Zhiar.jpg

ھەڵەیەکی ماتماتیکی

ژیار ئەسوەد- هەولێر

ئەو بەیانییە کاتێ ڕابوو، پرسیی چۆن خەو زەفەری پێ برد؟

ھەر ئەو بەیانییە بینی ژمارەکان خۆیان لە یادگەی ڕاپسکاندووە،

ئیدی دەستی بە گریان کرد.

 

ڕۆژی پێش درووستبوون، ئەوی ھەمووشتزان لە قووڵاییەوە دەرپەڕی.

بەسەر پێستی ئاوەکاندا ھەنگاوی نا؛ بۆیە تاھەتایە قوڕسایی ئاو قوڕسایی پێی خوایە.

 

بە ژمارەکانی نێو توورەگەیەکی سەر کۆڵیەوە

چەشنی "با" ئاراستەکانی تێکوپێک دا

بەناو چاڵێکی چاونەیدیتوودا نادیاری ھەڵبژارد،

پاشان تەقەڵێکی توورەگەکەی ھەڵزڕاند.

 

ڕۆژی یەکەم ژمارە یەکی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ڕووناکی، چوون تیرێ لە کەوان دەرچێ

دەرپەڕە و لەسەر پشتی شەو بچەقێ.

 

ڕۆژی دووەم ژمارە دووی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی بۆشایی، ببە پەرژینی نێوان زەمین و ئاسمان.

 

ڕۆژی سێیەم ژمارە سێی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی وشکانی، بەشێ لەو ئاوە بخۆرەوە و خۆت دەرخە.

 

ڕۆژی چوارەم ژمارە چواری ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ھەیڤ و خۆر، ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان

زنجیرێکی بەناویەکداچوون، لێکیان ھەڵوەشێنن.

 

ڕۆژی پێنجەم ژمارە پێنجی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ماسی، قەدەری ئێوەیە پانتاییە تەڕەکان.

ئەی باڵدار، نیشتنگەی ئێوەیە ناو هەورەکان.

 

ڕۆژی شەشەم ژمارە شەشی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ئاژەڵ، قەدەری ئێوە پەرتبوونە بە دنیا.

ئەی مرۆڤ، تا ڕۆژی ھەستانەوە، خاوەنشکۆی ئەم گۆیەی.

 

ڕۆژی حەوتەم ژمارە حەوتی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی پشوودان نۆرەت ھات.

 

بەم شێوەیە

ڕۆژی ھەشتەم

ڕۆژی نۆیەم

ڕۆژی دەیەم

.

.

.

خوا تێگەیشت چەند گرانە بێکاری

بۆیە بۆ ناکۆتا ژمارە دوای ژمارەی پێکەوە نا

تەواوی ڕۆژەکان گەمەکردن بە خۆڵ.

 

بەیانییەک، پاش لەخەوھەستان، بینی ماتماتیکی بیر چووەتەوە و تەقەڵەکانی توورەگەکە بەدوای یەکدا ھەڵاتوون. ئینجا تەماشای ئەو ھەموو ئادەمییانەی کرد -وێنەی شانەھەنگ تێکچڕژاو- پەشیمان و نائومێدانە، بێ بڕانەوە گریا.


ئەم بابەتە 63 جار خوێندراوەتەوە