Azad.jpg

پۆست ئیسلامیزم لە نێوان پێداویستییە هاوچەرخەکان و سیاسەت

ئازاد حاجی ئاقایی- شنۆ

لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتاکەش لە ژێر سێبەری تووندوتیژییەکانی داعەش و خوێندنەوەی ڕادیکاڵ لە ئیسلامی سیاسیەدایە، دیسکۆرسێکی نوێ بەر لە وەدیارکەوتنی ئەم ڕێکخراوەیە لە ژێر ناوی پۆست-ئیسلامیزم بە تێگەیشتن لە هەلومەرجی ژینگەی جیهانی ئیسلام و بەرسڤدانەوەی کۆمەڵگا خەریکی سەر لە نوێ ڕێکخستنەوەی خۆی بووە. ئەم دیسکۆرسە نوێیە دوا بە دوای تێکشکانی گەورەی داعەش لە ڕووی سەربازییەوە، لە وڵاتە جیاوازە ئیسلامییەکاندا بە وازهێنان لە چەمکی پرۆژەی دەوڵەتی ئیسلامی و دەربازبوون لە ئیسلامخوازی، کەوتۆتە ناو دیالۆگێکی ڕەخنەگرانە لەناو خۆی و لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەڵگرتنی هەندێک ڕەهەندی هزریی جیاواز خوێندنەوەیێکی‌تر لە ئیسلام گەشە پێ بدات. لە ژێر سێبەری ئەم خوێندنەوە نوێیەدا، ئەم وتارە هەوڵ ئەدات لە یەکەم هەنگاودا لایەنە جیاوازەکانی ئەم پڕۆژەیە پێناسە بکات و لە هەنگاوی دووهەمدا ئاسۆسەرەکییەکانی ئەم بزاڤە هزری-کۆمەڵایەتییە وێنا بکات و لە کۆتاییدا کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە لە سەر هزری سیاسی کوردستان تاوتوێ بکات.

 کرانەوە:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت هەرێمی کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەی ناسنامەییدا دەژێت؛ ئەگەر ساڵانی دەسپێکی دوای ١٩٩١ بە هۆی کێشەو ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکان و هەروەها کاریگەری و مانەوەی دیسکۆرسی شۆڕشگێرانەی مافخوازی کورد لە باشووری کوردستان ئەم قەیرانە کەمتر وەبەرچاو دەکەوت، بەڵام دوابەدوای سەقامگیرتربوونی پێگەی سیاسی هەرێم و کێشەکانی پەیوندیدار بە دابەشکردنی داهات و سیستەمی ئابووری، قەڵشتەکانی ناو هەرێمیش مەجالی دەرکەوتنیان بۆ ڕەخسا. نەبوونی سیاسەتێکی ئاراستەکراو بۆ پرسی ناسنامە، سەرلەنوێ رێکخستنەوەی جوومگەکانی کۆمەڵگا بە پێی دۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتی نوێی هەرێم و کەڵکوەرگرتن لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی پارتە سیاسیەکان وایکرد بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەونە ژێر کاریگەری لایەنە تووندئاژۆکان یان بیری ئایینی ڕادیکاڵ بەستێنێکی لەباری بۆ کایەی سیاسی بۆ هەڵکەوێت. لە سەر بنەمای بێ هیوایی بە پارتە سیاسییە سێکیولارەکان، هەم پارتی ئایینی گەشەیان کرد و هەمیش سەلەفییەکان توانای بە ڕێکخراەکردنی جەماوەریان وەدەست هێنا؛ ئەم کاریگەرییانە تا ڕادەیەک بەرفرە بوون کە دوابەدوای وەدیارکەوتنی داعەش، بەشێکی بەرچاو لە گرووپ ولایەنە ئایینیەکانی ناو جەماوەر کەم و زۆر هاوسۆزی خۆیان بۆ داعەش دەردەبڕی. ئەمە گەورەترین دەرکەوتەی دیسکۆرسی ئیسلامیزم و بازدان لە شوناسی نەتەوەیی بەرەو شوناسی پێناسەکراو لە سەر بنەمای ئوممە-ی عەرەبی بوو.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم دیاردە نوێیەی شوناس تووندئاژووی ئایینی، بیرۆکەیەکی نەرم و نیان‌تریش سەبارەت بە ئایین وەک شوناسی سەرەکی دەرکەوت؛ ئەم ڕوانگەیە هەم لایەنێکی تاکەکەسی بە سەرەوە دیار بوو و هەمیش دەرەنجامی ڕەوتی گەشە و وەرچەرخانی دیسکۆرسی ئیسلامیزم لە وڵاتانی جیران و ناوچەکە بە گشتی بوو؛ کە خۆی لە لە ژیر کاریگەری لیبەرالیزم، ئەدەبیاتی عیرفانی ڕۆژهەڵاتی دوور و ئەزموونی ئایینی مەسیحیەتدا دەنواندەوە. ئەم چەشنە تێڕوانینە لە ئایین لەم ساڵانەی دواییدا لە رێگەی وەرگێڕانی کتێبی فارسی بۆ سەر کوردی لە هەرێمی کوردستان گەشەی پێدراوە و پیدەچێ لە ساڵانی داهاتوودا ئەو خوێندنەوە نوێیە بتوانێ کاریگەریێکی زۆری لەسەر جوومگەبەندیکردنەوەی ناسێنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان و هەر وەها پارتە سیاسی-ئیسلامییەکان هەبێ. لە سەر ئەم بنەمایە ئەم توێژینەوە هەوڵ ئەدات لە هەنگاوی یەکەمدا بە گشتی لایەنەکانی خوێندنەوەی پۆست-ئیسلامیزم تاوتوێ بکات و لە بەشی دووهەمدا هاوکات لەگەڵ نیشاندانی ئاسۆکانی ئەم چەشنە خوێندنەوەیە لە ئایین، کێشە و کاریگەرییەکانی ئەم خوێندنەوەیە لەسەر چەمکی شوناسی نەتەوەیی دەستەبەر بکات.

لە ئیسلامیزمەوە بەرەو پۆست ئیسلامیزم

 ئەگەرچی ڕەنگە تاوتوێکردنی دەرەنجام و کاریگەرییەکانی بیری تووندڕەوی ئایینی و بە تایبەت داعەش لە سەر ناوچەکە و بە تایبەت هەرێمی کوردستان هێشتا زوو بێت، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ دەرکەوتنی بیری ڕادیکاڵی ئایینی، لە جوگرافیای بەرفرەی وڵاتانی ئیسلامییدا خوێندنەوەیەکی نوێش لە ژیرناوی پۆست ئیسلامیزم لەلایەن رۆژهەڵاتناسانەوە بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی جیهانی ئیسلام ئاراستە کراوە. ئەم خوێندنەوە نوێیە بە پێناسەکردنی پۆست-ئیسلامیزم لەسەر ئەم بڕوایە دوا بەدوای شکستهێنانی ئیسلامیزم کە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی ئەکرد، ئێستاکە ئایینی ئیسلام وەک دیسکۆرسێک پێی ناوەتەو ناو قۆناغێکی نوێ بە ناوی پۆست-ئیسلامیزم یان دەبێ چاوەڕوانی گەشەی ئەم دیسکۆرسە نوێیە بین.

لە کاتێکدا لێکدانەوە مۆدێرنیستیەکان ئیسلامیزم-یان وەک بزاڤێکی نەریتیانەی موسوڵمانان (لەچوارچێوەی چینی علما، مەلاکان، بازرگانان و چینی هەژاری شارنشین) سەیر دەکرد کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر مۆدێرنیزاسیۆنی ڕۆژئاوایی یەکیان گرتووە، بەڵام بەڵگەکان ئەم ڕاستییە نیشان ئەدەن ئیسلامیزم لەلایەن گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگاوە- لە نەریتیەوە بۆ مۆدێرن، لاو و پیر، ژن و پیاو و چینە باڵا و خوارەوەکان- پشتیوانی لێکراوە.Invalid source specified.و کاکڵی بەردەوامی ئەم خوێندنەوەیە لە ئایین خۆی دیاردەیەکی مۆدێرنیستیە. هەر ئەمەش وایکردووە ئیسلامیستەکان سەرەڕای جیاوازی، بە گشتی زمان و چوارچێوەیەکی چەمکیانەی گشتی بەکار بێنن، لە پڕەنسیپەکانی کۆنسێرڤاتیڤ کەڵک وەرگرن و سەبارەت بە بیروبۆچۆن وستایلە جیاوازەکانی ژیانی شار ڕوانگەیێکی تووندوتیژ لە خۆیان نیشان بدەن. هەر لە سەر ئەم بنەمایەیە ئیسلامیستەکان خاوەن ئایدیۆلۆژی و بزاڤێک بوونە کە لە سەر بنەمای ئاوێتەیەک لە ئایینداری و پابەندی بە نۆرم و بایەخە نا-مۆدێرنەکان دامەزراوە. ئەوە ئەم خاڵەیە ئیسلامیستەکان لە پۆست-ئیسلامیزم جیا ئەکاتەوە.

چەمکی پۆست ئیسلامیزم وەک چەمکێک لە هەمبەر ئیسلامیزم کە چەمکێکی زۆر نوێیە و لەم بیست ساڵەی دواییدا بۆ پێناسەکردنی دیاردەیەکی نوێ، واتە قۆناغێک لە گەشە و دیسکۆرسی سیاسی لە جیهانی ئیسلامدا بە کار هاتووە. قەیرانەکانی ساڵانی ١٩٩٠ بە دواوە لە ناو ئیسلامیزم کاریگەری لەسەر دەرکەوتن و گەشەی ئەم چەمکە نوێیە هەبووە. ئۆلیڤیێ ڕوا لەم بارەیە پێی‌وایە پۆست ئیسلامیزم وەدەرکەوتنە لە دیسکۆرسی تووندوتیژی شۆڕشگێرانە بەرەو ئاجێندای ئیسلامێکی میسیۆنێری.Invalid source specified.

 ئۆلیڤیێ ڕوا پێی‌وایە ویستی سەر لەنوێی بزاڤە ئیسلامییەکان و تاکە موسوڵمانەکان بۆ ئایینداری و دووربوونەوە لە سیاسەت، دوورکەوتنەوە لە یەکگرتوویی ئەو پەڕ سنوور یان یەکگرتوویی ناونەتەوەیی وەک نیشانەیێکی‌تر لە شکستی ئیسلامیزم خۆی لە ناو بزاڤێک و خوێندنەوەیێکی نوێ لە ئیسلام لە ژێر ناوی پۆست ئیسلامیزمدا نیشان ئەدات. لەم واتایەدا ئیسلامیزم بە واتای ئایدیۆلۆژیایێکی ئایینیە و مەبەستی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەر بنەمای شەریعەتە. بەڵام نابێ ئەم وەرچەرخانە لە ئیسلامیزم بەرەو پۆست-ئیسلامیزم وەک وەرچەرخانێکی تاکتیکی و ستراتێژیک لە سروشتی خۆیدا تەفسیر بکرێتەوە. زۆرێک لە بزاڤە ئیسلامییەکان ئامانجی خۆیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی وەلا ناوە بەڵام بە پێی فاکتەرە دەرەکی و ناوەکییەکان ئەوان ئەمێستاکە لەوە تێگەیشتوون ئەو ئامانجە زۆر دژوارتر لەوەیە پێشتر بیریان لێ دەکردەوە و پێویستی بە ڕەچاوکردنی ڕەهەندێکی نوێ هەیە.

ژیل کێپێل پێی‌وایە پۆست ئیسلامیزم لە هەوڵی بە جیهانی کردنی ئیسلامیزمە Invalid source specified. و ئاسف بەیات پێی‌وایە ئەم چەمکە هاوکات نیشاندەری دۆخ و پرۆژەیەکە؛ بە بڕوای بەیات ئەم چەمکە لە کاتێکدا ئیسلامیزم بە هۆی هاودژییەکانی ناوەو و دەرەوەی و بە هۆی گوشارە کۆمەڵایەتیەکانەوە ناچارکراوە سەرلەنوێ خۆی بخوڵقێنێتەوە، ئەم چەمکە نیشاندەری دۆخێکە و ئەو کاتەی وەک هەوڵدانێکی وشیارانە بۆ چەمکاندن و بە ستراتیژیکردنی لۆژیک و شێوازەکانی ئەو پەڕی ئیسلامیزم لە پانتاکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و هزرییدایە؛ ئەوە پرۆژەیە.Invalid source specified. پۆست ئیسلامیزم نیشاندەری کاریگەرییە پێویستیەکانی سێکیولار لە ناو دیسکۆرسی سیاسی لە سەردەمی دوا-سێکولاردایە. هەر بۆیە ئەم خوێندەوەیە لە ئیسلام بۆ قەرەبووکردنەوەی خەسارەکانی تووندوتیژی لە هەوڵی خوڵقاندنی سیمایێکی نەرم و نیان و ریفۆرمیستیدایە. پۆست ئیسلامیزم لە یەکەم هەنگاودا پرۆژەیێکە سەبارەت بە دۆخێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی کە سۆبژیکت یان تاک خۆی لە ئیسلامی سیاسی دوور ئەکاتەوە؛ و بە هۆی شکست و تێچووە زۆرەکانی ئیسلامیزم سەبارەت بە دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلامی، لە هەوڵی ئەوەدایە سەرلەنوێ ئایین بە جۆرێکی‌تر بخوڵقێنێتەوە.Invalid source specified.

