2015)Circle.jpg

بازنە (Circle 2015) لە پێناو ژیاندا

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

ئەم فیلمە بە ڕوکەش فیلمێکی دەروونی ئاڵۆزە، بەڵام لە ناوەوە ڕەهەندە پێک پەیوەست و جیاوازەکانی بە ژیانی مرۆڤەکانی ئەم سەدەیەوە کە، مۆدێرنە و سیستمی سەرمایەداری تەوقی کردووە، و ژیانی بە تیشکە تیژەکانی کار و پارە و شتەکانی چواردەورییەوە بەندکردووە... ئەم فیلمە لە پێناو ژیاندایە، دەمانباتەوە سەر ڕەگ و ڕیشەکانی نێونەستمان، دەمانباتەوە بەردەم جەنگان و خۆ سەپاندن  لە پێناو مانەوەدا، بە هەڵبژاردنی قورس ژیانمان دەداتەوە.. ژیانێک کە گەر لێی ڕابمێنین، دەزانین ئەو هەموو هیلاکییەیی نەدەویست!

فیلمی بازنە (Circle) فیلمێکی خەیاڵی زانستی دەروونی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن ئارۆن هان Aaron Hann و ماریۆ میسکۆن Mario Miscione نووسین و دەرهێنانی بۆ کراوە. ئەکتەرە سەرەکییەکانی کاستەکە کارتەر جێنکینس Carter Jenkins، لۆرانس کاو Lawrence Kao، ئەلگیرا ماستەرز  Allegra Masters، مایکڵ ناردێلی Michael Nardelli، جولی بێنز Julie Benz، مێرسی مالیک Mercy Malick، لیسا پێلیکان Lisa Pelikan، و سیزار گارسیا  Cesar Garcia ن. ئیلهامیان لە درامای ١٢ پیاوی توڕە 12 Angry Men(1957) وەرگرتووە و لە ساڵی ٢٠١٤دا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە. لە ٢٨ی ئایاری ٢٠١٥ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سیاتڵ Seattle International Film Festival نمایشکراوە.

 2015)Circle1

چیرۆکی فیلمەکە:

چیرۆکی فیلمەکە باس لە پەنجا کەس دەکات کە لە ژوورێکی تاریکدا بە ئاگا دێنەوە لە دوو بازنەی کۆنسێنتریک لە دەوری دۆمێکی ڕەش. کاتێک هەریەکێکیان هەوڵی ئەوە دەدەن کە لە شوێنە دیاریکراوەکەی خۆیان بێنە دەرەوە یان دەست لە کەسێکی تر بدەن زەنگێک دەست دەکات بە ئاگادارکردنەوەیان، وە کاتێک کەسێک زەنگەکە پشتگوێ دەخات و شوێنەکەی بەجێدەهێڵت لە دۆمەکەوە تیشکێک دەیکوژێت و بە خێرای جەستەی دیار نامێنێت.

لەگەڵ ئەوەی هەموویان دەترسن یەکێک لە پیاوەکان هەوڵی ئارامکردنەوەیان دەدات و پێش ئەوەی قسەکانی تەواو بکات دووبارە تیشکێک لە دۆمەکەوە دێت و ئەویش دەمرێت. پاشان هەر دوو خولەک جارێک کەسێکی دیکە دەکوژرێت و پاش مردنی چەند کەسێک گروپەکە بۆی دەردەکەوێت کە تەکنەلۆژیای ژوورەکە ڕێگەیان پێدەدات کە ئاماژەی دەستیان بەکاربهێنن بۆ دەنگدان بەو کەسەی کە دواتر دەمرێت، لە کاتێکدا تیرەکانی سەر زەوییەکە دەنگدانی هەر کەسێک نیشان دەدات. ئەوان هەوڵی بایکۆتکردنی دەنگدان دەدەن بەڵام ئامێرەکە خۆی هەڕەمەکی دوای دوو خولەک کەسێک دەکوژێت.

دوای پێشنیاری یەکێکیان، گروپەکە بڕیار دەدەن کە بەساڵاچووەکان هەڵبژێرن بۆ دەنگدانەکانی داهاتوو. دیلەکان باس لەوە دەکەن کە لە کوێن، و چۆن گەیشتوون بەو شوێنە، کێ ئەوانی ڕفاندووە؟ وە بۆچی؟ پیاوێکی گەنج بەناوی ئیریک بیریدەکەوێتەوە کە هەوڵی داوە لە لۆس ئەنجلس هەڵبێت، ئیریک دەڵێت کە ئەو لە ژورێکی سووردا لەگەڵ مرۆڤانی تردا خەبەری بووەتەوە، پیاوێکی پیریش هەمان ڕای ئەوی هەیە و دەڵێت کە گوێی لە دەنگی کەسانی بیانی بووە و کەسانی بیانی بینیوە. دوای ئەوەی ئەندامێکی تری گروپەکە بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە ڕزگاربوویەکی شێرپەنجەی تەمەن ٥٢ ساڵ لەناودەبات.

چەند کەسێک دەڵێن کە ئەوانی تر دەناسنەوە، پیاوێک ژنەکەی تەنیشتی خۆی وەک هاوسەری دەناسێنێت، و پیاوێکی دیکە ئەو دکتۆرە دەناسێتەوە کە پەیوەندی لەگەڵی هەبووە، پیاوێکیش لەناودەبرێت لەدوای ئەوەی کە پۆلیسێک تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی توندوتیژی خێزانی. لە دوای ئەوەی زۆربەیان لە ناو دەبرێن، پیاوێکی ئەفریقی-ئەمریکی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕەگەزپەرستی لە کارەکەدا ئەنجام دەدرێت، چەند کەسێک دەماقاڵێیان لەسەر ئەمە دەبێت و کاتێک پۆلیسەکە وەکو ڕەیسستێک قسە دەکات ئەو هەڵدەبژێرن.

 2015)Circle2

دیلەکان لە کاتی تاقیکردنەوەی دەنگدانەکەدا ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە ناتوانن دەنگ بە خۆیان بدەن یاخود هەوڵ بدەن کە یەک دەنگ بە هەموو کەسەکانی ناو بازنەکە بدەن. پیاوێک دەنگ دەدات بە ژنێکی دووگیان،بۆیە ئیریکیش دەنگ دەدات بە پیاوەکە ئەمەش دەبێتە هۆی بەستنی پەیوەندی لە نێوان پیاوەکە و ژنە دووگیانەکەدا و لە ئەنجامدا پیاوەکە دەمرێت. لە کاتێکدا زۆربەیان گیانی خۆیان دەکەن بە قوربانی لە پێناو ئەوەیە کە کات بۆ ئەوانی دیکە بگەڕێتەوە بێباوەڕێک دووژمنایەتی ئەو باوەڕدارانە دەکات کە ستایشی ئیمانی خۆبەخشەکانیان دەکرد، بێباوەڕەکە بۆ ماوەیەک ڕزگاری دەبێت، بەڵام کاتێک گاڵتە بە کچەکەی تەنیشتی دەکات چونکە سەرۆکەکەی پارەی گەورەکردنی سنگی بۆ داوە دەکوژرێت. پارێزەرێکیش دەنگ بۆ هاورەگەزبازێک دەدات و لە ئەنجامدا دەکوژرێت. کۆمەڵەکە بۆیان دەردەکەوێت کە یەکێک لەو دوو کەسەی لە کۆتایدا دەمێننەوە نابێت دەنگ بدەن و ئامێرەکە خۆی یەکێکیان بکوژێت براوەکە هەڵبژێرێت. گروپەکە دووبەرەکی تێدەکەوێت و بەرەیەک بە سەرکردایەتی ئیریک و مارین و پیاوە یەک قۆڵەکە، پێیان وایە کە دەبێت هەمووان خۆیان بکەن بە قوربانی بۆ ڕزگارکردنی ژنە دووگیانەکەو کچە بچووکەکە، لە کاتێکدا بەرەکەی دیکە بە سەرکردایەتی پیاوە ڕیشدارەکە و پیاوە دەوڵەمەندەکە، دەیانەوێت دەستبەجێ لەناویان ببەن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەیان و دەڵێن هەموو کەس یەکسانە و نابێت هیچ ئیمتیازاتێکی تایبەت هەبێت.

هاوسەری ژنەکە ناچار دەکرێت کە لەگەڵ بەرەی ئیریک دەنگ بدات و هەڕەشەی کوشتنی ژنەکەی لێدەکەن بەڵام لەژێر لێپرسینەوەدا ئەو دوو هاوسەرە دان بەوەدا دەنێن کە ئەوان لە ڕاستیدا پەیوەندییان نییە و درۆیان کردووە و لە ئەنجامدا پیاوەکە هەڵدەبژێرن. لە کۆتایدا تەنها ئیریک و ژنە دووگیانەکە و کچە بچووکەکە و پیاوە بێدەنگەکەی کە هیچ دەنگێکی نەداوە دەمێننەوە. ئیریک دەڵێت کە کەسە بیانییەکان ئەم پڕۆسەیەیان بەکارهێناوە بۆ زانینی بەهاکانی مرۆڤایەتی، لەدوای ئەوەی دەنگ بۆ پیاوە بێدەنگەکە دەدرێت، ئیریک و کچە بچووکەکە بڕیار دەدەن کە خۆیان بکەن بە قوربانی و دواتر کچەکە خۆی دەکوژێت ئیریک دەنگ بۆ ژنە دووگیانەکە دەدات تەنها بۆ ئەوەی کە بزانێت منداڵە لەدایک نەبووەکەش بە کەسێک دەژمێردرێت، ئیریک دەنگ بۆ کوشتنی منداڵەکە دەدات و دواتر لە لۆس ئەنجلس بەخەبەر دێت و دەچێتە پاڵ کۆمەڵێک کەس کە لە ئافرەتی دووگیان و منداڵ پێکهاتوون و سەیری کۆمەڵێکی زۆر کەشتی بوونەوەرە ئاسمانییەکان دەکات کە بە ئاسمانی لۆس ئەنجلسدا بڵاوبوونەتەوە و لە ژیان، لە ڕابردو و ڕادەمێنن.


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە