Kawa.jpg

با ئاوڕێکیش لە مامۆستا کاوەفەقێزادە بدەینەوە: مرۆڤێک باڵا زێڕ- کتێبێک پڕ لە گەوهەر و مرواری

بوار نورده‌ین

لێرەدا نامەوێ باسی هاوڕێیەتیمان و تایبەتمەندیی کەسایەتیی مامۆستا کاوە بکەم، کە ١٥ ساڵ زۆرترە دەیناسم و لە ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، بە یەکەوە کارمان کردووە و لە پڕۆژەیەکی دەزگای ناوبراودا (کتێبی عایشەشان)، کارێکی هاوبەشمان کردووە. هەروەها نامەوێ باسی چالاکیی ساڵانی پێشوو و ئێستایشی بکەم، بەڵکوو دەمەوێ ئاوڕێک لە کتێبی (چۆڵەچرا) بدەمەوە، کە دوێنێ مامۆستا چالاک سدیقی خۆشەویست، دانەیەکی پێشکەش کردم.

یەکەم چاپی ئەم کتێبە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی (٢٠٢٠) لە ئێران و بە پشتگیریی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لە چاپخانەی گوتارسەقز بە ISBN: 978-622-6368-60-5 چاپ بووە. کتێبەکە ٣٤٢ لاپەڕەی پێوانە ١٧ بە ٢٤ سانتیمەترە.

کتێبەکە جگە لە پێشەکی، ناوەرۆکەکەی بەرهەمی دەنگیی چەند هونەرمەندێکی میللیی ناوچەکانی موکریان، پیرانان، سەردەشت و پشدەشتە- پشدەر، کە چەند جۆر بەیت و باو و ئاوازی فۆلکلۆریی کوردی بەم شێوەیە وەرگرتووە: حەمەی بەیتان (بەهارە، گەلۆ، لەشکری، هەمزاغا، شێخ مەند و شێخ ڕەش، ناسڕ و ماڵماڵ، دمدم، ئەحمەدی شەنگ)، خلەدەرزی (زەمبیل فرۆش، سێوەخان، لەیلی و مەجنوون، برایمۆک، شەوە نیوەشەوە، ئازیزێ،)، ڕەسووڵ شیرمۆخ (پاییزە، سەحەرە، گوڵێ، ئایشێ گوڵ، ئازیزێ، شەم و شەمزین، سەیدەوان)، حەمەدی ئاغای (حەیران، کاکەمیر و کاکەشێخ، خەج و سیامەند)، عەلی کردار (سوارۆ، عەبدوڕەحمان)، قالەشین (مەم و زین، لاس و خەزاڵ)، عەزیزی کەریمەسووری (شۆڕمەحموود و مزرینگیان)، حەسەن خاڵندی (مەحمەڵ و برایمی دەشتیان)، کە دەنگ و سەدای ئەم هونەرمەندانە، لەسەر CD تۆمارکراون و هاوشانی کتێبەکە پێشکەش کراون.

مامۆستا کاوە بۆ هەر یەکێک لەم جۆرانەی گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی، جگە لە دەقە ئەدەبییەکە، ئاواز، ڕیتم و پەیژەکانیانی بە شێوەیەکی زانستی موزیک دیاری کردووە و بە نۆتە نووسیونییەتەوە.

مامۆستا کاوە، لە پێشەکیدا چەند مژارێکی گرینگی باس کردووە، لێرەدا تەنها بەشێکیتان پێشکەش دەکەم: (مۆسیقای کوردی خاوەنی هەشت فۆرم و حاڵەتی فەرهەنگیی تایبەتە، کە بەم شێوەیە دابەش دەکرێ:

• گۆرانی و هەوا: ئەم حاڵەتە بەربڵاوترین بەشی سترانی لە مۆسیقای کوردی بۆخۆی تەرخان کردووە و مێژووییترین پاژی ئەدەبی مۆسیقای کوردی لەخۆدەگرێ، کە بەشێکی هەرە گرینگ لە کولتوور و هەستی ئەم نەتەوەیە پێکدێنێ؛ هەرچەند لە مەقامە کۆنەکانی مۆسیقا لە کوردستان پێکهاتوون و تۆمارکراون، بەڵام سەبارەت بە ڕیتم، مێلۆدی، شێوەی داڕشتنەوە و پێکهاتە، جیاوازییان لەگەڵ یەک هەیە.

«هەوا» فۆرمێکی تایبەت بە مۆسیقای ناوچەی موکریانە، کە کێشدارە و بەدوای «ەیت، بەند، حەیران و قام‌دا دەکوترێ.

• قەتار: شێوە ئاوازێکی سەربەخۆیە کە بێ ڕیتمە و بە چەشنی ئاواز لە مەقامەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر دەوترێت.

• حەیران: جۆرە ئاوازێکی ناوچەییە لە فۆلکلۆری کوردی؛ هەستێکە بۆ وتنەوەی بەسەرهاتەکانی دڵداری و خۆشەویستی و... کە لە زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بەتایبەت ئەربیل- هەولێر، ڕواندز، موکریان و... برەوی هەیە.

