکەی خۆی بەرهەمی هێناوە، ناتوانێت خاوەنێتیی بکات، بە جۆرێک، تووشی دابڕانێکی قووڵ دەبێت لە نێوان خۆی و کاڵا و کارەکەیدا و ئەمەش دەبێتە هۆی نامۆبوون.

بەم پێیە، لە چوارچێوەی باسکردنی ئەم بابەتەدا و بە تێگەیشتن لە شیکارییەکانی کارل مارکس بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان و کار و کرێکار و سەرمایە و کاڵا، هەوڵ دەدەین لەم بابەتەدا بە خوێندنەوە و شیکردنەوەی ناوەڕۆک، شاکارێکی هونەری جیهانی شیکاری بکەین و لە ڕێی فیلمی (مۆدێرن تایمز – سەردەمی نوێ) چەمکی نامۆبوون، ململانێی چینایەتی، هۆشیاریی ساختە و هۆشیاریی ڕاستەقینە، هەستکردن بە نامۆیی و کردەی شۆڕش لێک بدەینەوە و لەژێر ڕۆشنایی بیرکردنەوەی مارکسدا فیلمەکە ڕاڤە بکەین، هەروا بە جۆرێکی تریش، فیلمەکە دەبێتە بیانوویەکی باش بۆ تێگەیشتن لە تێزەکەی مارکس لەم بوارەدا.

 

کێشەی بابەت:

مەبەست چییە لە نامۆبوون؟ دۆخی ژیانی کرێکار لە ناو کارگە و پیشەسازییە زەبەلاحەکاندا چۆنە؟ سەرمایەداری چییە و خاوەنێتیی تایبەت چۆن زەوی و کارگە و کرێکاریش دەکات بە هیی خۆی؟ چۆن تا کەڵەکەبوونی سەرمایە هەبێت، کاڵا زیاد دەکات و توانای بەکارهێنانی کاڵا لای کرێکار کەم دەکات؟ کرێکار چۆن لە خۆی نامۆ دەبێت؟ چۆن لە شوێنی کار نامۆ دەبێت؟ چۆن و بۆچی لە بەرهەمەکەی دەستی خۆی نامۆ دەبێت؟ لە کوێدا کرێکار هەستی نامۆبوونی بۆ دروست دەبێت؟ چۆن هەستی نامۆبوونی کرێکار مەرجە بۆ هۆشیاربوونەوە؟ هۆشیاریی ڕاستەقینەی ناسینی دۆخ چۆن پاڵ بە کرێکارەوە دەنێت بۆ ناڕازیبوون؟ ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی چییە؟ کۆمەڵگە لە چ دۆخێکدایە؟ چی دەبێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی تاک چییە؟ بە تێڕوانینی مارکس، بۆچی هەندێک لە گرووپەکان بەهێزترن لە هەندێک لە گرووپەکانی تر؟

 

ئامانجی بابەت:

ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم بابەتە، کارکردنە لەسەر مەسەلەی هۆشیاربوونەوەی کرێکار لە دۆخی خۆی و هەستکردن بە نامۆیی. هەوڵدانێکی سادەیە بۆ تێگەیشتن لەو مێژووەی تێیدا لە سەرەتاکانی ده‌رکەوتەکانی دونیای دوای شۆڕشی پیشەسازی و کەڵەکەبوونی سەرمایە و دروستبوونی کارگە گەورەکان و فراوانبوونی شارەکان و تەقینەوەی دانیشتوان و دەستگرتنی کەمینەیەک بەسەر زەوی و سەرچاوەکانی داهاتدا و مانەوەی زۆرینە وەک کرێکار و چینی پرۆلیتاریا. ئامانجی بابەتەکە تێگەیشتنە لە دۆخی کۆمەڵگە لە دۆخی ستاتیک و داینەمیکدا، ناسینی دۆخی ململانێی چینایەتییە، هەموو ئەمانەش بە تێڕوانینی کارل مارکس. هەر لەم تێگەیشتنەشەوە، ئامانجی بابەتەکە تەرکیزکردنە لەسەر چەمکەکانی (سیستمی سەرمایەداری، جیاوازیی چینایەتی، هۆشیاریی چینایەتی، نامۆبوون لە کاڵا، نامۆبوون له‌ سیستەمی سەرمایەداری، نامۆبوون لە خود، نامۆبوون لە کۆمەڵگەی مرۆیی و لە چەشنی مرۆییش، ململانێی چینایەتی و کردەی شۆڕش)، لە کۆتاییشدا، ئامانجی بابەتەکە جۆرێک لە ڕاڤەی ئەم پرس و دۆزانەیە لە چوارچێوەیەکی دەرەوەی تیۆری خۆی، بەڵکو دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەکانی تیۆرییەکەیە لە بەرهەمێکی هونەریدا، ئەویش فیلمێکە.

 

گرنگیی بابەت:

ڕەخنە لە کۆمەڵگە، ڕەخنە لە مێژوو، ڕەخنە لە دۆخی سەپێنراو و باو، ڕەخنە لە سەرمایەداری، هەموو ئەمانە پێکەوە دەتوانن دەروازەیەکی نوێ بۆ بیرکردنەوە بەرهەم بهێنن؛ بیرکردنەوە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی، بیرکردنەوە لە چاککردنی دۆخی کرێکار، لە سەروو هەمووشیانەوە، خەونبینین به‌ گۆڕانه‌وه‌، خەونبینین بە دونیایەکی باشتره‌وه‌ کە تێیدا مرۆڤ نابێت بە کۆیلەی کاڵا، کۆیلەی پارە. گرنگیی ئەم تێزانەی مارکس و لە چرکەساتەکانی خۆیدا، وەک هەڵوێستێکی زانستی و وەک ڕابوونی مرۆڤی هۆشیارە بەرامبەر بە ترسناکیی ئەو ساتانەی مرۆڤایەتی تێیدا دەژیا. هەر لەم سۆنگەیەوە، ئامادەکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ تێگەیشتنە لەو سەردەمەی هێشتا خێوی سەرمایەداری بەم جۆرەی ئێستا دونیای قووت نەدابوو، بەڵام بیرمەندێکی گەورەی وەک مارکس دێت و مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینمان نیشان ده‌دات، چرایەک دەداتە دەست مرۆڤایەتی و پێی دەڵێت هەست بە نامۆبوونی خۆت بکە، تا ئەم هەستە نەکەیت، هۆشیاریی چینایەتی دروست نابێت و ناتوانیت کار بۆ گۆڕینی دونیاکەت بکەیت. هەر لێرەشەوەیە گرنگیی تێزەکە لە شوێنێکی تریشدا خۆی مانیفێست دەکات، کاتێک تێزەکە وەردەگێڕرێتە سەر زمانی سینەما و هەمان تێڕوانینەکانی مارکس بە هەندێک تێڕوانینی موئەلیفانەی دروستکەری فیلمەکەشەوە (چاپلن) دەتوانین لە فیلمەکەوە بخوێنینەوە..

 

بەشی یەکەم:

نامۆبوون و هۆشیاریی چینایەتی

بە تێگەیشتن لە سیستمی سەرمایەداری و دروستبوونی چینایەتیی کۆمەڵایەتی

وێڕای ئەوەی بۆچوون و تێزەکانی کارل مارکس، بیرمەندی گەورەی ئەڵمانیا و جیهان (١٨١٨ - ١٨٨٣)، لەمەڕ پرسەکان ئاڵۆزن و بەپێی دۆخ و کاتەکان بەرەو تەواوکاری و هەندێك جاریش دەربڕینی جیاوازیش ڕۆیشتوون، ئەمە جگە لەوەی ڕەنگە زۆرترین کەس لەبارەی بۆچوون و تێڕوانینەکانیەوە قسەیان کردبێت و لێکدانەوەیان نووسیبێت، هەروەها بە جۆرێک، بیری چەپی شۆڕشگێڕ و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە بیرەکانی ئەوەوە هاتوونە دەر، جا بە ڕاستەوخۆ خوێندنەوەی تێزەکانی مارکس خۆی یان خوێندنەوەی ئەو ڕاڤانەی بۆ دەقەکانی کراون و ئەو بیرکردنەوە سیاسییانەی لە بیرکردنەوەکانی ئەوەوە هەڵهێنجراون، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی نەتوانین خودی خۆی و بۆچوونەکانی ببینین. ڕەنگە ڕاستترین ڕێگەش بۆ گەیشتن بە خودی تێڕوانینەکان، گەڕانەوە بێت بۆ دەقە ڕەسەنەکان و بە زمانی نووسراوی خۆی، ئەمەش بۆ ئێمە و لەم قۆناغەدا کارێکی قورسە و بۆیە بە ناچاری پەنا دەبەینەوە بۆ هەندێک لەو سەرچاوانەی لەسەر ئەم پرسەیان نووسیوە و لێکدانەوە و بیرەکان بە یەکتر بەراورد دەکەین و دەقەکان و تێگەیشتنەکان لەم بارەیەوە شرۆڤە دەکەین بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە و داڕشتنەوەی لەم باسەدا.

پرسی ئەم باسە (نامۆبوون)ـە، نامۆبوون لە تێڕوانینی مارکسەوە، چونکە چەمکەکە بەر لە مارکس، بیریارانی تریش خوێندنەوەیان بۆ کردووە و بۆچوونی خۆیان لەبارەیه‌وە دەربڕیوە. لە ڕووی مێژووییەوە، نامۆبوون ڕیشەی دەچێتەوە سەر ئایینە گەورەکانی وەک جووله‌كایه‌تی و کریستیانیتی، لەوێدا نامۆبوون بە مانای پچڕانی پەیوەندیی مرۆڤ دێت بە خوداوە. بەڵام لە مێژووی نوێدا بیرمەندانی ڕۆشنگەری (ڕۆسۆ و گۆتە و فیختە) و کەسانی تریش لەبارەیەوە نووسیویانە. لە کتێبی فەرهەنگی ڕەخنەیی کۆمەڵناسیدا کە (ڕیمۆن بۆدۆن و فرانسوا بۆریکۆ) ئامادەیان کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە کە مێژووی نوێی نامۆیی لە ژان ژاک ڕۆسۆوە دەست پێ دەکات و سوودی لە بڕگەیەکی پەیمانی کۆمەڵایەتیی ڕۆسۆ وەرگرتووه‌، "ئەم مەرجانە، واتە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی، هەموویان لە یەک مەرجدا کۆ دەبنەوە، ئەویش ئەوەیە: هەر ئەندامێکی کۆمەڵ بتوانێت هەموو مافەکانی ڕادەستی کۆمەڵگه‌ بکات، دەبێ ئەو ڕادەستکردنە به‌بێ مەرج و کۆتوبەند بێت، یەکێتییەکی هەر ئەوەندە تۆکمە و بێکەلێنە کە ڕادەستکەری تەواوی مافەکان بێت، بەو پێیە، هیچ ئەندامێک هیچی نییە دەری ببڕێت، هەر کەس بە ڕادەستکردنی خۆی بۆ هەموان، خۆی بە هیچ کەس نابەخشێت. هەر یەکێک لە ئێمە خۆی و تواناکانی ڕادەستی بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی دەکات."[1]

هەرچەند تێزەکەی ڕۆسۆ ئایدیاڵییە و بەسەر هیچ کۆمەڵگەیەکدا نەچه‌سپیوە، بەڵام دۆزی دەستبەرداربوون لە مافە تاکەکەسییەکان لەپێناو مافی گشتیدا، بە تایبەت لەو کەسانەدا کە خاوەنی خاوەنداریی تایبەتن، ئەمە دەبێتە مایەی زەوتکردنی موڵکایەتی. بەم جۆرە، هەر بیرە و لە تێڕوانینی خۆی و جۆری دیدگاکەی بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگە قسەی لەسەر پرسی نامۆبوون کردووە، بەڵام ڕەنگە هیچ کەس هێندەی مارکس لەسەر ئەم پرسە جدی نەوەستابێت و بە سەنتەری نەگرتبێت. "لە ڕاستیدا، چەمکی نامۆیی بووه‌تە یەکێك لە چەمکە سەرەکییەکانی کۆمەڵناسیی نوێ، هەرچەندە چەمکەکە لە بنەڕەتدا قەرزباری نووسینەکانی هیگڵە، بەڵام لە نووسینەکانی مارکسەوە مانای ڕەخنەیی ڕوونی وەرگرتووە، بەو پێیەی مارکس - لە نووسینە بەراییەکانیدا، ئەم چەمکەی بۆ وەسفکردن و ڕەخنەی دۆخی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ وه‌رگرتووە کە لە سایەیدا دەژی، ئەو دۆخەی تواناکان لەبارەی بونیادە کاریگەرەکانەوە تێیدا ون دەبن و دەیانگۆڕێتە سەر شتێکی نێگەتیڤ کە ملکەچی هۆکارە دەرەکییەکان دەبن."[2] هیگڵ لە کتێبەکەیدا (فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح) دەشێت یەکەم بیرمەند بێت ئەم چەمکەی تیۆریزە کردبێت و واتایەکی پەتیی پێ دابێت. بە بڕوای هیگڵ، مرۆڤ بەردەوام لە چییەتیی خۆی دەردەچێت و خۆی ناناسێت، مەگەر بە ئەنجامی ئەو کارانە نەبێت کە لێی جودا بووه‌تەوە. مێژووی مرۆڤایەتی یاخود مێژووی (ڕۆح) هیچ نییە، جگە لە نامۆبوونگەلێکی ناچاری و بەدواییەکداهاتوو کە پێیدا تێ دەپەڕێت. نامۆبوون قۆناغێکی گرنگە تێیدا فیکر گوزارشت لە خۆی دەکات و پاشان تێی دەپەڕێنێت. ناوەڕۆکی مرۆڤایەتییش لە کۆتایی مێژوودا ئەو نامۆبوونانە دیاری دەکات کە مرۆڤی پێدا تێ پەڕیوە.

دکتۆر محەمەد کەمال لە پێشەکیی کتێبی نامۆیی نووسەر (غیاث الدین نقشبندی)دا لەبارەی کاریگەربوونی بیری مارکس بە بیری هیگڵ، بە تایبەتی سوودوەرگرتن لە چەمکەکانی ئەو، بەڵام پێدانی ڕەنگێکی جیاوازتر لەوەی پێشتری، نووسیویەتی: "مارکس لە تەمەنی لاوێتیدا خۆی بە یەکێک لە هیگڵییە چەپەکان دادەنا و لەژێر کارتێکردنی هیگڵدا بیری دەکردەوە، ئەمەش ئەوە ناگەیه‌نێت مارکس لاریی لە بۆچوونە ئایدیالیستییەکەی هیگڵ نەبووە، هاوڕانەبوونی لەگەڵ هەڵوێستی ئایدیالیستانەی هیگڵدا هانی داوە ڕێبازێکی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێت و زیاتر خۆی لە واقعەوە نزیک بکاتەوە؛ مارکس، وەک هیگڵ، نامۆیی بە حاڵەتێکی میتافیزیکی و پێویست دانانێت و هەروەها بۆ هەموو دابڕان و جیابوونەوەیەکیش لە ناو تۆڕی نامۆبووندا خۆی گیر ناکات."[3]

ئاشکرایە چەمکەکە زیاتر لە قۆناغە بەراییەکانی تێزەکانی مارکسدا ئامادەیی هەیە، ئەو سەردەمەی پێی دەوترێت (قۆناغی مارکسی گەنج)، بە تایبەت لە کتێبەکانی (دەستنووسەکان - ١٨٤٤) و (ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی - ١٨٤٥) و (سەرمایە)دا، چەمکەکە خراوەتە ڕوو. مارکس بە جۆرێک ئەم چەمکەی خستووه‌ته‌ ڕوو کە بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆرترین گفتوگۆی فیکری و ئایدیۆلۆژیی لە سەدەی بیسته‌مدا لێ بکەوێتەوە. لە کتێبی دەستنووسەکاندا و لە وتاری (کاری بێگانەبوو - estranged labour)دا، لە دەستپێکدا دۆخی هۆکاریی دروستبوونی نامۆیی بە پەرەگرافێک شی دەکاتەوە "لە پیشەکییە لۆجیکییەکانی ئابووریی سیاسییەوە دەستمان پێ کرد، زمان و ڕێساکانمان قبوڵ کرد، گریمانەی موڵکایەتیی تایبەت، دابڕانی نێوان کار و سەرمایە و زەوی و نێوان کرێ و سوودی سەرمایە و کرێی زەویمان کرد – وەک چۆن گریمانەی دابەشکردنی کار و کێبڕکێ و چەمکی بەهای ئاڵوگۆڕمان کرد.. لەسەر بنەمای خودی ئابووریی سیاسی و بە هەمان دەستەوشەکانی ئەو، ئەوەمان ڕوون کردووه‌تەوە کرێکار دادەبەزێت بۆ ئاستی کاڵا، بگرە لە ڕاستیدا غەمگینترین جۆری کاڵا، ئەم غەمگینییەی کرێکار لە گونجانێکی پێچەوانەدایە لەگەڵ هێز و قەبارەی بەرهەمهێنانەکەیدا. دەرەنجامە حەتمییەکەی کێبڕکێش کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لە دەستی ژمارەیەکی کەمدا، دواتریش گەڕانەوەی پاوانخوازییە لە فۆرمێکی تۆقێنەردا. دواجار، جیاوازیی نێوان کشتکاری زەوی و کرێکاری کارگە نامێنێت. سەرجەم کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەش دەبێت: موڵکدارەکان و ئەو کرێکارانەی هیچیان نییە."[4]

ڕاستە مارکس لە هیگڵەوە چەمکەکە وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر لای هیگڵ چەمکەکە ڕەهەندێکی تیۆریی پەتی هەبێت، ئەوا لای مارکس ڕەهەندێکی مەیدانی و ئاکاریی بەرجەستەی هەیە. نامۆبوون دۆخێکی شازە، بەرهەمی سەرمایەدارییە و پێویستە مرۆڤی لێ ڕزگار بکرێت. نامۆبوون دۆخێکە تێیدا مرۆڤ لە خۆی نامۆ دەبێت و دەشبێت بەرەنگاری ببێتەوە.

ئەو نامۆبوونی بە کرێکارەوە گرێ داوە و پێی وایە نامۆبوون برییتییە لە بەبابەتبوونی مرۆڤ، مرۆڤ لە کاردا دەبێتە بەرهەمهێن و کاڵا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام دواتر خۆی دەبێتەوە بە کۆیلەی بەرهەمەکەی خۆی، بە مانایەکی دی، هەست بە نامۆیی دەکات لە بەرامبەر ئەوەی کە خۆی بەرهەمی هێناوە. نامۆبوونەکە زیاد دەکات لە کاردا کاتێک کارگە و پیشەسازییەکان زیاتر پێش دەکەون و توانستی تاک گەشە پێ دەدەن. بەم جۆرە بوو مارکس نامۆبوونی لە دیاردەیەکی فەلسەفی و میتافیزیکەوە گۆڕی بۆ دیاردەیەکی مێژوویی.

"ئەستەمە بتوانین بیرۆکەی مارکس لەبارەی نامۆییەوە داببڕین لەو دیالۆگە سۆسیۆلۆژییە گشتییەی لە بارەی دابەشکردنی کار و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی خاوەنداریی تایبەت، لە ئارادایە، لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو چینانەدا کە لە ململانێدان لەگەڵ یەک. نامۆیی لە زمانی چەمکسازیی مارکسیدا، حاڵەتێکە دەکرێت بەدی بێت بە هۆی بابەتیبوونەوە، هەروا پەیوەستە بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی جۆرییەوە لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا.."[5]

بەم پێیە، کاتێک کرێکار لە شوێنی کاردا بە شێوەیەکی بەردەوام کار دەکات، کارکردنێکی تاقەتپڕووکێن، هەروەها ئەم کرێکارە ناتوانێت ببێتە خاوەنی هیچ، ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام لێی دەڕوات، وزەکەیەتی و ئەوەی لە بەرامبەر ئەم وزە و هێزی بازووەدا دەستی دەکەوێت، تەنانەت ناتوانێت ئەو کاڵایەی پێ بکڕێت کە خۆی بەرهەمی ده‌هێنێت و ناتوانێت سوودمەند بێت لێی. بەم جۆرە، کرێکارەکان تووشی دۆخێکی دەروونیی تایبەت دەبن کە نامۆییە. بەپێی دابەشکارییەکان، دەتوانین چوار جۆری جیاوازی نامۆبوون لە چوارچێوەی کارگەدا دیاری بکەین:

"یەکەم جۆری نامۆبوون ئەوەیە کە کرێکارەکان لەو کاڵا و شتانە کە دروستی دەکەن، نامۆ دەبن... دووەم جۆری نامۆبوون ئەوەیە کە کرێکارەکان لە سیستمی سەرمایەداریدا لە پرۆسەی داهێنان نامۆ دەبن... سێیەم، لەو بوارەوە کە کرێکارەکان هەم لە کار و چالاکی و پرۆسەی داهێنان و هەم لە کاڵای داهێنراو، نامۆ دەبنەوە، ئیتر جێگەی سەرسووڕمان نییە کە ئەوان لە خۆشیان نامۆ دەبنەوە... چوارەم، لە ئاکامدا کرێکارەکان لە هاوکارەکانی خۆیان و لە کۆمەڵگه‌ی بەشەری، یانی لە چەشنی مرۆییش نامۆ دەبنەوە."[6] گرفتی سەرەکیی ئەم دۆخە لەم تێڕوانینەدا ئەوەیە کە لە چرکەساتێکدا کرێکار لە کاڵاکەی نامۆ دەبێت کە هێزی بەرهەمهێنان زۆر لە سەروو تواناکانی به‌رهه‌مهێنانی بەرهەمەوەیە، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای داهێنان و پیشه‌ بكه‌ین، هەرگیز کرێکار لەو کاڵایەی بەرهەمی دێنێت، نامۆ نابێت، بگرە جۆرە پەیوەندییەکی گەرمیشی له‌گه‌ڵیدا هەیە، بە پێچەوانەوە، کاتێك بەرهەم زیاتر لە قەبارەی ئاسایی زیاد دەکات و کرێکار توانای بەدەستهێنانی نامێنێت و جگە لەوەی دەبێت بە کۆیلەی کار و کاڵا بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە، کە هێزی پارەکە کەمترە لەو بەرهەمەی بەرهەمی هێناوە، ئەوا ئیتر کرێکار هەستی نامۆیی دەیگرێت و لە کاڵا و داهێنان و خۆی و کۆمەڵگەکەشی نامۆ دەبێت.

بەم چەشنە، مارکس کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەی مێژوویی، ئەویش لە ڕێگەی دەربڕینێکیەوە کە پێی وایە ململانێی چینایەتی بزوێنەری مێژووە، بەم پێیەش، کۆمەڵگە لە دۆخی ستاتیکدا نییە و لە دۆخی دینامیکدایە. ململانێی چینایەتییش لە نێوان چینی پرۆلیتاریا و چینی سەرمایەداریدا دەبێت، هەروا لە تێزەکەیدا پێی وایە ده‌بێت کرێکاران هۆشیار ببنەوە لەو دۆخی نامۆییەی تێی کەوتوون. تاوەکو چیتر بەو دۆخە ڕازی نەبن و لە ڕێگەی شۆڕشەوە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەرمایەداری بهێنن و چینی پرۆلیتاریا دەسەڵات بە دەستەوە بگرن و ئیتر ستەمی چینایەتی کۆتایی بێت و کۆمۆنیزم بەرپا ببێت.

بنەمای ئەم گۆڕانکارییانەش، وەک ئه‌وه‌ی نیکۆلا تیماشیف ئاماژەی بۆ دەکات، لە ململانێی چینایەتییەوە سەرهەڵدەدات "مارکس و شوێنکەوتوانی چوارچێوەیەکی دیالەکتیکییان بۆ شیکاریی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی هاوچەرخ داناوە، ئەوەی هەندێک پێی دەڵێن کۆمەڵگەی سەرمایەداری، ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە کە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بۆ بەرهەم لەم کۆمەڵگه‌یەدا کە شۆڕشی پیشەسازی هێناویەتی، لە ناو خۆیدا دەبێت بە دوو چین، چینی بۆرژوازی یان خاوەنی ئامرازه‌كانی بەرهەمهێنان و چینی پرۆلیتاریا یان کرێکاران. ململانێی نێوانیان حەتمییە و لێی لا نادرێت، دەشبێتە هۆی دروستبوونی هۆشیاریی چینایەتی و دواتریش کردەی سەربازیی چینایەتی بۆ لەناوبردنی ڕژێمەکە و دروستکردنی ڕژێمێکی کۆمۆنیستی کە هەڵگری خەسڵەتی خاوەنێتیی گشتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە، لە کۆتاییشدا کۆمەڵگەیکی بێچین و بێدەوڵەت دروست دەبێت."[7]

بەم پێیە، چینی پرۆلیتارییا لە بەئاگاهاتنەوەیدا بە هۆی هۆشیاریی چینایەتییەوە خۆی ڕێک دەخات و لە کۆتاییدا لە ڕێی کردەی شۆڕشەوە دەیەوێت گۆڕانکاری ڕیشەیی دروست بکات. سەرەتای ئەم گۆڕانکارییانەش بە هۆی ململانێی چینایەتییەوەیە.

مەنوچێهری موحسنی لە کتێبی دەروازەکانی کۆمەڵناسیدا دەنووسێت: "لە ڕوانگەی مارکسەوە، چینە کۆمەڵایەتییەکان بەدەر لە ویستی دەوڵەت و مرۆڤەکان دروست دەبن، لەبارەی ئاستی پەرەسەندنەوە، دابەشبوونی کار لە کۆمەڵگه‌دا سەرهەڵدەدات و پەیوەندیی بەڕێوەبەرایەتی و پیادەکردن، وەکو دابەشبوونی نایەکسانیی بەرهەم و دەستکەوتەکانی کار دێنێتە کایەوە. ئەم حاڵەتە کاتێک پەیدا دەبێت کە دەستەیەک لە کۆمەڵگه‌ی مرۆیی بتوانن زیادەی بەرهەم لە تێچوونی بە دەست بهێنن. لە دیدی مارکسەوە، ململانێ بە مەبەستی زیادەی بەرهەمهێنان سەرچاوەی دابەشبوونی چینەکانە."[8] هەر بەم جۆرە بەردەوام دەبێت لە کێشانی نەخشە بیرییەکەی مارکسدا و دێتە سەر ئەو دێڕەی "شۆڕش شتێکی حەتمییە و خەڵکی لە بەرامبەر زۆردارەکان هەر ڕادەپەڕن، سامانی کۆمەڵگه‌ دەگرنە دەست و بۆ سوودی گشتی دووبارە دابەشی دەکەنەوە."[9]

 

بەشی دووەم:

نامۆبوون لە فیلمی "مۆدێرن تایمز"دا

لەم بەشەدا، بەو تێگەیشتنە لە چەمکی نامۆبوون لە دیدی کارل مارکسەوە، شیکارییەک بۆ فیلمی (مۆدێرن تایمز) دەکەین و بە تێگەشتن لەم تێزانە، دیمەن و بیرۆکەکانی ناو فیلمەکە بە ڕێگه‌ی شیکردنەوەی ناوەڕۆک لێک دەدەینەوە.

ناساندنی فیلمەکە:

•                 فیلمێکی ئەمه‌ریکی بێدەنگی ڕەش و سپییە، ساڵی ١٩٣٦ لە لایەن چارلی چاپلنەوە بەرهەم هێنراوە.

•                 چیرۆکی فیلمەکە، تێکۆشانی مرۆڤە لەپێناو ژیانکردن و مانەوە لە سەردەمی گەشەکردنی پیشەسازییە زەبەلاحە نوێیه‌کاندا.

•                 پەیامی فیلمەکە ڕەخنەگرتنە لە دۆخی کار و گوزەران، ئاوڕدانەوەیە لە ژیانی مرۆڤ لە سەردەمی نوێدا.

•                 ساڵی ١٩٨٩ کۆنگرێسی ئەمه‌ریکی ئەم فیلمەی لەگەڵ ٢٥ فیلمی تردا خستە ڕیزبەندی فیلمە نیشتمانییەکانی ئەمه‌ریکاوە، لەبەر بوونی خەسڵەتی کولتووری و مێژوویی و ڕەخنەیی و جوانیناسی.

•                 فیلمەکە لە سەردەمی خۆیدا، لەبەر زمانە توندە ڕەخنەییەکەی، لە لایەن فێستیڤاڵەکانەوە خەڵات نەکرا، ساڵی ٢٠٠٣ لە پەراوێزی فێستیڤاڵی کاندا نمایش کرایەوە.

 

 

 

دیدی کۆمۆنیستییانەی چاپلن:

•                 چاپلن وەک هونەرمەندێکی چەپ لە دونیای هونەردا دەناسرێت. ١٨٨٩ بۆ ١٩٧٧ ژیاوە. هەر بۆیە بە تایبەت ئەم فیلمەی لەسەر بنەما هزرییەکانی کارل مارکس لەبارەی گەشەکردنی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و بەکۆیلەبوونی کرێکار و نامۆبوونی کرێکار و ململانێی چینایەتی دروست کردووە.

•                 زۆرینەی کارەکانی چاپلن، ڕەخنەگرتنن لە سەردەمی مۆدێرن و باس لە جەنگ و هەژاری و نامۆبوونی مرۆڤ دەکه‌ن.

•                 چاپلن لە لەندەن لە دایک بووە، تا ١٩ ساڵی لەوێ ژیاوە و دواتر چووه‌تە ئەمه‌ریکا، ژیانی سەرەتای تەواو لە هەژاری و نەهامەتیدا بووە. ڕەنگە ئەم بەشەی ژیانی چاپلن تەواو نزیک بێت لە ژیانی مارکس، لە ئاوارەیی و ژیانکردنی هەژارانە و ناڵاندن بە دەست دونیای نوێ و دێوی سەرمایەدارییەوە..

•                 لە چلەکانی سەده‌ی بیسته‌مدا، بە تایبەت لە دوای ڕووداوەکانی هەردوو جەنگی جیهانی، زۆرترین گفتوگۆی هونەری لەبارەی کارەکانی کراوە، هاوتا لەو کاتانەشدا ڕەخنەی مارکسی لە پیشەسازییە گەورەکان کە تۆمەتبارن بە هەڵگیرسانی جەنگە کاولکارییەکان، برەوێکی زۆری هەبوو، دەرکەوتنی بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان لە ڕۆژئاوادا لەو سەردەمانە بەدواوە زیاتر بوون.

•                 ژانرای کارکردنی چاپلن لە سینەمادا پێی دەوترێت (بلاک کۆمیدی)، کۆمیدیای ڕەش، بریتییە لە گێڕانەوەی ڕووداوە ناخۆش و تاریکەکان بە شێوەیەکی کۆمیدی، زیاتریش، وەک تانەدان و ڕەخنەگرتن لەو دۆخە دەردەکەوێت.

•                 تۆمەتی کۆمۆنیستبوونی چاپلن لە ئەمه‌ریکا، دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی بینەرەکانی و تۆمەتی ئەوەی باوکی چاپلن لەگەڵ کەسێکی هەرزەکاردا زەواجی کردووە، (ئێف بی ئای) دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و وای دەخەنەوە کە چاپلن وەک زۆڵێک لە دایکێکی ناکام (قاسر) لە دایک بووە، بۆیە چاپلن بە یەکجاری ئەمه‌ریکا جێ دەهێڵێت و دەچێتە سویسرا. لە ڕاستیدا ئەم مامەڵانەش وەک دەرکەوتەی مومارەسەی هێزی دونیای سەرمایەداری لە دژی ئەوانەی دژی سیستەمەکە دەوەستنەوە، دەرکەوتووە و لێکدانەوەی بۆ کراوە.

 

پرسیارە سەرەکییەکان:

یەکەم: کۆمەڵگە لە چی پێك دێت؟

•                 لە فیلمەکەدا بە ئاشکرا پێمان دەڵێت کۆمەڵگە، لە دوو چینی ئابووریی کۆمەڵایەتی (سەرمایەدار – خاوەنی کارگە و کار و زەوی) لەگەڵ (پرۆلیتاریا – خاوەنی هێزی بازوو) پێك دێت. لەم نێوەندەشدا کۆمەڵگەی مەدەنی یان (دەوڵەت) هەیە، بەڵام فیلمەکە، جیاواز لە تێڕوانینە هیگڵییەکە کە پێی وایە دەوڵەت دەتوانێت کێشەی نامۆبوونی مرۆڤ چارەسەر بکات، لە دیدە مارکسییەکەوە پێمان دەڵێت کە دەوڵەت پارێزگاری چینی یەکەمە (سەرمایەداری) و بێلایەن نییە. چەندین نموونە لە ناو دیمەنەکاندا هەن کە پۆلیس هەژار و ناڕازییەکان ڕاوەدووی دەنێت و پشتیوانیی سەرمایەدار و خاوەن زەوی و کارگەکان دەکات.

•                 لە فیلمەکەدا، وەک تێڕوانینە مارکسییەکە، چینی یەکەم بەهێز و کاریگەرە، چینی دووەم لاوازە.

•                 لە دیمەنی سەرەتادا بینراوی ڕانەمەڕێک و کۆمەڵێک خەڵک کە بە کۆمەڵ بۆ سەر کار دەڕۆن، نیشان دەدرێت و دواتر تێکەڵاو دەکرێن، چاپلن زۆر مەبەستدارانە پێمان دەڵێت لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا مرۆڤەکان دەبن بە مێگەل و به‌بێ ویستی خۆیان ئاڕاستە دەکرێن و لە مرۆڤبوون دەخرێن، ئەوان چیتر جگە لە تێڕوانینی سوودگەرایانە، بە چاوی مرۆڤانە نابینرێن. ئەمەش مەبەستی لە کۆمەڵگەی ناو فیلمەکەیە.

چینی سەرمایەدار
چینی پرۆلیتاریا

 دووەم: بۆچی چینێک لە چینێکی تر بەهێزترە؟

•                 بە تێڕوانینە مارکسییەکە، چەمکی هێز خاڵی یەکلاکەرەوەی ئەم پرسەیە. لەبەر ئەوەی چینی خاوەن (زەوی و کارگە و سەرمایە) توانایان زیاترە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، هەر بۆیە بەهێزترن له‌ چینی خاوەن (هێزی بازوو).

•                 بەڵام ئەم دۆخە حەقیقەتێکی حەتمی نییە و ئەم ستەمی کۆمەڵایەتییە دەبێت بگۆڕرێت. لێرەوەیە کە ئایدیای شۆڕش بە چەمکی ململانێ زیاد دەبێت لەپێناو گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا (لە فیلمەکەدا ئەم ویستە هەیە، کاتێک کرێکاران دێنە سەرشەقام بۆ داواکردنی مافەکانیان و دەست بە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەت بێلایەن نییە، لەجیاتیی سەرمایەدارەکان، ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرەکان دەبێتەوە. هەر ئەمەشە وا دەکات بوترێت چینی سەرمایەدار خاوەنی هێزن لە بەرامبەر چینی پرۆلیتاریادا). هەمیشە سەرمایەدارەکان بە پشتیوانیی پۆلیس (هێزی دەسەڵات) هەر ناڕەزایەتی و بەرژەوەندییەکی پرۆلیتاریا و هەژارەکان سەرکوت دەکەن.

•                 لە فیلمەکەدا ڕەخنە لە شۆڕش و خۆپیشاندانە خۆڕسکەکان دەگرێت و به‌بێ ئاکام نیشانیان دەدات. (چونکە به‌ ئاشکرا لە فیلمەکەوە ئەوەمان نیشان دەدات شۆڕش بەبێ بوونی ڕێکخستن و درکنەکردنی دۆخ، ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، بۆیە هەر زوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیسدا شکست دەهێنن. چونکە هۆشیاریی چینایەتی و هەستکردن بە نامۆبوون بەس نییە، ئەگەر لە چوارچێوەی ڕێکخستندا نەبێت.)

 

سێیەم: چی دەبێتە هۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی؟

•                 ململانێی چینایەتی بزوێنەری مێژووە، خودی ململانێ گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت. ئەمە دید و تێڕوانینەکەی مارکسە و لە فیلمەکەشدا بە شێوەیەکی ئاشکرا لە چەند دیمەندا ئەم جیاوازییە چینایەتی و ململانێ و بەریەککەوتنی دوو چینە نیشان دراوە.

•                 لە ململانێدا دەکرێت لایەنێک بەسەر لایەنێکی تردا سەربکەوێت، ئەوەی فیلمەکە مەترسییەکەی لە ململانێی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوادا نیشان دەدات، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ کاپیتالیزم خەریکە سوود لە دۆخەکە دەبینێت و بەرەو داگیرکردنی هەموو پنتەکانی ژیان دەڕوات، ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە مارکس ترسی خۆی لێی نیشان دەدات، کە ئەگەر بۆرژوا سەربکەون، کاپیتالیزم بەسەر جیهاندا سەردەکەوێت و هەموو پنەکانی ژیان داگیر دەکات. لە فیلمەکەدا، دوای ئەوەی کارەکتەری پاڵەوان دەزانێت بە تەنها هیچی پێ ناکرێت، کە ئەمەش دیسان دیدێکی مارکسییانەیە کە پێی وایە تاک ناتوانێت لە ناو کۆمەڵەکاندا ڕۆڵ ببینێت، کارەکتەری پاڵەوان لە ژیانی شار و گۆڕانیش نائومێد دەبێت، بۆیە زۆر بە سادەیی لەگەڵ خۆشەویستەکەیدا ژیانی شار جێ دەهێڵن، بەڵام بە هیواوە. ئا لێرەدا فیلمەکە قووڵ لەسەر پرسێک دەوەستێت، خۆ دەکرا چاپلن بژاردەی شۆڕشی لە ناو سیناریۆی فیلمەکەدا سەربخستایە، بەڵام بە خوێندنەوەی بیرکردنەوەکانی چاپلن و ئەو سەردەمەش کە ئەم فیلمەی تێدا بەرهەم هێنراوە هێشتا شوێنه‌واره‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان مابوون و بژاردەی شەڕ دوای ئەو هەموو ماڵوێرانییەی جەنگەکان بەسەر مرۆڤایەتییان هێنابوو، گونجاو نەبووە)، تێ دەگەین چاپلن دوور لە شەڕ دەمێنێتەوە. بەڵام وەک چۆن مارکس پێی وایە کە نامۆبوون بەرهەمهێنراوە و سەرمایەداری و کارکردنی پیشەسازییە گەورەکان مرۆڤیان کردووە بە شت و لە مرۆڤبوونیان خستووە، واته‌ مرۆڤ لە ژیانی پێشتر و لە ناو سروشتدا نامۆ نییە، چاپلن لە دیمەنی کۆتاییدا کارەکتەرەکان بۆ ناو سروشت دەگەڕێنێتەوە.

•                 دیالۆگی کۆتایی (- هەوڵدان سوودی چییە؟)، (- دڵخۆش بە و بیر لە مردن مەکەرەوە، دەبێت بۆ ماوەیه‌كی درێژ بژین). ئەم دوو دیالۆگە هەڵگری دوو مانان، لە یەکەمیاندا، ڕەخنە لە ناهۆشیاریی چینی پرۆلیتاریا دەگرێت کە لە نامۆبوونی خۆی تێ ناگات و هۆشیار نابێتەوە، لە کاتێکدا لە فیلمەکەدا کارەکتەری پاڵەوان زۆر هەوڵ دەدات کرێکارەکان لە ئیشکردن بوەستێنێت و هۆشیاریان بکاتەوە، بەڵام کرێکارەکانیش لەگەڵ خاوەن کارگەکە و پۆلیسدا ئەویان ڕاودەنا، بۆیە نائومێد دەڵێت: (هەوڵدان سوودی چییە؟) لە دیالۆگی کۆتاییشدا ویستی ژیاندۆستی و بەردەوامی دەردەبڕێتەوە، بە کۆتاییهێنان بە ژیانی شار و ڕووکردنە ژیانی ناو سروشت و دەڵێت: (دڵخۆش بە و بیر لە مردن مەکەرەوە، دەبێت بۆ ماوەیه‌كی درێژ بژین!)

 

چوارەم: ئایا کۆمەڵگە لە سروشتی خۆیدا لە دۆخی هاوسەنگدایە یان لە دۆخی ململانێدایە؟

•                 دۆخی ستاتیک و دۆخی دینامیک. کۆمەڵگە لە ناو ململانێدا دەژی، ئەمەش دۆخی گۆڕانە. هەموو هاوسەنگییەک بە قازانجی سەرمایەدارییە و بۆرژواکان زیاتر قازانج دەکەن، هەژارەکانیش هەژارتر و زۆرتر دەبن. لە فیلمەکەدا زۆر بە ڕوونی جیاوازیی چینایەتی نیشان دراوە، هەروەها زۆر بە وردی کار لەسەر ململانێی ئەم دوو چینە کراوە.

•                 لە فیلمەکەدا بەردەوام هەست بەم دۆخە دەکرێت، هەرکات ململانێ و پشێوییەک دروست دەبێت، بۆرژواکان زیانیان بەردەکەوێت، بۆیە هەمیشە پۆلیس بە زەبری هێز خەریکە هاوسەنگی دروست دەکات.

 

پێنجەم: ڕۆڵی تاک لە کۆمەڵگەدا چییە؟

•                 لە تێڕوانینە مارکسییەکەدا، تاک وەک خۆی ناتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت بەپێی ئەوەی پێگەکەی پێشتر دیاری کراوە، بۆیە ناتوانێت بە تەنها ژیانی خۆی بگۆڕێت، مەگەر لە ناو کۆمەڵەکاندا یان لە ناو چینەکەیدا پێکەوە بتوانن گۆڕانکاری بکەن. (کۆی فیلمەکە ئەوەیە ئەم کەسایەتییە دەیەوێت ژیانێکی باش بژی، بۆ ئەم ویستە هەوڵ دەدات و ڕێگه‌ی جیاواز دەگرێت، به‌ڵام لە کۆتاییدا ناتوانێت و نائومێد دەبێت).

•                 تاک لە ڕێی شوناس و پێشکەوتنی توانستەکەیەوە دەتوانێت پێش بکەوێت. (ئەو کاتەی چاپلن دەبێتە گۆرانی بێژ و هاوسەرەکەی دەبێتە سەماکار، ئەمەش لەبەرئەوەی گۆڕانێکی گشتگیر نییە و دۆخەکە بەگشتی باش نەبوە، ناتوانێت بەردەوام بێت).

 

شەشەم: نامۆیی چییە؟

•                 ململانێی هۆشیاری و زانین لە لایەک و سووژە و مژار لە لایەکی تر، لە دیالەکتیکی کارکردندا، دوو جۆر مرۆڤی نایەکسانی بەرهەم هێناوە، کۆیلە و خاوەن کۆیلە. لە ئەنجامی بەکۆیلەکردنی بەرامبەرەکەی، خاوەن کۆیلە بووە بە خاوەنی سروشت و کۆیلەش. هەر لێرەشه‌وە کۆیلە ناچار دەکات بۆ گۆڕینی سروشت بۆ کاڵا حەزلێکراوەکان، کۆیلەکان جیهان دەگۆڕن بەو جیهانەی خاوەن کۆیلەکان دەیانەوێت.

•                 سروشتی گۆڕاو بۆ کاڵاکان بەرهەمی کاری کۆیلەیە، بەڵام کۆیلە خۆی خاوەنی بەرهەمەکەی نییە، هەر ئەمەشە دەبێتە مایەی نامۆبوونی کۆیلە لە خۆی و لە بەرهەمەکەشی.

•                 کۆیلە بۆ لەناوبردنی نامۆیی، دەبێت خۆی بخاتە جەنگی مان و نەمان لە دژی خاوەنەکەی و جیهانە داگیرکراوەکەی بگەڕێنێتەوە (لە فیلمەکەدا ئەمە بەدی نایەت).

 

حەوتەم: لە ناو سیستمی سەرمایەردایدا مرۆڤ چۆن نامۆ دەبێت؟

•                 نامۆیی دۆخێكی سەپێنراوە لە بوونی مرۆڤدا، کە مرۆڤ لە بوونی ڕاستەقینەی دوور دەخاتەوە و بە خۆی و دونیا بێگانەی دەکات. خۆی لە بیر دەکات، داهێنان و سەربەستی نامێنێت، ژیانی دەبێت بە هەندێک جووڵە و لاساییکردنەوەی ڕۆڵی کار. لە فیلمەکەدا چاپلن وەک کرێکاری کارگەیەکی ئێجگار گەورە، خۆی و سەدان کرێکاری تر بە شێوەیەکی بەردەوام بە یەک ڕیتم کار دەکەن، سەرکار و خاوەنکارەکان جگە لە داواکاری زیادکردنی بەرهەم، شتێکی تر نابەخشن بە کرێکارەکان، بە جۆرێک كە کارەکتەری چاپلن ئەو جووڵە بەردەوامەی بە ئیسپانەکانی دەستییەوە بەردەوام دەیکات بۆ توندکردنی برغووەکان، تەنانەت ئەو کاتانەی بۆ پشوویەکی کورتیش دەست هەڵدەگرێت، دەستەکانی به‌بێ ویستی خۆی هەمان جووڵە دەکەنەوە و نەویستراو و ناخودئاگا بووه‌تە بەشێک لە ڕەفتاری، کە دەشچێتە دەرەوەی کارگە، ئەم خووە بۆی دەبێت بە کێشە. دیوێکی سەرنجڕاکێش لە فیلمەکەدا ئەوەیە کاتێک چاپلن بە جۆرێک لە کار و کارگە و لە خۆی و کۆمەڵگەش نامۆ دەبێت و ئەم نامۆبوونە دەبێتە جۆرێک لە یاخیبوون، بەڵام هەموان، بە هاوکاریی پۆلیس (دەرکەوتەی دەسەڵاتی دەوڵەت)، دەیگرن و وەک نەخۆشێکی دەروونی مامەڵەی له‌گه‌ڵدا دەکەن، دەیبەنە نەخۆشخانەی دەروونی و چارەسەری ئارامبوونەوەی پێ دەدەن (لەم وێنایەدا تێ دەگەین سەرمایەداری و دەسەڵاتی دەوڵەت، هەموو ئاکتێکی یاخیبوون ڕەت دەکەنەوە و شۆڕشگێڕیش لای ئەوان کەسێکی لادەر و نه‌خۆشە، یان دەبێت بخرێتە ناخۆشخانەی دەروونی، یان بخرێتە زیندان) لە فیلمەکەدا هەردوو مامەڵەکە دەبینینەوە..

 

دەرەنجام:

یەکەم: نامۆیی بەرهەمی مێژووە!

•                 نامۆیی بەرهەمی مێژووە، مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا سەپاندوویەتی، لەگەڵ دیاردەی خاوەنێتیی تایبەتدا پەیدا بووە. دابڕان و جیابوونەوەی بەرهەم لە بەرهەمهێنەکەی، خاوەنەکەی نامۆ دەکات. هەر وەک چۆن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بەرهەمی کرێکار لە لایەن کەسێکی ترەوە داگیر دەکرێت.

•                 فیلمەکە به‌ ئاشکرا پێمان دەڵیت ژیانی ناو سروشت وەک بەهەشت وابووە و مرۆڤ دەتوانێت ئەوەی دەست بکەوێت کە دەیخوازێت (دیمەنی خەیاڵکردن بە ژیانەوە لە ناو ژینگەی سروشتیدا)، بەڵام ژیانی ناو شار و پیشەسازی مرۆڤی نامۆ کردووە.

دووەم: نامۆیی دۆڕانی سەربەستییە!

•                 کەسی نامۆ بیرکردنەوە و ڕەفتاری ڕەسەنی خۆی ون دەکات، بەردەوام ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە لە شوێنی کاردا دەیکات. (چارلی هەموو شتێک بەو دوو ئیسپانەیە دەکات کە لە کارگە بە دەستیەوەیەتی، لە دەرەوەی کارگەش هێشتا ئیسپانەکانی پێیە و هەرچی ببینێت، توندی دەکاتەوە و هەموو شتێک بە برغوو دەبینێت).

•                 مرۆڤی نامۆ زمان لە دەست دەدات و ئەوە دەڵێتەوە کە ئەوانی تر دەیڵێن. بڕوای بەو ڕاستییەیە کە ئەوانی تر دەڵێن ئەوە ڕاستییە، بۆیە هەر ئەمەش دووبارە دەکاتەوە. (دیمەنی دورشموتنەوەی ناو خۆپیشاندانەکان، کاتێک چاپلن بە سودفە دەکەوێتە ناو خوپیشاندانێکەوە، به‌بێ ئەوەی بزانێت مەسەلە چییە، هەمان دروشمەکانی کۆمەڵەکە دەڵێتەوە).

سێیەم: ململانێی چینایەتی، بزوێنەری مێژووە و شۆڕش دەتوانێت گۆڕان بەدی بهێنێت!

·                 هۆشیاریی تاک بەرامبەر بە خۆی، کە بووه‌تە کەسێکی نامۆ، سەرەتای دەستپێکردنی ململانێ و گۆڕانی کۆمەڵایەتییە. ئامرازیش بۆ ئەو گۆڕانە شۆڕشە! بەڵام چاپلن لە فیلمەکەیدا بژاردەی شۆڕش پێشکەش ناکات، ئەمەش خاڵێکی جیاوازییە لەگەڵ بیرکردنەوەی مارکسدا، بەڵام چاپلن داوای گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو و بۆ ژیانی ناو سروشت دەکات، هەرچەندە ئەم پێشکەشکردنە لەگەڵ واقع زۆر یەک ناگرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا سینەما و ئەدەبیات لە دیوێکی ترەوە دونیا دەبینن و دەکرێت بەرهەمی خەیاڵ و جوانیناسی و ئارامی، دژوەستانەوە بێت بەرامبەر بە بژاردەی شەڕ و شۆڕش!

 

سەچاوەکان:

١- بۆدۆن، ڕیمۆن – بۆریکۆ، فرانسوا، فەرهەنگی ڕەخنەیی کۆمەڵناسی، وەرگێڕانی: مستەفا غەفوور، خانەی موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، تاران، ٢٠١٥.

٢- الحسینی، د. السید، نحو نظریة اجتماعیة نقدیة، دار النهضة العربیة، بیروت، ١٩٨٥.

٣- نقشبندی، غیاث الدین، نامۆیی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، چاپی دووەم، کوردستان، ٢٠٠٤.

٤- مارکس، کارل، مخطوطات، ترجمة: محمد مستجیر مصطفی، دار الثقافة الجدیدة، القاهرة، ١٩٧٤.

٥- مارشال، جۆردن، موسوعة علم الاجتماع، المجلد الاول، ترجمة: احمد عبداللە زاید والاخرون. مراجعة: محمد محمود الجوهری، المشروع القومی للترجمة، القاهرة، ٢٠٠٠.

٦- دیلانی، تیم، تیئۆرییە کلاسیکەکانی کۆمەڵناسی، وەرگێڕانی: خالید شێخی، پەخشانگای بیریار، سەقز، ١٣٥٨ هەتاوی.

٧- تیماشیف، نیقۆلا، نظریة علم الاجتماع، طبیعتها و تطورها، ترجمة: د. محمد عودە والاخرون، دار المعارف، القاهرة، طبعة الثامنة، ١٩٨٣.

٨- موحسنی، مەنوچێهری، دەروازەکانی کۆمەڵناسی، وەرگێڕان: ڕێبوار سیوەیلی و ئەوانی تر. دەزگای موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر، ٢٠٠٢.



[1] ڕیمۆن بۆدۆن – فرانسوا بۆریکۆ، فەرهەنگی ڕەخنەیی کۆمەڵناسی، وەرگێڕان: مستەفا غەفوور، خانەی موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، تاران، ٢٠١٥، لا ٧٨٩.
[2] د. السید الحسینی، نحو نظریە هجتماعیە نقدیە، دار النهضە العربیە، بیروت ١٩٨٥، ص:٨٩
[3] غیاث الدین نقشبندی، نامۆیی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخان، چاپی دووەم، کوردستان، ٢٠٠٤، لا ١٤.
[4] کارل مارکس، مخطوطات، ترجمە: محمد مستجیر مصطفی، دار الثقافە الجدیدە، القاهرە، ١٩٧٤، ص: ٦٧.
[5] جۆردن مارشال، موسوعە علم الاجتماع، المجلد الاول، ترجمە: احمد عبداللە زاید و الاخرون. مراجعە: محمد محمود الجوهری، المشروع القومی للترجمە، القاهرە ٢٠٠٠، ص: ١٨٤
[6] تیم دیلانی، تیئۆرییە کلاسیکەکانی کۆمەڵناسی، وەرگێڕانی: خالید شێخی، پەخشانگای بیریار، سەقز، ١٣٥٨ هەتاوی، لا: ٢٣٦-٢٣٧.
[7] نیقۆلا تیماشیف، نظریە علم الاجتماع، طبیعتها و تطورها، ترجمە: د. محمد عودە و الاخرون، دار المعارف، القاهرە، طبعە الثامنە، ١٩٨٣، ص: ٨٦
[8] مەنوچێهری موحسنی، دەروازەکانی کۆمەڵناسی، وەرگێڕانی: رێبوار سیوەیلی و ئەوانی تر. دەزگای موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر، ٢٠٠٢، لا ٢٣١
[9] هەمان سەچاوە، لا ٢٣٢

 

فیلمساز و خوێندکاری ماستەر لە کۆمەڵناسی


ئەم بابەتە 56 جار خوێندراوەتەوە