بەڵام ئەوەی پێویستە بوترێت ئاماژەپێکردنی ئەو خاڵە گرینگەیە کە پۆست ئیسلامیزمیش هەر وەک ئیسلامیزم دیسکۆرسێکی یەکپارچە نیە. ئەم فۆرمە نوێیەی ئایینیش لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا بە پێی بەستێن و دۆخی سیاسی هەر کۆمەڵگایەک فۆڕمی نوێ و جیاواز بە خۆیەوە دەگرێت و لە ڕووی سیاسیەوە لە وڵاتە جیاوازەکاندا لە ناو حیزبی سیاسی جیا وەک حزب الوسط لە میسر، حیزبی داد و گەشەپێدان لە تورکیا،ئیسلامی مەدەنی لە ئەندۆنێزیا و بزاڤی دادپەروەری عمران خان (تحریک الانصاف) لە پاکستان و پارتە ڕیفۆرمخوازەکان لە ئیراندا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام سەرەرای جیاوازییەکان و دۆخە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان، پۆست ئیسلامیزم بانگهێشتکردنەوەیەکی ڕادیکاڵە بۆ دیالۆگێکی ڕەخنەگرانە لە نێوان بابەتی پیرۆز و بابەتی سێکیولار، ئیمان و ئازادی، شۆڕش و عەقڵ، نەریت و مۆدێرنیتی، ئایینداری و مافەکان و پارادایمە لۆکاڵی و جیهانییەکان.Invalid source specified.

لەسەر بنەمای ئەم پێناسە کورتەوە دەکرێ ئاماژە بکرێتە سەر بەردەوامی و هاوکات گۆڕانێکش لەنێوان ئیسلامیزم و پۆست ئیسلامیزم. پۆست ئیسلامیزم ئایین قەبوڵ دەکات بەڵام لە جیاوازی لەگەڵ ئیسلامیزم چەمکی دەوڵەتی ئیسلامی ڕەت دەکاتەوە. لە کاتێکدا ڕەنگە ئیسلام ڕۆڵێکی پێکهێنەرانە لە کۆمەڵگای مەدەنیدا بگێڕێت، دەوڵەت قەوارەیەکی سیکیولار دەبێ و دەستەواژەی دەوڵەتی ئیسلامی لە تیۆردا تەنیا چەمکێکی هاودژ دەبێت و لە کردەوەدا جگە لە ئۆلیگارشێێکی مەلاکان، لێڤیاتانێک کە بەرژەوەندەییەکانی چینی دەسەڵاتدار دەپارێزێت شتێکی‌تر نابێت. ئەمە لە ناخی خۆیدا لە ناو چەمکی پۆست ئیسلامیزمدا، چەشنە میانەڕوەیێکی لێدەکەوێتەوە.

لە سەر بنەمای ئەم جیاوازییانە، پۆست ئیسلامیزم دانپیانانی سێکیولاریزم وەک پێویستیێکی سەردەمیانە، دوور کەوتنەوە لە تووندوتیژی و شکاندنی قۆرخکاری حەقیقەتی ئایین لەلایەن گروپێکی تایبەت بە فەرمی ئەناسێت؛ و لەکاتێکدا ئیسلامیزم بە ئاوێتەکردنی ئایین و بەرپرسیارێتی ئاوێتە کراوە، پۆست ئیسلامیزم لە سەر بڕوای دەروونی و تاکەکەسی و مافەکان داکۆکی دەکات.

بە بڕوای ئاسف بەیات سەرەرای ئەوەی پۆست ئیسلامیزم لە دەوڵەتێکی مەدەنی و نا-ئایینی لایەنگری ئەکات، لە ڕۆڵی ئاکتیفی ئایین لە پانتای گشتیشدا پاڵپشتی ئەکات.Invalid source specified. هەر بۆیە پسپۆرانی ئەم ڕوانگە نوێیە پێیانوایە چەمکی پۆست ئیسلامیزم نە دژە ئایینی و نە سێکیولارە و تەنانەت چەمکێکی ئایینیش نیە و هەوەها دابڕانێکی تەواو لە ئیسلامیزم-یش نیە؛ بەڵکوو هەوڵدانێکە بۆ ئاوێتەکردنی ئایینداری و ماف، ئیمان و ئازادی، ئیسلام و ئازادی. هەر بۆیە ئەگەر پۆست ئیسلامیزم وەک پڕۆژەیەک سەیر بکرێت؛ دەکرێ داکۆکی لەسەر ئەم خاڵانەش بکرێت؛ پۆست ئیسلامیزم لە جیاتی ئەرک و بەرپرسیاری لە سەر ماف، لە جیاتی دەنگێکی تاک وتەریک و بە هێز، لەفرەیی دەنگەکان داکۆکی دەکات و پێی‌وایە دەقێکی تایبەتی پیرۆز بۆ پشت بەستن پێویست نیە، بەڵکوو ئەوەی پێویستە تەفسیری نوێ لە دەقی پیرۆز و خۆگوونجاندن لە گەڵ پێداویستیەکانی ئەمرۆکەیە.

سەرەڕای ئەوەی ئە پڕۆژەیە لە سەرپەیوەندیی نێوان ئیسلام و ئازادی، دیموکراسی و مۆدێرنیتی داکۆکی ئەکات و زۆرجاریش لە هەوڵی دامەزرانی مۆدێرنیتیێکی بەدیل-دایە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەم بیرۆکەیە لایەنگری لە دەوڵەتێکی نا-ئایینیە، بەڵام پێی‌ وا نییە ئایین پێویستە بە تەواوی بچێتە ناو پانتای تایبەتەوە، چوونکە ئەوان خوازیاری هەبوونی ئایین لە ناو گۆڕەپانی گشتی و گەشە پێدانی مەعنەویەت لە ناو کۆمەڵگادان. لە سەر ئە بنەمایە پۆست-ئیسلامیزم هاوکات لەگەڵ ڕەدکردنەوەی نەریتی ئایینی، خوازیاری گفت‌وگۆ لە گەڵ نەریتی ئایینیە، و بەم پێیە ئەوانەی باوەڕیان بە چەمکی پۆست-ئیسلامیزمە، چوومگەبەندی نوێ، مۆدیلە لۆکاڵییەکانی خۆیان لە ئایین و دیموکراسی بەرەو پیشەوە دەبەن. لە سەر بنەمای ئەم تێفکرینە نوێیە، توێژەرانی پۆست ئیسلامیزم پێیانوایە ئەم ڕەوتە نوێیە پرۆژەیێکی ناتەواو و گفتتوگۆیەکی رەخنەگرانەی بەردەوام لە نێوان نەریت و مۆدێرن، ئایین و دیموکراسیدایە. بەڵام هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا ئەم تێگەیشتنە لە چەمکی پۆست ئیسلامیزم تێگەیشتنێکی گشتییە و ئەم چەمکە لە ناو دۆخ و بەستێنی تایبەتی کۆمەڵایەتی سیاسیەوە، دەرکەوتەی جیاوازی لێ دەبێتەوە.

 دەرکەوتنی چەمکی پۆست ئیسلامیزم و کاریگەرییەکانی

ئەگەر لە سەر ئەم خاڵە کۆک بین کە ئیسلامیزم پەرچەکردارێک لە هەمبەر سێکیولاریزم لە سەردەمی قەیرانی دەوڵەتە سێکیولارەکان بووە و تایبەتمەندی سەرەکی ئیسلامیزمیش ڕەدکردنەوەی جیایی ئایین لە دەوڵەت یان سێکیولاریزم بووە، ئەوە پۆست ئیسلامیزمیش پەرچەکردارێک لە ئاست دەوڵەتی ئایینی و شکستەکانی ئەم دیسکۆرسە بووە. هەر بۆیە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بکرێتە سەر سەرهەڵدانی ئەم چەشنە خوێندنەوەیە لە ئایین لە وڵاتی ئیران؛ کە لەم ڕێگایەشەوە ئەم چەشنە خوێندنەوەیە بێ لەبەرچاوگرتنی ژینگەی سیاسی ئەم وڵاتە، پەڕیوەی هەرێمی کوردستان بووە. ئاسف بەیات پێی‌ وایە سەرەڕای ئەوەی ئەم چەمکاندنە لە پۆست ئیسلامیزم ڕەنگدرەوەی ژینگەی سیاسی ئیرانە بەڵام لە وڵاتانی میسر، ئەندۆنێزیا، تورکیا، سودان، لبنان وپاکستان و... دیسکۆرسی ئیسلامیزم لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوو ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و لە دەرەنجامی ئەم ئاڵۆگۆڕەدا، مێژوو و ئەزمونێکی ئاڵۆزکاو، چەن لایەنە و نا-هاوچەشن پێکهاتووە. بەیات پێی ‌وایە لە کاتێکدا شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵانی ١٩٨٠ کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی بزاڤە هاوشێوەکانی خۆی لە وڵاتانی ‌تر هەبوو، ئەزموونی پۆست ئیسلامیزمی ئەم وڵاتەش یارمەتیدەری گۆرانی ئایدۆلۆژیک لەناو هەندێک بزاڤە ئیسلامییەکان بووە.Invalid source specified.

ئەم ڕەوتە لە ئێران لە دەرەنجامی گەشەی سوبژێکت و بەهێز بوونی تاکەکەس لە ئیرانی دوای شۆڕشی ئیسلامی ڕوویدا و لە ناو ئەم ڕەوتەدا بیرکردنەوەی ئیسلامخوازەکان تووشی ئاڵوگۆڕ بوو؛ لە دەرەنجامی ئەم ڕەوتەدا پۆست-ئیسلامیزم بە وەلانانی ملکەچی و دوورەپەرێزی لە دوونیا، باوەشی بەرەوڕووی مۆدڕێرنیتی کردەوە و دوای چل ساڵ ژیان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتێکی ئایینی، پۆست ئیسلامیستەکان بە تایبەت لە ناو چینی ناوەندی کۆمەڵگا خوێندنەوەیێکی نوێیان لە ئایین و لە دژی خوێندنەوەی فەرمی پێشکەش کرد.Invalid source specified. ئەم فۆرماسیۆنە بە یارمەتی توێژێکی تایبەت لە ئێران لە ژێر ناوی ڕوناکبیرانی ئایینی ڕوویدا؛ و سەرەرای ئەوەی زۆرێک لە پسپۆرانی هزری سیاسی لە ئێران پێیان وایە ئەم ڕەوتەش تووشی قەیران و دابڕان بووە، بەڵام کاریگەری زۆری لەسەر هزریی سیاسی و ئایینی دانا. بە بڕوای شەهیب‌زادە شکستی کۆماری ئیسلامی لە سەپاندنی ئایدیۆلۆژیای فەرمی لە سەر پانتای کولتوری بە گشتی و بە تایبەت زانکۆکان نیشاندەری هێزی دیسکۆرسێکی فکری نوێ Invalid source specified. بوو لەم ناوەشدا بەکارهێنانی رەخنەی بەردەوام لە دژی ئایدیۆلۆژی توتالیتەر تایبەتمەندی ئەم دیسکۆرسە بوو. Invalid source specified.

ڕووناکبیرە ئایینیەکانی ئێرانی بە پێچەوانەی ئیسلامیستەکان، داهاتوویان وەک شتێک سەیر ئەکرد کە پێویستە لە ئیستاکەدا بخوڵقێت. ئەم ڕووناکبیرە ریفۆرمیستانە لەسەر ئەم بڕوایە بوون هەنگاوە کۆتاییەکانیان بە مەبەستی تێگەیشتن لە ئایین و گوونجاندنی ئایین لە گەڵ ئاڵ‌وگۆڕەکانی جیهانی هاوچەرخدایە. هەر بۆیە سێکیولاریزم، مافەکانی مرۆڤ، ئازادی لە چوارچیوەی ڕیفۆرماسیۆنی ئایین بەهایێکی زۆریان پێدرا و لە ڕێگای سێکیولارکردنی ئایین، بە سیاسی‌کردنی ئیسلام-یش کەوتە بەر رەخنەی ئەم توێژە.

ئەم ڕەوتە فکرییە لە ئێران خۆی بە سەر سێ لایەنی‌تر دابەش کرا؛ و لەم ناوەدا لایەنی پۆست ئیسلامیزمی لیبەراڵ کاریگەریێکی بەرفرەتری لە دوای خۆی بەجێهیشت. هەر ئەم ڕەوتە فکرییەش لە هەرێمی کوردستان لە لایەن هەندێک لایەن و وەرگیڕەوە گرینگی زۆرتری پێ دەدرێت؛ ئەم ڕەوتە فکرییە بریتیە لە چەند ڕوناکبیری هاودژ کە بەرە بەرە لە ئیسلامیزم و بنەما هزرییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی پاشگەز بوونەتەوە.Invalid source specified. کەریم سروش و مجتهد شبستری و مصطفی ملکیان وەک سێ کەسایەتی گرینگی ئەم رەوتە فکرییە بنەماکانی پۆست ئیسلامیزمیان بە ڕوانگەی جیاوازەوە دەسنیشان کردووە؛ هەر چەن زۆر جار خۆشیان لە دەرەوەی ئەم ڕەوتە هزرییە پێناسە کردووە.

عبدالکریم سروش لە یەکەم ڕووناکبیرانی ئێرانییە کە دەکرێ لە ناو بازنەی پۆست ئیسلامیستە لیبەراڵەکاندا، دابنرێت. لە خوێندنەوەکانیدا سروش لە ڕوانگەیێکی لیبەراڵ-فەلسەفییەوە رەخنەکانی خۆی ئاراستەی خوێندنەوەی فەرمیی لە ئایین ئەکات و پێی‌وایە ئەم خوێندنەوەی فەرمییە کێشەی بۆ کۆمەڵگا و سیاسەت خوڵقاندووە. سەرەڕای ئەوەی سروش تا ساڵانی ٢٠٠٠ ڕاشکاوانە دژایەتی لەگەڵ لیبەراڵیزم ئەکرد، بەڵام لە ٢٠٠٦ بەدواوە ڕاشەکاوانە وتی ئێمە لیبەڕاڵین.[1] دیارە ئەم دەربڕینە ڕاشکاوانەیەی سروش دەگەڕایەوە سەر فەلسەفەی ڕیفۆرمیستی کڵێسەی مەسیحی و نەریتی لیبەراڵی؛ چوونکە بەردەوام لە نووسراوەکانیدا داکۆکی لە سەر عەقڵ، ئازادی و دیموکراسی دەکردەوە؛ و ئەم سێ مژارە بە تەواوی کیشەیان لە گەڵ خوێندەوەی فەرمی دەسەڵات لە ئایین دا هەبوو. لە روانگەی سروش، لەناو دیسکۆرسی مەعریفەناسانەی دیموکراتیک هەندێک پانتا هەن کە ئایین قسەیێکی بۆ وتن نیە، یان ئەم پانتایانە بە تەواو نا-ئایینین یان ناتوانن هەڵگری ئایین لەناو خۆیاندا بن. سروش لێرە مەبەستی پانتای سیاسەتە؛ و پێی وایە سێکیولاریزم لە سەر بنەمای عەقڵانیەت دامەزراوە، کەچی بەشێکی ئایین مێژووییە. لە روانگەی سروشەوە، توێژی مەلاکان وەک گرووپە پیشەییەکانی‌تر خاوەن ناسنامەیێکی پیشەیین و خاوەن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن.سرووش وەک بەشیک لە پرۆژەی پۆست ئیسلامیزم بیرۆکەی حکوومەتی ئایینی ڕەد دەکاتەوە و بە ڕوونی باس لەوە دەکات ناکرێ ئایین تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەی ئەرکی تەفسیری ئایینیان لە ئەستۆیە بکرێت؛ ئایین گەورەتر لە ئیسلامی مەلاکان و زەنگینتر لە شەریعەتە. هەر لە ڕوانگەی سرووشەوە، بیرۆکەی حکوومەتی ئایینی دیموکرات ناوەندی دەسەڵات لە ولایەتی فەقیە بەرەو کۆمەڵگای مەدەنی دەگوازێتەوە و ئێلیگارشی ئایینی بەرەو سیاسەتێکی دیموکراتیک، بەڵام ئایینی ئەبات.Invalid source specified. و لەسەر ئەم بنەمایە دیموکراسی ئایینیە کە ئەتوانێ بڕوا و ئیمان داڵدە بدات.

بیرۆکەکانی محمد مجتهد شبستری-یش وەک یەکێک لە بیرمەندە پۆست ئیسلامیستەکانی ئەم وڵاتە لە ژێر کاریگەری قەیرانی ئیسلامیزم دەخوێندرێتەوە؛ بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئیمان و بڕوا، دەسەڵات، ئایدیۆلۆژیا و مافەکانی مرۆڤ، شبستری لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی هێرمێنیۆتیک لە هەوڵی سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی ئیمان- نەک ئایین- وەک بابەتێکی تاکەکەسیانەیە. لە سەر ئەم بنەمایە شبستری لە ڕێگای لێکدانەوەی زمانناسانەی دەقی پیرۆز لەناو بەستێنی کۆمەڵایەتی-سیاسی سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام، لە ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەسەڵات ڕەخنە دەگرێت و پێی وایە دەقی پیرۆز وتەی مرۆڤە، چوونکە لەناو بەستێنێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و زمانیی تایبەتدا خوڵقاوە. هەر بۆیە پێی‌وایە لێکدانەوەی باو لە ئایین و کتێبی پیرۆز رێگای هەر چەشنە خوێندنەوەیێکی عەقڵانی و ئەمڕۆیی لە ئایین گرتووە؛ و بە لێکدانەوەی نوێ و ڕەچاوکردنی هێرمێنیۆتیک تێگەیشتنی چەن لایەنە لە ئیسلام و بە عەقڵانیکردنی دیسکۆرسی ئایینی کارێکی کردەیە. شبستری ڕەوایی و بە سوودبوونی خوێندەنەوەی ئیسلام لە روانگەی شەریعەتەوە دەخاتە ژێر پرسیار و لە سەر ئەم بڕوایەیە ئەم بیرۆکەیە کە کتێبی پیرۆز و سنت ژێدەری تەواوی سیستەمە یاسایی-سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە ناو موسوڵمانەکاندان، لە گەڵ ڕاستینەی میژوویی ناگوونجێن؛ چوونکە هەر کام لەم سیستەمانە بە بەردەوامیی بەستێن و دۆخی تایبەتی کۆمەڵایەتی-دیرۆکی کۆمەڵگایێکی تایبەتی ئیسلامی دەنوێننەوە. (شبستری 2001). لە سەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەیە شبستری پێی‌وایە سەرەڕای ئەوەی لە نێوان ئایین و سیاسەتدا پەیوەندی هەیە، ئەم دووە پێویستە لێک جیا بن، چوونکە ئایین پەیوەندیێکی نێوان مرۆڤ و خوایە. ئایین ناتوانێ ببێتە پرۆگرامێکی سیاسی. شبستری لە بەرهەمەکانی خۆیدا بە گرینگی پێدانی ڕەهەندی زمانناسی کۆمەڵایەتی، لە سەر خوێندنەویێکی کراوە لە ئایین، ئایینی تاکەکەسیانە و سێکیولاریزم و مافەکانی مرۆڤ داکۆکی دەکات و پێی وایە ئەوە دەسەڵاتێکی دیموکراتە کە دەتوانێ ئایین بپارێزی.

مصطفی ملکیان وەک کەسایەتێکی دیکە لەم ڕەوتە بە ڕوانگەیێکی تاکەکەسیانەوە هەوڵی ئەوە دەدات خوێندنەوەیێکی عەقڵانی لە کردەی ئایینی و بڕوای ئایینی؛ بە پێی پێداویستیەکانی هاوچەرخ بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی تاکەکەس و کۆمەڵگای ئێرانی دەستەبەر بکات. هەر بۆیە بە پێچەوانەی شبستری کە زۆرتر سەر بە نەریتی فکری فەلسەفی ئەڵمانییە، باسەکانی ملکیان زۆرتر لەگەڵ نەریتی فەلسەفەی شیکاری و لیبراڵی توانای گوونجانی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایەیە ملکیان هیومانیزم و مرۆڤی مۆدێرن وەک بەشێکی گرینگ لە فەلسەفەی خۆیدا دەناسێنێ؛ پڕۆژەی ملکیان لە ژێر ناونیشانی عەقڵانیەت و مەعنەویەت ڕەنگدەرەوەی ویستی تاکەکەسخوازی، سێکیولاریزم و کولتوورخوازییە و لە ئاکامدا گرینگی پێدانی فەلسەفەیێکی تاکەکەسی ڕەوشتبەرز-تەوەری لێدەکەوێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ملکیان پێێ‌ وایە بەرزکردنەوەی خۆشی و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکان یەکێک لە ئەرکەکانی هەر پڕۆژەیێکی گرینگ بۆ دەرباز بوون لە قەیرانە. هەر لەم پەیوەندییەدا ملکیان لە بەشێکی‌تری پرۆژەکەی خۆیدا باسێکی ‌تر لە ژێر ناونیشانی فەلسفەی ئەخلاقیی حەقیقەت و کەمکردنەوەی ئیش و ئازارەکان، بونیادەکانی ئەخلاقێکی فەزیلەت-تەوەری جوومگەبەندی دەکا و لە ژێر کاریگەری کانت، پێێ ‌وایە مۆدێرنیتی خۆی فەزیلەتێکی ئیگزیستانسیالیستییە کە دەکرێ تەنیا بە هۆی تعبد- ملکەچی- بناسرێتەوە. بە بڕوای ملکیان تعبد تایبەتمەندی مرۆڤی پێش-مۆدێڕنەو دوورکەوتنەوە لە ملکەچی، تەنیا بە داکۆکیکردن لە سەر بەڵگاندن دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت. لە سەر ئەم بنەمایە ملکیان لە هەوڵی بونیاتنانەوەی ئایین لە ژێر کاریگەری عەقڵ و بەڵگاندندایە.

لە سەر ئەم بنەمایە هەوڵدانەکانی ملکیان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی ئایینداری و ملکەچبوون-تعبد- لە جیهانی مۆدێڕندا ئاراستە دەکرێن. هەر بۆیە ملکیان لە هەوڵی ئەوەدایە ئایینێکی ئەمڕۆیی و خۆگوونجێن لە گەڵ پێداویستییەکانی جیهانی ئەمرۆکە، لە ڕێگای پرۆژەی عەقڵانیەت و مەعنەویەت سەر لەنوێ بونیات بنێتەوە. هەر بۆیە ملکیان مۆدێرنیتی وەک ڕەوشتبەرزیێکی پەیوەندیدار بە بوون سەیر ئەکات کە تەنیا لە رێگای دژایەتی لەگەڵ ملکەچی بوون و مەعریفەناسیەکەی لێی تێدەگەین (Badamchi، 2017، 150) ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی بیرۆکەی کانت سەبارەت بە مۆدێڕنیتی، پووختەبوون و سەربەخۆیی مرۆڤ، شکاندنی بونیاتەکانی بابەتی پیرۆزی لە ناخی خۆیدا حەشار داوەو لەسەر ئەم بنەمایە رەخنەی قورس ئاراستەی ئایین-ی مێژوویی دەکات؛ و بە لەناو بردنی نێونجەکانی نێوان خوا و مرۆڤ، پێی‌وایە مرۆڤی مەعنەوی تەنیا لە ئاست حەق- نەک شتێکی‌ترا سەر دادەنەوێنێت.

پۆست ئیسلامیزمی لیبەراڵ بە گشتی لە سەر ئەم بڕوایەیە زانستی ئایینی لقێکە لە زانستی مرۆڤ؛ لە باری کولتووری و مێژووییەوە سنووردارە؛ و هەر وەک فۆڕمەکانی دیکەی زانستی مرۆڤە؛ ئایین و شەریعەت بێدەنگن؛ ئەوە سوبژێکتە کۆمەڵایەتی و بەستێنی کۆمەڵگایە دەقە ئایینیەکان وەدەنگ دێنێ. پێویستە پابەندبوونی تاکەکەس بە کاکڵی ئایین بێت نەک لایەنە مێژووییەکانی ئایین. بە بڕوای ئەم پۆست ئیسلامیستەکان، ئیسلام ئایدیۆلۆژی نیە، و فۆرمێکی تایبەت لە سیستەمێکی سیاسی پیشکەش ناکات. ئایین ئەزموونێکی ڕۆحانی تاکە؛ ئەگەر بە تەواویش وا نابێت، بەڵام تا رادەیێکی زۆر پەیوەستە بە پانتای تاکەکەسەوە.Invalid source specified.

ئەوەی لەم ڕوانگەیەدا زاڵ دەبێتەوە، گرینگی پێدان بە زیانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ خودی ئایینە. سێکیولاریزمی ئایینی ناو هزری ئەم دیسکۆرسە وا دەکا دەوڵەت ئایین بە ئایدیۆلۆژیای تایبەتەوە بە سەر هاوڵاتیان نەسەپێنێت و ئەم بڕوایەش گەشە پێ دەدات کەئایینی ئیسلام لە گەڵ دەوڵەتێکی سێکیولاری دیموکرات دەگونجێت. بەڵام ئەم ڕوانگەیە بۆ سەلماندنی ئەم ئارگیۆمینتی خۆی لە پاساوی ئایینی کەڵک وەردەگرێت وهەر بۆ ئەم مەبەستەش لە سەر بەشێکی تایبەت لە کتێبی پیرۆز داکۆکی دەکات کە توانستی خوێندنەوەیێکی سیکیولاریستیان هەیە.

ئەوەی گرینگە ئەم سێ کەسە وەک نموونەی بەرچاو لە هزریی پۆست ئیسلامیزم لە ئێران، خۆیان بە تووندی لە ژیر کاریگەرییەکانی تیۆلۆژیای مەسیحیەت، بە تایبەت تۆماس ئاکویناس وسەنت ئاگۆستین دابوونەو ڕیفۆرماسیۆنی کڵێسەی مەسیحی وەک ئامانجی سەرەکی و پەرەپێدانی چەشنە ئایینێکی دەروونی-تاکەکەسیش وەک گرینگترین ئامانجی ئەم کەسانە لە ناو کۆمەڵگای ئێرانی رەچاو کراوە.[2] ئەگەر نەریتی ئیسلامی-شیعە و عیرفانی ئیسلامی بۆ کەسێکی وەک سرووش هۆکارێک بۆ نزیکبوونەوە لە ئایینی مەسیحییەت بووبێ، شبستری بە بەردەوامی لەگەڵ کەسانێکی وەک شلایرماخێر، پۆل تیلیش و تیۆلۆژیای نیو-ئۆرتدۆکسی باریس لە گفتوگۆ دابووەInvalid source specified. ؛ و ملکیان-یش زۆرتر لە رێگای خوێندنەوەی تۆماس ئاکویناس و قوتابخانەی هزریی ئێگزیستانسیالیزم، پۆست ئیسلامیزمی لە رێگای هیوا، بڕوا، تەنیایی و گرینگی پێدانی تاکەکەس و ئەڤین زەق کردۆتەوە. ڕادەی ئەم کاریگەرییە ئەوەندە بەرفراوانە کە ملکیان وەک بیرمەندێکی ئیسلامی، بنەمای سیستەمی فکریی خۆی لە ژێر کاریگەری تیۆلۆژیای مەسیحیەتدا دامەزراندووە. Invalid source specified. هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەودا شەریعەت پێگەیەکی ئەوتۆی نیە و هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری لە دایکبوونی تاکەسێکی عیرفانی کە خۆی نەک لە ناو پانتای کۆمەڵایەتی سیاسی،بەڵکوو لە پانتای چاکە و ئەڤینی مەعنەویدا دەدۆزێتەوە.

 ڕەخنەیێکی گشتی لە پۆست ئیسلامیزم

ڕەوتی پۆست-ئیسلامیزم لە ئێران وەک پەرچەکردارێک لە هەمبەر خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژیک- فەرمیی لە ئایین سەریهەڵدا و لە ماوەی سی ساڵدا توانی پانتای گشتی ئێران لە ژیر هەژموونی تاقە ئایدیۆلۆژیایەک دەربێنێت و بە پێی ژینگەی سیاسی- کۆمەڵایەتی و نەریتی ئایینی ئیسلام-شیعە بۆ گۆڕێنی جوومگەبەندییەکانی تێگەیشتنی ئایینی ئێرانییەکان هەنگاو هەڵگرێت. سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕەوتە پان وبەرینەی دژی ئیسلامیزم لە جوومگەبەندییەکانی هزریی خۆیدا ئاماژەی نەکردە عەقڵی مەدەنی، بەڵام هەوڵدانی بۆ جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بەم ئاراستەیەدا تێپەڕی. بەڵام پۆست ئیسلامیزمی ڕووناکبیرە ئایینیەکانی ئێرانی ئەم ڕەوتەی لە سەر بنەمای دامەزرانی دەوڵەتێکی سێکیولار لە سەر بوونیادە ئایینیەکانی کۆمەڵگا و کولتوری ئیرانی پەرە پێدا و بە لە بەرچاوگرتنی گرینگی توێژی مەلاکان لە ئایینی ئیسلامیی-شیعە، هەوڵێکی زۆری بۆلەناو بردنی ئەم نێونجە دا. تا رادەیەک پێی ‌وابوو تەواوی ڕێوڕەسمە ئایینیەکان دەکرێ بی هەبوونی ئەوان بەرێوە بچێت.Invalid source specified.

لغاوکردنی تووندوتیژی ناو هەندێک لە دەقەکان، ملکەچکردنیان بۆ پێداویستیەکانی ژیانی هاوچەرخ بەشێکی دیکەی هەوڵدانی ئەم ڕەوتە لە ئێران بوو تاکوو بڕوا و ئیمان-نەک ئایین- بپارێزرێت. ئەم ڕەوتە لە ژیر کاریگەری ئایینی مەسیحیەت تەواوی پێناسە نەریتیەکانی لە ئیسلام وەلا ناوەو وئەڤین و خۆشەویستی بێ ناونجی خوای لەناو پانتای تاکەکەسیەوە پێناسە کردووە. هەر ئەمەش وایکردوە بەشێک لە ڕوانگەی ئەم ڕەوتە لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی کاڵ بێتەوە و تاکەکەس وکولتوور لەناو ئەم ڕەوتەدا زەق بکرێتەوە. بەڵام ئەوەی لەم ناوەدا گرینگە ئەم ڕەوتە لە بەشێکی خۆیدا لەلایەن سروشەوە لە ناو عیرفانی ئیسلامیدا خەریکی توانەوەیە و لەلای کەسێکی وەک ملکیان کەوتۆتە ناو سایکۆلۆژی ئێگزیستانسیالیستی و کولتوور تەوەری و لەلای شبستریش بە ئەزموونی بڕوای تاکەکەسی.

هەر کام لەم لایەنە فکرییانەی پۆست ئیسلامیزم لە ئێران سەرەڕای پێکهێنانی شۆڕشیکی شاراوە بە پێی دۆخی کۆمەڵایەتی و کولتوری ئەم وڵاتە، لە رۆژی ئەمڕۆکەدا نەیانتوانیوە بە وردی مژاری سیاسی[3] پێناسە بکەن؛ هەر بۆیە سەرەرای کاریگەری زۆریان یان کەوتوونەتە پەراوێزی سیاسەت یان تەنانەت بێلایەنی سیاسیان هەڵبژاردووە و رەخنەی کولتوورییان لە بەردەوامیی خۆیاندا پەرە پێداوە. هەر ئەمە وایکردووە دەرفەتی ڕێکخستنێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی لە ئارادا نەمێنێت و ململانێ سیاسیەکان، کێشەکانی مافی مرۆڤ، نەتەوەکانی‌تر، ژنان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، دابەشکردنی دەسەڵات و... بکەونە ژێر کاریگەری خوێندنەوەیێکی سایکۆلۆژییانە یان ئەخلاق بڕوای تاکەکەسی و لە ئاکامدا چینی ناوەندیی-شارنشینی کۆمەڵگا لە پێکهێنان و خوڵقاندنی جیهانێک هاوبەش و بەرهەمهێنانی هێزی کۆمەلایەتی سیاسی دوور بکەونەوە. بەڵام نابێ ئەوە لەبەرچاو نەگیرێت ئەم ڕەوتە لە هزریی ڕوناکبیرانی ئێرانی کاریگەرترین باندۆری لە پێناو جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت داناوە و ڕەنگە هەر ئەمەش وەک کاریگەرترین میراتی هزری ئەم توێژە بمێنێتەوە.

 وەک دەرەنجام؛ پۆست ئیسلامیزم و هەرێمی کوردستان

سەرەڕای ئەوەی بیرۆکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردستان تا بەر لە وەدیارکەوتنی داعەش بە ڕوونی ئاماژەی پێ نەکراوە و ئەم بیرۆکەیە زۆرتر لە رێگای ئیخوانییەکانەوە دزەی کردۆتە ناو هزری ئیسلامیستەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە مژارێکی حاشا هەڵنەگرە کە بیرۆکەی حکوومەتی ئیسلامی تەنانەت لە کتێبی پیرۆزیش دا ڕوون نەکراوەتەوە. عەبدوڵا ئەحمەد النعیم لە سەر ئەم بنەمایە لە کتێبی ئیسلام و دەوڵەتی سێکیولار[4]-دا دەپرسێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە، دەبێ لە وڵاتانی موسوڵمان چۆن دەوڵەتێک دروست بکرێت و ئەم دەوڵەتە چ جیاوازیێکی لەگەڵ دەوڵەتە سێکیولارەکانی ئەوروپیەوە دەبێت؟Invalid source specified. پێشینەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە سەر بنەمای سێکیولاریزم بووە و بە هۆی دۆخی تایبەتی کورد ئایدیۆلۆژیای‌تر توانیوایانە بنەماکانی ئۆنتۆلۆژیک و مەعریفی کورد دەستەبەر بکەن و سێکیولاریزمیش وەک بەستێنی هەژموونی مژاری سیاسی لە ناو کورد، نە ئایینی لەناو ژینگەی سیاسی کورد پەراوێز خستووە و نە دژایەتی لەگەڵ کردووە. تەنانەت لە سەردمێکدا پیاوانی ئایینی خۆیان بەشێک لەم مێژوویەیان خوڵقاندووە. هەر بۆیە پرسیارگەلێک لەم ناوەدا خۆیان نیشان دەدەن کە گرینگی پێدانی خوێندنەوەی ئیسلامیستی یان تەنانەت پۆست-ئیسلامیستی لە چەشنی سروش یان تەنانەت کەسێکی وەک شەریعەتی و وەرگیڕانی بەرهەمەکانیان لە هەرێمی کوردستان، ئەتوانێ کامە لایەنی ئۆنتۆلۆژیک و مەعریفەناسانەی قەیرانی شوناس پڕ بکاتەوە؟

ڕەنگە دراوسێیەتی و کاریگەرییەکانی زمانی فارسی لە سەر هەرێمی کوردستان وەک کارئاسانییەک بۆ گوازتنەوەی ئەم ڕەوتە فکرییە وەک پاڵنەرێک بووبن؛ هاوکات بەستێنی کۆمەڵایەتی و ئایینیی هەرێمی کوردستان دەرەفەتی زۆرتری بۆ گوازتنەوەی ئەم خوێندنەوەیە لە پۆست ئیسلامیزم دەستەبەر کردبێ؛و گوومانیش لەوەدا نیە بەرهەمە هزرییەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان ئەگەر دەرفەتیان بۆ هەڵکەوێت توانای گەشە و دزە کردنیان هەیە. بەڵام هەر وەک پێشتریش باس کرا پۆست ئیسلامیزم لە وڵاتانی جیاواز، بە پێی نەریت و کولتوری ئەو وڵاتانە فۆڕمی گرتووە و وەک پەرچەکردارێک بۆ شکستهێنانی ئیسلامیزم لەم وڵاتانەدا دەرکەوتووە. ئاخۆ دەکرێ کێشەکانی دەسەڵات، هاوسەنگی هێز لە ئیران، بەستێنی سیاسی ئێران و کولتوری ئیسلامی-شیعەی ئێران لەگەڵ باشوری کوردستان هاوشێوە بنرخێنین؟

لەلایەکی ترەوە، وەک نموونەیێکی‌تر، توێژەرانی ئیسلام و سیاسەت لە دە ساڵی ڕابردوودا، پارتی دادو گەشەپێدانیشیان وەک پارتیێکی پۆست ئیسلامیستی پێناسە دەکرد، بەڵام دەکرێ ئەم پارتە لە رۆژی ئەمرۆکەدا وەک پارتێکی پۆست ئیسلامیستی بناسرێت؟ ئەوەی ڕوونە خوێندنەوەکان لە ئیسلامیزم و پۆست ئیسلامیزم بەردەوام پرسی هێز لە ناو سیاسەتدا دەخەنە پەراوێزەوە و زۆرتر ئەم دوو چەمکە لە بەستێنێکی کولتوری یان دوئالیتەی بابەتی پیرۆز-سێکیولار یان مۆدێرن-نامۆدێرن دەخوێننەوە. کەچی بابەتی سیاسی پرسێکی پەیوەندیدار و پەیوەست بە هێزە. هەر ئەمەش وادەکا تەنانەت ئەو کاتەی پارتێک یان لایەنێکی ئایین-تەوەر هەوڵی هاتنە ناوەوەی سیاسەت دەدات، تەنانەت ئەگەر لە ڕواڵەتیش ویستی گەیشتن بە دەسەڵاتی نەبێت، هاوکێشە سیاسییەکان بگۆڕێت.

لە سەر ئەم بنەمایە ناسینی پێکهاتەی چەمکیانەی پۆست-ئیسلامیزم وەک رەوتێکی هزریی لە بەستێنی کۆمەڵگا ئەگەرچی مژارێکی پێویست بۆ تاوتوێکردنە، بەڵام بە هۆی دابەزاندنی ئاستی سیاسەت بۆ کولتور یان ستاتیکای فەلسەفی، نە توانای خوێندنەوەی هۆکارەکانی قەیرانی ناسنامەی لێ دەبێتەوە و نە ئەتوانێ کیشەکانی ئەم قەیرانە چارە سەر بکات، بەڵام لەلایەکی‌تر دزەکردنی ئەم بیرە ئەتوانێ چەقی پرسەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەرەو لایەنێکی‌تر بگۆڕێت یان پرسە سەرەکیەکان بسرێتەوە و بە دەسنیشانکردنی پرسی لاوەکی، کێشەی‌تر بخوڵقێنێت. رەوتی پۆست ئیسلامیزم و ڕووناکبیری ئایینی لە ئێران خۆی ئێستاکە تووشی قەیران بووە؛ ئاخۆ دەکرێ ئەم ڕەوتە هزرییە لە بەستێنێکی‌تری سیاسی-کۆمەڵایەتی، بێ لەبەرچاوگرتنی هاوکێشە سیاسیەکان و بەستێنی کولتوری چارەسەری قەیران بکات؟ ئەوە ئەم پرسیارەیە پلانداڕێژەرانی سیاسەتی ناسنامە وەڵامی بدەنەوە.

 

Bibliography
There are no sources in the current document.

[1] بۆ زانیاری وردتر سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم وەرچەرخانە بڕوانە نامەی دکتۆرای نوسەر لە ژێر ناوی: مطالعه تطبیقی نقش و جایگاه روشنفکران ایرانی در حوزه عمومی
[2] بۆ زانیاری زیاتر؛ شبستری لە کاکڵی هزری خۆیدا زۆر لە ژێر کاریگەری نامیلکەی خوایی-سیاسی سپینوزا دایە و سەرەڕای ئەوەی لە نووسراوەکانی خۆیدا ئاماژەیان پێ ناکا، زۆرێک لە لێکدانەوەکانی راستەوخۆ؛ دووپاتەی هەمان لێکدانەوەکانی سپینۆزا-ن. ملکیان-یش لە ژێر کاریگەری کیێەر کێگۆر، ڤیتگنشتاین و تامس نیگل و سایمۆن ڤێی دایە.
[3] The political
[4] ئەم کتێبە لە لایەن نوسەری ئەم وتارەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن دەزگای چاودێر چاپ کراوە.


ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە