gwlzar.jpg

«کرۆکی مرۆڤ»ی ئەریک فرۆم

گوڵزار حەمە فەرەج

ئەریک فرۆم ناوێکی دیارە لە بواری دەروونناسی و سۆسیۆلۆژیدا، لە هەمانکاتیشدا یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەتا کۆتایی ژیانی، پێنووسەکەی لە دژی ستەم و دەسەڵاتی فاشیزمدا بەکاردەهێنا، فرۆم خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسینە، کە زۆرجار هەوڵ دەدات بۆ شرۆڤەکردنی پرسە زانستی و دەروونییەکان بە زمانێکی بەرزی ئەدەبیەوە بنووسێت، هەوڵیش دەدات مرۆڤ بە ناخی خۆی بناسێنێت.

لە ماوەی پێشوودا چاوم بە یەکێک لە کتێبە جوانەکانی کەوت کە ئەویش کتێبی « کرۆکی مرۆڤ»ە. لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا بەشێوەیەکی جوان ئەم کتێبەی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی لەپاش خوێندنەوە، پێمخۆشبوو چەند دێرێکی لەبارەوە بنووسم، تاوەکو بەخوێنەرانی ئاشنا بکەم.

راستە فرۆم خوێندکارێکی فرۆید بووە، بەڵام لە زۆر حاڵەتیشدا جیاوازی بۆچوونیان هەبووەو رەخنەی لە هەندێک تێزی فرۆید گرتووە، یەکێکیش لە جیاوازیییەکانی نێوانیان ئەوە بوو، کە ئەریک فرۆم توانی زانستی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی پێکەوە گرێ بدات و بەدوای راستییەکاندا بگەڕێت، ئەم کتێبەشی یەکێکە لە کتێبە باشەکانی و هەوڵیکی نایابە بۆ ناسینی مرۆڤ وەک ئەوەی کە هەیە.

فرۆم لەم کتێبەدا هەوڵی شرۆڤەکردنی پرسەکانی توندوتیژیی و جۆرەکانی دەدات، خۆشەویستیی، مەرگدۆستی و موڵکداریی و کەلتور و نەرجسیەت زۆر بە جوانی شیکردۆتەوە، دەریشیخستووە کە ئایا کرۆکی مرۆڤ شەڕەنگێز و گەندەڵە، یان خێر و پاکە. روونیکردۆتەوە کە سەرپێچیکردنی مرۆڤ مەرجێکە بۆ هۆشیاربوونی و توانای بڕیاردانی دەردەخات و باوەڕبوون بە چاکی مرۆڤ، لە ئەنجامی ئەو باوەڕبەخۆبوونە نوێیە دروست بووە، کە لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئابوورییە مەزنەی کە لە سەردەمی رێنانساسدا دەستی پێکرد.

هەروەها فرۆم لەم کتێبەدا باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تری کردووە وەک نیکرۆفیلی –مەرگدۆستی واتای خۆشەویستی بۆ مەرگ. کەسایەتی نیکرۆفیلی ئەو کەسەیە کە ئارەزووی هەموو شتێکی مردوو دەکات، وەک لاشەی مردوو و پاشەڕۆی خواردن، هەروەها نیکرۆفیلییەکان زۆر حەز دەکەن قسەوباس دەربارەی نەخۆشیی و کفن و دفن بکەن. زۆرجاریش شەڕەنگێزن و حەزیان بە جەنگ و کوشتن و توندوتیژیی هەیە.

باشترین نمونەش لە کەسانی مەرگدۆست کەسایەتی هیتلەرە، کە بەتەواوەتی سیفاتی نیکرۆفیلی بەسەریدا دەسەپێت، نووسەر هەوڵیداوە زۆر بەجوانی شرۆڤەی کەسایەتی دەروونی هیتلەر بکات.

بیۆفیلی – ژیاندۆستی مەیلی بیۆفیلی دژی نیکرۆفیلییە، کە جەوهەرەکەی بریتیە لە خۆشەویستی بۆ ژیان کە حاڵەتێکی پۆزەتیڤە، هەموو گیانلەبەر و مرۆڤی، خاوەنی مادەیەکی زیندوون کە مەیلی بۆ تێکەڵاوی یەک بوون هەیە. دەتوانین کەسایەتی بیۆفیلی لە رێگەی کۆمەڵێک سیفاتەوە بناسینەوە، لەوانە حەز دەکات ژیانی خۆش بوێت و هەوڵ دەدات هەموو بوارە جۆربە جۆرەکانی ژیان تاقی بکاتەوە، حەز دەکات ژیانێکی سەرکێشانە بژی نەک ژیانێکی گەرەنتی. هەروەها مەیلی ژیاندۆستی لە پشت هەموو شێواز و میتۆدە فەلسەفییەکانەوەیە.

لە بەشێکی تری کتێبەکەدا باسی تەوەرێکی گرنگی تر دەکات کە ئەویش مەسەلەی نەرجسیەتە. ئەریک فرۆم زۆر بە جوانی باسی ئەم نەخۆشییە دەروونییەی کردووە، بەلای فرۆمەوە نەرجسیەتیش دوو جۆرە « نەرجسیەتی باش، نەرجسیەتی خراپ» . فرۆم پێی وایە نەرجسیەت و مەیل و بەهایەکی پێویستە بە مەرجێک بۆ مەبەستی باش بەکار بهێنرێت و سنووری خۆی تێنەپەڕێنێت، بەڵام کاتێک زیاد لە پێویست بوو، ئەوا دەبێتە نەخۆشییەکی دەروونی خراپ، زۆربەی دیکاتۆرەکانی جیهانیش کەسایەتی نەرجسیەتی خراپیان هەیە.

دیارە جگە لەمانە، کتێبەکە باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تر دەکات، کە هەموویان بەدەوری مرۆڤدا دەسووڕێنەوە. لە کۆتاییدا، دەستخۆشی لە کاک ئەردەڵان عەبدوڵڵا دەکەم و هیوای سەرکەوتن و کاری جوانتری بۆ دەخوازین.


ئەم بابەتە 122 جار خوێندراوەتەوە