Adonis.jpg

سێبه‌رێك رقى له‌ روناكییه‌

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

ئه‌م به‌یانییه‌ خه‌فه‌تبار بووم، كاتێك بنجه‌ ماڵییه‌كه‌ى مۆزه‌كه‌م بینى له‌ ئینجانه‌ گه‌وره‌كه‌یدا، خه‌فه‌تبار بووم هه‌رچه‌نده‌ سه‌وز و گه‌شاوه‌ بوو، خه‌ریك بوو له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ بازى ده‌دایه‌ باخچه‌كه‌وه‌.

خه‌فه‌تبار بووم چونكه‌ هاوڕێیه‌كم ئه‌م به‌یانییه‌ پێى راگه‌یاندم فه‌توایه‌ك ئه‌مجاره‌یان له‌ عێراقه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ حه‌رام و نه‌شیاوه‌ ژن مۆز پاك بكات، یان بیخوات.

 

2

زۆربه‌مان، ئێمه‌ى عه‌ره‌ب، نیشتمان و ئاین به‌یه‌ك شت تێده‌گا، له‌وێشه‌وه‌ نیشتمان و دیندارى تێكه‌ڵ ده‌كه‌ین – له‌ كاتێكدا نیشتمان (یه‌ك) ه‌ و ئاین (زۆر) ه‌.

بۆچى، كه‌واته‌ سه‌رمانده‌سوڕمێ كاتێ هه‌ندێكمان بینى له‌و نیشتمانه‌ (یه‌كه‌دا) ئه‌و كردارانه‌ ده‌نوێنن كه‌ (باوه‌ڕیان) پێى نییه‌، باس له‌و بیرۆكانه‌ ده‌كا (لێكدژه‌) له‌گه‌ڵ ئاگایى خۆیى و ویژدانیدا؟

 یان كه‌سانێكمان بینى هه‌ست ده‌كا (بێگانه‌یه‌) له‌ نیشتمانیدا؟

یان ئه‌گه‌ر هه‌ندێكمان بینى باوه‌ڕى به‌ نیشتمانپه‌روه‌رى نییه‌ ته‌نیا ئه‌گه‌ر پاشكۆى ئه‌و ئاینه‌ بێت كه‌ باوه‌ڕى پێى هه‌یه‌.

یان ئه‌گه‌ر كه‌سانێكمان بینى هه‌ست بكا رۆژانه‌ ئازادییه‌كه‌ى پێشێل ده‌كرێ.

یان كه‌سانێكمان بینى هه‌ست بكا به‌ بێ سه‌ربه‌ستى ده‌ژى، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌ستراوه‌ بێت، یان كۆیله‌.

یان هه‌ندێكمان بینى هه‌ست بكا ناتوانێ بژى ته‌نیا له‌ دژایه‌تى ته‌واودا نه‌بێ له‌گه‌ڵ ئاین و نیشتماندا، به‌یه‌كه‌وه‌؟

بۆچى، كه‌واته‌، توشى سه‌رسوڕمان ده‌بین كاتێك یه‌كێك ئه‌م پرسیاره‌مان لێده‌كا :

ئایا (ناوه‌ڕۆك) ى نیشتمان چییه‌، به‌م (فۆرم) ه‌ لێكترازاوه‌ى؟ (مانا) كه‌ى چییه‌؟ ئاخۆ ده‌بێ (نرخ) ى چى بێت؟

 

3

ڕووه‌ك، ته‌نیا له‌ زه‌وى باش و به‌ پیتدا ده‌توانێ به‌ره‌نگارى داگیرگاریى مه‌گه‌ز ببێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر بزانین كه‌ ئازادى توخمى یه‌كه‌مى ده‌وڵه‌مه‌ندى و به‌ پیتیى نیشتمانه‌.

كه‌واته‌ ره‌وایه‌ بپرسین :

تۆ له‌ كوێى، ئه‌وى زه‌مینى باش و به‌ پیت، له‌م كێشوه‌رى عه‌ره‌بیه‌دا؟

 

4

له‌ ژیانى عه‌ره‌بیدا، سێبه‌ر پێویستى به‌ روناكى نییه‌.

سێبه‌رێكه‌ رقى له‌ روناكییه‌.

 

5

به‌ڵێ، (مرد)

گرفته‌كه‌ش له‌ خودى مردنیدا نییه‌.

گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ خۆى نازانێ (مردووه‌) له‌و كاته‌ى كه‌ زیندووه‌.

 

6

له‌ نێوان شیعرى و ژیانى رۆژانه‌یدا هیچ جیاوازییه‌ك نییه‌.

بۆیه‌ شیعره‌كانى پێویست نین و سوودیان نییه‌.

 

7

سیاسه‌ت و مێژوو به‌یه‌كه‌وه‌، تێكدانێكى فێڵبازانه‌یان هه‌یه‌ له‌ ڕازاندنه‌وه‌ى قسه‌یه‌كى له‌مشێوه‌یه‌ :

(پێده‌چێ ئاماده‌یى عه‌ره‌ب چیتر هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ له‌سه‌ر ئاماده‌یى ئیسرائیل، ترسه‌كه‌ ئێستا له‌وه‌دایه‌ ون ببن، كه‌ عه‌ره‌ب ونبوو، ئیسرائیلیش نامێنێ).

 

8

مانگ ونبوو.

نه‌یتوانى شایه‌تێك له‌ دواى خۆى جێبێڵێ،

بێجگه‌ له‌ شه‌و.

 

9

شێوه‌ى هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و له‌به‌رچاو نه‌ما.

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هێشتا پێده‌كه‌نێ،

ئه‌مه‌تا بۆ هه‌ر كوێیه‌ك ده‌ڕوانیت خه‌نده‌كه‌ى له‌گه‌ڵتایه‌،

له‌گه‌ڵ تۆمه‌ ئه‌ى دڵته‌نگ.

 

10

بۆ ئێمه‌ى عه‌ره‌ب و موسڵمانان به‌ گشتى، بارودۆخمان پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئاین لاى ئێمه‌ بریتى بێ له‌ كرانه‌وه‌یه‌كى ته‌واو به‌سه‌ر نوێبوونه‌وه‌ى جیهان و گۆڕینى شته‌كان، هه‌روا بریتى بێ له‌وه‌ى كه‌ باوه‌ڕداران و خه‌ڵكانى په‌یوه‌ست به‌ ئاین به‌و هۆیه‌وه‌ (كارگه‌ى) كاركردن بن له‌ (زانینى لێكدانه‌وه‌) له‌ پێناو وه‌رگرتنى ئه‌و نوێبوونه‌وه‌ و گۆڕانه‌ له‌ (زمانه‌كانیاندا) كه‌ له‌ رووى رۆشنبیرى و ماددیه‌وه‌ ئه‌و زامانه‌یان فره‌ و هه‌مه‌ڕه‌نگه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى رووده‌دا پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تى، هیچیتر نییه‌ بێجگه‌ له‌ (كارگه‌ى) كاركردن نه‌بێ له‌ (زانینى حه‌رامكردن).

له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا و (هه‌نجه‌تى زاناكان) یش چى بێت ئه‌وا (زانینى حه‌رامكردن) خزمه‌تى هیچ ناكات بێجگه‌ له‌وه‌ى ئاین له‌ چوارچێوه‌یه‌كى ته‌نگدا ئابلۆقه‌ بدا، بێجگه‌ له‌وه‌ى مرۆڤ و هزر ئابلۆقه‌ ده‌دا، ئه‌م ئابلۆقه‌یه‌ش جیهانێكى ته‌نگى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

له‌مڕۆشدا هه‌موو (جیهانێكى ته‌نگ)، جیهانێكى لاوه‌كییه‌، جیهانێكى په‌راوێزخراوى بێ كاریگه‌رییه‌، بێ كرداره‌. هه‌موو شتێكیش بێ كاریگه‌رى و كردار بێت پێویستى به‌ قه‌واره‌ى بوون نییه‌، هه‌ر شتێكیش پیۆیستى به‌ قه‌واره‌ى بوون نه‌بوو، ئه‌وا هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونى لێده‌كرێت.

 

11

ئازادى توانینه‌.

 

12

ئاگایى جیاوازبوون و ناوازه‌یى، تایبه‌تمه‌ندیه‌كه‌ كه‌ ته‌نیا مرۆڤى پێ ده‌ناسرێته‌وه‌ له‌ناو هه‌موو گیانله‌به‌رانى دیكه‌دا. كوشتنى ئه‌و ئاگاییه‌، به‌هه‌ر هه‌نجه‌تێك بێت، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، جۆرێكه‌ له‌ سه‌ندنه‌وه‌ى مرۆڤبوون له‌ مرۆڤ، جۆرێكه‌ له‌ كه‌وتنى بۆ ئاستى گیانله‌به‌ره‌ بێ عه‌قڵه‌كان.

 

13

له‌ جوانى و خۆشه‌ویستیدا تیشكدانه‌وه‌ هه‌یه‌،

به‌ ته‌نیا ئه‌و تواناى هه‌یه‌ تیشكدانه‌وه‌ى قسه‌ بكوژێنێته‌وه‌.

 

14

لێزانین، ئێمه‌ى عه‌ره‌ب، له‌ پیاده‌كردنى هونه‌رێكى (چێژبه‌خش) كه‌ بریتییه‌ له‌ فه‌رامۆش كردنى واقیع. به‌مشێوه‌یه‌ كه‌ش بیرناكاته‌وه‌ بیگۆڕێ. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌موو هزر سه‌رقاڵه‌ به‌ به‌كارهێنانى – سه‌رقاڵه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ى خێراتر و باشتر له‌ به‌گه‌ڕخستنى.

ئه‌و هونه‌ره‌ توخمى ته‌كنیكى هه‌یه‌ پاڵپشتى لێبكات : ئامرازه‌كانى راگه‌یاندن، جیهانه‌ خه‌یاڵاوییه‌كان، خه‌یاڵى ئاینیى تایبه‌ت به‌ جیهانه‌كه‌ى تر.

 

15

-      بۆچى ئێمه‌ى عه‌ره‌ب بێجگه‌ له‌ وشه‌ هیچى دیكه‌مان نییه‌؟

-      چونكه‌ شته‌كان هه‌موویان فه‌رامۆش كراون، یان ده‌كرێن.


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە