Shamal.jpg

شاکاری"رحلة ابن فطومة"

شەماڵ بارەوانی

شاکارێکیتیری"نەجیب مەحفوز" نووسەرو ڕۆمان نووسی میسری و هەڵگری خەڵاتی نۆبێڵە و یەکەم چاپی لەساڵی١٩٨٣ لێهاتە وەشان.

"رحلة ابن فطومة"ڕۆمانێکی فەلسەفیەو کۆمەڵێک پرسیار لە بارەی بنەما ئەخلاقیەکان و ئەقیدە جیاوازەکان و چەمکی ئازادی و دادپەوەری ...لە مەژی و حەیاڵی خوێنەردەوروژێنێ و  درووست دەکات و  پێمان دەڵیت ئایە ئازادی دەبێ فەوزا بەڕێوەی بەرێت یاخود دەبێت بەیاسا ڕێکبخرێت؟ ئایە ئازادی و یاسا پێکەوە دەگونجێن و هیچ پارادۆکس  دژبەریەک لە نێوانیاندا نییە؟ دادپەروەری چییە؟خودی ئازادی چیە؟ ئەمانەو چەندین پرسی تر لەو ڕۆمانەدا خوێنەر دەیان بینێت...

لەڕێگای ئەو بەرهەمەی نەجیب مەحفوز بەراوردی نێوان سیستەم و ئەقیدەو بیروباوەڕە جوایەزەکانی نێوان ئەو وڵاتانە دەکات کە"قەندیل محەمەد ئەلعەنابی" گەریدەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەی گەشتیان بۆ دەکات.

"رحلة ابن فطومة"ڕۆمانێکی کورتی ١٢٦پەڕەییە وەڵێ هەڵگری پەیام و مەغزاو  ڕامانێکی قوڵە ، خوێنەر بە بیرو هۆش و خەیاڵەوە دەباتە کەشێکی ئەفسوناوی و جیهانێکی ترو گەشتی کومەڵێک مەملەکەتی ئەفسانەیی پێدەکات لەشێوەی شاکارە ناودارەکەی "الف لیلە ولیلە".و باس لەو ئەقیدە جوایەزانە دەکات کە خەڵکی ئەو مەملەکەتانە پێڕەوی لێدەکەن وەک پەرستشی خۆر، مانگ، پاشا،بت، زەوی...و پاشان بە وردی باس لەو سیستەمانەدەکات کە مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو ئەزمونی کردوون و سەرەتا کۆمەڵگای مەشاعی و سەرەتایی،ئینجا مەلەکی و پاشایی ،و دواتر کەپیتالیزم، ئەنجا شیوعی،دواتر ئیسلامی و بەراوردکاری لەنێوانیاندادەکات و بە بیرۆکەی کۆمەڵگایەکی ئایدیاڵی کۆتایی پێ دێنێت.

قەندیل دوای ئەوەی لە ژیانی هاوسەرگیری شکست دێنێت و خۆشەویستەکەی"حەلیمه" لەدەست دەدات. خەم و بێ ئومێدی باڵ دەکێشن بەسەریدا. وڵاتەکەی جێ دێڵێت و کۆچ دەکات بۆ مالی چیا"دار الجبل" بەمەستی گەڕان بە دوای دادپەروەری و دۆزینەوەی مەعریفەو حیکمەت و واتای ژیان و گەیشتن  بە پلەی کەمال، ئەو دوو شتەی کە لەوڵاتەکەیدا بوونیان نییە.

 

بۆ ئەمەش مامۆستاکەی"شێخ موغاغە ئەلجبیلی" هانی دەدات،ئەو مامۆستایەی پێشوتر بەهۆی جەنگی نێوخۆیی و جەنگی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتی جیرانیان نەیتوانیوە گەشتەکە تەواو بکات و ئەوەی ئێستا قەندیل دەیەوێت بۆی بچێت ئەو تەواوی بکات.

شوێنێک بەشێک بە ماڵی گەیشتن بە کەماڵی دەزانن و بەشێکیش  به ئەفسانەیەکی پوچ و بێ بنەماو وەسفی دەکەن.

قەندیل تەدارەک و پێداویستی گەشتەکەی ئامادەکات و ئامادەسازی تەواو دەکات"جانتایەکم پڕی دینار و جانتای دووەمیش تەژی جل و بەرگ کرد و جانتای سێیەمیش لە پێداویستەکانی وەک تێنووس و پێنووس و پەرتۆک کرد."

بەو چەشنە قەندیلی گەریدە گەشتەکەی بۆ زێدی نادیارو تەم و مژاوی دەست پێدەکات  بە مەبەستی ئاشکراکردنی نهێنیەکانی ئەو جهیانە مەجهول و هیچ لەبار نەزانراوە،تا دواتر بگەڕێتەوەو هەچی بیینویەتی و ئەزمونی کردوەو فێری بووەو باسی بکات و بیگەیەنێت بەخەڵکەکەی." بۆ ئەو گەشتە ساڵێک زۆر نییه بۆ فێرخوازی حیکمەت،دەمەوێت فێربم،و بگەڕێمەوە نیشتمانە نەخۆشەکەم بەدەرمان و چارەسەرییەکی تەواو".

قەندیلی گەریدە لەگەشتەکەیدا بەرەو“دار الجبل” بە کۆمەڵێک وڵاتدا تێدەپەڕێت، لەـ”دار المشرق”  دەگیرسێتەوەو چەند ساڵێک تێیدا نیشتەجێ دەبێت، خەڵکەی ئەو شوێنە مانگ دەپەرستن و ژن و پیاو گەورەو بچوکیان، هەموویان بەڕووتی و بێ پۆشاک دەسوڕێنەوەو هیچیان لەبەردانیەو وەک ئەوساتەن کە  هاتوونەتەبوون.

دارولمەشریق بەسەر پایتەخت و چوار شاریتردابەشبووەو  هەر شارێک لەو چووارشاره لەو وڵاتە حاکمێکی ڕەها بەڕێوەی دەبات و هەمو شتێک لەژێر هەژمون و کۆنتڕۆلی خۆی دایەو هەچی زەوی و زارو ئاژەڵ و بەرو بوومی کشتوکاڵی زراعەت هەیه دەستی بەسەرداگرتوون و هەموی کردووە بە ملکی خۆی و خەڵکەکەی هیچ ئازادی و خواست و ئیرادەیەکیان نییەو هەموان لەشێوەی کۆیلە کار بۆ حاکم دەکەن و بەدەست نەهامەتی و هەژاری و برسیەتی و  نەزانی و بێ ئومێدیەوە دەناڵێنن و لەگەڵ ئەوەشدا وادەزانن لە ژیانێکی ئایدیاڵی و بێ وێنەو پێڕفێکتدا دژین "لەو وڵاتە منداڵی سەردارەکان فێری هونەری ئەسپ سواری  دەکران و زانیارییان لەبارەی خواوەند مانگەوە بەدەست دەهێنا، لەهەموو کۆشکێک پزیشکێکی حیرە یاخود حەلەبەی تێدا بوو، بەڵام خەڵکانی تر بۆ سرووشت جێ هێڵدرابوون، و هەر کەسێکیان نەخۆش کەوتبا جیایان دەکردەوە تاوەکو چاک دەبوویەوە یاخود دەمرد و گیانەوەرەکان دەیان خوارد... لەخۆمم پرسی ئەو سونەتەی مانگ و فێرکارییەکانی ئایە لەگەڵ  ژیان دەگونجێت بەتەواوی؟..

لەدەروونی خۆمدا گوتم ئەوە لەدەست دانی هۆشیارییە بەبێ کەم و زیادە... حاکم پێی گووتم گەر حەزت لێیە وەرە ڕێزی ئێمە وەک "فام" وای کرد تاوەکو بچیتە ڕیزی کۆیلەکان و چێژ لە ئاساییش و  ڕەزامەندی ئێمەو بەدەست هێنانی کەنیزەکەکان ببەیت".

قەندیل لەو وڵاتە  دەکەوێتە داوی عیشقی کچێکەوە"عەروسە"  دواتر پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ پێک دێنێت و بەرهەمی ئەوسەرگیرییە پێنج منداڵ دەبێت، بەڵام  لەژنەکەی جیادەکەنەوە بە بیانووی ئەوەی هەوڵی داوە منداڵەکان لەسەر ئەقیدەی خۆی تەڵقین بدات و پەروەردەبکات و پاشان لەو وڵاتەدەیکەنە دەرەوە بە هۆی جیاوازی لەگەڵ ئیدۆلۆجیاو سیاسەتی فەرمی وڵاتەکە"کفرو بێ باوەڕیم نواند بە تەلقین کردنی کوڕەکەم"عام" بە پڕەنسیپەکانی ئیسلام و ئەقیدەکەی خۆمم فەرامۆش کرد ڕێزێک بۆ ئەو وڵاتەی لەخۆی گرتووم، بەڵام عەروسە بە جدییەوە پێی گوتم :تۆ لە سەر بێ باوەڕی پێی دەگەیەنیت و ئامادەی ژیانێکی بەدبەختانەی دەکەی لە وڵاتەکەی خۆی..

بە نەرمی پێم گوت من دەمەوێ  ڕۆحی ڕزگار بکەم وەک چۆن ئاواتەخوازم ڕۆژێک ڕۆحی تۆیش ڕزگاربکەم..

بە تووندی پێی گوتم:

-هەرگیز  بۆ ئەمە ڕێگەت پێ نادەم..

باوکی پێی گوتم لێمان دوور بکەرەوە ئەی بێگانە...

پۆلیس چاوەڕێی دەکردم و لێی پرسیم:

-تۆ دەتەوێ کوڕەکەت لەسەر کوفر پەروەردە بکەیت و پێی بگەیەنیت؟

-پێم گوت چۆن ئەوە سەلمێندراوە؟

-گوتی ئێمە کاری خۆمان دەزانین، زۆر بەتوندی پێی گوتم :گوێ بگرە ئێمە بۆ گفوگۆ نەهاتووین بۆ ئێرە، بڕیار لە گەورەمەوە دەرچووە کە تۆ لە هاوسەرو منداڵەکانت جیا بکرێیتەوە، و لەگەڵ یەکەم کاروانی مەشریق ئێرە جێ بێڵیت... بەڵام تۆ دەست بەسەر داگیراویت تا ئەو کاتەی ژنەکەو منداڵەکانی دەڕۆنەوە لای باوکی وتۆ لەژێر جاودێری ئێمە دادەبیت. تا دەگەیت بە کاروانەکە و بە پاڕانەوە پێم گوت ڕێگەم بدە با ماڵئاواییان  لێ بکەم...

گەڕامەوە بۆ ژوورەکەی خۆم، ئەو ژوورەی دووای کاژێرێک بوو به زیندان."

بەو چەشنە قەندیل بەدڵێکی شکاو پڕخەم و ئازاراوە ئەو وڵاتە جێ دێڵێت و دەگاتە “دار الحيرة”  لەو شوێنە خەڵکی پاشا دەپەرستن و نازناوی پاشای خواوەند بۆ پاشاکەیان بەکاردێن و سیستەمەکە لەسەر بەخواکردنی پاشا دامەزراوە،سیستەمێک خەڵکی غەرقی بێ ئومێدی و جەهل و دوواکەوتوویی و نەزانی کردووە و پەرستگا بۆ پەرستنی پاشا ڕۆ نراوەو خەڵکی تێیدا کڕنۆش و پەرستش بۆ پاشا ئەنجام دەدەن.

لە بەڕێز "هام" پرسی ئایینی خەڵکی حیرە چییە؟

وڵامی دامەوە:

-خەڵکی حیرە تەنها پێڕەوی لە ئایینی خۆیان دەکەن.

-خوای ئێمە پاشایە.

... لەدەروونی خۆمدا گوتم لەدوای مانگ پاشا، ئای لەو گومڕاییە.".

لەو شوێنە جیاوازی چینایەتی لە لوتکەدایە، خەڵکی خاوەن زەوی و کارگە ئیمتیازو ئەولەویاتی فێربوون و ژیانێکی شایستەو شەڕافەت مەندانەو خۆشگوزەرانیان هەیە، لەکاتێکدا هەمو ئەوانەیتر لەدەرەوەی ئەو پێوەرەن و ناچارکراون کەتەسلیم بونێکی کوێرانەو بێ هیچ ناڕەزایەتی بوونێک و بەرگری لەخۆکردنێک سەری قایڵ بوون و ڕەزامەندی بۆ دۆخەکە بچەمێنن و بە دۆخەکە ڕازی بن، بە پاساوی ئەوەی ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ ئارامی دەروونی و چێژی ڕۆوحی و پاکبوونەوەی  ناخ و ڕزگار بوونی مرۆڤ!.

"پاشای خاوەن شکو حەکیم و مامۆستاو خواوەندە،سەرچاوەی هەموو باشی و حیکمەتێکە، ئەو لەسەر کورسی و عەرشەکەی دادەنیشێت... ئەوە بووتەوە خواوەندێکی پەرستراو، پرۆڤەی کارەکانی خۆی دەکات، هەمو شتێک بەچاوی خواوەند دەبینێت، لەهەموو شتێکەوە ئێمە حیکمەتی ئەبەدی لەوەوە وەردەگرین، لەدوای ئەوە داوای هیچیتری لێ ناکەین جگە لە بڕواو ملکەچ بوون نەبێ، ئەو هێزی لەشکەری هەڵدەبژێرێت... و لەخانەوادە پیرۆزەکەی خۆی دەکات بە حاکم و فەرمانڕەوا، چینێک لە فەرمان ڕەواکان هەڵدەبژێرێت بۆ کارکردن لە زەوی و کارگەکان، هەموو خەڵکی تر پیرۆزی و بەهرەیەکیان نییە، و کاری دەستی ئەنجام دەدەن، ئێمەش پارووی ژیانیان بۆ دابین دەکەین، لەدوای ئەمانە ئاژەڵەکان دێن، لەدوای ئاژەڵەکان ڕووەک و شتە بێ گیانەکان دێن، سیستەمێکی تەواو ڕێک و پێکەو هەموو کەسێک لەشوێنی خۆی دادەنێت و بەو شێوەیە دادپەروەری تەواو بەجێ دێت. بۆیە ئێمە زیاتر لە فەلسەفەیەکمان هەیە، بەزمانی هێز و زاڵبوون و گەشەکردن چینی هەڵبژێردراو دەدوێنین و لەوەیان پشت بە فەراهەمکردنی زانین وزانستی پزیشکی دەبەستین بۆیە ئەوانەی تر بەهرەی گوێ ڕایەڵی و ملکەچی و قەناعەتیان لا بەهێز دەکەین ، ڕێگەی دۆزینەوەی ئەو سامانە نادیارەی قوڵایی ناخەوەیان پێشیان دەدەین، کە فێری خۆڕاگری و تێکۆشان و ئاشتیان دەکات، بەو فەلسەفە ئاوێتەیە دادپەروەری بۆ هەموان بەدی دێت، هەمووی بە ئەندازەی ئامادەیی و ئەوەی بۆی ئامادە کراوە، ئێمە بەختەوەرترین کەسانی سەر زەوین".

 

لێرە هەر ناڕەزایەتی دەربڕین و یاخی بوونێک لەدژی خواندێتی پاشاو بڕیارەکانی. یەکسانە بە کوشتن و لەناوچوون"لەپاسەوانەکە نزیک بوومەوەو لێم پرسی کەسی بێگانە دەتوانێ بزانێت تاوانی ئەو کوژراوانە چییه؟ کە هەڵواسراون.

-بە زمانێکی زبر وڵامی دامەوە:

یاخی بوون لە دژی خواوەند پاشا... من دڵنیام کە ئەوانە شەهیدانی ڕێگەی دادپەروەری و ئازادین بە پێوەری ئەوەی لە ولاتی وەحی "ولاتانی ئیسلامی"ڕوودەدات".

 

لەو دارولحیرەیە پێڕۆیێکی دیکتاتۆری پۆلیسی سەرکوت کار پێڕەو دەکرێت و پاشا بەزەبری ئاگر و ئاسن حوکمی خەڵکی دەکات و هەر کەسێک ناقایل بێت و لە ڕوووی بوەستێتەوەو داوای ئازادی و ژیانێکی تری جیا لەو دۆزەخەی  تێیدایە بکات، چارەنووسەکەی یا زیندان، یاخود مەرگ و لە سێدارەدانە، بە تۆمەتی دەرچوون و یاخی بوون لە فەرمانەکانی پاشای خواوەند، سەرەنجام لەو شوێنە قەندیل تۆمەتێکی درووست کراوی بۆ هەڵدەبەسترێت و ٢٠ساڵ لە"دارالحیرە" زیندانی دەکرێت.تا ئەو کاتەی حاکمی وڵاتەکە لەڕێگای کودێتایەکەوە لادەبرێت و حاکمێکی تازە دێتە شوێنی و ئازاد دەبێت لەزیندان."ڕۆیشتینە فەرمانگەی پۆلیسی گشتی لە شەقامی پاشاو لەبەردەم بەڕێوەبەر وەستام...

-تۆ قەندیل محەمەد ئەلجەنابی گەریدەی؟

-وڵامم داوە بەڵێ.

-تۆ تۆمەت باری بە گاڵتەکردن بە ئایینی ئەو وڵاتەی میوانداری کردوویت!

-گوتم تۆمەتێکی بێ بنەمایەو هیچ ڕاستییەکی بۆ نییە..

-بەساردییەکەوە گوتی گەواهیدەر هەن.

-گوتم خاوەن ویژدان بۆ تۆمەتێکی وا گەواهی نادات...

دەسگتیرکرام و ڕۆژی دواتر بردرامە بەردەم دادگاو .... بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتاییم بەسەردا سەپێندرا. لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی سامان و هەموو شتێکم و عەروسەیش... گوتم دەبێ تا کۆتایی ژیانم لەو گرتوخانەیە بەڕێکەم... حۆم ڕادەستی چارەنووسی خۆم کرد. ئاواتەکانی خۆم ناشت.".

قەندیل دوای ئازاد بوونی سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و سویری و تاڵییەی بیست ساڵ  لەزیندان دەیچێژێت و بەهۆی گەشتەکەیەوە تووشی دەبێت، ئەو پاشەکشێ ناکات و کۆڵنادات بەردەوام دەبێت لەگەشت و گەڕانەکەی "نەخێر ناگەڕێمەوە. ئاوەڕ بۆ دواوە نادەمەوە. بووم بەگەریدە، و هەر بەگەریدەییش دەمێنمەوە، و ڕێگەی گەشتەکەم تەی دەکەم، ئەوە بڕیارو چارەنووسه، خەیاڵ و کردارە، سەرەتاو کۆتاییە، بۆ دارولحەلبەو دواتر بۆ دارولجەبەل.".

ئیدی قەندیل لە گەشتەکەی بەردەوام دەبێت تا دەگات ”دار الحلبة” وڵاتێکی دیموکراتیک بە دەستەوەژاکەی ئەمڕۆ، ئازادی ڕەهای پەرستش و بیروباوەڕ،ئازادی کار، دادپەروەری و یەکسانییەکی تەواو لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە،لەو شونە ئازادی لە لوتکەدایەو خەڵکی بە ئازادی و دوور لە فشارو سەپاندن هەر بیرو باوەڕێکیان هەبێ و بڕوایان پێی بێت،دیندار یان بێ دین ، کەس بۆی نییە ئەقیدەو جیهان بینی خۆی بەسەر ئەوەکەی تردا بسەپێنێت. وڵاتێک ئازادی دایپۆشیوە. بودی، کریستیان. جوو،موسڵمان. بت بەرست و ئاتایستەکانیش بەو پەڕی ئازادییەوە ژیان دەکەن. لێرە دەوڵەت ڕێزی بیرو باوەڕەکان دەگرێت، بەڵام ڕێگە نادات هیچ ئایین و ئایین زایەک خۆی بەسەر ئەوەیتردا بسەپێنێت.تۆ ئازادیت هەر بیرو باوەڕێکت هەیە، بەڵام ئازاد نیت ئەو بیروباوەڕەت بکەیتە پێوەرو بەسەر ئەوانیتریدا فەرزی کەیت، دەوڵەت هیچ ئایینێکی نییەو بێ لایەنە لەبەردەم هەموو ئایین و ئایدۆلۆژیاکان، تەنانەت سەرۆکی دەوڵەت کەسێکی بوودیە.لێرە ڕێگە بەوە نادرێت ئایین تێکەڵ بەسیاسەت بکرێت و حزب بەناوی خواو ئایین و لەسەر بنەمای ئەقیدەی ئایینی درووست بکرێت.  لێرە ئەقڵ خوای ئایین و ئازادیش پەیامبەرەکەیەتی..سەرکردەو سەرۆک بە پێی پێوەرو پرۆسەیەکی ئەخڵاقی و سیاسی بەڕێوەدەچێت و دەبێت کەسەکە هەڵگری کۆمەڵێک سیفەت و ئادگارو فەزیلەتێکی بەرزجوان بێ. کەسی براوەو هەڵبژێردراو دەساڵ حوکمڕانی دەکات.دواتر لادەچێت و قازی قوزات دێتە شوێنی.دووبارە هەڵبژاردنێکی تازە دەست پێدەکات لەنێوان سەرۆکی لابراو تازە کاندیدەکان.هەرکاتێک کابینەی حکومەت شکست بێنێت .حکومەت هەڵدەوشێتەوەو دووبارە هەڵبژاردنێکی تر دەست پێدەکاتەوە.

لەو مەملەکەتە سیستەمێک تێیدا پێڕەو دەکرێت زۆر لەو سیستەمە سیکۆلارو دیموکراتییەی لەوڵاتانی پێشکەوتووی چەشنی خۆرئاوا دەکات و ئازادییەکی تەواو تێیدا فەراهەمەو دادپەروەری و مافەکان چەسپێندراون." هەمو ئازادییەکمان بە باش زانیوەو هەمو کۆت و بەندێکیش خەراپ، سیستەمێکمان دامەزراند دوور لە دیکتاتۆریەت،و کارکردنمان پیرۆز کرد لەپێناو ڕزگار بوون لە هەژاری و زانستمان داهێنا لەپێناو ڕزگاربوون لە نەزانی.بەو شێوەیە. بەو شێوەیە. ئەوە ڕێگەیەکی درێژی بێ کۆتاییە... ڕێگەی ئازادی بەو ئاسانییە نییە.باجێکی زۆرمان لەپێناو دا بە گیان و خوێن. ئێمە دیلی خوڕافەو دیکتاۆرییەت بووین. پێشەواکان بەرەو پێشەوە چوون.مڵەکان پەڕێندران. شۆڕشەکان داگیرسان، و جەنگی ناو خۆیی دەستی پێکرد،تا سەرەنجام ئازادی و زانست سەرکەوتن:.

پاشان قەندیل دەڕواتە“دار الأمان”و خەڵکی ئەو وڵاتە زەوی دەپەرستن و بڕوایان وایه زەوی خواوەنده چونک دایکی بەروو بووم و سەرچاوەی پێداویستیەکانیانەو کارکردن لایان پیرۆزەو  ژن و پیاو،هەموان کاردەکەن،تەمەڵ و بێ کار لێرەجێگای نابێتەوە تا ئەوکاتەی دەچیتە تەمەنەو ناتوانی کاربکەیت.

لێرە یاسا پیرۆزەو دادپەروەری بنەمای دەستوورە.

سەرۆک لەنێوان ئەو نوخبەی هەڵدەبژێردرێت کە شۆڕشیانکردووە، سەرۆکی وڵات نوێنەرایەتی هەموو چینەکانی کۆمەڵگه دەکات و هەموو سێکتەرەکان ئاساییش، پەروەردە، سەربازی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری... لەژێردەستی ئەون هەموو بڕیارەکان بەدەستی خۆیەتی.سەرۆک لە بواری خۆی کاردەکات و جیاوازی لەنێوان و ئەو کارمەندێکی پاککەرەوەدا نییە، ئەو کۆمەڵێک ڕاوێژکاری هەن لەو ڕاوێژکارانەی خۆی هەڵیان دەبژێرێت. بەڵام بڕیارو قسەی کۆتایی هەر خۆیەتی، ئەو بەدرێژایی تەمەنی لەسەر کورسی حوکمڕانی دەمێنێتەوە،ئەو کاتە لادەدەرێت کاتێک  لەڕێڕەو لایدا.

یەکێک لە دانیشتوانەکەی لە بارەی سیستەمەکەیانەوە دەڵێت. سیستەمەکەمان داوامان لێدە کات کە مرۆڤ خۆی لە شتێک هەڵنەقورتێنێت کە پەیوەندی بەوەوەنەبوو،و هەرکەسەو خەریکی ژیانی تایبەتی خۆی بێت و ئەندازیار نابێ دەست لە کاری پزشکی و کرێکار لە ئیشی جوتیار وەربدات و کەس بۆی نییە تەداخولی سیاسەتی ناوەوەو دەرەوەی وڵات بکات.و لەو وڵاتە ئازادی تاک سزاکەی عیدامە.

قەندیل دواتر دەڕواتە”دار الغروب”.کە،بەدەروازەی گەیشتن بە “دار الجبل”.

ئەوە پوختەیەک بوو لە چیڕۆکەکانی ڕۆمانی"رحلة ابن فطومة".

کە  نووسەر کۆتاییەکەی بەکراوەیی  جێ دێڵێت.

بێ ئەوەی پێمان بڵێت: ئایە گەیشت بە ئامانج و کۆتایی گەشتەکەی و ڕۆیشت بۆ دارولجەبەل و  لەوێ ڕووبڕووی چی بوویەوە؟

یاخود لەڕێگه مرد.

یاخود گەڕایەوە وڵاتەکەی و نەیتوانی زیاتر درێژە بە گەشتەکەی و گەریدەیی بدات

بەو ناڕۆشنییە چیڕۆکی گەشتەک و گەڕانەکەی قەندیل کۆتایی پێ دێت.؟!


ئەم بابەتە 249 جار خوێندراوەتەوە