• بەیت و بەند: بە گشتی بەیت چیرۆکی قارەمانێتی، دڵداری، خۆشەویستی و بەسەرهاتە هەستیارەکانی گەلی کوردە، کە بە شێوەیەکی پڕ ناوەرۆکتر و جیاوازتر لە پاژەکانی ‌تری فۆلکلۆر دەوترێت؛ تایبەتە بە کولتوور و فەرهەنگی گشت ناوچەکانی موکریان کە پیرانان، سەردەشت، پشدەشت و... لەخۆدەگرێ.

• سیاچەمانە: خاوەنی سیاقێکی سەربەخۆیە، وەرگیراوە لە سروشت و چڕینی لە دەنگی کەو دەچێ. ئەم فۆڕمە لە ناوچەکانی وەک هەورامان، مەریوان، پاوە و دەوروبەری سنە برەوی هەیە.

• هۆرە: لە مۆسیقای کوردیدا هەستی تاراوگەیی، غەم و خەفەت، شین و شینگێڕی بە شێوەیەکی نەرمونیان دەردەبڕێ؛ وەک کولتووری ناوچەکانی کرماشان، ئیلام، لۆرستان، زەهاو، ئیسلام‌ئاباد، گەیلانی ‌غەرب، شارەزوور، دەوروبەری ڕووباری سیروان و ناوچەکانی کەلهوڕ دێتە ئەژمار.

• لاوک و لاوژە: لە هەستی دەروونەوە سەرچاوە دەگرێت و هاوڕێ دە‌گەڵ خۆی بارگەی غەم و پەژارە و بێ‌مرادی دەردەبڕێ؛ بە زۆری لە دەڤەری شکاک، واتا کرمانجی باکوور برەوی هەیە.

• چەمەری: ئەم فۆرمە پاژێک لە فەرهەنگی فۆلکلۆری ناوچەگەلی ئیلام، لوڕستان و کرماشانە کە بۆ ڕێزلێنان لە بوونی بەنرخی لەدەست‌ڕۆیشتوویەک دەوترێت.

ئەگەر بێتوو هە‌نگاوێک بەرەو ڕابردوو بنێینەوە، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە کەسانێک هەبوون ئاسەواری هەڵکەوتەیان ئافراندووە، کە بە داخەوە ناسنامەی ئەوان بۆ ئێمە ڕوون نییە. نابێ ئەوەش لەبیرکەین کە دوو زانای گەورەی مۆسیقای ئێرانیی کۆن کورد بوون؛ یەک لەوان زەریاب قوتابیی ئیسحاق ئیبنی ئیبراهیم -١٥٠- ٢٣٥ ھ.ق.- کە گۆرانیبێژ و هۆزانوانێکی ناودار بووە لە بەغدا و ناوەندێکی مۆسیقای دامەزراوندووە. ئەوەی تریان عەبدولقادری مەراغەیی‌یە -٨٣٨ ھ.ق.-، پسپۆڕی مەقامی سترانبێژی و پەردەناسی بووە. بێگومان لە سەدەی ئێستاشدا کەسانێک هەبوون کە ئەو ئاسەوارە بەنرخەیان بە ڕاستی و دروستی وەرگرتووە و تۆماریان کردووە و بە سەرنجدان بە کەرەسەکانی سەردەم، گەیاندوویانەتە دەستی ئێمە و بەرەکانی داهاتوو، کە دەکرێ گەورە هونەرمەندانی وەک مەلا کەریمی سابڵاغی، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، عەلی مەردان، حەسەن زیرەک و... ناو بەرین. بە هیممەتی گەورە پیاوانی مۆسیقای کوردی بنچ و بناوانی ئەو هونەرە، تاکوو ئێستا هەر ماوەتەوە و پارێزراوە و ئێمەش پێویستە لە پاراستنی ئەو گرینگە، هەوڵ بدەین و هۆی سەربەرزی و مانەوەی زێدەتری ئەو پێکبێنین، نەک بێتوو خەساری پێ بگەیەنین و ببینە هۆی نزمی ئەو هونەرە.

بە داخەوە ئەمڕۆکە دەگەڵ جۆرێک لە مۆسیقا بەرەوڕووین، کە هەڵگری کولتوور و فەرهەنگی غەوارە و بیانییە و لە ناوچە کوردنشینەکاندا باو بووە، بە چەشنێ کە تەنانەت ئەم فەرهەنگە هەڵەیە بە دزەکردن بۆ ناو مۆسیقای بەزمی -کۆڕی شایی و هەڵپەڕکێ و...- بۆتە هۆی برینداربوونی مۆسیقای فۆلکلۆر و کەسانی هەلپەروەر توانیویانە ئەو ئاوازە فۆلکلۆرییە چە‌ندین ساڵە و ڕەسەنانەی کوردی، کە هەڵگری سەرەتاییترین فەرهەنگی ئەو وڵاتەن، هەڵبگرنەوە و بە ناوی خۆیان تۆماری بکەنەوە. هۆی ئەو کەلێن و بۆشاییە شتێ نییە جگە لەوەی کە بەشێ لە گەورەپیاوانی ڕابردووی مۆسیقا، بە هۆی بایەخنەدان بەو گرینگە و هەروەها کێشەکانی ناوچەیی، بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە مۆسیقای کوردی وەک نۆت بنووسنەوە و پۆلێنبەندی بکەن و تۆماری بکەنەوە؛ ئەم هەڵە‌یە هۆی لاوازبوونی مۆسیقای کوردی پێکهێناوە.


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە